ڕاپۆرتی کوردستانی

06:10 - 01/04/2019

یه‌كێتى به‌ مانۆرێكى نوێ كارتێكى تاقیكراوه‌ تاقیده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

یه‌كێتى دواى وه‌رگرتنى دوایین وه‌ڵامى پارتى به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى داواكارییه‌كانى مانۆڕێكى نوێى ده‌ستپێكردووه‌، ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌، به‌ره‌یه‌ك به‌رامبه‌ر پارتى قوت بكاته‌وه‌ تا فشار دروست بكات بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانى، ئه‌مه‌ى یه‌كێتى ده‌ستیداوه‌تێ ره‌نگه‌ دوایین كارته‌كانى تێدا تاقیبكاته‌وه‌ تا فشارى سیاسى و هه‌ڕه‌شه‌، بۆیه‌ش گوته‌بێژى ئه‌و حزبه‌ دواى هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ى له‌ باره‌گاى كۆمه‌ڵ به‌ زمانێكى توند قسه‌یكرد، به‌ڵام ئه‌و حزبانه‌ بۆ چوونه‌ ناو یارى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى پێناچێت ئاماده‌ بن و گره‌ویان له‌سه‌ر بكرێت.

شه‌وى هه‌ینى رابردوو رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوو حزب شتێكى ئه‌وتۆى نه‌مابوو، به‌ڵام ره‌زامه‌ندنه‌بوونى به‌شێك له‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانى ئه‌و حزبه‌ هه‌ر به‌ته‌له‌فۆن یارییه‌كه‌ى سفر كرده‌وه‌، یه‌كێتى لیستێكى نوێى بۆ پۆسته‌كان ره‌وانه‌كردوو پارتیش به‌ فه‌رمى داواكاریه‌كانى ره‌تكرده‌وه‌، یه‌كێتى دوایین كۆبوونه‌وه‌ى خۆى له‌ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌ڵامه‌كه‌ى پارتى په‌سه‌ند نه‌كرد، هه‌رچه‌ند بۆچوونى جیاوازى هه‌بوون به‌شێكیان له‌گه‌ڵ رێككه‌وتن بوون له‌گه‌ڵ پارتى.

یه‌كێتى ده‌یه‌وێت نیگه‌رانییه‌كان له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بقۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى لێیه‌وه‌ به‌ره‌یه‌كى ساغ بكاته‌وه‌، له‌ناو ئه‌و به‌ره‌یه‌شه‌وه‌ پارتى بهێنێته‌ ژێربار بۆ جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانى، یه‌كێتى له‌سه‌ره‌تاى دانوستانه‌كانه‌وه‌ چه‌ندجارێك داواكارییه‌كانى گۆڕیوه‌و وه‌ك به‌شێك له‌به‌رپرسانى پارتى باسى ده‌كه‌ن، سه‌قفى داواكارییه‌كان به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌.

یه‌كێتى ئه‌مه‌ى وه‌ك و پێشنیار خستووه‌ته‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵى ئیسلامى و یه‌كگرتووى ئیسلامى، زانیارى نافه‌رمیش هه‌یه‌ په‌یامى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى نه‌وه‌ى نوێش كردووه‌، بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ى ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌ستى پێبكات، ئه‌گه‌رچى یه‌كێتى تا ئێستا تێبینى ئه‌وتۆى له‌سه‌ر ناوه‌رۆكى پرۆژه‌یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم نییه‌و پرۆژه‌ یاساشى پێشكه‌شنه‌كردووه‌، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ بۆ ئه‌و ده‌رفه‌تێكى گونجاوه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسۆنه‌كان نزیك بێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جارنییه‌ یه‌كێتى ئه‌م رێگایه‌ تاقى ده‌كاته‌وه‌ و پێشتریش سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى كردبوو بۆ دروستكردنى ئه‌و به‌ره‌یه‌، به‌ڵام یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم خاڵى جیاوازى دۆخه‌كه‌ى ئێستایه‌، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌و هێزانه‌یه‌ كه‌ تێبینییان له‌سه‌ر هه‌موارى یاساى سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌یه‌. یه‌كێتى له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئه‌م رێگاى كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگى له‌ پێشه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ له‌ ده‌رگاى داون پێناچێت ئاماده‌ى یارى بن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقیشه‌وه‌ پێش ئه‌م مانۆڕه‌ى وه‌ڵامى ئه‌وه‌ به‌ یه‌كێتى گه‌یه‌ندراوه‌ته‌وه‌ كه‌ دوو ئیداره‌یى بژارده‌یه‌كى ده‌ستووریى نییه‌ و پشتیوانى لێ ناكه‌ن، بۆیه‌ش یه‌كێتى ره‌نگه‌ قورسایى خۆى بخاته‌ سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌ نوێیه‌ى كه‌ دایناوه‌ بۆ هێزه‌كانى دیكه‌ى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و گۆڕان.

