ڕاپۆرتی کوردستانی

05:18 - 14/04/2019

ئایا پێدانى مووچه‌ به‌ ماسته‌ركارت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى مووچه‌خۆرانه‌؟‌

پەیسەر

هێشتا ته‌پوتۆزى پاشكه‌وتى مووچه‌ بەسه‌ر شانى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستانەوەیە، وه‌زاره‌تى دارایى نیازى به‌رنامه‌یه‌كى دیكه‌ى هه‌یه‌ كه‌ بۆ مووچه‌ خۆران مایه‌ى دوو دڵى زۆره‌ و ترس هه‌یه‌ له‌ ئه‌گه‌رى سه‌رنه‌كه‌وتنى خه‌ڵكى باجه‌كه‌ى بده‌ن و له‌ سه‌ركه‌وتنیشى سوده‌كه‌ى بۆ حكومه‌ت بێت، وه‌زاره‌تى دارایى نیازى هه‌یه‌ چیتر هه‌موو مووچه‌ به‌ پاره‌ى كاش نه‌دات و به‌شێكى مووچ بخاته‌ ناو ماسته‌ر كارتى فه‌رمانبه‌رانه‌وە.

به‌پێى ئه‌و به‌رنامه‌ى حكومه‌ت به‌ نیازه‌ جێبه‌جێى بكات، نیوه‌ى مووچه‌ به‌كاش ده‌درێت و نیوه‌كه‌ى دیكه‌ى له‌ حسابى بانكى فه‌رمانبه‌ران ده‌مێنێته‌وه‌ و ده‌خرێته‌ سه‌ر ماسته‌ر كارتى تایبه‌ت به‌خۆیان، واته‌ ده‌توانن له‌رێگه‌ى ئه‌و كارته‌وه‌ كاڵاكانیان بكڕن، بۆ ئه‌وه‌ش حكومه‌ت ده‌یه‌وێت سێ بازاڕى بازرگانى گه‌وره‌ له‌ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان دروست بكات و له‌ بازاڕانه‌ مووچه‌ خۆران بتوانن پاره‌ى ناو كارته‌كانیان خه‌رج بكه‌ن و پێویستییه‌كانیان بكڕن، ئێستا لیستی مووچەی وەزارەتەکان رەوانەی بانکە ئەهلییەکان کراوەو چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغی داهاتوو بە ماستەر کارت مووچە بدات، 
له‌كاتێكدا پێشووتر ئه‌م شێوازه‌ بۆ خانه‌نشینان تاقیكرایه‌وه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو و هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، حكومه‌تیش خه‌رجییه‌كى زۆرى كرد.

شاره‌زایانى ئابورى ده‌ڵێن، سیسته‌مى پاره‌ى كاش له‌ زۆربه‌ى وڵاتان ئێستا سه‌رده‌مى نه‌ماوه‌و كارى پێناكرێت و چه‌ند وڵاتێكى كه‌م هاوشێوه‌ى عێراق و هه‌رێم كار به‌ سیسته‌مى پاره‌ى كاش ده‌كه‌ن، به‌ڵام جێبه‌جێكردنى سیسته‌مى بانكى بۆ كڕین و فرۆشتنى پێداویستى و ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌ پاره‌ى كاش ئاماده‌كارى زۆرى ده‌وێت له‌ هه‌رێمى كوردستانیش هیچ ئاماده‌كارییه‌ك نییه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و سیسته‌مه‌.

ئه‌وه‌ى ترسى دروستكردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ قۆرخكارى دروست بێت و چه‌ند بازاڕێكى كه‌م ده‌ست به‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ى بازرگانى كڕین و فرۆشى ئه‌لیكترۆنیدا بگرن، به‌وپێیه‌ى حكومه‌ت ده‌یه‌وێت چه‌ند بازاڕێكى كه‌م بكاته‌وه‌ له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر هاوشێوه‌ى وڵاتان ئه‌م سیسته‌مه‌ جێبه‌جێبكرێت ده‌بێت له‌ هه‌موو ماركێت و بازاڕێكدا كڕیار بتوانن به‌ ماسته‌ر كار پێویستییه‌كانیان بكڕن.

