07:40 - 04/04/2019
كاوێس ئاغا به زمانه گیرهكهیهوه وه‌ك بولبول لاوكى ده‌گوت
كه‌مدووبوو كه قسه‌شى ده‌كرد به ئه‌سته‌م ده‌دوا، به‌ڵام كه لاوك و سترانى ده‌چڕى نهتدهناسییهوه، وه‌ك بولبول ده‌یخوێند، ئه‌و كاوێس ئاغایه، زمانى له‌كاتى قسه‌كردن ده‌گیراو وشه‌كانى بۆ پێكه‌وه نه‌ده‌به‌سترایه‌وه به‌ڵام ده‌سته ده‌سته گۆرانى ده‌چنى بێ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه له‌كاتی لاوك گوتندا زمانپاراو بووه و هه‌رگیز زمانی نه‌گیراوه.
هونه‌رمه‌ند كاوێس ئاغا، لاوكبێژی ناوداری كورد خاوه‌ن ده‌نگێكی خۆش و دڵ‌نشین و به‌سۆزه، سروشتی كوردستان و ژیانی كۆچه‌ری و رووداوه مێژووییه‌كان، راپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی كورد، ئیلهام به‌خشی كاره هونه‌رییه‌كانی بووه. له‌ساڵانی سییه‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، خۆی گه‌یانده به‌غدا و چه‌ندین لاوك و به‌سته‌ی له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركرد و ئه‌مه‌ش وای كرد ناوبانگی له هه‌موو كوردستاندا بڵاوبێته‌وه.
لاوك ئاوازێكی ره‌سه‌ن و فۆلكلۆری كوردییه، شوێنی جوگرافی لاوك هه‌موو ئه‌و ناوچانه ده‌گرێته‌وه كه به كرمانجی ده‌دوێن، واته زیاتر له‌ناو كورده‌كانی ناوچه‌ی بادینان و باكوری كوردستان ده‌گوترێت. لاوك به‌شێكه له مه‌قام و پارچه‌یه‌كه له‌ناو ( مه‌قامی به‌یات و مه‌قامی ئورفه و مه‌قامی حوسه‌ینی). لاوكبێژ به وشه‌كانی (لێلێ... لۆلۆ.. ده‌لێلێ) ده‌ست پێده‌كات و له‌سه‌ر به‌ند و دوابه‌ند ئه‌م وشانه ده‌ڵێته‌وه. له‌ناو كورددا چه‌ندین لاوكبێژ ده‌ركه‌وتوون، لێ كاوێس ئاغا سه‌رمه‌شقی ئه‌وانه‌یه كه ده‌نگیان تۆماركردووه، یه‌كه‌م هونه‌رمه‌نده لاوكی له‌سه‌ر گرامافۆن تۆماركردووه كه ئه‌و سه‌رده‌مه پێیان وتووه قه‌وان.
له‌دوای كاوێس ئاغا چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی كورد لاوكیان تۆماركردووه له‌وانه (سه‌عید ئاغای جزیری، حه‌سه‌ن جزیری، مریه‌م خان، محه‌مه‌د عارف جزراوی، نه‌سرین شێروان، ئایشه شان).
كاوێس ئاغا كێ بوو؟
كاوێس ئاغا له ساڵی 1889 له كوێستانی چارچه‌لی ههركییاندا له دایكبووه، له‌یه‌كێك له تیره‌كانی هۆزی هه‌ركییه، باوكی ناوی ئه‌حمه‌د و دایكی ناوی له‌یلا بووه، سه‌ره‌تا له ناوچه ده‌شتاییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی موسڵ ژیاون، ڕه‌وه‌ند و شوانكاره بوون و گه‌رمیان و كوێستانیان كردووه، به‌هۆی مردنی باوكی كاوێس، روو ده‌كه‌نه ناوچه‌ی ههركییهكانی سۆران.