به‌پێى زانیارییه‌كان یه‌كێتى داواى بۆچوونى حكومه‌تى عێراقى كردبوو له‌سه‌ر بژارده‌ى دوو ئیداره‌یى، وه‌ڵامى فه‌رمى حكومه‌تى عێراق كه‌ له‌رێگه‌ى به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ به‌ یه‌كێتى گه‌یه‌ندراوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوو ئیداره‌یى بابه‌تێكى ده‌ستووریى نییه‌ و ده‌ستوور دانى ناوه‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان و سنوره‌كه‌یدا، دواى ڤیتۆكه‌ى پارتى و وه‌ڵامه‌كه‌ى به‌غدا به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ى دوو ئیداره‌یى و هۆشدارى ئه‌مریكا بۆ پاراستنى كیانى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌م مانۆڕه‌ نوێیه‌ دوایین ده‌ره‌چه‌ى ئه‌و حزبه‌یه‌ كه‌ لێیه‌وه‌ جوڵه‌یه‌ك بكات.

كۆمه‌ڵى ئیسلامى تا ئێستا به‌رچاوى روون نییه‌و دۆخى خۆى یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت یاخود به‌شدارى حكومه‌ت، كۆتایى دانوستانى پارتى و كۆمه‌ڵ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، پێناچێت كۆمه‌ڵ به‌ ئاسانى بڕیارى ئه‌وه‌ى پێبدرێت بچێته‌ نێوه‌ یارییه‌كى نوێوه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، جگه‌ له‌وه‌ش نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتوو، گوتارى ئۆپۆزسۆنبوونى خۆیان په‌ره‌پێداوه‌و كۆمه‌ڵ هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ هێزێكى ده‌سه‌ڵاتدارى وه‌ك یه‌كێتى له‌كاتێكدا خۆى به‌رچاوى روون نییه‌ له‌گه‌ڵ پارتى به‌ چ ئه‌نجامێك ده‌گات، به‌ڵام هێشتاش پرۆژه‌ یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ده‌رفه‌تێكى هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى هه‌ردوولا، هه‌رچه‌ند تا ئێستا یه‌كێتى پرۆژه‌ى پێشكه‌ش نه‌كردووه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵ ناوكى خورماكه‌ى یه‌كێتى له‌ گیرفانه‌و ده‌زانێت مانۆڕەکە له‌پێناو گه‌وره‌كردنى قه‌باره‌ى یه‌كێتییه‌ به‌رامبه‌ر پارتى، كۆمه‌ڵیش روئیاو ستراتیژى خۆى هه‌یه‌ و پێناچێت ئه‌و هێلكانه‌ى له‌ سه‌به‌ته‌ى پارتى دایناون هه‌مووى بهێنێته‌وه‌ بۆ سه‌به‌ته‌ى یه‌كێتى و داواجاریش به‌ ده‌ستى خاڵى ده‌ربچێت و له‌ شه‌قامیش رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ ببێته‌وه‌.

