ڕاپۆرتی کوردستانی

06:27 - 10/04/2019

گه‌رێكى چڕوپڕى دانوستانى ته‌له‌فۆنى له‌سه‌ر ژماره‌ى جێگرى سه‌رۆك‌

پەیسەر

لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ئه‌زمونێكى كه‌مه‌وه‌ کەوت بەسەر ئه‌ركێكى ئاڵۆزدا، له‌ یه‌كه‌م كارى یاسادانانیان به‌ پڕ كێشه‌ترین بابەت ده‌ستیان به‌ ده‌ركردنى یاسا كرد، ئێستا بڕگه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ جێگره‌كانی سەرۆکی هەرێم بووه‌ته‌ ئاسته‌نگى به‌رده‌م لیژنه‌كه‌و به‌ ناچارى داواى دواخستنى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانیان كرد، ئێستا فراكسیۆنى سه‌وز پێداگره‌ له‌وه‌ى دوو جێگر له‌ پرۆژه‌ هه‌مواره‌كه‌دا جێگیر بكرێت و گۆڕانیش زیادكردنى پۆست ره‌تده‌كاته‌وه‌.

لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان راپۆرتى كۆتایى بۆ ده‌نگدان ئاماده‌نه‌كردووه‌ بۆیه‌ داواى كاتى كرد، به‌پێى مادده‌ى 90ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌مڕۆ دوا واده‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌موارى یاساكه‌ بدرێت، چونكه‌ بڕگه‌ى یه‌كه‌مى مادده‌كه‌ ده‌ڵێت، ده‌بێت ماوه‌ى نێوان ئه‌و دانیشتنه‌ى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م ده‌كرێت له‌گه‌ڵ دانیشتنى ده‌نگدان له‌سه‌ر مادده‌كه‌ له‌ حه‌وت رۆژ زیاترنەبێت، به‌ڵام لیژنه‌ى یاسایى له‌رێگه‌ى داواكارییه‌كه‌وه‌ ئه‌و ماوه‌ى تێپه‌ڕاند و بیانووى ئه‌وه‌ى هه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سێ رۆژ له‌و حه‌وت رۆژه‌ پشووه‌ بووه‌ بۆیه‌ ده‌كرێت دانیشتنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ نه‌كرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر لایه‌نه‌كان له‌ په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامدان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، پارتى روونكردنه‌وه‌ى به‌ گۆڕان داوه‌و گووتویه‌تى، ئه‌و پۆسته‌ كه‌ ده‌درێت به‌ یه‌كێتى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم نییه‌ به‌ڵكو یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى هه‌رێم و جێگرەکەی ده‌بێت، به‌ڵام گۆڕان به‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ قایل نه‌بووه‌، به‌پێى ئه‌و پێشنیارانه‌ى كه‌ له‌ دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان وه‌رگیراون زاراوه‌ى یاریده‌ده‌ر نه‌هاتووه‌، به‌ڵكو فراكسیۆنى یه‌كێتى پێشنیارى زیادكردنى جێگرێكى دیكه‌ى كردووه‌، به‌پێى بڕگه‌ى 3ى مادده‌ى 90ی پەیڕەوی ناوخۆ، له‌ دانیشتنى ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ رێگه‌ به‌ گفتوگۆ و پێشنیارى نوێ نادرێت و راسته‌وخۆ پێشناره‌كان ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كامیان زۆرینه‌ى هێنا ئه‌وه‌یان په‌سه‌ندده‌كرێت، واته‌ تا ئێستا پێشنیارى یاریده‌ده‌ر نه‌كراوه‌و به‌ جێگر رۆیشتووه‌، به‌پێى په‌یڕه‌وه‌كه‌ش رێگه‌ نادرێت پێشنارى نوێ بكرێت یاخود ده‌ستكارى بكرێت، بۆیه‌ دانوستانه‌كان ئاسته‌نگى زۆریان بۆ دروست بووه‌.

بژار خالید سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى"ته‌نها فراكسیۆنى یه‌كێتى داواى زیادكردنى جێگرى كردووه‌ بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، له‌ بنه‌مادا خۆى یه‌ك جێگرى هه‌بوو گۆڕان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه‌و جێگر زیاد نه‌كرێت، تا ئێستا زاراوه‌ى یاریده‌ده‌ر لاى ئێمه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ى پێشكه‌شكراوه‌ زیادكردنى جێگره‌، ئه‌وه‌ ده‌بێت رێككه‌وتنى سیاسى له‌سه‌ر بكرێت و وه‌ك فراكسیۆنى پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین یاساكه‌ سازانى له‌سه‌ر بكرێت و لایه‌نه‌كان رێبكه‌ون".