ئارام كۆكۆیى پسپۆڕى دارایى ده‌ڵێت، ئه‌و لایه‌نگرى سیسته‌مى مامه‌ڵه‌ى بازرگانى ئه‌لیكترۆنییه‌، به‌ڵام ئه‌و سیسته‌مه‌ ئاماده‌كارى پێشوه‌ختى ده‌وێت و هه‌رێمى كوردستانیش هیچ ئاماده‌كارییه‌كى پێشوه‌ختى نییه‌و هیچ یاسایه‌كیش نییه‌ كه‌ مافى خاوه‌ن پاره‌كان بپارێزێت، كۆكۆیى بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى"ئێستا له‌ جیهاندا ئاڵوگۆڕه‌كان له‌رێگه‌ى ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ ده‌كرێت و پاره‌ له‌رێگه‌ى هه‌ژمارى بانكییه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئاماده‌كارى ده‌وێت و ده‌بێت هاوڵاتیان ئاشنا بكرێن به‌ سیسته‌مه‌كه‌".

ئه‌و پسپۆره‌ گوتى"له‌وانه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تادا كۆمه‌ڵێك كۆمپانیاو شوێن قۆرخكارى ئه‌نجامبده‌ن و قۆرخى مامه‌ڵه‌كان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند شوێنێكى بازرگانى كه‌م سیسته‌مه‌كه‌ دابنرێت، ده‌بێت سیسته‌مه‌كه‌ له‌هه‌موو ماركێت و دووكانێك دابنرێت، ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند شوێنێكى كه‌م دابنرێـت ئه‌وه‌ شكست ده‌هێنێت، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو شوێنه‌كان دابنرێت كاتێكى زۆرى ده‌وێت به‌ڵام مه‌حاڵ نییه‌و ده‌كرێت".

سیسته‌مى بانكیش له‌ هه‌رێمى كوردستان مشتومڕى زۆرى له‌سه‌ره‌ زۆرێك پێیان وایه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ بانكییه‌ى په‌یڕه‌وده‌كرێت گونجاو نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان به‌ ئه‌لیكترۆنى بكرێت ئارام كۆكۆى ده‌ڵێت"سیسته‌مى بانكى ئێمه‌ پێشكه‌وتوو نییه‌ بانكه‌كانمان ته‌نها وه‌ك دووكانێكى ئاڵوگۆڕى دراو كار ده‌كه‌ن یاخود ته‌نها هه‌ندێكى په‌ڕاوى دارایى ده‌رده‌كه‌ن، له‌ سیسته‌مى بانكى پێشكه‌وتوو بانكه‌كان په‌یوه‌ندى نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ بانكه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و چه‌كى بانكێك له‌ بانكێكى دیكه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌، به‌ڵام بانكه‌كانى هه‌رێم ئه‌م مه‌رجانه‌ى تێدا نییه‌، نابێت راسته‌وخۆ ئه‌و سیسته‌مه‌ جێبه‌جێبكرێت و به‌ڵكو ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه‌ تێست بكرێت".

له‌ هه‌رێمى كوردستان یاساى تایبه‌ت بۆ رێكخستنى ئه‌و مامه‌ڵه‌ ئه‌لیكترۆنییانه‌ نییه‌، ترس هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى هه‌م قۆرخكارى له‌ بازاڕدا رووبدات هه‌م له‌نێو بانكه‌كانیش چه‌ند بانكێكى كه‌م قۆرخى مامه‌ڵه‌كان بكه‌ن، گرفتى دیكه‌ى سیسته‌مه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، حكومه‌ت نیازى وایه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى سیسته‌مه‌كه‌ به‌شێكى مووچه‌ به‌ كاش نه‌دات و له‌ بانك گلى بداته‌وه‌، واته‌ ئه‌گه‌ر وابێت فه‌رمانبه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ى خواستى خۆى پاره‌كه‌ى به‌ كاش نادرێتێ له‌كاتێكدا یاسا رێگه‌ نادات به‌ حكومه‌ت كه‌ خاوه‌ن هه‌ژماره‌ بانكییه‌كان ناچار بكات نیوه‌ى پاره‌كه‌ رابكێشنن به‌ڵكو خاوه‌ن هه‌ژمارى بانكى ئازاده‌ چه‌ند راده‌كێشێت له‌ هه‌ژماره‌ بانكییه‌كه‌ى، ئارام كۆكۆیى ده‌ڵێت، ته‌نها بانكى ناوه‌ندى مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك بارودۆخى تایبه‌ت رێگه‌ بگرێت له‌وه‌ى خه‌ڵكى هه‌موو پاره‌كانیان به‌ كاش رابكێشن ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر زانى ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌هاى دینار داببه‌زێت.

