ڕاپۆرتی کوردستانی

06:12 - 09/04/2019

گرانبوونى نرخ نه‌یهێشت مووچه‌خۆران تامى لابردنى پاشكه‌وت بكه‌ن‌

پەیسەر

پێناچێت مووچه‌خۆران سودمه‌ندى لابردنى پاشكه‌وتى مووچه‌ و هه‌ندێك زیادكردن بن له‌ مووچه‌كانیان، ته‌نها یه‌ك مووچه‌ بێ پاشكه‌وت دراو نرخ به‌شێوه‌یه‌كى دیار گۆڕانكارى به‌سه‌رداهات و هه‌ڵكشا، ره‌نگه‌ زیادكردنى مووچه‌ بچێته‌ چه‌ند گیرفانێكى كه‌مه‌وه‌ مووچه‌ فریاى پێویستییه‌كان نه‌كه‌وێت، هه‌ندێك هۆكارى زیادكردنى نرخ بۆ زیادبوونى باجى گومرك ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، هه‌رچۆنێك بێت له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى مووچه‌كه‌ى جاران نرخه‌ مامناوه‌ندییه‌كه‌ى پێشوو نه‌ما.

له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا نرخه‌كانى خوارده‌مه‌نى و سه‌وزه‌و میوه‌ گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا هات، كیلۆیه‌ك ته‌ماته‌و پیاز بۆ دوو هه‌زار دینار و زیاتر به‌رزبوونه‌وه‌، مریشك و خوارده‌مه‌نى نرخیان زیادبوو، جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌له‌كانى بیناسازى و ناوماڵیش نرخه‌كانیان چوونه سه‌ر، حكومه‌ت پاره‌یه‌كى ئه‌وتۆى نه‌رشتووه‌ته‌ بازاڕه‌و تا ئێستا مووچه‌یه‌ك دراوه‌ به‌ڵام هه‌ر ده‌نگوباسه‌كانی چاککردنی مووچە نرخه‌كانیان له‌ جێی خۆى نه‌هێشت.

هه‌ڵاوسان كاتێك رووده‌دات پاره‌ى زیاتر ده‌كه‌وێته‌ بازاڕه‌و بازرگانەکان کاڵایەکی زۆر هاوردە دەکەن و نرخی کاڵا هاوردەکراوەکەش لە بازاڕدا بەپێی گیرفانی خەڵک رێکدەخرێت، بەمجۆرە ئەوەی قازانج دەکات خەڵک و موچەخۆر نین، بەڵکو بازرگانەکان و ئەو وڵاتانەن کە کاڵاکانیان بە بازرگانەکانی هەرێم دەفرۆشن، ئەمەش بەو واتایە کە ئەو ئەو پارەیەکی کە بە لابردنی سیستمی پاشەکەوت دەچێتە گیرفانی خەڵکەوە، تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە گیرفانی خەڵکدا دەمێنێتەوە و دوای چەند رۆژەکە بەشێکی دەچێتە گیرفانی بارزگانەکانەوە و بەشە زۆرکەشی راستەوخۆ لە هەرێم دەچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی هیچ سودێکی بە ئابوری هەرێم گەیاندبێت.

سۆران عه‌بدولغه‌فور به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى بازرگانى سلێمانى، زیادبوونى نرخه‌كان ته‌نها بۆ لابردنى پاشكه‌وتى مووچه‌ ناگێڕێته‌وه‌، ده‌ڵێت باج زیادیكردووه‌و قه‌یرانى ئابورى ئێرانیش وایكردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ هه‌نارده‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌م بكاته‌وه‌و پێویستى ناوخۆى پڕبكاته‌وه‌، بۆیه‌ش هه‌ندێك نرخ به‌رزبوونه‌ته‌وه‌، به‌ گوته‌ى ئه‌و گۆڕانكارى نرخه‌كان هه‌موو خوارده‌مه‌نى و كاڵایه‌كى نه‌گرتووه‌ته‌وه‌و ته‌نها چه‌ند بابه‌تێكى دیاریكراوه‌.

 

سۆران عه‌بدولغه‌فور بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ئێمه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كى هاورده‌كارین، ناچارین پێویستییه‌كان هاورده‌ بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى گه‌مارۆى ئابورى ئێرانه‌وه‌ ئه‌وان پێداچوونه‌وه‌یان كردووه‌ به‌ سیاسه‌تى ئابورى خۆیان و بڕێكى زیاتر له‌ خوارده‌مه‌نى هه‌ڵده‌گرن، كه‌متر هه‌نارده‌ ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ هۆكارێكى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌، هۆكارێكى دیكه‌ش سه‌ره‌تاى به‌هار و پشووه‌كانى ئێران بوو كه‌ هاتوچۆ لاى ئه‌وانه‌ كزبوو یان هه‌رنه‌بوو، یه‌كخستنه‌وه‌ى رسوماتیش له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند بووه‌ هۆى زیادكردنى باجى گومركى و بووه‌ته‌ هۆى گۆڕینى نرخه‌كان". 

