ڕاپۆرتی کوردستانی

01:58 - 11/04/2019

ریكلامێكى كۆڕه‌ك له‌ زاخۆ نیگه‌رانى دروستكردووه‌‌

پەیسەر

ریكلامێكى كۆمپانیاى كۆڕه‌ك له‌ پردى ده‌لالى زاخۆ نیگه‌رانى هاوڵاتیانى لێكه‌وتووه‌و ده‌ڵێن سیماى پرده‌كه‌ى شێواندووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى شوێنه‌را و گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێن، ناڕازین له‌ ریكلامه‌كه‌ و دیمه‌نى پرده‌كه‌ى شێواندووه‌ و لە شوێنێكدا دانراوه‌ كه‌ موڵكى گشتییه‌ و گه‌شتیارێكى زۆریش دێنه‌ ئه‌وێ.

ماوه‌ى ساڵێكه‌ به‌رامبه‌ر پردى ده‌لال له‌ زاخۆ كه‌ شوێنێكى مێژوویى و گه‌شتیارییه‌، كۆمپانیاى كۆڕه‌ك تیلیكیۆم ریكلامێكى گه‌وره‌ى داناوه‌، ئه‌وانه‌ى نارازین له‌ ریكلامه‌كه‌ ده‌ڵێن دیمه‌نى سروشتى ئه‌و شوێنه‌ى شێواندووه‌، په‌یسه‌ر قسه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى زاخۆ كرد و به‌ گوته‌ى خۆیان لابردنى نوسراو و نوسراو كارى ده‌وێت، و لارییان له‌ لابردنى ریكلامه‌كه‌ نییه‌، كۆمپانیاكه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌ لارى نییه‌ له‌ لابردنى ئه‌گه‌ر به‌ نوسراو داوایان لێبكرێت.

محه‌مه‌د ئەحمەد بەڕێوەبەری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى شوێنه‌واری زاخۆ بۆ په‌یسه‌ر پرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، دانانی ئەم ریکلامە لە موڵکێکى تایبەت دایە و لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئه‌وانە، وه‌ك شوێنه‌وار ئاگادار نه‌كراون له‌ دانانى. ئه‌و به‌رپرسه‌ گوتى"ئەم ریکلامە دیمەنی پردی دەلالى زۆر ناشیرین کردووەو بۆ ئەوەی لاببرێت بە سێ نوسراوى فەرمی داواى لابردنیمان كردووه‌، بەڵام بە داخەوە ھیچ وەڵامێکمان نه‌دراوه‌ته‌وه‌".

به‌ گوته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌واری زاخۆ پێشتر كۆمپانیاى كۆڕه‌ك تیلیكۆم به‌ڵێنى پێدابوون له‌گه‌ڵ دانانى ریكلامه‌كه‌ وێنه كۆنه‌كانى زاخۆ و پردى ده‌لال هه‌ڵبواسن به‌ڵام ئه‌وه‌یان نه‌كردووه‌و ته‌نها ریكلامه‌كه‌یان داناوه‌.
 
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شتوگوزارى زاخۆش به‌هه‌مان شێوه‌ نیگه‌رانه‌ له‌ ریكلامه‌كه‌ ده‌ڵێت كار بۆ لابردنى ده‌كه‌ن چونكه‌ دیمه‌نى پرده‌كه‌ى شێواندووه‌،  بێوار سندی بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزاریی زاخۆ بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى"ئەم ریکلامە رووی پردی دەلال و گەشتوگوزاریی پردى ده‌لالى زۆر ناشیرینکردووەو ئێمە زۆر دڵگرانین، ھەرچەند پەیوەندیمان پێوەى نییە، بەڵام بێدەنگ نین، ئێمە بە نوسراوێکی فەرمی داوای ھەماھەنگی لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنه‌وارى زاخۆ و سەرۆکایەتی شارەوانی زاخۆ دەکەین بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکه‌ین ئەم ریکلامە لاببرێت".

لابردنى ریكلامه‌كه‌ له‌نێوان شاره‌وانى و شوێنه‌وار و گه‌شتوگوزار و كۆڕه‌كدا بووه‌ته‌ مه‌ته‌ڵ سه‌رۆكى شاره‌وانى زاخۆ ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر نوسراویان بۆ بكرێت ئه‌وان ئاماده‌ن ریكلامه‌كه‌ لابه‌رن، بژار مونیب سەرۆکی شارەوانی زاخۆ بۆ پەیسەرپرێس دەڵێت"په‌یوه‌ندیمان به‌م ریکلامەوه‌ نییە و لە سنوری ئێمەش دانیە، بەڵام لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی شوێنه‌واردایه‌، له‌رێگه‌ى ده‌زگاى ئێوه‌وه‌ داوا لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنه‌وار دەکەم کە نوسراوى فەرمی بە ئێمە بدەن و داوا بکەن کە ئەم ریکلامە لاببرێت، دەمودەست ئەم رێکلامە لادەبەین". 
 
به‌گوته‌ى سه‌رۆكى شاره‌وانى تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی شوێنه‌وار داواى لە ئێمە نەکردووە، بۆ ھاوکاریکردنیان بۆ لابردنی ئەم ریکلامە. په‌یسه‌ر دواى ئه‌مه‌ جارێكى دیكه‌ په‌یوه‌ندیكرده‌وه‌ به‌ شوێنه‌وارى زاخۆوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى شوێنه‌وار گوتى"ئامادەم پەیوەندی بە سەرۆکی شارەوانی بکەم و بە نوسراوێکی فەرمی داوای ھاوکاریکردنی لێ بکەم بۆ ئەوەی ئەم ریکلامە لاببرێت". 
 
هاوڵاتیانى زاخۆش به‌هه‌مان شێوه‌ نیگه‌رانن له‌ ریكلامه‌كه‌ ئەحمەد خه‌ڵه‌ف هاوڵاتى، بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئەم ریکلامە لەم شوێنە زور ناشیرینه‌ و دڵگران بووین و دەبێت ئەم رێکلامە لاببرێت چونکە پرده‌كه‌ى زور ناشیرین كردووه‌، داوا لە شوێنی پەیوەندیدار دەکەم ئەم رێکلامە لاببرێت". 

به‌ره‌كات سه‌عدوڵاش كه‌ به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌به‌ و بۆ گه‌شتیارى سه‌ردانى پردى ده‌لالى كردبوو، كاتێك پرسیارمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌ ریكلامه‌كه‌ گوتى"ریکلامێکی جوان نییە لەم شوێنە، و گونجاو نییە بۆ پرد، باشتر دەبێت گەر لاببرێت و شتێکی جوان لەم شوێنه‌ دابنێن". 

په‌یسه‌ر په‌یوه‌ندیكرد به‌ كۆمپانیاى كۆڕه‌ك تیلیكۆم به‌رپرسێكى كۆمپانیاكه‌ له‌ زاخۆ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌گه‌ر به‌ نوسراو داوایان لێبكرێت ئاماده‌ن ریكلامه‌كه‌ لابه‌رن، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ئه‌وان به‌بێ رێگه‌پێدان ریكلام دانانێن ئه‌گه‌ر ریكلامه‌كه‌ رووى پرده‌كه‌ى ناشیرین كردبێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئاماده‌ین لاى به‌رین به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ نوسراو داوامان لێبكرێت.