به‌ده‌م شوانیه‌وه بۆ دڵخۆشكردن و دامركاندنه‌وه‌ی ژان و ئازاری دڵ و ده‌روون هۆگرى لاوك گوتن ده‌بێت، به‌هۆی كاریگه‌ریی سترانبێژهكانی ئه‌و سه‌رده‌مه، ده‌بێته یه‌كێك له لاوكبێژه هه‌ره ناسراوه‌كان. كاوێس تا ساڵی 1915 له‌گه‌ڵ خێڵه‌كه‌ی گه‌رمیان و كوێستانیان كردووه، له‌پاشان دێته ره‌واندز و ده‌بێته میوانی ماڵی حاجی نه‌ورۆز ئه‌فه‌ندی و واز له ژیانی كۆچه‌ری دێنێت. ئه‌و ماوه‌یه‌ی له رواندز بووه هاتوچۆی دیوه‌خانی نوری باویل ئاغای كردووه و شه‌وان به ده‌نگ و ئاواز و لاوكه‌كانی دیوه‌خانی جۆش داوه.
كه جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات، رووسه‌كان هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ره‌واندز و له‌ساڵی 1916دا داگیری ده‌كه‌ن، خه‌ڵكێكی زۆر شاره‌كه به‌جێده‌هێڵن، ماڵی حاجی نه‌ورۆز ئه‌فه‌ندی له‌گه‌ڵ كاوێس ئاغا رووده‌كه‌نه شه‌قڵاوه. دواتر عوسمانییه‌كان حاجی نه‌ورۆز ده‌كه‌نه به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كه‌و ئه‌ویش كاوێس ئاغا ده‌كات به لێپرسراوی ئازووخه‌ی عوسمانی، هه‌رچه‌نده كاوێس نه‌خوێنده‌وار بووه، به‌ڵام حاجی نه‌ورۆز فێری كردووه كه له كاتی وه‌رگرتنی ئازووقه و كه‌ل و په‌لدا چۆن ئیمزا بكات. به‌م جۆره كاوێس ده‌بێته موچه‌خۆری میریی عوسمانی.
ئه‌مه له‌كاتێكدا ده‌بێت كه جه‌ندرمه‌ی عوسمانییه‌كان به زۆر دانه‌وێڵه‌یان له خه‌ڵكی دێهاته‌كان ده‌ستێنن و ماڵ به ماڵیان ده‌پشكنی هه‌ر جۆره دانهوێڵهیهكیان به‌رچاو كه‌وتبایه لێیان ده‌ستاندن، و له كه‌نیسه (دێر)ی كریستیانه‌كانی شه‌قڵاوه عه‌مباریان ده‌كرد، دێری شه‌قڵاوه ده‌كه‌ن به گه‌نجینه. جه‌ندرمه‌ی عوسمانی شه‌وان ده‌رگای دێره‌یان له‌سه‌ر كاوێس و هاورێكانی داده‌خست نه‌وه‌ك ئازووقه بده‌نه خه‌ڵكی هه‌ژار و لێقه‌وماو. كاوێس هه‌ستی به ئازاری چه‌وسانه‌وه و هه‌ژاران ده‌كرد، بۆیه ڕێگه‌یه‌كی تایبه‌تی دۆزییه‌وه بۆ یارمه‌تی دانیان ، كاوێس ئاغا شه‌وانه به دزی جه‌ندرمه‌كانی عوسمانییه‌وه ئازووقه‌ی ناو گه‌نجینه‌كه ( برنج، گه‌نم ، جۆ ، ئارد، ساوار ، نۆك ، نیسك) ده‌داته خه‌ڵكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت.
دوای ته‌واوبوونی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و كشانه‌وه‌ی رووسه‌كان له‌ره‌واندز، په‌یتا په‌یتا خه‌ڵكه‌كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه رواندز، به‌ڵام كاوێس ئاغا ناگه‌ڕێته‌وه و هه‌ر له شه‌قڵاوه ده‌مێنێته‌وه‌و واز له مووچه‌خۆری میریی عوسمانی دێنێ و ده‌بێته دۆست و هاوه‌ڵی سلێمان به‌گی كوڕی بایز به‌گ و له‌لای ده‌مێنێته‌وه، سلێمان به‌گیش پیاوێكی هونه‌ر دۆست بووه شه‌یدای لاوك و حه‌یران بووه فره حه‌ز له‌ده‌نگی ده‌كات و كچێكی به‌ناوی (هه‌مینه مه‌حمود شه‌ریف) بۆ ده‌خوازێ. كاوێس له‌و ژنه‌ی چوار كوڕی هه‌بووه.