خاڵى ناكۆكى پرۆژه‌كه‌ ته‌نها ژماره‌ى جێگره‌كان نییه‌، بۆ شێوازى ده‌نگدان به‌سه‌رۆك كه‌ به‌ نهێنى بێت یاخود به‌ ئاشكرا پێشنیارى جیاواز هه‌یه‌ كه‌ بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ رێژه‌ى پێویستى ده‌نگ بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك به‌هه‌مان شێوه‌ پێشنیارى جیاواز بۆ ده‌نگدان ئاماده‌ كراون، هه‌ندێك ده‌ڵێن زۆرینه‌ى ره‌ها پێویسته‌و هه‌ندێك ده‌ڵێن ئه‌وه‌ به‌س نییه‌و باشتره‌ سه‌رۆك به‌ ده‌نگى دوو له‌سه‌ر سێ هه‌ڵبژێردرێت، ناوى پرۆژه‌كه‌و هۆكارى ده‌رچوونیشى هه‌ر جێگه‌ى مشتومڕه‌و پێشنیارى جیاى له‌سه‌ره‌، به‌ڵام گرێى به‌رده‌م په‌رله‌مان ژماره‌ى جێگرى سه‌رۆكه‌، كه‌ یه‌ك بێت یاخود دووان.

تا ئێستا چه‌ند كاتێك بۆ واژۆكردنى رێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتى دیاریكراوه‌، دوایین جار بڕیاربوو ئه‌مڕۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ بكرێت، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دواخرا. پارتی به‌نیازی ئه‌وه‌یه‌ سیغه‌یه‌كى نوێ بۆ رێككه‌وتنه‌كان بدۆزێته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێشتر داوای له‌ گۆڕان كردبوو رازی بێت به‌ دانانی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم و پێدانی ئه‌و پۆسته‌ به‌ یه‌كێتی به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ پارتی ئه‌مڕۆش ئیمزاكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی دواخست.

جه‌لال محه‌مه‌د بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت، ئه‌وان له‌گه‌ڵ داتاشینى پۆست نین و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێم یه‌ك جێگرى هه‌بێت، ئاماده‌شن ده‌ستبه‌ردارى پۆستى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بن، له‌ به‌رامبه‌ر پۆستێكدا كه‌ بتوانیت خزمه‌تى تێدا بكه‌یت و پۆستن داتاشین نه‌بێت، تا ئێستا پێشنیاره‌كه‌ى یه‌كێتى بۆ زیادكردنى جێگر وه‌ك بۆچوونێك دانراوه‌، به‌ڵام جێگیر نه‌بووه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ ده‌كه‌ین بزانین لایه‌نه‌كان به‌ چى ده‌گه‌ن".

تا ئێستا دیار نییه‌ دانیشتنى داهاتووى په‌رله‌مان بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى كه‌ى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كان سێ قۆڵین و گۆڕان و یه‌كێتى و پارتى پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌تن، یه‌كێتى له‌پێناوى ئه‌وه‌ى هه‌موو باڵه‌كانى پۆستیان به‌ربكه‌وێت و پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانیش بۆ گۆڕان جێنه‌هێڵێت، و ده‌ستكارى رێككه‌وتنى پارتى و گۆڕانیش بكات پێداگرى له‌سه‌ر زیادكردنى جێگرده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ردا گۆڕان پێى وایه‌ زیادكردنى پۆستى له‌وجۆره‌ پێچه‌وانه‌وه‌ى پره‌نسیپى ئه‌وانه‌و ته‌نها ئه‌و پۆسته‌ سیادییه‌یان لاده‌بێت ناكرێت پۆسته‌كه‌ به‌ش بكرێت، پارتیش ده‌یه‌وێت نه‌ شیش بسوتێت نه‌ كه‌باب لایه‌نه‌كان كۆك بن له‌سه‌ر هه‌مواره‌كه‌، رۆژانى ئاینده‌ روون ده‌بێته‌ ئه‌و گرێیانه‌ ده‌كرێته‌وە یاخود گرێیى دیكه‌ى لێدروست ده‌بێت.