ڕاپۆرتی کوردستانی

05:49 - 02/04/2019

ئه‌گه‌رى حكومه‌تێكى لاواز زیاتره‌ یاخود كابینه‌یه‌كى به‌هێز؟‌

پەیسەر

كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ناو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌و گێره‌و كێشه‌ى زۆردا دروستده‌بێت، پێكهێنه‌ره‌كانى به‌ متمانه‌ى كه‌م و هه‌ستیاری زۆره‌وه‌ ده‌چنه‌ ناوى، شتێكى ئه‌وتۆش بۆ به‌رنامه‌ى كاركردنى ئه‌و كابینه‌یه‌ به‌رده‌ست نییه‌، جگه‌ له‌ دروشمه‌ باق و بریقه‌كانى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن، هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر ئه‌و كابینه‌ نوێیه‌ كه‌ شتێكى جیاواز له‌ رابردوو پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام له‌ئێستاوه‌ كۆمه‌ڵێك ئاماژه‌ هه‌ن كه‌ به‌ربه‌سته‌كان زۆربن له‌به‌رده‌م ئه‌و كابینه‌یه‌.

گێره‌وكێشه‌ى نێوان لایه‌نه‌كان، خراپى و شێواوى دۆخى ئابورى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌ شلۆقه‌كه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا، نه‌بوونى یاساى بودجه‌و راده‌ستنه‌كردنى نه‌وت به‌ به‌غدا، بوونى هێزى ئۆپۆزسیۆن، خراپى گوزه‌رانى خه‌ڵك و چاوه‌ڕوانى زۆرى خه‌ڵك له‌ حكومه‌تى نوێ، بارى كابینه‌ى ساواكه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم زۆر قورس ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند ئه‌و كابینه‌یه‌ چه‌كى خۆى پێده‌بێت بۆ لابردنى ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ به‌ڵام ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ زۆرن و ئه‌وه‌ش له‌ ئێستاوه‌ پرسیارى زۆرى دروستكردووه‌، كه‌ ئه‌گه‌رى حكومه‌تێكى به‌هێز زیاتره‌ یاخود كابینه‌یه‌كى لاواز.

له‌دایكبوونى كابینه‌كه‌

له‌دایكبوونى كابینه‌كه‌ له‌وه‌ ئه‌سته‌متربوو كه‌ باسده‌كرا، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ كێشه‌و گرفتى زۆرى بۆ درووست بوو، دانوستانه‌كان بۆ دروستبوونى شه‌ش مانگى ویستووه‌ تا ئێستا بێ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامى كۆنكرێتى لێبكه‌وێته‌وه‌، له‌ ئێستادا وادێته‌ پێشچاو پێكهێنه‌ره‌كانى كابینه‌كه‌ به‌ بێ متمانه‌یى زۆره‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رى كابینه‌ى هه‌شت، ئه‌و بێمتمانه‌ییه‌ش به‌ ده‌گمه‌ن به‌رنامه‌ى تۆكمه‌ى بۆ كارى هاوبه‌ش تێدا درووست ده‌بێت، له‌كاتێكدا حكومه‌تى نوێ بۆ ئه‌وه‌ى كارى جیاواز بكات له‌ كابینه‌كانى پێشووى خۆى پێویستى به‌ به‌رنامه‌ى هاوبه‌ش و رووئیاى ستراتیژى هه‌یه‌ بۆ خزمه‌تى خه‌ڵك و بووژانه‌وه‌ى كه‌رته‌كان و چاكسازى و گۆڕانكارى.

رازیكردنى حزب یاخود رازیكردنى خه‌ڵك

ئێستا ئه‌وه‌نده‌ى سه‌رنج له‌سه‌ر دروستكردنى حكومه‌ته‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ چى ده‌كات و به‌رنامه‌ى چییه‌ و ده‌توانێت چى بكات، له‌كاتێكدا حكومه‌ته‌كه‌ میكانیزمه‌ بۆ خزمه‌تكردنى خه‌ڵك و گه‌شه‌پێدانى دۆخى ئابورى و به‌ره‌و پێشبردنى دیموكراسى، نه‌ك ته‌نها پێكهێنانى حكومه‌ته‌كه‌ ئامانج بێت، جگه‌ له‌مه‌ش دانوستانه‌كان ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر پۆست په‌كیان خراوه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و چاكسازى نییه‌، یه‌كێتى و پارتى خۆیان بۆ میدیاكان ده‌ڵێن، كه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان رێكنه‌كه‌وتوون.

