ڕاپۆرتی کوردستانی

07:11 - 08/04/2019

بۆمبى كۆنگره‌ له‌ حه‌وشه‌ى حزبه‌كانه‌‌

پەیسەر

حزبه‌كان به‌ تێكڕا له‌ سه‌روه‌ختى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ن، بۆ هه‌ندێكیان كات به‌سه‌ر چووه‌و دۆخه‌كه‌ گرێده‌ده‌ن، هه‌ندێكیشیان چاویان له‌ كۆنگره‌یه‌ ده‌ستبداته‌ پشتیان و هه‌ڵیانبسێنێته‌وه‌، گرێوگۆڵه‌كانى دواكه‌وتنى حكومه‌ت و هاتنى مانگى ره‌مه‌زان، بیانووى لایه‌نه‌كانه‌ بۆ زوو به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌چوونى كۆنگره‌، پێده‌چێت دواى كه‌وتنه‌ سه‌رپێى كابینه‌ى نوێ، حزبه‌كان به‌ناوخۆى خۆیانه‌وه‌ خه‌ریك بن و كۆنگره‌كان شانه‌و باڵ و ته‌كه‌توله‌كان گه‌رمبكاته‌وه‌.

كۆنگره‌ له‌نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى باشورى كوردستان هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه‌ و حزبه‌كان به‌ دڵ ساردى و بڕووبیانووى زۆره‌وه‌ به‌ره‌و پیرى ئه‌چن، ئه‌وه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆرجار کۆنگره‌ دڵنیایى بۆ به‌رپرسه‌كان تێدا نییه‌ كه‌ به‌تاجه‌وه‌ لێیى دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ یاخود له‌ پله‌و پۆست دادەماڵرێن و كۆنگره‌ رووتیان ده‌كاته‌وه‌، له‌ناو ئه‌و حزبانه‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان تێیدا گه‌وره‌تر و حزب خاوه‌نى كۆمپانیا و پاڵاوگه‌و بازرگانى و فرۆشى نه‌وته‌ كۆنگره‌ سه‌رئێشه‌ى زۆرتره‌و مۆته‌كه‌ى به‌رپرسه‌ خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌، ئه‌گه‌رچى له‌ناو حزبه‌ ریفۆرمخوازه‌كان ئه‌وه‌نده‌ ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ى نییه‌ به‌ڵام هێشتاش بێ له‌مپه‌ر نییه‌و مشتومڕى كه‌مى له‌سه‌ر نییه‌.

یه‌كگرتوو كۆنگره‌ى هه‌ستانه‌وه‌ى ده‌وێت

یه‌كگرتووى ئیسلامى له‌ دوو هه‌ڵبژاردنى دوایى به‌ دڵشكانى زۆره‌وه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌رزوو هه‌ندێك جوڵه‌ى كرد له‌نێو رێكخستنه‌كانى به‌ ئاڕاسته‌ى گۆڕانكارى و گێڕانه‌وه‌ى سه‌نگ و هێزى جارانى، حزبه‌كه‌ چاوى له‌وه‌یه‌ له‌ رێگه‌ى ته‌ته‌ڵه‌كردنى ناوخۆییه‌وه‌ هه‌ندێك له‌وه‌ى له‌ ده‌ستى چووه‌ بهێنێته‌وه‌، بۆیه‌ش دوایین بڕیارى سه‌ركردایه‌تى ئه‌وه‌ بوو كه‌ كۆنگره‌ پێش بخرێت، ئه‌مه‌ بڕیارێكى جیاوازه‌ به‌ سروشتى كاركردنى حزبه‌كانى دیكه‌ به‌وپێیه‌ى زۆرینه‌یان ویلایه‌تى چه‌ند ساڵه‌ى خۆیان درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌، یه‌كگرتوو ئه‌مجاره‌ كورتى كردووه‌ به‌هیواى ئه‌وه‌ى كۆنگره‌ وزه‌و هێزى پێبدات تا له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوو پێى هه‌ستێته‌وه‌، بڕیاربوو 20ى5ى2020 یه‌كگرتوو كۆنگره‌ ببه‌ستێت، به‌ڵام پێشخراو كۆتایى ئه‌مساڵ ده‌كرێت.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى پیاوى یه‌كه‌مى كۆنگره‌ى حه‌وت بوو كه‌ زۆرترین ده‌نگى هێناو به‌ده‌نگ پێش ئه‌مینداریش كه‌وت، ده‌ڵێت كۆنگره‌ى داهاتوو پێشخراوه‌ له‌پێناوى ئه‌وه‌ى گۆڕانكارى گه‌وره‌ بكات. هه‌ڵه‌دنى بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى"ئاماده‌كارییه‌كان له‌دواى جه‌ژنى ره‌مه‌زانه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، یه‌كگرتوو دواى ئه‌وه‌ى نیوه‌ى كورسییه‌كان و سه‌دا 65ى ده‌نگه‌كانى كه‌میكرد حه‌تمه‌ن پێداچوونه‌وه‌یه‌كى ورد ده‌كات، ئه‌گه‌ر گۆڕانكارى روونه‌دات و یه‌كگرتوو وه‌ك خۆى بمێنێته‌وه‌ به‌م میكانیزمه‌ى ئێستاوه‌ خۆرى یه‌كگرتوو به‌ره‌و ئاوابوون ده‌ڕوات، به‌ڵام له‌ناو یه‌كگرتوو وزه‌و توانا زۆرن و ئیراده‌ى به‌ره‌وپێشچوون زۆره‌ بۆیه‌ ئومێدمان زۆره‌ كه‌ كۆنگره‌ى ئه‌مجاره‌ كۆنگره‌یه‌كى نه‌وعى بێت".

