ڕاپۆرتی کوردستانی

05:10 - 16/04/2019

بۆچى یه‌كێتى پێداگیره‌ له‌ وه‌رگرتنى پۆسته‌كانى په‌یوه‌ست به‌ پێشمه‌رگه‌؟‌

پەیسەر

جیا له‌ خوله‌كانى پێشتر له‌م خوله‌ نوێیه‌ى پێكهێنانى حكومه‌ت خواستى و زۆرو پێداگرى له‌سه‌ر پۆسته‌ ئه‌منییه‌كان و به‌ تایبه‌ت كورسییه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌، یه‌كێتى له‌ یه‌ك كاتدا پێداگرى ده‌كات كه‌ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ و جێگرێكى سه‌رۆكى هه‌رێمیش بۆ كاروبارى سه‌ربازى لابێت، به‌رنامه‌یه‌كى چاكسازى هاوپه‌یمانان له‌ناو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ دوودڵى خستووه‌ته‌ نێو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌و پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانى لا شیرینتر كردوون.

به‌پێى به‌رنامه‌یه‌كى چاكسازى كه‌ وڵاتانى، به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ریكا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا سه‌رپه‌رشتى ده‌كه‌ن و له‌رێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاكسازى وه‌زاره‌ته‌وه‌ ده‌ستیان داوه‌تێ، له‌ پێنج ساڵدا ده‌بێت هێزى حزبى نه‌مێنێت و یه‌كه‌كانى حزب هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه‌و سوپایه‌كى یه‌كگرتوو دروست بكرێت، ئه‌و ماوه‌ ساڵێكى تێپه‌ڕیوه‌و راوێژكارانى هاوپه‌یمانان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌یان رژدن، ئێستا خراوه‌ته‌ به‌رده‌مى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و یه‌كه‌كانى ٧٠ و ٨٠ .

ئاسته‌نگى گه‌وره‌ى به‌رده‌م پێكهێنانى حكومه‌ت ئێستا ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى ده‌یه‌وێت له‌ حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش پۆستى په‌یوه‌ست به‌ پێشمه‌رگه‌ى لابێت واته‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ كاروبارى سه‌ربازى، ئه‌وه‌ش به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یه‌كێتى ئاگادارى ورده‌كارى پرۆژه‌كه‌ى هاوپه‌یمانانه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ى حزب و ده‌یه‌وێت پێگه‌ى خۆى به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌وه‌ له‌ده‌ستنه‌دات له‌ ئاینده‌ و له‌ناو ئه‌و سوپایه‌ى كه‌ هاوپه‌یمانان دروستى ده‌كه‌ن یه‌كێتى له‌ رێگه‌ى پۆسته‌ حكومه‌تییه‌كانییه‌وه‌ رۆڵى هه‌بێت، پارتى بۆ ئه‌مه‌ بێ كێشه‌یه‌و له‌رێگه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكى حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و وه‌زیرى ناوخۆوه‌و به‌شێكى زۆرى پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانى لایه‌، به‌ڵام یه‌كێتى له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو پۆسته‌ى لانه‌بێت پێگه‌ى له‌ق ده‌بێت.

سەرچاوەیه‌كى ئاگادار بۆ پەیسەرپرێس گوتى، یەكێتی ترسی لەوە هەیە كە بەبێ هێزی پێشمەرگە رۆڵی لەرووداوە سیاسییەكانی ناوچەكەدا نەمێنێت، و سەركردایەتی ئەو حزبەش لەدواهەمین كۆبوونەوەیدا وەرگرتنی وەزیری پێشمەرگە و یاریدەدەری سەرۆكی هەرێمی بۆ كاروباری سەربازی بەهێڵی سور داناوە، و رایانگەیاندووە مانەوەی دەسەڵاتیان پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگە و دژە تیرۆرەوە هەیە، چه‌ند به‌رپرسێكى ئه‌وحزبه‌ش باسیان له‌وه‌كردبوو ئه‌وان پێویستیان به‌ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمه‌و ده‌بێت گۆڕان نه‌رمى بنوێنێت بۆ ئه‌وه‌ى جێگرێكى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ یه‌كێتى بێت.

