03:23 - 08/04/2019
ئه‌و پیاوه‌ى شێخ مه‌حمودى خسته به‌رداشى تورك و ئینگلیزه‌وه
سه‌ره‌تاى بیسته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو ئۆزده‌میر ناوێك، له ئه‌نقه‌ره‌وه به فه‌رمانى ئه‌تاتورك هاته رهواندوزو له‌وێوه‌و جوڵه‌ى زۆرى خسته ویلایه‌تى موسڵه‌وه، ئه‌و به سیاسه‌ته نهرمبڕهكهى شێخ مه‌حمودى خسته به‌رداشى تورك و ئینگلیز تا ئه‌و به‌رداشه حكومه‌ته‌كه‌ى سلێمانى هاڕى، ئۆزده‌میر له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا خه‌ڵكێكى زۆرى كورد له دهروپشتى كۆده‌كاته‌وه پێگه‌ى ئینگلیز له‌ق ده‌كات.
شوباتی 1922 مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، (عه‌لی شه‌فیق ئۆزده‌میر)ی ناردووه بۆ ره‌واندز، به مه‌به‌ستی نانه‌وه‌ی ئاژاوه و پشێوی و گوشار خستنه سه‌ر ئینگلیزه‌كان بۆ رازی بوون به گه‌ڕانه‌وه‌ی ویلایه‌تی موسڵ بۆ سه‌ر توركیا. ئۆزده‌میر توانیبووی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی سه‌رۆك هۆزه كورده‌كاندا دروست بكا.
ئه‌و ئۆزدهمیرهی كه به وریایی و زرنگ خۆی به‌بێ پول و پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆ و به چه‌ند سه‌ربازێكی توركه‌وه زۆربه‌ی سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كانی كوردی كردبوو به ئه‌موستیله‌ی ده‌سی. . ژیانی باشی بۆ ئه‌وانه‌ش جێ به‌جێ ئه‌كرد كه له‌ده‌ست ئینگلیز هه‌ڵئه‌هاتن و ئه‌چوونه لای.
له‌كاتی هاتنی ئۆزده‌میر بۆ ره‌واندز، كێشه‌ی موسڵ له‌ئارا دابوو له‌نێوان ( ده‌وڵه‌تی توركیا و به‌ریتانیا). ئینگلیزه‌كان ناوشاری سلێمانی یان به‌ده‌سه‌وه بو، "مێجه‌رسۆن" حاكمی سیاسی بوو. ویلایه‌تی موسڵ له‌سه‌رده‌می عوسمانیه‌كان پێكهاتبو له ( كه‌ركوك، سلێمانی ، هه‌ولێر، دهۆك، ناوه‌ندی شاری موسڵ).
تاقمی مسته‌فا كه‌مال به‌سه‌رزاری دانی به ئۆزده‌میر نه‌ناوه، و له چاوی میریدا وه‌ك چه‌ته‌یه‌كی یاخی و سه‌ربه‌خۆ دراوه‌ته قه‌ڵه‌م، به‌ڵام به‌هۆی لایه‌نگری به‌بێ په‌روا له‌و ناوه‌دا حوكمی ده‌كرد و له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا بوو به ئه‌میری ناوچه‌ی ڕه‌واندز و عه‌شایری ده‌وروپشت و گه‌لێك له عه‌شیره‌ته‌كانی كرد به لایه‌نگری خۆی و توركه كه‌مالیه‌كان و نفوزێكی گه‌وره‌ی له‌و ناوه‌دا په‌یداكرد. قه‌زاكانی ڕه‌واندز، كۆیه، ڕانیه و به هۆی عه‌باسی مه‌حمود ئاغا و به‌شی زۆری پشده‌ر به فه‌رمانى ئۆزده‌میر ئه‌چوو به‌ڕێوه.
له‌دوای كوژرانی كهپتهن بۆندی حاكمی سیاسی چه‌مچه‌ماڵ، كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی سه‌رۆك عه‌شیره‌تی هه‌مه‌وه‌ندیش كه به‌ینێك بوو له ئینگلیزه‌كان یاخی بووبوو ته‌نگی به هێزه‌كانیان هه‌ڵچنیبوو چوه لای ئۆزده‌میر، ئه‌مه به جارێك بوو به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی ده‌سه‌ڵاتی ئۆزده‌میر و زیادبوونی ئاژاوه له كوردستان.
