ڕاپۆرتی کوردستانی

06:14 - 11/04/2019

چى له‌ پشت زیادبوونى بانده‌ تاوانكارییه‌كانه‌وه‌یه‌؟‌

پەیسەر

ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان جاروبار به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵى ده‌ستگیركردنى باندێكى تاوانكارى خه‌ڵكى راده‌چڵه‌كێنن، ئه‌م ساڵانه‌ى دوایى باندی تاوانكاریى زیاتر ئاشكراده‌بن به‌پێى دانپێدانانى بانده‌كان پێشتر ده‌یان تاوانى جۆراجۆریان ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵك كردووه‌ بێ ئه‌وه‌ى ئاشكرا بكرێن و رووبه‌ڕووى به‌ربه‌ستى ئه‌وتۆ ببنه‌وه‌، ئه‌وان تا ئاشكرا ده‌كرێن زیانى قه‌به‌ له‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ن، ئێستا بانده‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك.

باندى تاوانكارى مه‌ترسى زیاتره‌و تاوانه‌كانیان زیانى گه‌وره‌ترى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، جیا له‌ تاوانه‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كان ئه‌مان رێكخراوتر كار ده‌كه‌ن و ئاسانتر ده‌توانن تاوان ئه‌نجام بده‌ن، كه‌ چاو به‌ په‌یجى ده‌زگاكانى پۆلیسى شاره‌كاندا ده‌خشێنیت، ناوبه‌ناو هه‌واڵى ده‌ستگیركردنى باندێكت به‌رچاو ده‌كه‌وێت، كه‌ تاوانى جۆراوجۆریان كردووه‌ تاوانه‌كانى ئه‌وان ئاسایى نین، كوشتن، ده‌ستدرێژى، دزیكردن، هه‌ڕه‌شه‌، سه‌رانه‌سه‌ندن له‌ خه‌ڵك، رفاندن.

دوایین باند كه‌ له‌ سلێمانى له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ ده‌ستگیركران به‌پێى دانپێدانانى خۆیان پێشتر ده‌یان تاوانیان ئه‌نجامداوه‌ بێ ئه‌وه‌ى رووبه‌ڕووى به‌ربه‌ست و مه‌ترسى ئاشكراكردن ببنه‌وه‌، ئۆتۆمبێلیان فڕاندووه‌و ده‌سترێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئافره‌ت و پاره‌یان له‌ خه‌ڵك سه‌ندووه‌ و هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر دوكان و تاوانى كوشتنیشیان كردووه‌، له‌و كارانه‌ رووبه‌ڕووى به‌ربه‌ستى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان نه‌بوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ خه‌ڵكى مایه‌ى دوودڵى و قه‌له‌قى زۆره‌، كه‌ ئایا باندێك به‌و ئاسانییه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ تاوانیان كردبێت ده‌بێت چه‌ند باندى دیكه‌ ئێستا سه‌رقاڵى تاوانكارى ببن و ده‌ستى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیان نه‌گاتێ.

سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى سلێمانى ده‌ڵێت، پێشتریش باندى تاوانكارى هه‌بووه‌ به‌ڵام به‌م جۆره‌ ترسناكه‌ى ئێستا نه‌بووه‌ كه‌ كارى كوشتن و فڕاندن بكه‌ن به‌ڵكو تاوانى سوكیان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ئێستا ده‌بینرێن باندى مه‌ترسیدارن، ئه‌و بۆ په‌یسه‌ر سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى زیادبوونى بانده‌كان ده‌ڵێت، شار گه‌وره‌ بووه‌و دوو ملیۆن كه‌سى تێدایه‌ له‌ هه‌موو دنیاش باند هه‌یه‌ كه‌ ئاشكرا ده‌بن پێشتر چه‌ندین تاوانیان كردووه‌.

ئایا باندى مافیایى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ن كه‌ ته‌نها پشت به‌خۆیان ببه‌ستن و كه‌سى گه‌وره‌ له‌ پشتیانه‌وه‌ نه‌بێت؟ ئایا بانده‌كان دڵنیان كه‌ ده‌ستى یاساو ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیان پێ ناگات وا بێ خه‌م تاوانى گه‌وره‌ ده‌كه‌ن؟ ئایا شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌نده‌ ئاسانه‌ بۆ تاوانكردن وه‌ك تۆمه‌تباران باسى ده‌كه‌ن؟ ئایا سه‌روماڵ و ژیانى خه‌ڵك پارێزراوه‌ له‌ بانده‌ تاوانكارییه‌كان؟ بۆچى بانده‌كان ده‌یان تاوان ده‌كه‌ن و دواتر ئاشكراده‌بن؟ ئایا كارى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌موو كات ئاشكراكردنى تاوان و تاوانباره‌ یاخود رێگرییە له‌ تاوان؟ ناو شاره‌كان ئه‌وه‌نده‌ كۆنترۆڵى ئه‌منى تێدا نییه‌ كه‌ هاوڵاتییه‌ک ئێواره‌ له‌ بازاڕه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو ماڵ و منداڵى؟ هه‌رێمى كوردستان رووبه‌رێكى هێنده‌ فراوانى نیشته‌جێبوونى نییه‌ و ژماره‌یه‌كى زۆر هێزى جۆراوجۆرى ئه‌منیى هه‌ن.

