ڕاپۆرتی کوردستانی

04:32 - 11/04/2019

ئاكه‌په‌ چۆن شڕناخى له‌ چنگى هه‌ده‌په‌ ده‌رهێنا؟‌

پەیسەر

یەكێك لە ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكانى هەڵبژاردنى شارەوانییەكانى توركیا، سەركەوتنی ئاكەپە بوو لە شڕناخ. هەدەپە و جەهەپە پێیانوایە ئاكەپە بە دەنگی سەرباز، پۆلیس  سەركەوتووە. توێژەر و پسپۆرێكیش پێیوایە جیاوازی نێوان دەنگی ئاكەپە و هەدەپە دەیسەلمێنێت كە لە پشتی بردنەوەی ئاكەپە چەندین هۆكاری دیكە خۆی حەشار داوە.
 
هەدەپە لە زۆربەى هەڵبژاردنەكانى پێشووتردا لە شڕناخ رێژەى دەنگەكانى 70% بووە. كەچى لە هەڵبژاردنى 31 ئادارى رابردوو، ئاكەپە 61.79% دەنگەكانى بەدەستهێنا و بووە براوەى یەكەم.
 
گۆڕانكاری لە رێژەى دەنگەكاندا چۆن روویدا؟
 
بەگوێرەى ئەنجامە نافەرمییەكانى هەڵبژاردنى شارەوانییەكانى توركیا، جگە لەناوەندى شڕناخ لە هەرسێ شارۆچكەى بەیتوشەباب، سێ گركان و قلابان، كاندیدانى ئاكەپە براوەى یەكەم بوون. لە شارۆچكەكانى جیزرە، هەزەخ و سلۆپى هاوسەرۆكانى هەدەپە براوەى هەڵبژاردن بوون.

شارى شڕناخ دەكەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتى توركیا. لەرووى ئیدارییەوە شەش شارۆچكە لەخۆدەگرێت. ژمارەى دانیشتووانى ئەم شارە 524 هەزار كەسە كە لەم ژمارەیەدا 73.84% لە دەرەوەى شارەكەدا دەژیت. بژێوى خەڵكى شڕناخ لەسەر ئاژەڵدارى، بازرگانى سنوور لەگەڵ هەرێمى كوردستان و بەرهەمهێنانى خەڵوزى بەردینە.

ژمارەى دەنگدەرانى شڕناخ لەگەڵ ناوچەكانى دەورووبەرى، 203 هەزار و 942 كەس بووە. لە كاتێكدا ژمارەى دەنگدەرى ناوەندى شارەكە لە هەڵبژاردنى 24 حوزەیرانى 2018دا، 32 هەزار كەس بووە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە هەڵبژاردنى 31 ئاداردا هەڵكشاوە و بۆتە نزیكە 40 هەزار  كەس.
 
 
بەگوێرەى زانیاریەكان، ئاكەپە بە شێوەیەكى نا یاسایى 7 هەزار دەنگدەرى لە كارمەند و سەرباز و پۆلیس لە شارەكانى دیكەى توركیا گواستۆتەوە ناوەندی شڕناخ. لەناو ناوەندى شاردا بەگشتى 119 سندوقى دەنگدان هەبووە، لە 35 سندوقی دەنگداندا لەناوەندی شارەكەدا ئاكەپە 6 هەزار و 618 دەنگى هێناوە. 

هەروەها لە قوتابخانەى ئەدیب باشەر، كە ناوەندێكى دەنگدان بووە لەناوەندى شارى شڕناخدا سەرباز و پۆلیس دەنگى داوە، لەناو 9 سندوقدا هەزار و 929 دەنگ  لە بەرژەوەندی ئاكەپە دراوە. لەبەرامبەردا هەدەپە 48 دەنگى هێناوە، جەهەپە بە پلەى دووەم هاتووە و 161 دەنگى بەدەستهێناوە.
 
