ڕاپۆرتی کوردستانی

06:57 - 03/04/2019

پاكێجى نوێى پۆسته‌كان به‌ ته‌له‌فۆن یه‌كێتى راكێشایه‌ نێو حكومه‌ت‌

پەیسەر

یه‌كێتى له‌ ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌مدا مانۆڕ و جموجوڵه‌كانى پێچه‌وانه‌كرده‌وه‌و له‌رێگه‌ى ته‌له‌فۆن و په‌یامگۆڕینه‌وه‌كانه‌وه‌ له‌ گردى عه‌لى ناجی سلێمانییه‌وه‌ خۆى خزانده‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ته‌وه‌، تا چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م پێشتر ئه‌و حزبه‌ سه‌رقاڵى دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى نوێ به‌رامبه‌ر پارتى و كاركردن بوو بۆ لامه‌ركه‌زى و دابڕینى سلێمانى، به‌ڵام پاكێجێكى نوێ بۆ پۆسته‌كان له‌ بارزانییه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ى ئاوژووكرده‌وه‌و  فایلى مانۆڕه‌كان داخران و  فراكسیۆنى سه‌وزیش له‌سه‌ر دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە پرۆژه‌یاساى هەمواری یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم تێبینى و ره‌خنه‌ى نه‌خسته‌ڕوو.

یه‌كێتى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ دانوستان بوو، له‌گه‌ڵ پارتى و ناوبه‌ناویش دانوستانه‌كان قوفڵ ده‌بوون و په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌پچڕان، پێداگیرى ده‌كرد له‌ به‌رامبه‌ر جێبه‌جێنه‌كردنى داواكارییه‌كانى بژارده‌ى دوو ئیداره‌یى تاووتوێ ده‌كات، به‌شێك له‌ به‌رپرسه‌كانی به‌ راشكاوى باسیان له‌ دوو ئیداره‌یى و لامه‌ركه‌زى ئیدارى و دابڕینى سلێمانى كرد، به‌ڵام داواجار رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هه‌موو ئه‌و گرێوگۆڵانه‌ى راماڵى.

داواى له‌ كۆمه‌ڵ كرد به‌شدارى حكومه‌ت نه‌كات

یه‌كێتى دوێنێ 2ى نیسان سه‌ردانى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووى ئیسلامى كرد، دواى كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ، گوته‌بێژى كۆمه‌ڵ گوتى، یه‌كێتى پێشنیارى دروستكردنى به‌ره‌یه‌كى بۆ كردوون، گوته‌بێژى یه‌كێتیش گوتى، ئه‌وان ژێرده‌سته‌یى قبوڵ ناكه‌ن و رێككه‌وتنى شه‌رفمه‌ندانه‌یان ده‌وێت، دواى ئه‌وه‌ میدیاكانى یه‌كێتى بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ به‌ره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پارتى له‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمى كوردستان دروستده‌كرێت تا ده‌ورووبه‌رى كاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوه‌ڕۆى 3ی 4 سایت و میدیاى به‌رپرسانى یه‌كێتى، ئه‌و هه‌واڵه‌یان بڵاوكرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌واڵه‌ كه‌ یه‌كێتى به‌ره‌یه‌ك دروستده‌كات، مانشێتى سه‌ره‌كى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى هه‌فته‌نامه‌ى به‌رپرسێكى یه‌كێتى بوو، په‌یسه‌ر زانیارى هه‌بوو كه‌ یه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ داوایكردبوو كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌شدارى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت نه‌كات و له‌ هه‌نگاوه‌كانى دواتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بێت، به‌ڵام دواى چه‌ند كاتژمێرێك یه‌كێتى پشتى له‌ بیرۆكه‌ى دروستكردنى به‌ره‌ كردوو به‌شدارى كۆمه‌ڵیش له‌ حكومه‌ت ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌، یه‌كێتیش پاش رۆژێك بڕیارى به‌شدارى حكومەتیدا.