له‌ په‌ناى قه‌یرانى ئابورى و خراپى گوزه‌رانى خه‌ڵك و خراپى ئاستى په‌روه‌رده‌ى تاك و نه‌بوونى سزاى گونجاو، بۆشایى ئه‌منیى هۆكارى سه‌ره‌كییه‌ واده‌كات ئه‌وانه‌ى مه‌یلى تاوانیان هه‌یه‌ ده‌ست بۆ تاوانكارى به‌رن و هه‌وڵ بده‌ن له‌رێگه‌ى تاوانه‌وه‌ به‌ سه‌روه‌ت و سامان بگه‌ن یاخود تۆڵه‌ بكه‌نه‌وه‌، حه‌سه‌ن نورى به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى سلێمانى سه‌باره‌ت به‌وه‌ى پێش ئه‌م بانده‌ش باندى دیكه‌ هه‌بوون ئایا بۆشایى ئه‌منى وایكردووه‌ كه‌ ئه‌و باندانه‌ هه‌بن، گوتى"ئه‌مه‌ زۆر ئاساییه‌ وه‌ حاڵه‌تێكى سروشتییه‌ لەهەموو دنیا تاوان هەیە، هیچ بۆشاییه‌كى ئه‌منى نییه‌، سلێمانى زۆر له‌وه‌ ئارامتره‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س باسى ده‌كه‌ن".

له‌ په‌ناى ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ى خه‌ڵك له‌ كاردانه‌وه‌ى تاوانى بانده‌ ئاشكراكراوه‌كان ده‌ریده‌بڕن، زۆرجار له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان گومانى خۆیان ده‌رده‌بڕن له‌وه‌ى به‌شێك له‌وانه‌ى وه‌ك باند پیشانى خه‌ڵك ده‌درێن سیناریۆبن و له‌ پشت ئه‌وه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵك ده‌یبینن راستیى دیكه‌ هه‌بن، یاخود گومان ده‌كرێت سیناریۆكان بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌تى یاخود دژى كه‌سێك یان گروپێك یاخود به‌ هۆكارى سیاسى یاخود بۆ له‌ بیربردنه‌وه‌ى بابه‌تێك یاخود بۆ ئاڕاسته‌كردنى راى گشتى دروستبكرێن. هه‌رچۆنێك بن سیناریۆن بان یاخود راستى بۆ خه‌ڵك مایه‌ى ترس و دوو دڵى زۆرن و دڵنیایى ژیانیان سفركردووه‌ته‌وه‌، كۆمه‌ڵگه‌ له‌ژێر ره‌حمى ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌رى تاوان و ویژدانى بانده‌ تاوانكاره‌ دڵره‌قه‌كاندایه‌.

تاوان بۆچى زۆر ده‌بێت؟

هۆكاره‌كانى تاوان هه‌م خودین هه‌م هۆكارى گشتیش هه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك هۆكار هه‌ن به‌شێكی تایبه‌ته‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى و بارودۆخى كۆمه‌ڵگه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان له‌ دۆخێكى تایبه‌تدایه‌ كه‌ داموده‌زگاكانى به‌پێوه‌ نییه‌ و یاسا وه‌ك خۆى جێبه‌جێناكرێت، گیرۆده‌ى گه‌نده‌ڵى زۆر و زه‌وه‌ند و خراپ به‌ڕێوه‌بردنى ئیداره‌یه‌ و دۆخى سیاسیش به‌ ده‌گمه‌ن سه‌قامگیرى به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌ گشتى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو هۆكاره‌كانى زیادبوونى تاوانى به‌ زیاده‌وه‌ تێدا جێبه‌جێده‌بێت، پسپۆرانى كۆمه‌ڵناسى و تاوانكارى هۆكاره‌كانى تاوان ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ.