سەربازانی تورك لە چوار سندوقدا چارەنووسی شارەوانی بەیتوشەبابیان  لە بەرژەوەندی ئاكەپە یەكلایی كردەوە. ژمارەی دەنگدەری بەیتوشەباب بە نزیكەی 5 هەزار دەنگدەر دادەنرێت، جگە لەوە ژمارەی جەردوانان لەم شارۆچكەیەدا بە بەراورد لەگەڵ شارەوانییەكانی دیكەی شڕناخ دا زیاترە، هەموو جارێك هەدەپە لەم شارۆچكەیەدا براوە بووە. تەنیا لە چوار سندوقی گەڕەكێكی بەیتوشەباب ئاكەپە هەزار و 56 دەنگی بەدەستێهناوە، لە بەرامبەردا هەدەپە 118 دەنگ و جەهەپەش 58 دەنگ. 

زەكی ئیرمەز، هاوسەرۆكی رێكخستنەكانی هەدەپە لە شڕناخ، لە وەڵامی پرسیارەكانی (پەیسەر پرێس) دا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئاكەپە لەم هەڵبژاردنەدا 15 هەزار دەنگدەری لە سەرباز و پۆلیس لە شارەكانی دیكە گواستۆتەوە شڕناخ. لەبارەی شارۆچكەی بەیتوشەباب كە ئاكەپە بردیەوە دەڵێت" بەر لەسێ مانگ دەوڵەت بە هەموو دامەزراوەكانیەوە، دەنگدەری نوێی هێنایە شڕناخ. ژمارەی دەنگدەری شارۆچكەی بەیتوشەباب نزیكەی 5 هەزار دەنگدەرە، دەوڵەت لەدوای 24 حوەزیرانی 2018 تا 17 كانوونی دووەمی 2019 هەزار و 800 دەنگدەری هێناوەتە بەیتوشەباب. ئەم كردەوە رەوشی هەڵبژاردن و رەوشی دەنگدانی لە بەیتوشەباب گۆڕی".

دیسان 1400 سەربازیان لە قلابان تۆماركرد جگە لەوەی لە شوێنەكانی دیكە 600 جەردەوان بردنە قلابان و لەوێ دەنگیان داوە. بەتەواوەتی 2 هەزار دەنگدەریان لە قلابان زیاتر كرد. لە قلابان جەهەپە ناچار بووە نووسینگەی هەڵبژاردن دابخات، ئەنجامی هەڵبژاردنی شارۆچكە قلابان كە یەكێكە لە شارۆچكەكانی سەر بە شڕناخ، بە بەراورد لەگەڵ هەردوو هەڵبژاردنی شارەوانی لە 2014 و هەڵبژاردنی گشتی لە 2018 دا پێچەوانە كراوەتەوە و ئاكەپە لە شوێنی هەدەپە ئەمجارە 59% دەنگەكانی بەدەستهێناوە.
 
ساڵح تانك كاندیدی جەهەپە لە قلابان، بە (پەیسەر پرێس) ی راگەیاند كە بەهۆی گوشارەكان ناچار بووە نووسینگەی هەڵبژاردنی دابخات"ئەو كەسانەی سەردانی نووسینگەی ئێمەیان دەكرد، بە تۆمەتی هاوكاریكردنی تیرۆر لێپرسینەوەیان لەگەڵ كراوە. كاتێك كەسێكی بە ساڵاچوو سەردانی نووسینگەكەمانی دەكرد، رۆژی دواتر جەندرمە بەبیانووی هاوكاریكردنی تیرۆر لێپرسینەوەی لەگەڵ كوڕەكەی دەكرد. فشارێكی لەم جۆرەمان پێشتر نەبینیبوو". 