تێبینى نه‌بوو له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆكایه‌تى

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌، یه‌كێتى له‌ راگه‌یاندنه‌كانیه‌وه‌ له‌ماوه‌ى سێ رۆژدا هه‌ڵمه‌تى زۆرى كرد، كه‌ تێپه‌ڕینى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك به‌وجۆره‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌مى په‌رله‌مانى ناكۆكه‌و ته‌نها به‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك له‌ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ سیسته‌مى سیاسى نابێته‌ په‌رله‌مانى، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌كه‌ ته‌نها جه‌ختیان له‌ گۆڕینى یه‌ك مادده‌ كرده‌وه‌، ئه‌ویش زیادكردنى جێگرێك بوو بۆ سه‌رۆكى هه‌رێم، چونكه‌ به‌پێى یاساكه‌ سه‌رۆك یه‌ك جێگرى هه‌یه‌ و یه‌كێتى داوایكرد ئه‌و مادده‌ بگۆڕدرێت و دوو جێگرى هه‌بێت، به‌وپێیه‌ى ئه‌و حزبه‌ داواى ئه‌و پۆسته‌ى كردبوو، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كان و بنه‌ماكانى سیسته‌مى په‌رله‌مانیى فراكسیۆنى سه‌وز هیچ تێبینییه‌كى له‌ هۆڵى په‌رله‌مان نه‌خسته‌ڕوو.

كه‌ركوك و به‌غدا ساغ نه‌بوونه‌وه‌

یه‌كێك له‌و پێداگرییانه‌ى كه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر دانوستانه‌كانى سڕكرد خواستى یه‌كێتى بوو بۆ ئه‌وه‌ى پێش پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت، پارێزگارى كه‌ركوك له‌ پشكى یه‌كێتى دابنرێت و پۆستى وه‌زیرى دادیش بۆ یه‌كێتى یه‌كلایى بكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌ رێككه‌وتنى 5ى2 جێگیركرابوو، ئه‌وكات به‌رپرسانى هه‌ردوو حزب گوتیان، مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، ئه‌و دووكێشه‌یه‌ به‌لادا ده‌خه‌ن، به‌ڵام دواى دوو مانگ له‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌و دوو بابه‌ته‌ یه‌كلانه‌كرانه‌وه‌، یه‌كێتى پاكێجه‌كانى پچڕاندو به‌ سه‌ربه‌خۆ خستنیه‌ سه‌رمێز، پاكێجى به‌غدا و كه‌ركوك دواخران و ئاسته‌نگى گه‌وره‌ پۆسته‌كانى حكومه‌ت بوو كه‌ ئه‌مڕۆ كرانه‌وه‌و سێ پاكێجییه‌كه‌ى یه‌كێتیش داواجار به‌ پاكێجى پۆسته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم یه‌كلابوونه‌وه‌و ئه‌وانى دیكه‌ نه‌بوون به‌ گرفت، هه‌رچه‌ند یه‌كێتى پێداگرى زۆرى هه‌بوو كه‌ پێش وه‌خت دۆخى کەرکوک ئاسایى بكرێته‌وه‌و رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى به‌ستبووه‌وه‌ به‌ دۆخى كه‌ركوكه‌وه‌.

هۆشدارییه‌كانى بارزانى و ئۆفه‌رى پۆسته‌كان

مه‌سعود بارزانى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ لێدوانى توندى دا له‌سه‌ر ره‌وتى دانوستانه‌كان، زۆرێك ئه‌مه‌یان وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌و هۆشدارى لێكدایه‌وه‌ بارزانى له‌پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تى كتێب گوتى"به‌ راشكاوى ده‌یڵێم، یه‌ك چركه‌ى دیكه‌ش راناوه‌ستین"، دواى چه‌ند كاتژمێرێك رێككه‌وتن له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى راگه‌یه‌ندرا، پێشتر یه‌كێتى چه‌ندجارێك له‌سه‌ر هه‌ندێك لێدوانى به‌رپرسانى پارتى و ته‌نانه‌ت جارێكیش له‌سه‌ر راپۆرتێكى رۆژنامه‌وانى هه‌ندێك كۆبوونه‌وه‌كانى دواخست، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ى بارزانى حزبه‌كه‌ گرفتى نه‌بوو، مه‌سعود بارزانى پێشتریش له‌كاتى وه‌ڵامدانه‌وه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ ٢٦ی سێ گوتبووی"ئه‌وانه‌ى له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ عه‌بادى كرد، خیانه‌تكار و نیشتیمان فرۆش بوون"، هیچ كام له‌و لێدوانانه‌ نه‌بوونه‌ هۆى ئه‌وه‌ى گرفت بۆ رێككه‌وتنه‌كه‌ دروستبێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پاكێجى پۆسته‌كان گرفته‌ گه‌وره‌كه‌بوو دوایین جار مه‌سعود بارزانى به‌ نامه‌یه‌ك له‌ رۆژى 3ى4 ئه‌و گرێیه‌ى كرده‌وه‌و یه‌كێتى بڕیارى به‌شداریكردنى حكومه‌ت و هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى راگه‌یاند.