پێده‌چێت بۆ قۆناغى ئاینده‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بیانه‌وێت له‌رێگه‌ى پۆسته‌كانى حكومه‌ته‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ده‌ستى خۆیان بهێڵنه‌وه‌و  شه‌ڕه‌كه‌ به‌رنه‌ ناو ماڵى حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى ئه‌و خواسته‌یه‌ هاوپه‌یمانان بۆ به‌ نیشتیمانیكردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ هه‌یانه‌، هاوپه‌یمانان له‌ گه‌رمه‌ى شه‌ڕى داعشه‌وه‌ تا ئێستا خه‌ریكى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ن كه‌ ده‌ستیان داوه‌تێ، ٣٥ خاڵه‌ و هه‌شت خاڵى جێبه‌جێكراوه‌ یاخود خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، ئێستا مشتومڕ له‌سه‌ر گرنگترین خاڵى پرۆژه‌یه‌كه‌یه‌ ئه‌ویش یه‌ك خستنه‌وه‌ى هێزه‌كانه‌و بۆ ئه‌مه‌ش پرۆژه‌یان داوه‌ به‌ وه‌زاره‌ت و یه‌كه‌كانى ٧٠ و ٨٠ و ئیتر ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌ یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌.

ساڵى رابردوو كاتێك ناره‌زاییه‌كانى خه‌ڵك ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند و رژانه‌ سه‌رشه‌قام یه‌كێتى له‌ رێگه‌ى راگه‌یاندنى حوكمى سه‌ربازییه‌وه‌ كۆنتڕۆڵى دۆخه‌كه‌ى كرد و له‌ هه‌موو ناوچه‌كان ژماره‌یه‌كى زۆر هێزى بڵاوه‌پێكرد و پێشمه‌رگه‌شى بۆ ئه‌مه‌ به‌كارهێنا، هه‌ر ناره‌زایه‌تییه‌كى دیكه‌ش كه‌ هه‌بووبێت ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ له‌رێگه‌ى هێزه‌وه‌ فریاى خۆى كه‌وتووه‌، بۆیه‌ش پێده‌چێت له‌و راستییه‌ باش گه‌یشتبن ئاینده‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌ مانه‌وه‌ى ئه‌و هێزه‌ى له‌ده‌ستیانه‌ و هه‌ركاتێك بكه‌ونه‌ ته‌نگانه‌وه‌ زۆریان بۆبێت هێزو چه‌ك رزگاریان ده‌كات له‌ ناڕه‌زایى خه‌ڵك. 

هاوپه‌یمانان تا ئێستا مه‌شقیان به‌ ١٧ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ كردووه‌و ئێستا ده‌یانه‌وێت ئه‌و ژماره‌ بۆ 36 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى رێكخراو به‌رزبكه‌نه‌وه‌، به‌پێى ناوه‌رۆكى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش كه‌ پێشكه‌شیان كردووه‌ هه‌م ژماره‌یان دیاریكردووه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌ جۆرێك كه‌ ده‌بێت ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌نێوان ئه‌وه‌نده‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ بێت، هه‌روه‌ها په‌یكه‌رى وه‌زاره‌ت و هێزه‌كانیشیان سه‌رله‌نوێ رێكخستووه‌ته‌وه‌ و به‌پێى پرۆژه‌كه‌ شتێك نامێنێت به‌ناوى یه‌كه‌كانى ٧٠ و ٨٠ و هێزى حزبى دیكه‌، ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ش له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌ كه‌متر ده‌بێت.

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌منیدارى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ بۆ په‌یسه‌رپرێس سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ باسیله‌وه‌كرد، بۆ هه‌ركام له‌ خاڵه‌كانى چاكسازى كه‌ 35 خاڵه‌، پێشتر پرۆژه‌ ئاماده‌ ده‌كرێت و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زاره‌ت په‌سه‌ندبكرێت، ئێستا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاكسازى و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ ئاماده‌ كراوه‌و گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت له‌ وه‌زاره‌ت.  

به‌ گوته‌ى یاوه‌ر بۆ كۆى خاڵه‌كانى چاكسازى ماوه‌ى سێ ساڵ بۆ پێنج ساڵ دیاریكراوه‌، پرۆسه‌ى یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ ماوه‌ زۆره‌كه‌ى ده‌وێت واته‌ پێنج ساڵ، ئێستا ساڵێكى تێپه‌ڕیوه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ په‌سه‌ندبكرێت كه‌ ئێستا ئاماده‌كراوه‌ ئه‌وا ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و پرۆسه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ به‌پێى پرۆژه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات. 