هەروەها دەڵێت" هەموو كارمەندانی حكوومەت ناچار كرابوون كە لەكاتی دەنگدان وێنەی پسوولەكانیان بگرن. فەرماندەی جەندرمە، بەڕێوەبەری ئەمنیەت و قایمقام، بە كارمەندانیان گووتبوو هەر كەسێك دەنگ بە ئاكەپە نەدات، بێكاری دەكەین. بۆیە هەموو كەس ناچاربوو دەنگ بە ئاكەپە بدات و وێنەی پسوولەكەی بگرێت. بۆ ئەوەی دەنگدەران زیانیان پێنەگات نووسینگەكەم بۆ ماوەیەكی كاتی داخستووە".

حەسەن ئۆزگونەش پەرلەمانتاری هەدەپە و نوێنەری شاری شڕناخ، كە خەڵكی شارۆچكەی قلابانە، بۆ (پەیسەر پرێس) بەم شێوەیە باس لە هۆكارەكانی بردنەوەی ئاكەپە دەكات لە شڕناخ و شارۆچكەكانی"هۆكاری لە كورتیدانی دەنگەكانمان بۆ ئەو فشار و چاوسوركردنەوەیە دەگەڕێتەوە كە فاشیزمی دەسەڵاتدار پەیڕەوی دەكات لەدژی هاووڵاتیانی كورد. دەوڵەت لە دەرەوە سەرباز و پۆلیسی هێناوە، ركابەری لەم هەڵبژاردنەدا لە نێوان هەدەپە و دەوڵەت دابووە كە هەموو پارتەكانی سیستەم پشتگیریان لە دەوڵەت كردووە". 

هەروەها دەڵێت" دەوڵەت لەم هەڵبژاردنە بەدەر لە یاسا كارمەندی خۆی بەكارهێناوە، والی و ئەمنیەت، بەڕێوەبەركانی، دادوەر و داواكاری گشتی، فەرماندەكانی سوپا بەكارهێناوە. نەخشەی دەنگدەرانیان لەپێش خۆ داناوە. لە شوێنێك كە بتوانن بە دوو هەزار دەنگ بگەنە سەركەوتن، 4 هەزار سەربازیان بردۆتە ئەو شوێنە. هەدەپە لە قلابان بە جیاوازی 445 دەنگ دۆڕاندی، بەڵام دەوڵەت 2 هەزار و 300 دەنگدەری كە لە سەرباز و جەردەوان و كارمەندی دەوڵەت پێكهاتووە لە قلابان تۆمار كردووە".
 
دوای ئەوەی لیستی دەنگدەران بڵاوكرایەوە، هەبوونی دەنگدەری نایاسایی ئاشكرا بوو. لە دوای هەڵبژاردنی توركیا كە لە 24 حوەزیرانی 2018 ئەنجامدرا، ژمارەی دەنگدەری ناوەندی شڕناخ 32 هەزار و 259 دەنگدەر بوو، بەڵام ئەم ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 31 ئاداردا گەیشتە نزیكەی 40 هەزار دەنگدەر. تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا نزیكەی 8 هەزار دەنگدەر لەناوەندی شارەكەدا زیادیكردووە. زۆربەی ئەم دەنگدەرانە بە گوێرەی ناسنامەكانیان لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا هاتوونەتە شڕناخ. لەمبارەیەوە رەخنە لە هەدەپە دەگیرێت كە دركی بە پلانەكە نەكردووە و رێوشوێنی پێویستی نەگرتۆتەبەر.
 