كۆمه‌ڵ سه‌رئێشه‌ى كه‌م نین

كۆمه‌ڵیش ویلایه‌تى سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى له‌ ره‌مه‌زاندا كۆتایى دێت، به‌ڵام ده‌نگى نییه‌ له‌و ماوه‌دا ئه‌نجامى بدات، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس ئه‌و حزبه‌ نێتى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ پایزى ئه‌مساڵ ده‌ست بۆ كۆنگره‌ به‌رێت و وازوو دواى پێكهێنانى حكومه‌ت ئه‌نجامى نه‌دات، له‌ناو كۆمه‌ڵ ئاسته‌نگى گه‌وره‌ نییه‌ بۆ كۆنگره‌ به‌ڵام سه‌رئێشه‌ى هه‌یه‌، ناڕه‌زایى به‌شێك له‌ كادیران و مقۆمقۆى كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌میر گه‌رمه‌، كه‌ پێده‌چێت بۆ ئه‌م كۆنگره‌ش مۆرى ئه‌میرى هه‌ر بدرێته‌وه‌ ده‌ستى عه‌لى باپیر، تا ئێستا هیچ كام له‌ برایان نێتى ئه‌وه‌یان پێوه‌ دیار نییه‌ حه‌ز به‌ ركابه‌رى باپیر بكه‌ن.

كۆمه‌ڵ له‌ دوایین دوو هه‌ڵبژاردن له‌ په‌رله‌مانى عێراق كورسییه‌كى له‌ده‌ستدا و له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كورسییه‌كى زیادكرد، به‌راورد به‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى دیکە خراپ نه‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام مشتومڕى چوونه‌ ده‌سه‌ڵات یاخود بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن هه‌ڵوێستى حزبه‌كه‌ى دووچارى جۆرێك له‌ ئیحراجى كردووه‌، پێده‌چێت ئه‌م بابه‌ته‌ توڕه‌یى بۆ ناو كۆنگره‌ش بگوازێته‌وه‌، گرفتێكى دیكه‌ ناڕازییه‌كانى هه‌ولێر بوو، كه‌ له‌بڕیاره‌كانى كارگێڕى حزبه‌كه‌ و مه‌كته‌بى بانگه‌واز یاخى بووبوون و داواى گۆڕانكارییان ده‌كرد، ئه‌م گرفته‌ش ره‌نگه‌ بۆ كۆنگره‌ له‌هێڵه‌ك نه‌درێت و بچێته‌ هۆڵى كۆنگره‌، گرفتى دیكه‌ش له‌نێوان سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى هه‌ولێر و ئه‌وانه‌ى سلێمانیدا بوونى هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ پرته‌و بۆڵه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ ده‌خه‌نه‌ نێو كۆنگره‌، ره‌نگه‌ دواجار له‌ ده‌رگاى ئه‌میردا ئه‌و گرفتانه‌ به‌لایه‌كدا بخرێن.