-خراپى دۆخى ئابورى و بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ژارى
-سه‌روەر نه‌بوونى یاسا
-بۆشایى ئه‌منیى و پێڕانه‌گه‌یشتنى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان
-گه‌نده‌ڵى و خراپ به‌ڕێوه‌بردنى ئیداره‌
-خراپى كه‌رتى په‌روه‌رده‌ و نه‌بوونى په‌روه‌رده‌ى تاك
-مامه‌ڵه‌كردن به‌ چه‌كه‌وه‌ به‌رێژه‌یه‌كى به‌رچاو
-چه‌ند ساڵ جارێك لێبوردنى گشتى ده‌رده‌چێت
-دۆخى زیندانه‌كان خراپه‌و زیندانیى تێیدا فێرى تاوانى دیكه‌ ده‌بێت
- نا سه‌قامگیرى بارودۆخى ده‌روونى تاك و ناجێگرى دۆخى سیاسى
- زیادبوونى سوڵحى عه‌شایه‌رى وه‌ك جێگره‌وه‌ی كارى دادگا
-بێ ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت واده‌كات خه‌ڵكى خۆیان په‌نا بۆ تۆڵه‌ به‌رن
-بوونى كه‌سانى ده‌سترۆیشتوو له‌ پشتى بانده‌ تاوانكارییه‌كانه‌وه‌
-رۆتیناتى دادگاكان و دره‌نگ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسییه‌كان
-ده‌ستكورتى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بۆ ده‌ست گه‌یشتن بە به‌ڵگه‌كان و ئاشكراكردنى تاوان
-نه‌بوونى كۆنتڕۆڵى ئه‌منى به‌سه‌ر شارو ناوچه‌كاندا

هه‌رێمى كوردستان له‌ هیچ كام له‌و هۆكارانه‌ به‌ده‌ر نییه‌، به‌پێى یاساى سزادانى عێراقى ئه‌نجامدانى تاوان به‌ گروپ سازى قورسترى هه‌یه‌ و دۆخى توندكاره‌ بۆ سزادراو، یاسادانه‌ر گریمانه‌ى ئه‌وه‌یكردووه‌ كه‌ تاوانى به‌ كۆمه‌ڵ پلان و بیرکردنه‌وه‌ى تاوانى تێدایه‌ و زیان و مه‌ترسى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ و ئاسانتر ده‌توانن تاوان بكه‌ن كه‌متر به‌ڵگه‌ جێدێڵن  و كارى رێكخراو ده‌كه‌ن، هه‌رێمى كوردستان یاساى ژماره‌ 111ى ساڵى 1960ى عێراق به‌ سزادانى تاوانباران جێبه‌جێده‌كات، سزاكانى نێو یاساكه‌ سوك نین و سزاى گه‌وره‌ له‌ نێو مادده‌ یاساییه‌كاندا هه‌ن، به‌ڵام له‌ پراكتیكدا به‌ كه‌مى تاوانبار سزاكه‌ى خۆى ته‌واو ده‌كات، یاخود لێبوردنى گشتى ئازادى ده‌كات، یاخود سزاى كه‌متر ده‌درێت یاخود سزاكه‌یان له‌ سێداره‌وه‌ كه‌ راگیراوه‌ له‌ هه‌رێم بۆ سزاى دیكه‌ ده‌گۆڕێت، یاخود سوڵح تاوانباره‌كان له‌ سزا رزگار ده‌كه‌ن.

هۆكاره‌كانى تاوان و درووستبوونى بانده‌كان چه‌ند زۆر بن چاره‌سه‌ریان به‌لاى حكومه‌تدا ره‌ت ده‌بێت، ده‌واى هه‌ركام له‌و ده‌ردانه‌ لاى حكومه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا حومه‌تى هه‌رێم گیرۆده‌ى ده‌ردى گه‌وره‌یه‌ وپێناچێت بیپه‌رژێته‌ سه‌ر ورده‌كارى و رۆچوونه‌ نێو كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگاو وردبوونه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كان و له‌ناو بردنیان، هه‌ر هه‌وڵێكیش بۆ به‌رگرتن له‌ تاوان له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، هه‌م چاره‌سه‌رى بۆشایى ئه‌منیى به‌ حكومه‌ت ده‌كرێت، هه‌م چاره‌سه‌رى گرفته‌ ئابورى و په‌روه‌رده‌ییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ و چاكسازى زیندانه‌كان و دادگاكان و داموده‌زگاكانى لێكۆڵینه‌وه‌و سه‌روه‌ركردنى یاسا و به‌رگرتن به‌ مامه‌ڵه‌ى چه‌ك و به‌ نیشتیمانیكردنى ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و لێپرسینه‌وه‌یان هه‌ر كارى حكومه‌ته‌ و نه‌یكردووه‌، بۆیه‌ش تا زه‌مینه‌و هۆكاره‌كانى تاوان به‌م شێوه‌ به‌ زۆرو زه‌وه‌ندى هه‌بن پێناچێت تاوانباران خۆیان ره‌حم بكه‌ن و ده‌ستبه‌ردارى تاوان بن.