ئۆزده‌میر كێ یه؟
عه‌لی شه‌فیق (1885-1951) كه به ئوزده‌میر ناسراوه، به ره‌چه‌ڵه‌ك چه‌ركه‌س و خه‌ڵكی قه‌وقاز بووه. ده‌رچووی به‌شی ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی زانكۆی ئه‌زهه‌ر بووه، له‌سه‌رده‌می خدێوی ئیسماعیل پاشا چووه‌ته ڕیزی سوپا و دواتر بووه‌ته فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانه‌كان. له‌كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی هێزێكی تایبه‌تی چه‌ركه‌س، بۆ لێدانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزه‌كان له قوبرس و فه‌ڵه‌ستین. دوای داگیركردنی ئه‌سته‌نبوڵ له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌كانه‌وه، ساڵى 1920 په‌یوه‌ندی كردووه به مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتوركه‌وه، له‌شوباتی 1922 له‌لایه‌ن ئه‌تاتوركه‌وه بۆ تێكدانی دۆخی كوردستان و دژایه‌تی ئینگلیزه‌كان ره‌وانه‌ی كوردستان كراوه. له‌و كاته‌ی له كوردستان بوه، یه‌كێ له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی گرتن یان كوشتنی ( مسته‌فا پاشا یامولكی ) بووه.
ئوزده‌میر زمانه‌كانی عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و فه‌ره‌نسی، كوردی و توركی زانیوه، له ساڵى 1951 كۆچی دوایی كردووه، له‌سه‌ر وه‌سێتی خۆی له‌گۆڕستانی گه‌وره‌ی غازی عه‌نتاب به ڕێورهسمێكى سه‌ربازیدا به‌خاك سپێردرا. 2012 له‌سه‌ر داوای ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا، پاركێك كرا بهناوییهوهو په‌یكه‌رێكی گه‌وره‌شی بۆ دروستكراوه.
زمانی كوردی زانیوه
ره‌فیق حیلمی له كتێبی (یاداشت )دا نوسیویه‌تی، عه‌لی شه‌فیق یا ئوزده‌میر به‌ڕاستی زیره‌ك و خوێنده‌وارێكی وریا بوو. سروشتی كورده‌كانی ئه‌زانی و له ده‌ستوری عه‌شایه‌ریدا ئاگاداری هه‌بوو. كابرایه‌كی باڵا نزیك به كه‌ڵه‌گه‌ت و جوان و به شه‌وكه‌ت بوو. به به‌رگی عه‌سكه‌ریه‌وه به وێنه‌یه‌كی ئه‌فسه‌رێكی تورك و به دوان و گفتوگۆی ئهدیبانهیا به چه‌شنی خوێنده‌واره به‌رزه‌كان ئه‌هاته به‌رچاو.
حیلمی له‌یاداشته‌كانی نوسیویه‌تی"له‌ژێر ریشهكهیهوه ئه‌مڕوانییه بریسكه‌ی چاوی وردی. شكم نه‌ئه‌ما كه نوێنه‌رێكی زۆر به‌هونه‌ره. له‌به‌زه‌یی هاتنه‌وه‌ی به كه‌ساس و هه‌ژار. له چاكه له پیاوه‌تی ئه‌دوا و رابردووی توركی له‌م وڵاته به‌م بیروباوه‌ڕه چاكانه له بیر خه‌لق ئه‌برده‌وه و له ئینگلیزی ههڵئهگهڕاندهوه. ئۆزده‌میر به چه‌شنی میرێكی كورد دیوه‌خان و میوانخانه‌ی كردبووه‌وه و سفره و خوانێكی باشی راخستبوو. ره‌ئیس عه‌شیره‌ته‌كان، پیاوماقوڵان هاتوچۆكه‌رانی ناسراو له‌سه‌ر سفره‌كه‌ی نان و چا و قاوه‌یان ئه‌خوارد و ئه‌خوارده‌وه".
له سیاسه‌تی هه‌ڵسوڕاندنی كاروباری عه‌شایردا، ئۆزده‌میر له حاكمه‌كانی سیاسی ئینگلیز باشتر سهركهوتوبووه، زووتر له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان تێكه‌ڵ بووه‌و له ده‌ورى خۆى كۆى كردوونه‌ته‌وه، ئه‌وانیش له قسه‌ى ده‌رنه‌چوون.