پاشكه‌وتى مووچه‌ له‌ 8ى مانگى ئازارى ئه‌مساڵ لابراو تائێستا مووچه‌ى مانگى 12ى ساڵى رابردوو دراوه‌و سێ مانگى دیكه‌ى ئه‌مساڵ نه‌دراون، له‌ناوه‌ڕاستى مانگى شوباتیشه‌وه‌ بڕیار له‌ یه‌ك خستنى پێناسى گومركى درا واته‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق یه‌ك شێوازى باجى گومركى په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵكى هه‌رێم زیان بوو به‌وپێیه‌ى باج له‌سنوور زیادكراو كاریگه‌رى له‌سه‌ر نرخى شمه‌ك و كاڵاكرد، جگه‌ له‌وه‌ش ئێران وه‌ك جاران ده‌رگاى كۆگاكانى كراوه‌ نییه‌و قه‌یرانه‌كان و گه‌مارۆى سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ وایكردووه‌ به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكات و هه‌نارده‌ كه‌مبكاته‌وه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌جارێك وایانكرد مووچه‌ خۆران تامى لابردنى پاشكه‌وت نه‌كه‌ن.

پێناسى گومركى بۆ خه‌ڵكى هه‌رێم زیانبوو بۆ خه‌ڵكى خوارووى عێراق بووه‌ خێرو به‌ره‌كه‌ت، به‌وپێیه‌ى باجه‌كانى پێشووى سنوره‌كانى عێراق به‌رزبوون، به‌م یه‌كخستنه‌ تا نزیكه‌ى سه‌دا 75 كه‌مبوونه‌ته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ باجى سنوره‌كانى هه‌رێم كه‌م بوون به‌ڵام ئیستا به‌ یه‌كخستنه‌كه‌ چه‌ند قاتێك زیادیان كرد، بۆیه‌ نرخ له‌ هه‌رێم به‌رزده‌بێته‌وه‌ له‌ عێراق نرخ داده‌به‌زێت، بۆ نموونه‌ نرخى ته‌نێك سركه‌ پێشتر باجى گومركى له‌ سنوره‌كانى حكومه‌تى فیدراڵى 150 دۆلار بووه‌، له‌ سنووره‌كانى هه‌رێم كوردستان باجه‌كه‌ى 18 دۆلار بووه‌، ئێستا به‌پێى یه‌كخستنه‌كه‌ له‌ هه‌ردوولا كراوه‌ته‌ 50 دۆلار واته‌ له‌عێراق 100 دۆلار كه‌میكردووه‌و له‌ هه‌رێم باجه‌كه‌ 32 دۆلار زیادیكردووه‌. له‌ سنوره‌كانى هه‌رێم به‌پێى یه‌كخستنه‌كه‌ باجى هه‌ر ته‌نێك خواردنه‌ سه‌ره‌كییه‌كان كه‌ هاورده‌ بكرێت تا نزیكه‌ى سه‌دا 30 زیادیكردووه‌ به‌ گشتى له‌ سه‌دا 10 بۆ سه‌دا 100 و زیاتریش باجى گومركى له‌ هه‌رێم زیادیكردووه‌، ئۆتۆمبێل سه‌دا سه‌د باجى هاورده‌كردنى زیادیكردووه‌.

مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكى یه‌كێتى هاورده‌و ناردنكارانى كوردستان ده‌ڵێت، نرخه‌كان به‌ گشتى گۆڕان و گران بوون، ئه‌و هۆكارى سه‌ره‌كى بۆ زیادكردنى باج ده‌گێڕێته‌وه‌، بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى" زۆربه‌ى كاڵاى جلوبه‌رگ و كه‌لوپه‌لى ناوماڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى پێوه‌ دیاره‌و خوارده‌مه‌نى به‌وشێوه‌ى فه‌رقى نه‌کردووه‌ هه‌ندێكى كه‌م نه‌بێت، مه‌سه‌له‌ى ته‌ماته‌و دۆشاوى ته‌ماته‌ و په‌تاتە و شه‌كر، یاخود ئه‌و برنجانه‌ى كه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌هاتن ئێستا له‌و وڵاته‌وه‌ نایه‌ن بۆیه‌ گران بوون و به‌رهه‌مى ناوخۆ به‌شى پێویستییه‌كه‌ ناكات".

په‌یڕەوكردنى سیسته‌مى بازاڕى ئازاد و نه‌بوونى چاودێرى توندوتۆڵ ده‌رفه‌تى زیاترى داوه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كان، به‌وه‌ش چاوەڕوانناكرێت ئه‌و زیاده‌ى بۆ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران گه‌ڕایه‌وه‌ بچێته‌وه‌ گیرفانى فه‌رمانبه‌ران، به‌وپێیه‌ى به‌ زیادبوونى باج پاره‌ى زیاتر ده‌چێته‌ قاسه‌ى حكومه‌ت و پاره‌ى زیاتریش له‌ خه‌ڵكى ده‌سه‌ندرێت به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌وه‌، گرانیى چێژى لابردنى پاشكه‌وتى مووچه‌ى شێواند و پێناچێت رێگا بدات مووچه‌ خۆران هه‌ندێك له‌ مووچه‌كانیان پاشكه‌وت بكه‌ن و زه‌خیره‌ بخه‌ن بە پێچەوانەوە وابکات بەو مووچەیە فریای دابینکردنی پێویستییەکان نەکەون .