هه‌ردى مه‌هدى چاودێرى سیاسى بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى"به‌داخه‌وه‌ نه‌ریتێكى خراپ فێربووین له‌ پێكهێنانى حكومه‌تدا، ئه‌ویش نه‌ریتى رازیكردنى حزبه‌ له‌ برى رازیكردنى خه‌ڵك، ئه‌م جۆره‌ بنه‌مایه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، حكومه‌تى به‌هێز دروست ناكه‌ن بۆ خزمه‌تگوزارى، به‌ڵكو حكومه‌تى رازیكراو دروست ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى نزیكه‌ له‌ به‌شبه‌شێنه‌وه‌ ئه‌وه‌نه‌ نزیك نابێت له‌ خزمه‌تى خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ ساڵى ١٩٩٢ ه‌وه‌ ماوه‌ته‌وه‌ كاتێك لایه‌نه‌كان رازى نه‌بوون به‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن و به‌ رێككه‌وتن پۆسته‌كانیان دیاریكرد".

حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا به‌سه‌ر ناكۆكى حزبه‌كاندا زاڵ بێت و ده‌ست بۆ ئه‌و كارانه‌ به‌رێت كه‌ پێشتر ده‌ستى بۆ نه‌براوە شتێكى جیاواز پیشانى خه‌ڵك بدات، هه‌ردى مه‌هدى ده‌ڵێت"مه‌رج نییه‌ حكومه‌ت هه‌موو لیسته‌ براوه‌كان پێكیبهێنن، له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانیدا زۆرینه‌ حكومه‌ت پێكبهێنن باشتره‌، هه‌موو لایه‌نه‌كان ئێستا ده‌م له‌ چاكسازى ده‌كوتن، به‌ڵام ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ چه‌ند سه‌ره‌یه‌، له‌كاتێكدا ده‌بێت به‌رنامه‌ى هاوبه‌ش هه‌بێت بۆ كابینه‌كه‌".

گوتیشى"راسته‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت كه‌ تازه‌ داده‌نرێت ده‌یه‌وێت نمونه‌یه‌كى جیاوازتر پیشان بدات، گۆڕان كه‌ به‌شدارى حكومه‌ت ده‌كات ده‌یه‌وێت نمونه‌یه‌كى جیاوازتر پیشان بدات، پارتى و یه‌كێتیش باسى چاكسازى ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌م مۆدێله‌ ماده‌م مۆدێلى رازیكردنه‌ و پرۆژه‌ یاساكان به‌ زۆرینه‌ له‌ حكومه‌ت به‌رزده‌كرێته‌وه‌ تووشى كۆسپ ده‌بێت، له‌ هه‌مووى مه‌ترسیدارتر له‌م حكومه‌ته‌ لێپرسینه‌وه‌ نابێت، من پێم وانییه‌ كابینه‌كه‌ له‌ رابردوو لاوازتربێت، به‌ڵام له‌وان باشتر نابێت". 

روئیا بۆ رێكخستنه‌وه‌ى دۆخى شێواوى ئابورى نییه‌

كارى سه‌ره‌كى ئه‌و كابینه‌ نوێیه‌ ده‌بێت ئاوڕدانه‌وه‌ بێت له‌ودۆخه‌ خراپه‌ ئابورییه‌ى كه‌ پێنج ساڵه‌ هیچى به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌هێشتووه‌، هه‌موویان چاویان له‌وه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ چى ده‌كات تا ئه‌و ده‌ردانه‌ى كه‌ هه‌بوون سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌ و ژیانى خه‌ڵك نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغى بێمووچه‌یى و كارو پرۆژه‌كان ببوژێنه‌وه‌، هه‌لى كار بۆ خه‌ڵكى بره‌خسێندرێت، به‌ڵام تا ئێستا دیارنییه‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ نوێیه‌ چ روئیایه‌كى ده‌بێت و چۆن و به‌ چ میكانیزمێك ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ جێبه‌جێده‌كات، هه‌رچه‌ند له‌ رێككه‌وتنى سیاسى گۆڕان و پارتى چاكسازى چاككردنى دۆخى ئابورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌ و بڕیاره‌ له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت.  