لایه‌نگره‌كانی كێ بوون؟
گه‌لێ له‌وانه‌ی چاره‌ی ئینگلیزیان نه‌ئه‌ویست ، ئه‌و كوردانه‌ی كه ( مێجه‌ر سۆن ) ڕقی لێیان ئه‌بۆوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه توركیان خۆش ئه‌ویست، چونه لای ئۆزده‌میر و له‌وێ حه‌سانه‌وه. ڕه‌واندزیان كردبوو به په‌نا و به هێلانه‌ی هیوا له‌مانه هه‌ندێكیشیان به ته‌واوی بون به خزمه‌تكاری ئۆزده‌میرو بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌به‌ستی توركه‌كان كه‌وتنه هاتوچۆ.
به‌رنامه‌ی كرده‌وه بۆ كۆمه‌ڵه‌كانی نهێنی(توركخوازهكان) له‌لایه‌ن پاشاوه له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م په‌نا بردوانهدا ئه‌گه‌یشته شاره‌كان و بڵاوئهكرایهوه. ئه‌م رێنماییه به توركی له چاپدراوانهی ئۆزده‌میر به لای تورك دۆسته‌كانه‌وه له‌گه‌ڵ ئایه‌ت و حه‌دیسدا جیاوازى نه‌بوو. دهنگوباسی ناوشاری سلێمانی هه‌ر به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ڕایه‌وه ڕه‌واندز و ئه‌گه‌یشته‌وه به پاشا. ده‌سه‌ڵاتی ئۆزده‌میر له‌ناو عه‌شیره‌ته‌كانی كورددا ته‌واو په‌ره‌ی سه‌ندبوو.
ئۆزده‌میر كه‌سێكی به‌توانا بووه له دیبلۆماسیه‌ت و شاره‌زای مێژوو و دابونه‌ریتی كورد بووه، به‌زیره‌كی و لێزانی خۆی توانی زۆر له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان له‌ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه. هه‌ركه‌سێك دژایه‌تی ئینگلیزه‌كانی بكردایه ده‌چووه لای ئۆزده‌میر، وه‌ك (سه‌ید محه‌مه‌دی جه‌باری) و ( كه‌ریم به‌گی فه‌تاح به‌گی هه‌مه‌وه‌ند). زۆر له سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان له رقى ئینگلیز بووبوون به دۆستی تورك.
لایه‌نگرانی تورك پروپاگه‌نده‌یان بڵاوده‌كرده‌وه، هه‌ندێكیان له‌نێوان سلێمانی و ره‌واندز ڕێگه‌ی هاتوچۆیان گرتبوه به‌ر، ره‌فیق حیلمی له‌یاداشته‌كانی ده‌ڵێت"هونه‌ری ئوزده‌میر له‌وه‌دابوو كه ئه‌و یارمه‌تییه كه‌مه‌ی له لایه‌ن مسته‌فا كه‌ماله‌وه بۆی ئه‌هات جۆره ئیداره‌یه‌كی وای هێنابووه ناو. كه چوار ئه‌وه‌نده‌ی تریشی له‌ناوچه‌ی حوكمی خۆ‌یا پێكه‌وه ئه‌نا. ژیانی باشی بۆ ئه‌وانه‌ش جێبهجێئهكرد كه له‌ده‌ست ئینگلیز هه‌ڵئه‌هاتن و ئه‌چوونه لای. له‌سه‌ر ئه‌مه‌شه‌وه، خه‌ڵات و به‌راتی لێ ئه‌دا به‌م و به‌و و هاتۆچۆكهرهكانی. به‌كورتی له ئیدارهكهیا كه بۆ ئه‌و رۆژه بهكارئههات. وێنه‌ی نه‌بوو".
ئۆزه‌ده‌میر و شێخ مه‌حمود
ئۆزده‌میر پاشا نامه‌یه‌كی بۆ حه‌مدی به‌گی بابان ناردوه‌و بۆی نوسیوه"ویلایه‌تی موسڵ به ئه‌نجام هه‌ر ئه‌درێته‌وه به تورك و یا به‌زۆری چه‌ك ئه‌سێنرێته‌وه له‌به‌رئه‌مه ئینگلیزه‌كان خه‌ریكی ئه‌وه‌ن كه كورده‌كان بده‌ن به ده‌م ئاگره‌وه". ئۆزده‌میر توانیبووی قه‌ناعه‌ت به شێخ مه‌حمود بێنێ واز له دۆستایه‌تی ئینگلیز بهێنێت و به‌ناوی جیهاد و موسوڵمانێتی بیخاته به‌ره‌ی توركه‌كان.