به‌پێى پڕۆژه‌كه‌ى هاوپه‌یمانان بێت ماوه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ماوه‌ى كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت ده‌بێت، به‌وپێیه‌ى چوار ساڵى داهاتوو ده‌بێت پرۆژه‌كه‌ زۆرینه‌ى جێبه‌جێكرابێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ى هێزه‌ى چه‌كدارییان هه‌یه‌ پێداگرى زۆر بكه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و پۆستانه‌ى په‌یوه‌ندییان به‌ پێشمه‌رگه‌وه‌ هه‌یه‌ پارێزگارى له‌ هه‌ژموونى خۆیان بكه‌ن له‌ناو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى هێزه‌ حزبییه‌كان ده‌سه‌ڵات و پێگه‌یان له‌ده‌ستنه‌ده‌ن.

قاره‌مان كه‌مال جێگرى سه‌رۆك ئه‌ركان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و خۆى پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ى لایه‌ كه‌ هاوپه‌یمانان و بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی ئاماده‌یان كردووه‌، به‌ گوته‌ى ئه‌و به‌ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه‌ یه‌كه‌كانى ٧٠ و ٨٠ نامێنن، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك بۆ پێشمه‌رگه‌ دیاریكراوه‌ كه‌ كه‌متره‌ له‌و ژماره‌یه‌ى ئێستا هه‌یه‌ و په‌یكه‌رى هێزه‌كانیش ده‌گۆڕێت.

لیوا قاره‌مان بۆ په‌یسه‌ر گوتى"به‌بڕواى من ئه‌و یه‌كخستنه‌وه‌یه‌ كاتێكى زۆرى ده‌وێت، ناتوانرێت كات دیاریبكرێت بڵێى له‌ماوه‌ى ئه‌وه‌نه‌دا یه‌ك ده‌گرنه‌وه‌، ئێستا پرۆژه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ دراوه‌ به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌كانى ٧٠ و ٨٠ بۆ ئه‌وه‌ى گفتوگۆى له‌سه‌ر بكه‌ن و بۆچوونى خۆیان بڵێن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى، هاوپه‌یمانان زۆر جددین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك شت هه‌یه‌ ته‌نها په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌ته‌وه‌ نییه‌ به‌ڵكو به‌ حكومه‌تى هه‌رێم جێبه‌جێده‌كرێت". 

ئاسته‌نگى گه‌وره‌ى به‌رده‌م پرۆسه‌ى یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كان ژماره‌ى قه‌به‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ جۆرێك یه‌كه‌كانى ٧٠ و ٨٠ نزیكه‌ى ١١٥ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ن و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ كه‌متر له‌ ٥٠ هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى تێدا رێكخراوه‌و ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌ى یه‌كه‌ حزبییه‌كان دوو هێنده‌ى ژماره‌ى پێشمه‌رگه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌یه‌، قاره‌مان كه‌مال سه‌باره‌ت به‌ چاككردنى مووچه‌ى پێشمه‌رگه‌ دواى یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ ده‌ڵێت"تا حه‌جمى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان دیارینه‌كرێت و چاك نه‌كرێت مومكین نییه‌ به‌م ژماره‌ى كه‌ ئێستا هه‌یه‌ مووچه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ چاكبكرێت، به‌ڵام به‌پێى پرۆژه‌كه‌ ژماره‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌و ژماره‌یه‌ى ئێستا كه‌متره‌".

پێده‌چێت به‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ هێزه‌كانى حزب، حزبه‌ چه‌كداره‌كان شوێنپێیان له‌ق ببێت بۆیه‌ش له‌ ئێستاوه‌ به‌دواى پۆستى جێگره‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام به‌ سه‌ركه‌وتنى پرۆژه‌كه‌ و یه‌كخستنى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پێناچێت چیدیى حزبه‌كان و سه‌نگى جارانیان بمێنێت له‌ناو ئه‌و هێزانه‌و بتوانن وه‌ك پێشوو به‌كاریان بهێنن بۆ ئیشو كارى حزبى خۆیان، لانى كه‌م ناتوانن بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى پێشوویان سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌گه‌ر وڵاتانى له‌ سه‌رگرتنى پرۆژه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنى وه‌ك خۆی جددى بن، بۆیه‌ش پێداگرى زۆرى ئه‌وان بۆ شوێنپێكردنه‌وه‌یان به‌ په‌یژه‌ى دۆخه‌كه‌وه‌ پێناچێت پرۆژه‌ى دڵخوازى ئه‌وان بێت له‌ ئاینده‌.