گۆڕان چاوى لە كۆنفرانسه‌

بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌ردوو په‌رله‌مانى عێراق و كوردستان، دووچارى دۆخێكى قورس بوو نیوه‌ى ده‌نگه‌كانى پێشووى هێنایه‌وه‌ كه‌وته‌ ژێر فشارو نیگه‌رانى زۆرى هه‌ڵسوڕاوه‌كانى له‌نێوانى هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نه‌یپه‌رژایه‌ سه‌ر كۆنفرانس، ئێستا ده‌یه‌وێت دواى خسته‌ سه‌رپێى حكومه‌تى نوێ كۆنفرانس ببه‌ستێت و به‌چه‌ند هه‌نگاوێك گۆڕانكارى ناوخۆیى ده‌ستپێبكات، بۆ گۆڕان كۆنفرانس و هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كان چاره‌نوسسازن، به‌وپێیه‌ى ده‌بێت كۆنفرانسه‌كه‌ له‌ ئاستى خواست و چاوه‌ڕوانییه‌كانى هه‌ڵسوڕاوه‌ ناڕازییه‌كانى بێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێت ئه‌نجامه‌كانى به‌ جۆرێك بن ئاهێك به‌به‌ر خه‌مى شكسته‌كانى هه‌ڵبژاردندا بهێنێته‌وه‌، مانگى ته‌موز ئه‌م خوله‌ى ئێستاى خانه‌ى راپه‌ڕاندن شه‌رعیه‌تیان ته‌واوده‌بێت.

 كوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، دواى پێكهێنانى حكومه‌ت بڕیاره‌ كۆنفرانسى ناوخۆیى گۆڕان ببه‌سترێت و دواى ئه‌وه‌ش به‌ چه‌ند قۆناغێك هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌ندامانى جڤات و خانه‌ راپه‌ڕاندن و رێكخه‌ریش بكرێت"دواى پێكهێنانى حكومه‌ت كۆنفرانسى نیشتیمانى ده‌كرێت، گفتوگۆى ده‌ستوور و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ژووره‌كان و رێكخستنه‌كان ده‌كرێت، دواى كۆنفرانسه‌كه‌ش بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆى له‌ بازنه‌و مه‌كۆكان بكرێت، ره‌نگه‌ دواتریش تا مانگى حه‌وت جڤاتى نیشتیمانى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن دیاریبكرێت".

یه‌كێتى پڕ كێشه‌ترین كۆنگره‌ى له‌ پێشه‌

یه‌كێتى كۆنگره‌ى چوارى لێبۆته‌ به‌ڵا و هه‌رچى ده‌كات پێى یه‌كلایى ناكرێته‌وه‌، ئه‌وحزبە له‌ ته‌مه‌نى خۆیدا سێ كۆنگره‌ى به‌ستووه‌ له‌ مانگى 1ى 1991 یه‌كه‌م كۆنگره‌ى ده‌ستپێكردوو، ناوه‌راستى 2010 به‌ ئاماده‌بوونى مام جه‌لال دوایین كۆنگره‌ى كرد، 2013 له‌ برى كۆنگره‌ پلنیۆمێكى یه‌ك كاتژمێرى به‌ست، پلنیۆم بڕیاریدا 31ى1ى2014 كۆنگره‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام دواى ئه‌و به‌رواره‌ چه‌ندین واده‌ى دیكه‌ بۆ كۆنگره‌ دیاریكران له‌ هیچ كامیان كۆنگره‌ نه‌كرا، ئێستا كۆنگره‌ى چوار بووه‌ته‌ گرێیه‌كى گه‌وره‌ بۆ ئه‌و حزبه‌.

یه‌كێتى به‌سه‌ر باڵ و جه‌مسه‌رى جیاوازدا دابه‌شبووه‌ ركابه‌رى قورس له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ى تاڵه‌بانى و پۆست و پێگه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى حزبه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و باڵانه‌، ململانێى پۆسته‌كان له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا هاوشێوه‌ى حزبه‌كانى دیكه‌ نییه‌ به‌وپێیه‌ى جه‌مسه‌ره‌ جیاوازه‌كان خاوه‌نى هێزى چه‌كدار و كۆمپانیاى بازرگانى خۆیانن، له‌رابردوو كاتێك له‌ راگه‌یاندنى ناوه‌ندى بڕیارى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح كێشه‌كان قڵیشانه‌وه‌ هه‌ردوولا هێزیان پیشانى یه‌كدیدا و قسه‌ى توندیان به‌رامبه‌ر یه‌كدى كرد بۆیه‌ كۆنگره‌ هه‌ستیارى زۆر زیاترى هه‌یه‌ له‌ناو یه‌كێتى دیار نییه‌ مه‌ته‌ڵى كۆنگره‌ كه‌ى هه‌ڵدێت، هه‌رچه‌ند به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كانى ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێن ئه‌مساڵ ساڵى كۆنگره‌یه‌، به‌ڵام كۆنگره‌ى یه‌كێتى پێویستى به‌ رێككه‌وتنى پێشوه‌خته‌ كه‌ تا ئێستا له‌ ئارادا نییه‌ و بێ سازانى پێشوه‌خت كۆنگره‌ى یه‌كێتى وه‌ك بۆمبێكى ته‌وقیتكراوه‌.