یه‌كگرتووى ئیسلامیش ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ ده‌ستى به‌ راستكردنه‌وه‌ى بارى لارى خۆى كردووه‌، به‌شێكى زۆریان پێیان وایه‌ گوتاره‌ نه‌رمه‌كه‌یان و نزیكبوونه‌وه‌یان له‌ ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌وانى سووتاند، جگه‌ له‌وه‌ش یه‌كگرتوو كه‌ پێشتر له‌به‌ره‌ى نزیكتر له‌ پارتى باس ده‌كرا، ئێستا كه‌ ئاماده‌ نییه‌ ده‌ست بداته‌ پشتى پارتى پێناچێت هه‌رگیز ئاماده‌ بێت پشتى یه‌كێتى بگرێت و له‌گه‌ڵى بچێته‌ به‌ره‌وه‌، كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووش به‌دواى بۆشایى یه‌كه‌وه‌ن و هه‌ستیارى زۆریان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت بە هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كانى یه‌كدى له‌گه‌ڵ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان، بۆیه‌ش ئه‌گه‌رێكى لاوازه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌نگاوى له‌وجۆره‌ بنێت كه‌ بچێته‌ یارى نێوان یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌، یه‌كگرتوو ئه‌وه‌نده‌ به‌رچاوى روونه‌ كه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتى هیچ ناچنێته‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ره‌نگه‌ رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى خه‌ڵك و لایه‌نگرانى ببێته‌وه‌ به‌وه‌ى چووه‌ته‌ ناوى یارى ململانێى یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌، له‌ خراپترین دۆخدا یه‌كگرتوو پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر بییه‌ویت شتێك له‌ ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت و ده‌ستكه‌وتێكى هه‌بێت به‌مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، ئه‌وه‌ رێگاى نزیك بۆ ئه‌و پارتییه‌ نه‌ك یه‌كێتى، له‌ پارتى ده‌توانێت زوتر و زیاتر وه‌ربگرێت.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ نه‌وه‌ى نوێشه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌رابردوو كۆبوونه‌وه‌و رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێكى ده‌سه‌ڵات ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، به‌ ئاشكرایى كۆبوونه‌وه‌و چوونه‌ به‌ره‌ى یه‌كێتییه‌وه‌  قورس له‌سه‌ر ئه‌م هێزه‌ ده‌كه‌وێت و پێناچێت بوێرى ئه‌وه‌ى هه‌بێت كه‌ هه‌نگاوى له‌و جۆره‌ بنێت و له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بچێته‌ ناو یارییه‌كه‌وه‌، له‌كاتێكدا یه‌كێتى ئه‌و مانۆڕه‌ى بۆ ناچاركردنى پارتى ده‌ستپێكردووه‌ نه‌ك به‌ ئامانجێكى نیشتیمانى یاخود به‌ ئامانجى به‌رنامه‌یه‌كى چاكسازى، هه‌نگاوى له‌و جۆره‌ نه‌وه‌ى نوێ رووبه‌ڕووى گرفتى گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌و پرسیارى گه‌وره‌ترى له‌سه‌ر دروستده‌كات.

یه‌كێتى له‌ دۆخێكى وه‌هادا كه‌ پشتیوانى به‌غداى بۆ دوو ئیداره‌ى له‌ گیرفان نییه‌ و پشتیوانى لایه‌نه‌ ناوخۆییه‌كانیشى چنگ ناكه‌وێت، پێناچێت به‌ ئاسانى به‌ ئه‌نجام بگات و پارتى ناچار بكات و بهێنێته‌ ژێر بار، ئه‌گه‌رچى باس له‌هه‌وڵى ئێران ده‌كرێت بۆ پشتیوانى یه‌كێتى له‌پێناو دوو ئیداره‌یى، بۆیه‌ش دانوستانه‌كان ناچنه‌ پێش و یه‌كێتى زوو رێككه‌وتنه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێران ئه‌مه‌ وه‌ك كارتى فشار به‌كارنه‌هێنێت و جددى بێت له‌ دروستكردنى ئیداره‌یه‌كى نوێ ره‌نگه‌ به‌ به‌رچاوروونى زیاتره‌وه‌ له‌به‌غداوه‌ كارى بۆ بكردایه‌ و پێش هه‌مووشت به‌غداى ناچاربكردایه‌ كه‌ ده‌ست نه‌نێن به‌رووى یه‌كێتییه‌وه‌، یه‌كێتى بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد سه‌ردانى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانى كردوو وه‌ڵامى ئه‌رێنى ده‌ستنه‌كه‌وت لێیان، بۆیه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ئێرانییه‌ش باس ده‌كرێت، ره‌نگه‌ میكانیزم و فشارو كارتى سیاسى بێت له‌پێناو ئامانجى گه‌وره‌ترى تاران نه‌ك خوودى دوو ئیداره‌ییه‌كه‌ ئامانج بێت.