ڕاپۆرتی کوردستانی

12:39 - 09/04/2019

حكومەتی هەرێم مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بانكی فه‌رمی ناكات‌

پەیسەر

كێشەیەكی بەردەم هەنگوەكانی ئەو پەرلەمانتار و لایەنە ئۆپۆزسیۆنانەی چوار ساڵی رابردوو كە بۆ شەفافییەت و زانینی داهاتی هەرێم دەیاننا، پشتكردنە بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان بووە، بەو پێییەی كابینەی رابردوو مامەڵەی لەگەڵ  بانكی كوردستاندا دەكرد و نەدەزانرا بڕی داهاتی نەوتی هەرێم چەندە؟

 
ئەوەی ئێستا چاوی لەسەر نیە و قسەی لەسەر نەكراوە مامەڵەكردنی كابینەی نۆیە لەگەڵ بانكی ناوەندی هەرێم، تا پارە و داهاتی ئەم وڵاتە بخرێتە سەر حسابێكی فەرمی، بەڵام بەپێی زانیاریەكان كابینەی نۆش بەنیازی درێژەدانە بە هەمان سیاسەت، بەڵام ئەمجارەیان مامەڵەكردنییەتی لەگەڵ  ئاڕ تی بانك، كە ئەم بانكەش ئەهلییە و حكومەت دەسەڵاتی بەسەریدا نیە.

بانكی ئەهلی كە پارەی و داهات و موچەی فەرمانبەرانی دەخرێتە سەری ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەوێت و داهاتەكەشی بۆ بەرپرسانی باڵای هەرێم دەبێت و زیانۆمەدی یەكەمیش هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە.

بانكی كوردستان
لەماوەی كابینەی هەشت و لە ناوەڕاستی 2014ەوە داهاتی نەوتی هەرێم رەوانەی ئەم بانكە كرا، لەپێش دروستبوونی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم و بەدیاریكراویش لەدوای پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەساڵی 2007 وە تا مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014 داهاتی نەوتی هەرێم دەهاتە ناو ژمارەی حسابیەكی هالك بانك لەتوركیا و لەوێشەوە رەوانەی بانكی ناوەندی هەرێم دەكرایەوە لەشاری هەولێر، بەڵام لەنیوەی دووەمی ساڵی 2014 وە هێنانەوەی داهاتی نەوت درا بە بانكی كوردستان، بەوەش بانكی كوردستان بووە جێگرەوەی بانكی ناوەندی هەرێم و تەواوی بانكە حكومیەكان.

 

بانكی كوردستان چۆن دامەزرا؟
لەمانگی ئازاری ساڵی 2005 بانكی كوردستان بە سەرمایەی 50 ملیار دینار دامەزرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەرۆكی حكومەت كردیە بەدیلی وەزارەتی دارایی و بانكە حكومیەكان، لەئەمرۆدا سەرمایەكەی یەك تریلیۆن دیناری تێپەراندووە، بەپێی دوا ئامار رەسیدی نەقدی بانكەكە یەك تریلیۆن ملیارێك دینار بووە.

قازانجی بانكی كوردستان ؟
بانكی كوردستان لەناوەراستی ساڵی 2014 وە مانگانە 35 ملیۆن دۆلار لەداهاتی نەوتی هەرێمی دەست كەوتووە، ئەوەش دوو بەشە بەشێكیان وەك كرێی هەڵگرتنی داهاتی نەوتە كە مانگانە 10 ملیۆن دۆلارە هەروەها بانكی كوردستان بە 117 هەزار دینار 100 دۆلار بۆ حكومەت دەگۆرێتەوە ئەوەش لەكاتێكدایە نرخی دۆلار بەردەوام لە نرخی بانك زیاترە، بەبڕیاری سەرۆكی حكومەت و وەزیری سامانەسروشتیەكانیش هەمان بانك داهاتی ناوخۆی هەرێم و سوتەمەنی و مامەڵەی دارایی كۆمپانیا نەوتیەكانیشی پێدراوە.

ئەوەی تائێستا نەبوەتە پلانی هیچ لایەنێك لە هەرێمی كوردستان گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتە بۆ بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان، شێركۆجەودەت ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی پارەی نەوت بگەڕێندرێتەوە بۆ بانكی حكومی و لەوێوە مامەڵەی پێوەبكرێ، و لەگەندەڵی و خراپ بەكارهێنان بیپارێزن، دەشڵێت لەپێناوی ئەو ئامانجەی ئەوەی بتوانن دەیكەن و هەموو رێكارێكی یاسای دەگرنەبەر.