نه‌رمین عوسمان ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتى، ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌كانى ئاماده‌كارى كۆنگره‌ كه‌ پێشتر پێك هاتبوون كاره‌كانى خۆیان ته‌واوكردووه‌و راپۆرتى خۆیان ده‌مێكه‌ پێشكه‌شكردووه‌، به‌ڵام به‌گوته‌ى ئه‌و، واده‌ى كۆنگره‌ نادیاره‌و دیار نییه‌ كه‌ى ده‌كرێت"من ره‌ئم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ زووترین كات كۆنگره‌ بكرێت، زه‌رووره‌تى تازەبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى و واقعى كۆنگره‌ واده‌كات كۆنگره‌ بكرێت، من له‌گه‌ڵ كۆنگره‌م و پێم باشه‌ بكرێن، وه‌ك لیژنه‌كان ئیشى خۆمان حه‌و زه‌مانه‌ ته‌واو كردووه‌ ته‌قاریرى خۆمان نوسیوه‌و مه‌كته‌به‌كان پێشنیارى خۆیان پێشكه‌شكردووه‌ لیژنه‌كان راپۆرتى خۆمان داوه‌، به‌ڵام جارێ وه‌ستاوه‌".

پارتى ده‌نگى نییه‌

ناوخۆى پارتى له‌هه‌ر حزبێكى دیكه‌ جیاوازه‌و بوونى بارزانى بایه‌خى كۆنگره‌ى كاڵكردووه‌ته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ئیراده‌ى كۆنگره‌ له‌سه‌رووى ئیراده‌ى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتییه‌وه‌ نابێت و دواجار رۆڵى ئه‌و له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا ململانێكانى كردووه‌ به‌ژێره‌وه‌، هه‌رچه‌ند ئێستا ئه‌و حزبه‌ به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌رى مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى دابه‌شبووه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان نوێنه‌رایه‌تى گرووپێكى حزبه‌كه‌ ده‌كه‌ن و روئیاو به‌رنامه‌ى جیاوازیان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ردوولا لارییان نییه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانى چه‌تربێت بۆ حزبه‌كه‌، بۆیه‌ تا بارزانى بوونى هه‌بێت كۆنگره‌ بۆ پارتى كێشه‌ى زۆرى نابێت و بڕیار و قسه‌ى كۆتایى لاى ئه‌وه‌و هه‌ر خۆشى ئاراسته‌كانى كۆنگره‌ دیاریده‌كات.

پارتی لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ه‌وه‌ تا ئێستا ١٣ كۆنگره‌ى به‌ستووه‌و دوایین كۆنگره‌ى ساڵى ٢٠١٠ بوو به‌شى كۆنگره‌ى ١٤ش كات تێپه‌ڕیوه‌ به‌ڵام چنار سه‌عد ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى ده‌ڵێت، له‌ناو سه‌ركردایه‌تى باسوخواستى كۆنگره‌ له‌ ئارادا نییه‌، ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى به‌ ئه‌نادۆڵى گوتووه‌"ھێشتا لە سەرکردایەتی  باسی ئەم پرسە نەکراوە و تەنھا لەسەر ئاستێکی سنووردار و لەنێو کادیران رەنگە قسە و باسی لێوەبکرێت، بەڵام لەنێو سەرکردایەتی پارتی ئەو باسە نەکراوە، بەلای منەوە باشترین کات بۆ بەستنی کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داھاتووە ئەگەر ھیچ دۆخێکی نەخوازراو نەیەتە پێشەوە".

پێده‌چێت ئه‌مساڵ زۆرینه‌ى حزبه‌كان یاخود كۆنگره‌ بكه‌ن یاخود بكه‌ونه‌ سه‌ر سكه‌ى چوون به‌ره‌و كۆنگره‌، به‌وه‌ش سه‌رنجى ئه‌وان روو له‌ناوخۆ ده‌بێت ئه‌مساڵ بۆ حزبه‌كان ساڵى تیژبوونه‌وه‌ى ته‌كه‌تولو ده‌سته‌و به‌ره‌كان ده‌بێت، بۆ حزبه‌ چه‌كدارو پاره‌داره‌کان كۆنگره‌ گرفتدارتره‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان هى ئه‌وه‌ن كه‌ به‌رپرسه‌ حزبییه‌كان شه‌ڕى گه‌وره‌ى له‌پێناو بكه‌ن، ئه‌و كۆنگرانه‌ سیماى قۆناغى نوێى سیاسى بۆ چه‌ند ساڵى داهاتوو دیاریده‌كه‌ن، ئایا كۆنگره‌كان شوێنى سازان و نوێبوونه‌وه‌و كۆده‌نگى و گۆڕانكارى ده‌بن یاخود گۆڕه‌پانى زۆرانبازى و ته‌قینه‌وه‌ى بۆمبى كێشه‌كان و ترازان؟