كاوێس ئاغا زۆربه‌ی ژیانی له دیوه‌خانه‌كانی ئاغا و میر و سه‌رۆك هۆزه‌كانی كورد دا بردووه‌ته سه‌ر، شه‌وانه كۆڕی دیوه‌خانی به ئاواز و ده‌نگه زوڵاڵه‌كه‌ی جۆش داوه. ساڵی 1936 كۆچی دوایی كردووه. كاوێس هه‌رچه‌نده وازی له‌ژیانی كۆچه‌ری ناو هه‌ركییان هێنابوو، به‌ڵام جارجاره سۆزێكی ده‌روونی بۆسه‌رده‌می ژیانی منداڵی ده‌یگه‌ڕانده‌وه بۆ سه‌ردانی خزم و كه‌س و كاری له‌ناو هه‌ركییان كه له‌و ژینگه‌یه‌دا په‌روه‌رده بووبوو تا بۆماوه‌یه‌ك ئاگری ئه‌و سۆزه‌ی دڵی دابمركێنێته‌وه.
كاوێس ئاغا له‌كاتی گفتوگۆدا وشه‌كانی زۆر به زه‌حمه‌ت له‌ده‌می ده‌هاته ده‌رێ، پچڕپچڕ و نیوه‌چڵی ده‌ری بڕیون. كه‌چی به‌پێچه‌وانه‌وه له‌كاتی لاوك و گۆرانی گوتندا زمانپاراو بووه و هه‌رگیز زمانی نه‌گیراوه. پیاوێكی به‌ژن و باڵا به‌رز و ڕه‌ش ئه‌سمه‌ر بوو، كه‌سایه‌تییه‌كی خوێن شیرینی هه‌بووه، چاو وبرۆی ره‌ش بوون، هه‌رده‌م ڕیشی ئه‌تاشی. زۆربه‌ی كاته‌كان جلوبه‌رگی كوردی له‌به‌ر ده‌كرد. جگه له‌زمانی كوردی، فارسی و توركی زانیوه و كه‌مێكیش عه‌ره‌بی زانیوه. كاوێس خۆی ئاغا نه‌بووه ، ته‌نها وه‌ك ڕێزێك ئه‌و نازناوه‌ی پێدراوه.
زۆرجار ده‌چووه چایخانه‌یه‌ك له‌هه‌ولێر كه خاوه‌نه‌كه‌ی ناوی (عه‌لی فله‌ییح) بووه. پیاوێكی هونه‌ردۆست و حه‌زی له گوێگرتن له لاوك و حه‌یران بووه. زۆرجار ده‌نگخۆش و گۆرانی بێژه‌كان له‌و چایخانه‌یه كۆبوونه‌ته‌وه.
كاوێس ئاغا: به‌سته‌ی "نارێ هه‌ی نارێ"
كاوێس ئاغا چۆن لاوكه‌كانی تۆماركرد؟
له‌ساڵی (1930) دا كاتێ ده‌بیستێت كه له‌شاری به‌غدا چه‌ند كۆمپانیایه‌ك هه‌یه ده‌نگ خۆشان تاقی ده‌كه‌نه‌وه، كاوێس ئاغا ئاره‌زووی تۆماركردنی لاوك و گۆرانیه‌كانی ده‌كات، هه‌رچه‌نده هاوڕێكانی پشتگیری ناكه‌ن بۆ ئه‌م سه‌فه‌ره و پێیان واده‌بێ كه (لاڵه) و له تاقیكردنه‌وه ده‌رناچێت، به‌ڵام كاوێس كۆڵ نادات و گوێ له‌قسه‌ی دڵی خۆی ده‌گرێت و ده‌چێته به‌غدا. له كۆمپانیای (به‌یزافۆن) كه تایبه‌ت بووه به تۆماركردنی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر گرامافۆن(قه‌وان). له‌وێ پسپۆرانی كۆمپانیاكه‌ش كه چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن و بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه له قسه‌كردندا لاڵه، پێی ده‌ڵێن تۆ ناتوانى گۆڕانی بڵێیت و ده‌نگت بۆ تۆماركردن ناشێ ، ئه‌ویش به‌دڵشكاوی له‌كۆمپانیاكه ده‌رده‌چێت و روو ده‌كاته چایخانه‌یه‌كی نزیك كۆمپانیاكه و ده‌ست ده‌خاته بن گوێی و پڕ به‌ده‌نگ و دڵی ، (لاوكی گه‌نج خه‌لیل) ده‌بێژێ. خه‌ڵكه‌كه لێی كۆده‌بنه‌وه و گوێیان له‌و ده‌نگه به‌سۆزه‌ی ده‌بێ و ده‌نگی ده‌گاته كۆمپانیاكه ، لهكۆمپانیاكهوه دێن بۆلای و داوای لێبوردنی لێده‌كه‌ن و ده‌یبه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیان و یه‌كه‌م قه‌وانی بۆ تۆمارده‌كه‌ن كه لاوكی گه‌نج خه‌لیل بووه. له‌كۆمپانیای به‌یزافۆن پاره‌یه‌كی باشی ده‌ده‌نێ له‌به‌رامبه‌ر تۆماركردنی ئه‌و قه‌وانه.