زەكی ئیرمەز لەمبارەیەوە دەڵێت"هەموو ئەو سەربازانەی لەناوچەكەمان دەنگیان داوە لە ئزمیر، تڕابزۆن، مانیسا و هایستری بە فڕۆكە هێنراونەتە شڕناخ. بەر لە سێ مانگ چەندین جار دەزگا پەیوەندیدارەكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنمان بەسەركردەوە بۆ رێگرتن لەم دیاریدە نەخوازراوە. بەڵام هەموو تانە و بەسەركردنەوەی ئێمە رەتكرانەوە. هەندێك شوێن هەیە شوێنی نیشتەجێبوون نیە دەشتێكی بەتاڵە دەنگدەریان لەسەر ناوی ئەم شوێنە تۆماركردووە. هەندێك شوێن هەیە كە شوێنی ئاژەڵ بەخێوكردنە دەنگدەری لەسەر تۆمار كردووە. بە وێنە، ناوی شوێنەكەمان رادەستی كۆمسیۆن كرد. دواتر تانەكەمان ناردە ناوەندی هەدەپە لە ئەنقەرە، ئەوانیش كۆمسیۆنی باڵایان بەسەر كردەوە سوودی نەبوو. كەواتە پلانی سەر شڕناخ و ناوچەكانی پلانی دەوڵەت بووە. مەسەلەكە ئاكەپە و مەهەپە تێدەپەڕێنێت. لە رۆژی هەڵبژاردندا دەیان فرۆكە لە فڕۆكەخانەی شڕناخ نیشتنەوە، كە زۆربەیان سەرباز بوون و بۆ دەنگدان هاتبوون". 

لەبارەی ئەو رەخنانەی ئاراستەی پارتەكەی دەكرێت بەرپرسی هەدەپە لە شڕناخ بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە" بێگومان ئێمەش بەتەواوەتی دركمان بەو پلانە كرد، كەموكوڕی ئێمەش هەبووە. هەروەها ئەم رووداوانەی لە رابردوو لە شڕناخ روویانداوە هۆكار بوون لەم ئەنجامەدا. زیاتر لە 10 هەزار دەنگدەرمان لە ئادانە، مێرسین و ئیستانبۆڵ هەیە نەمانتوانی كۆنتاك بكەین و بیانگەڕێنینەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان". 
 
ئەوەی هەبوونی بانگەشەكانی هەدەپە و جەهەپە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بوون كە لە رۆژی هەڵبژاردن و رۆژەكانی دواتر سەبارەت بە دەنگدانی پۆلیس و سەرباز لە شڕناخ بڵاوكراونەتەوە. بەگوێرەی ئەم ڤیدیۆیانە لە رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا لە ناو شارۆچكەكانی شڕناخ و ناوەندی شاردا، بە دەیان زریپۆش و ئۆتۆمبلی سەربازی راگیرابوون. زۆربەی ئەو سەرباز و پۆلیسانەی دەنگیاندا بە فڕۆكە هێنرانە شڕناخ. لە تۆڕەكانی سۆسیال میدیادا چەندین گرتەی ڤیدیۆی بڵاوكرایەوە كە ئۆتۆمبێلە سەربازیەكان سەرباز و پۆلیسیان بۆ ناو بنەكانی دەنگدان دەگواستەوە. لەو ناوەندانەی سەرباز و پۆلیس دەنگیان لێداوە ئاكەپە 100% دەنگەكانی هێناوە. 

بەهۆی شەڕی خەندەق لە نێوان پەكەكە و سوپای توركیادا، بەر لە سێ ساڵ زۆربەی ناوەندی شڕناخ خاپوور كرا. كە رەنگە ئەمە كاردانەوەیەكی دووسەرەی لەلایەن هاوڵاتیان دروست كردبێت، یەكێك بێ لە هۆكارەكانی هەڵگەڕانەوەی دەنگدەری شڕناخی لە هەدەپە. 
محەمەد ئاڵكان توێژەر و پسپۆر لە بواری كێشەكانی كورد كە خەڵكی شڕناخە و لە شاری ئامەد توێژینەوەی ئەكادیمی و سیاسی ئەنجام دەدات، بۆ (پەیسەر پرێس) پێیوایە جیاوازی دەنگی ئاكەپە و هەدەپە كە دەگاتە %30 سوپرایزی هەڵبژاردنی شارەوانیەكان بووە، چاوەڕواننەكراو بوو. 