لەدونیادا شتی وانیە حكومەت پارە لەبانكێك دابنێت و پارەش بداتە بانكەكە

لەسەر كاریگەرییە خراپەكانی مامەڵەكردنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بانكی ئەهلی دكتۆر محەمەد رەووف پێی وایە كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئابوری هەرێم داناوە.
دكتۆر محەمەد كە مامۆستای كۆلیژی ئابوری زانكۆی سلێمانییە بۆ پەیسەر پرێس  دەڵێ‌: لەدونیادا شتی وانیە حكومەت پارە لەبانكێك دابنێت و پارەش بداتە بانكەكە ئەوە وەك ئەوە وایە خاوەن خانویەك كرێ بداتە كرێچی چونكە لەراستیدا دەبوایە بانكەكە  پارەی سود بداتە حكومەت بەوپێیەی  پارەی نەوتی تێدایە ، نەك حكومەت پارە بداتە بانكەكە.

بەرای ئەو شارەزا ئابوریە مامەڵەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ بانكی كوردستان گەندەڵیەكی گەورەیە و ئەوەی دەبیندرێت ئەوەیە كە پارەی نەوت دەستی بەسەرداگیراوە ،دەشڵێ‌، بانكە حكومیەكان توانای ئەوەیان هەیە مامەڵە بە داهاتی نەوت بكەن  وئەگەر ئەو پارەیە لەژمارەیەك بانكی حكومی دابنرایە جموجوڵێكی بازرگانی دروست دەكرد.


بانكی كوردستان و سپیكردنەوەی پارە
دوای ئەوەی داهاتی نەوت بەتەواوەتی رەوانەی بانكی كوردستان كرا هیچ دامەزراوەیەكی هەرێم بڕی هەناردەی نەوت و داهاتەكەی و ئەو بڕە نازانێت كە دەگەڕێندرێتەوە، هەروەها رادەستكردنی داهاتی نەوت بەم بانكە بەرای شارەزایان بۆ ئەوەبوو ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمان بڕی هەناردە و داهات نەزانن، سەرباری ئەوەش نازاندرێت ئەم قەرزانەی كە حكومەتی هەرێم بانگەشە دەكات كە لەسەریەتی چۆن كراوە و لەكوێ و چۆنیش خەرجكراوە؟ بۆیە دەبێت هەنگاوی یەكەمی چاكسازی لەبڕینی دەستی بانكە ئەهلیەكان لەداهاتی نەوتەوە دەست پێ بكات.

بانكی كوردستان و عێراق
ساڵی رابردوو كاتێك حكومەتی بەغداد بڕیاریدا مانگانە 317 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكات، حكومەتی هەرێم ویستی پارەكە لەرێگەی بانكی كوردستانەوە بێت و بەشێكیشی بۆ ئەو بانكە بێت بەڵام بەغداد رەتی كردەوە و رەوانەی بانكی ناوەندی عێراق /لقی هەولێری كرد و لەوێشەوە رەوانەی گەنجینەی وەزارەتی دارایی هەرێم دەكرێت، ئەگەرچی لەساڵی 2016وە بڕیارە بانكی ناوەندی عێراق دوو لق لەشارەكانی سلێمانی و هەولێر بكاتەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس حكومەتی هەرێم ئاستەنگی بۆ دروستكردووە.
بانكی كوردستان و موچەی فەرمانبەران


ساڵی 2015 هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەرێگەی چەند بانكێكی ئەهلیەوە دابەش بكرێت كە بانكی كوردستان سەرەكیترین بانكیان بوو، و بەشێك لەپارەی فەرمانبەرانیش بۆ بانكەكە دەبوو، بەڵام دواتر ئەم هەوڵە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا.

ئەوەی ئێستا پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی داهاتێكی زۆر بۆ گیرفان و قاسەی هەرێم مامەڵەكردنە لەگەڵ بانكی ناوەندی هەرێم نەك مامەڵەكردنی حكومەت لەگەڵ بانكی ئەهلی بەڵام وا دیارە كابینەی نوێش هیچ پلانێكی بۆ ئەمە نیە، بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس لەمانگی شوباتی ئەم ساڵەوە هێنانەوەی پارەی نەوتی هەرێم لەبانكی كوردستانەوە سەندراوەتەوە و دراوەتە ئارتی بانك كە هەمان ئەو دۆخ و زیانەی رابردوو كەلەسەر كابینەی پێشوو بوو لەكابینەی دهاتووش بەم پێیە بێت بەردەوام دەبێت.