به‌وجۆره كاوێس ده‌ست ده‌كات به تۆماركردنی لاوكه‌كانی له كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌تۆماركردنی ده‌نگ. كه دواتر چه‌ندین لاوك و به‌سته‌ی له‌كۆمپانیاكانی ( به‌یزافۆن و نه‌عیم و نایف ) تۆماركرد و لاوكه‌كانی بووه وێردی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خه‌ڵكی كوردستان.
كاوێس ئاغا: لاوكی گه‌نج خه‌لیل
كاوێس ئاغا ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌ن ئه‌وه‌نده بواری نه‌دا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌گوتنی چه‌ندین لاوكی ره‌سه‌ن ناوی خۆی له‌مێژووی هونه‌ر و گۆرانی كوردی تۆمار كرد. ئه‌و به سه‌رقافڵه‌ی لاوكی شۆڕشگێری و مێژوویی داده‌نرێت. شێوازێكی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بووه له‌وتنی لاوك و كه‌م كه‌س توانیویانه لاسایی بكه‌نه‌وه.
هه‌رچه‌نده مرۆڤێكی نه‌خوێنده‌وار بوو، به‌ڵام ئاگاداری مێژووی كورد بووه و توانیویه‌تی ڕووداوه مێژووییه‌كانی تۆمار بكات و له‌شێوه‌ی داستانی شیعری له‌ڕێی لاوكهوه بگێڕێته‌وه.
شێخ مه‌حمود و كاوێس ئاغا
كاوێس زۆرجار چۆته دیده‌نی شێخ مه‌حمود له‌سلێمانی و گوندی داری كه‌لی، لاوكی بۆ چڕیوه ، ڕاووشكاری له‌گه‌ڵ كردووه، له به‌رامبه‌ریشدا شێخ مه‌حمودیش ڕێزی لێ گرتووه و خۆشیویستووه و خه‌ڵاتی كردووه. یه‌كه‌مجار كه سه‌ردانی شێخ مه‌حمودی كردووه، شێخ باوه‌ڕی نه‌كردووه كه ئه‌و كاوێس ئاغا ده‌نگخۆش و لاوكبێژهكه بێ. چونكه كاوێس له قسه‌كردندا لاڵ بوو، هه‌ر بۆیه شێخ ناردوویه‌تی سندوق بێنن و قه‌وانێكی كاوێسیان پێ لێداوه و هه‌مان لاوكی به كاوێس دووباره كردۆته‌وه، ئینجا شێخ باوه‌ڕی كردووه كه ئه‌وه كاوێسه و پاشان كاوێسی خه‌ڵات كردووه.