محه‌مه‌د ره‌ئوف ئابورى ناس، پێى وایه‌ ئه‌و كابینه‌یه‌ هیچ روئیایه‌كى نابێت بۆ چاككردن و به‌ره‌وپێشبردنى دۆخى ئابوریى، ئه‌و ئابوریناسه‌ بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوت"قه‌ت ئه‌م كێشه‌و جیاوازییانه‌ چاره‌سه‌ر نابێت ئه‌گه‌ر وڵاتێكى موئه‌سه‌ساتمان نه‌بێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێنه‌ سه‌ر رێگاى راست، هه‌روه‌كو ئه‌وانى پێشوو ده‌بێت، له‌ سایه‌ى حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ شتێك دۆخى ئابورى باش بووه‌ به‌ڵام هه‌ر ده‌بێت له‌ قه‌له‌قدا بین چونكه‌ ئه‌مان پابه‌ندیى خۆیان به‌رامبه‌ر حكومه‌تى عێراق جێبه‌جێنه‌كردووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ وه‌ك جارانى لێبێته‌وه‌".

ساغنه‌بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا

په‌یوه‌ندى هه‌ولێر و به‌غدا تا ئێستا به‌لادا نه‌خراوه‌و ئێشتاش له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رو نه‌گه‌ر و مقۆمقۆی زۆردایە، له‌ناوخۆى هه‌ردوولا گله‌یى و ره‌خنه‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى نێوانى هه‌رێم و ناوه‌ند به‌م شێوه‌یه‌، هه‌ر هه‌نگاوێكى  كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ ئاراسته‌ى چاككردنى دۆخى هه‌رێم ده‌بێت به‌ به‌غدادا تێپه‌ڕێت و پێناچێت به‌و نه‌وت و داهاتانه‌ى دیكه‌ هه‌یه‌تى بتوانێت باره‌ لاره‌كه‌ راست بكاته‌وه‌، هێشتنه‌وه‌ى نێوانى هه‌ولێر و به‌غدا به‌م شێوه‌یه‌ له‌ به‌رژەوه‌ندى كابینه‌ ساواكه‌ى هه‌رێم نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ش كورد له‌ به‌غدا ناكۆكه‌و به‌سه‌ر چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا دابه‌شبووه‌ له‌كاتێكدا حكومه‌تى هه‌رێم پێویستى به‌ هه‌موویانە له‌به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ ته‌قه‌ى تێنه‌كه‌وێت به‌غدا به‌هانه‌ى دیكه‌ نه‌گرێت و بوودجه‌و مووچه‌ رانه‌گرێت.

ئاسته‌نگه‌كان هه‌رچه‌ندبن هێشتاش حكومه‌ته‌ نوێیه‌كه‌ یه‌ك رێگاى له‌به‌رده‌مه‌ ئه‌ویش زاڵبوونه‌ به‌سه‌ر كێشه‌كان و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ له‌ خه‌ڵك، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ره‌وینه‌وه‌ى له‌مپه‌ره‌كان سه‌ركه‌وتوونه‌بێت پێناچێت بتوانێت به‌ كاره‌ حكومییه‌كانى رابگات، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر كام له‌و كێشانه‌ گه‌وره‌ترببن و بته‌قنه‌وه‌، چاره‌نوسى كابینه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گێژاوه‌وه‌ بۆیه‌ له‌په‌ناى كاره‌كانى خۆیدا ئه‌م كابینه‌یه‌ ره‌نگه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ سیاسییه‌كانى كارى سه‌ره‌كى بێت.