پێده‌چێت هه‌نگاونان بۆ سیسته‌مێكى ئه‌لیكترۆنى وردى دارایى پێویستى به‌ ورده‌كاریى یاسایى و رێنمایى ورد و گونجاو هه‌بێت، له‌كاتێكدا هه‌وڵى له‌وجۆره‌ نه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌بینرێت نه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش، له‌لایه‌كى دیكه‌ به‌هۆى بارودۆخى ئابورى چه‌ند ساڵى رابردوو و نه‌مانى پاره‌ له‌ بانكه‌كان وایكردووه‌ متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ بانكه‌كان كه‌م ببێته‌وه‌ خۆیان به‌ دوور ده‌گرن كه‌ پاره‌كانیان له‌ بانك دابنێن بۆیه‌ش جێبه‌جێكردنى سیسته‌مه‌كه‌ له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ ئه‌و نا دڵنیاییه‌ى كه‌ هه‌یه‌ پێناچێت جێگه‌ى ره‌زامه‌ندى خه‌ڵك بێت.

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى و قسه‌یان له‌نێوان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئەو بابه‌ته‌و ئاگادارن لێى به‌ڵام تا ئێستا ته‌نها به‌ قسه‌ باسكراوه‌. به‌بڕواى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، پێى وایه‌ هێشتا سیسته‌مى بانكى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌نده‌ پێش نه‌كه‌وتووه‌ كه‌ بتوانرێت ئه‌و سیسته‌مه‌ى تێدا جێبه‌جێبكرێت.

شێركۆ جه‌وده‌ت، بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى"ده‌بێت یاسا ده‌ربكرێت بۆ ئه‌مه‌ به‌ جۆرێك بێت، كه‌ هاوڵاتیان بپارێزێت له‌ فرتوفێڵ، هێشتا ئاماده‌كارى ماوه‌ ده‌بێت بۆى بكرێت، له‌پێناوى ئه‌وه‌ى رێگه‌ بگرێت له‌ گه‌نده‌ڵى، چونكه‌ دواتر وه‌ك یاساى وه‌به‌رهێنانى لێدێت، كه‌ زه‌وییه‌كى زۆر درا به‌ وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى نیشته‌جێبوون چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ندبوون و كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرا".

ئه‌گه‌رچى رێكخستنى مامه‌ڵه‌ داراییه‌كان له‌رێگه‌ى سیسته‌مى بانكییه‌وه‌ پێویستییه‌و گرنگه‌، به‌ڵام به‌پێى ئه‌و نا ئاماده‌كارییه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌، ترسى زۆر هه‌یه‌ كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ش له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كى خراپ دابنرێت و وه‌ك زۆربه‌ى شته‌كانى دیكه‌ به‌ زیانى خه‌ڵك بشكێته‌وه‌، به‌ جۆرێك خاوه‌نى ماسته‌ر كارته‌كان نه‌توانن پاره‌ى هه‌ژماره‌كه‌یان خه‌رج بكه‌ن چونكه‌ بازاڕى سیسته‌مه‌كه‌ كه‌م بێت و قۆرخ كرابێت، نه‌شتوانن هه‌موو پاره‌كه‌یان به‌ كاش رابكێشن، هه‌روه‌ها چه‌ند بانكێى كه‌میش ده‌ست بگرن به‌سه‌ر سیسته‌مه‌كەدا و دواجار به‌ زیانى خه‌ڵك و سوودى حكومه‌ت كۆتایى بێت.