لەمبارەیەوە دەڵێت:" بەر لە هەڵبژاردن پێشبینی دەكرا ئاكەپە شارەوانی شڕناخ بباتەوە و دەنگی هەدەپە لە كوورتی بدات. بەڵام پێشبینی نەدەكرا جیاوازی دەنگەكان بەم شێوەیە بێت و ئاكەپە ئەوەندە زیاد بكات". 

ئاڵكان هەڵكشانی دەنگی ئاكەپە بەم چەندهۆكارە دەبەستێتەوە:"هۆكاری سەرەكی شەڕی خەندەق بوو كە بەر لە سێ ساڵ روویدا. خەڵكی شڕناخ لەگەڵ ئەوە دانەبوو خەندەق لەناوەندی شار لێبدرێت. كەس گوێی لە خەڵكی شەڕەنخ نەگرت. لە كوورتیدانی دەنگەكانی هەدەپە پەیوەندی بە كاردانەوە هەیە لەدژی شەری خەندەق. محەمەد یارقا، كاندیدی ئاكەپە لە شڕناخ خەڵكی شارەكەیە، لەناو خەڵكی شڕناخ ناسراوە، كاریگەری هەیە لەسەر خەڵكەكە. وەكو كەسێكی سەر راست و چاكەخواز ناوی دەركردووە. هەروەها خانەوادە گەورە و دەوڵەمەندەكانی شڕناخ بەر لە هەڵبژاردن پشتگیری خۆیان بۆ ئاكەپە راگەیاند بوو". 

سەرەڕای ئەم هۆكارانە، ئاڵكان پێیوایە هۆكارێكی دیكەی زۆر جدی هەیە كە بۆتە سەركەوتنی ئاكەپە لە شڕناخ" بەر لەچەند ساڵێك حكوومەت بڕیاریدا شڕناخ بكاتە شارۆچكە و جەزیر بكاتە پارێزگا. دواتر جێبەجێكردنی بڕیارەكە راگیرا. خەڵكی شڕناخ بە دەنگدان بۆ ئاكەپە، بەدەسەڵات دەڵێت (ئێمە پشتگیریت دەكەین، تۆش شارەكەمان مەگۆڕە بۆ شارۆچكە)".

محەمەد ئاڵكان بەم شێوەیە كۆتایی بە قسەكانی دێنێت" كۆچكردنی دەنگدەران دوای شەڕی خەندەق بۆ شارەكانی دیكەی توركیا كە زۆربەیان دەنگدەری هەدەپە بوون هۆكارێكە، هەروەها هێنانی دەنگدەری نوێ بە تایبەتی سەرباز و پۆلیس هۆكارن، بەڵام هۆكاری سەرەكی نین.كاتێك سەیری جیاوازی رێژەی دەنگ دەكەین لە نێوان ئاكەپە و هەدەپە، دەگەینە ئەم ئەنجامەی كە هۆكارەكانی سەرەوە لەم دوو هۆكارەی هەدەپە باسیان دەكات گرنگترن و بەكاریگەرترن".

له‌كۆتاییدا ململانێى سه‌خت و شه‌ڕه‌ تونده‌كانى ساڵانى رابردووى شرناخ به‌ دۆڕانى هه‌ده‌په‌ و سه‌ركه‌وتنى ئاكپارتى كۆتایى هات، پێده‌چێت كورد ماوه‌یه‌كى زۆرترى بوێت بۆ ئه‌وه‌ى خۆى كۆبكاته‌وه‌و هه‌وڵى وه‌رگرتنه‌وه‌ى شرناخ بدات، ئه‌وه‌ى ئاكپارتى به‌ ده‌ستیهێناوه‌ به‌ رێگایه‌كى ئاسایى نه‌بووه‌ تا به‌رێگایه‌كى ئاسایى راده‌ستى بكات بۆیه‌ش پێده‌چێت ململانێى دوورودرێژى دیكه‌ له‌به‌رده‌م ئاینده‌ى شاره‌كه‌ بێت.