له‌و خه‌ڵاتانه‌ی كه شێخ مه‌حمود پێشكه‌شی كردووه ئه‌سپێكی كهحێلی و تفه‌نگێك له‌گه‌ڵ دوو ڕه‌خته فیشه‌ك و چل لیره‌ی زێڕی داوه‌تێ، كاوێس ئاغا لهلاوكی شێخ مه‌حمود دا ده‌ڵێت "ده‌لۆیلۆ ده‌لۆیلۆ ده‌لۆ شێخی زراڤ ده‌لۆیلۆ به‌هاره ب سه‌رێ سلێمانیدا كه‌تم". چه‌ند جارێَكیش ده‌ڵێ "كورد خائینۆ"
( ده‌لۆیلۆ ده‌لۆیلۆ ده‌لۆیلۆ ده‌لۆیلۆ
ده‌لۆیلۆ ده‌لۆیلۆ شێخێ منوو
ئه‌زێ هندی هاوار دكه‌م هاوارا تركا گه‌له‌ك دووره برانۆ كورد خاینۆ )
كاوێس ئاغا: لاوكی شێخ مه‌حمود
لاوكه به‌سۆزه‌كه‌ی كاوێس بۆ شێخ مه‌حمود كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه بۆ بڵاوبۆنه‌وه‌ی ئه‌م داستانه قاره‌مانیه له ته‌واوی كوردستان. جگه له‌م لاوكه بۆ زۆرێك ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك: سمكۆی شكاك و راپه‌رینی بارزان لاوكی چڕیوه وه‌ك داستانی قاره‌مانی به خه‌لكی ناساندوون.
وه هه‌روه‌ها كاوێس ئاغا سه‌ردانی "سمكۆ خانی شكاك"ی كردووه و له‌دوای كوژرانی سمكۆ به‌ده‌ستی عه‌جه‌م لاوكێكی بۆ گوتوه و باسی قاره‌مانی ئه‌و سه‌ركرده كورده‌ی كردووه.
كاوێس ئاغا: لاوكی دۆتمام
لاوكه‌كانی
چه‌ند قه‌وانێكی هه‌بووه لێی نوسراوه په‌خش كردن و لێدانی له‌رادیۆی به‌غدا قه‌ده‌غه كراوه چونكه له‌و لاوكانهی باسی مه‌سه‌له‌ی كورد و شه‌ڕه‌كانی شێخ مه‌حمود و باسی كوژرانی سمكۆی شكاكی كردووه.
كاوێس ئاغا 42 یاخود 43 قه‌وانی تۆمار كردووه كه زۆربه‌ی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی لاوكه. ئه‌مه جگه له‌وه چه‌ند به‌سته و گۆرانی فۆلكلۆریانه‌ی وتویه‌تی. به‌شێك له لاوكه‌كانی فۆلكلۆرن و پێش ئه‌و وتراون، به‌ڵام هه‌ندێكیشی خۆی دایناون. وه‌ك بهستهكانی ( نارێ هه‌ی نارێ ، مامر مامر ، كاروانه ، گۆزه‌لێ) و له‌به‌ناوبانگترین لاوكه‌كانی ( لاوكی گه‌نج خه‌لیل ، لاوكی دیلبه‌ر ، لاوكی دۆتمام ، لاوكی یارێ، لاوكی زالمێ، لاوكی ئه‌سمه‌ر ، لاوكی سهگڤانۆ ، لاوكی جه‌وێ ) و ئه‌و لاوكانهی بۆ شۆرشه‌كانی (شێخ مه‌حمود و سمكۆی شكاك و راپه‌رینی بارزان 1931- 1932) گوتویه‌تی.
لاوك و سترانه‌كانی كاوێس ئاغا له‌سه‌ر قه‌وان (گرامافۆن) تۆماركراوه و له‌هه‌ردوو رادیۆی ( به‌غدا و یه‌ریڤان) په‌خش كراوه . زۆرجاریش له‌ماڵان و چایخانه‌كان قه‌وانه‌كانی لێدراوه‌و خه‌ڵگی گوێیان لێ گرتووه. له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگێكی خۆش و ره‌سه‌ن بوو خه‌ڵكی ناچار ده‌كرد كه گوێی لێ‌بگرن.
كاوێس ئاغا: ئه‌من ده‌رێم
سه‌رچاوه:
1- كاوێس ئاغا (1889 – 1936) : لێكۆڵینه‌وه‌ی (جه‌لال مه‌لا حه‌سه‌ن خۆشناو)
2- سه‌ربرده‌و رووداوی مێژوویی له لاوكه‌كانی كاوێس ئاغا دا: مه‌جید خۆشناو
3- من و شه‌قڵاوه: حاجی قادری گۆزێ