له‌دوای كشانه‌وه‌ی شێخ مه‌حمود بۆ ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی، ئه‌شكه‌وتی جاسه‌نه‌ی كرده باره‌گای سه‌ره‌كی خۆی و به‌و چاپخانه‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵ خۆیدا بردبووی، ده‌ستیكرد به ده‌ركردنی رۆژنامه‌ی (بانگی حه‌ق). په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا به‌هێزتر كرد و خودی ئوزدهمیریشی بانگ كرد بۆ لای خۆی. ئینگیزهكان به‌م كارانه‌ی شێخ مه‌حمود زۆر بێزار و تووڕه‌بوون و به چڕی ده‌ستیان به بۆمبارانكردنی باره‌گاكانی شێخ و ئه‌و گوند و ناوچانه‌ی كه تێیدا هاتوچۆی كردووه.
شێخ مه‌حمود له‌نێو به‌رداشی ململانێی تورك و ئینگ/لیزهكان
شێخ مه‌حمود له دانیشتنێكدا به ئاماده‌بونی (سمكۆی شكاك) بۆ ره‌فیق حیلمی قسه‌یكردووه‌و گوتوویه‌تى"ئینگلیزه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌م لێ داوا ئه‌كه‌ن كه توركه‌كان له سنوری عێراق بكه‌مه ده‌ره‌وه. خۆیشت ئه‌یزانی توركه‌كان ئیمڕۆ چۆن له‌ناو عهشایهرا ڕه‌گیان داكوتاوه و زۆر كه‌سیان به‌خۆیانه‌وه نوساندوه، له‌به‌رئه‌مه شكی تیانیه كه به ئاسانی تورك له‌م ناوه ده‌رناكرێت به‌ڵكو ئه‌م كاره پێویستی به هێزێكی گه‌وره، به پاره، به پڕوپاگه‌نده‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانین هه‌ندێ له ڕه‌ئیس عه‌شیره‌ته‌كان له توركه‌كان بپچڕینهوه، ئه‌بێ به هێز و پاره قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین.. تورك هاتونه‌ته ناو جه‌رگمان له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی عه‌شایر ڕێكه‌وتون، ئینگلیزه‌كان له‌دوره‌وه ته‌نیا خه‌ریكی هاندانی ئێمه‌ن، من ئه‌ترسم ئه‌گه‌ر بێت‌و بچم به‌گژ توركه‌كاندا ڕسوابونم بۆ بمێنێته‌وه و كه‌س ده‌سم نه‌گرێت و یارمه‌تیم نه‌دا، چونكه وادیاره ئینگلیزه‌كان خۆیان نیازی ئه‌وه‌یان نیه كه تورك له ڕه‌واندز ده‌رپه‌ڕێنن، ئه‌گینا بۆ ئه‌وان كارێكی گه‌وره نیه، ئه‌یانه‌وێ ئه‌م كاره به ئێمه بكه‌ن.
شێخ مه‌حمود دوودڵ بوه له‌وه‌ی په‌لاماری توركه‌كان بدات
شێخ مه‌حمود له‌درێژه‌ی گفتوگۆیه‌كدا گوتویه‌تی"هه‌ر له‌خۆمه‌وه به‌بێ به‌ڵگه و بێ پشتیوان و هیوا بچم به‌گژ توركه‌كان دواڕۆژمان چۆن ئه‌بێ، هاتو توركه‌كان (موسڵ)یان به هێز یان به ئاشتی وه‌رگرته‌وه، كێ ئه‌كه‌وێته فریامان؟ ئینگلیز كه ئێسته هیچمان بۆ نه‌كا، ئه‌وساكه چیمان بۆ ئه‌كا؟! به‌ڕاستی من سه‌رم لێ تێكچوه و نازانم چۆن ده‌ردی خۆم له ئینگلیزه‌كان بگه‌یه‌نم. ئه‌وان له‌پێش هه‌موو شتێك به‌بێ گیروگرفت ئه‌یانه‌وێ توركه‌كان ده‌ربكرێن".
شێخ مه‌حمود پاش هه‌ندێ بیركردنه‌وه ڕوو ده‌كاته ره‌فیق حیلمی و پێی ده‌ڵێت"ڕاستت ئه‌وێ تا به‌ڕاست و ڕه‌وان دان به حكومه‌تی كوردا نه‌نێن و بۆ دامه‌زراندنی ئه‌م حكومه‌ته یارمه‌تیه‌ك كه پێویسته به ئێمه‌ی نه‌به‌خشن به‌ته‌مای ئه‌وه‌نیم كه خۆمیان به‌خۆڕایی بۆ بخه‌مه ئاگره‌وه".