دوو ئیداره‌یى و لامه‌ركه‌زى

كارتى ده‌ستى یه‌كێتى به‌شكردنى جوگرافیاى هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌بوو بۆ سه‌رده‌مى دوو ئیداره‌یى، ئه‌م بژارده‌ سه‌ره‌تا ئه‌مریكییه‌كان ره‌تیان كرده‌وه‌و دواتریش حكومه‌تى به‌غدا به‌ ناده‌ستوورى وه‌سفیكرد، دواتر یه‌كێتى په‌یامه‌كانى گۆڕى كه‌ كار بۆ لامه‌ركه‌زى ده‌كات به‌ جۆرێك ناوچه‌ى سلێمانى ته‌واو داببڕێت له‌ هه‌ولێر، 3ى4 كه‌ یه‌كێـتى و پارتى به‌ رێككه‌وتن گه‌یشتن، بڕیاربوو سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كۆببێته‌وه‌و تێیدا بژارده‌ى لامه‌ركه‌زى و دابڕینى سلێمانى تاووتوێ بكات، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌یه‌كى مه‌كته‌بى سیاسى و پاكێجێكى نوێ له‌ پارتییه‌وه‌ بۆ پۆسته‌كانى یه‌كێتى ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى ئاوژووكرده‌وه‌ دۆخه‌كه‌ گۆڕا بۆ رێككه‌وتن و چنینه‌وه‌ى پۆسته‌كان.

هۆشدارى و هه‌ڕه‌شه‌ به‌ گۆڕان

به‌شێك له‌ میدیاكانى نزیك له‌ یه‌كێتى رۆژى 1ى نیسان واته‌ دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر باسیان له‌ نامه‌یه‌كى هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزى یه‌كێتى كرد بۆ گۆڕان، به‌ جۆرێك كه‌ یه‌كێتى هۆشداریداوه‌ گۆڕان به‌رپرسه‌ له‌هه‌ر شتێك رووبدات، به‌هۆى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت و هه‌مواركردنى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، جگه‌ له‌وه‌ش راگه‌یاندنى فه‌رمى ئه‌و حزبه‌و راگه‌یاندانى نافه‌رمى و سێبه‌رو په‌یجه‌كانیش هه‌ڵمه‌تى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر گۆڕان به‌ڕێوه‌برد به‌رامبه‌ر رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ڵام پاش چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م له‌و نامه‌ هۆشدارییه‌ى باس كرا یه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتى رێككه‌وت و بێ تێبینى و سه‌رنج له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌شدارى دانیشته‌كانى كرد و ده‌نگى له‌پاڵ ده‌نگه‌كانى داكۆكى له‌ یاساكه‌ بوو.

ئه‌و بڕیارانه‌ى یه‌كێتى و گۆڕینیان له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا پرسیارى گه‌وره‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى ئه‌و حزبه‌ و جوڵه‌ سیاسییه‌كان و ستراتیژى سیاسى دروست ده‌كه‌ن، له‌ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكى كه‌مدا سه‌رقاڵى دروستكردنى به‌ره‌بوو له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كان و پشتى له‌ به‌ره‌كرد، هه‌ڵمه‌تى زۆرى له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم كردوو تێبینى نه‌بوو له‌سه‌ر یاساكه‌ له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان، هۆشدارى و هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ گۆڕان هه‌بوو به‌ڵام چه‌ند كاتژمێرێك دواتر رێككه‌وتنى كرد له‌سه‌ر پۆسته‌كان له‌گه‌ڵ پارتى، كاتێكى زۆرى به‌پێداگرى پاكێجه‌كانى به‌غدا و كه‌ركوكه‌وه‌ به‌سه‌ربردوو له‌ كۆتاییدا پاكێجه‌كانى لێك جیاكرده‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌كێتى پاكێجى پۆسته‌كانى به‌ دڵ بوون بۆیه‌ش پێده‌چێت هه‌ر  له‌ رۆژى یه‌كه‌مى دانوستانه‌كانه‌وه‌ گرفت پۆسته‌كان بووبن نه‌ك ئه‌وانه‌ى دیكه‌ كه‌ وه‌ك پێداگرى باس ده‌كران، گوته‌بێژه‌كه‌ى یه‌كێتى گوتى، ئه‌وان له‌ جومگه‌ گرنگه‌كانى ده‌سه‌ڵات پێگه‌یان ده‌بێت، له‌ به‌رامبه‌ر پرسیاره‌كانى دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ گرفته‌كانى دیكه‌و هه‌ڵوێستى پێشوویان وه‌ڵامێكى ئه‌وتۆى نه‌دایه‌وه‌.