شێخ مه‌حمود له‌نێو به‌رداشی تورك و ئینگلیزه‌كان دا تیامابوو. هه‌ریه‌كه له‌مانه به جۆرێك خه‌ریك بوون به‌لای خۆیاندا ڕایكێشن. ساردی ئینگلیزه‌كان و نهبزوتنهوهی به‌دڵیان بۆ مه‌سه‌له‌ی كورد وای له شێخ مه‌حمود كردبوو نه‌چێ به‌گژ توركه‌كان. له‌و رۆژگاره‌دا رۆشنبیرێكی وه‌ك مسته‌فا پاشا یامولكی دژی ئه‌وه‌بوه شێخ مه‌حمود بچێته به‌ره‌ی توركه‌وه و لایه‌نگری سیاسه‌تی ئینگلیز بووه.
دوای نزیك بوونه‌وه‌ی ئوزده‌میر له شێخ مه‌حمود، خودی ئوزده‌میر داوای له شێخ كردووه مسته‌فا پاشا ته‌سلیم بكات، تاكو بیكه‌ن به‌دیاری بۆ مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك، به‌ڵام شێخ مه‌حمود رازی نه‌بوو. ره‌فیق حیلمی له‌و باره‌وه نوسیویه‌تی"شتێك كه ده‌بێ وه‌ك مه‌ردایه‌تی بۆ شێخ مه‌حمود بدرێته قه‌ڵه‌م و له‌بیر نه‌چێته‌وه، ئه‌وه‌یه، مسته‌فا پاشای نه‌ده‌دا به‌سته‌وه".
شێخ مه‌حمود و ئۆزده‌میر له نێوان خۆیان چه‌ندین نامه‌یان ئاڵوگۆڕكردووه. یه‌كێ له‌و نامانه نرخێكی سیاسی گرنگی هه‌بووه له دواڕۆژی كوردا. به‌پێی ئه‌م نامه‌یه واده‌ركه‌وت كه ئۆزده‌میر به شفره له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره چه‌ند نامه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕ كردوه، له ئه‌نجامی ئه‌وه بیروباوه‌ڕی خۆی بۆ حكومه‌تی مسه‌فا كه‌مال نوسیوه و هێناونیه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بڕیاربده‌ن بۆ دامه‌زراندنی (موختارێكی كورد) له كوردستانی عێراقدا، به‌و شه‌رته‌ی كه له ژێر چاودێری حكومه‌تی توركا بێ و والیه‌تی سه‌ربه‌خۆ بدرێت به شێخ مه‌حمود.
شێخ مه‌حمود بۆ تێگه‌یشتن له نیازی ڕاسته‌قینه‌ی توركه‌كان داوای له ئوزده‌میر كردووه له‌سه‌ر ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌شی كوردی ـ توركی له‌گه‌ڵیدا رێككه‌وێت، به‌ڵام ئۆزده‌میر وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه كه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و نیه. پێویسته له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره قسه بكات.
دواجار له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێكه‌وتون وه‌فدێك به نوێنه‌رایه‌تی شێخ مه‌حمود و ئوزده‌میر سه‌ر له ئه‌نقه‌ره بدا بۆ وتووێژ كردن له‌سه‌ر چاره‌نوسی كوردستان. وه‌فده‌كه هێشتا نه‌گه‌یشتبوه ئه‌نقه‌ره. ساڵی 1923 هێزێكی ئینگلیز په‌لاماری ره‌واندزیان دا. ئوزدهمیریان ده‌رپه‌ڕاند و له دیوی ئێرانه‌وه گه‌ڕایه‌وه توركیا. بۆیه وه‌فده‌كه هیچی له ئه‌نقه‌ره پێ نه‌كرا و به‌ڵێنی هیچ نه‌درا.
ـ وێنه‌ی په‌یكه‌ره‌كه‌ی عه‌لی شه‌فیق ئۆزده‌میر له غازی عه‌نتاب
سه‌رچاوه:
1ـ یاداشت: ره‌فیق حیلمی
2ـ چیم دی: ئه‌حمه‌د خواجه
3ـ مسته‌فا پاشا یامولكی، پۆترێتی خه‌باتكارێكی كورد: مه‌جید ساڵح