ڕاپۆرتی کوردستانی

04:37 - 31/03/2019

یاساى چاكسازى كه‌ى تێده‌په‌ڕێت و كێ به‌رده‌كه‌وێت؟‌

پەیسەر

له‌ چوارساڵى رابردوو زۆرترین مشتومڕ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى چاكسازى بوو، فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى خولى چواره‌م كاتێكى زۆریان به‌ باس و خواسى پرۆژه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ربردوو خه‌ڵكى پێوه‌ سه‌رقاڵكرا، له‌ ساته‌كانى كۆتاییدا پرۆژه‌كه‌ قڵپ بوویه‌وه‌و به‌وجۆره‌ى كه‌ خه‌ڵك ده‌یوست تێنه‌په‌ڕێندرا، ره‌خنه‌گرانى پرۆژه‌كه‌ گوتیان مووچه‌ زه‌به‌لاحه‌كان كه‌مى لێكراوه‌ته‌وه‌ و كه‌مه‌كانیش هیچى نه‌خراوه‌ته‌ سه‌ر، ئه‌وانه‌شى به‌ركه‌وتن له‌ پرۆژه‌كه‌ بێگومان نه‌یاربوون، ئێستا جارێكى دیكه‌ پرۆژه‌كه‌ هێنراوه‌ته‌ له‌نێو په‌رله‌مانى كوردستانه‌.

فراكسیۆنى گۆڕان و یه‌كگرتوو، پرۆژه‌یاسایان ئاماده‌كردووه‌و سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بێت له‌ دوومانگى یه‌كه‌مى حكومه‌ت چاكسازى بكه‌ن به‌ یاسا، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ ده‌ستپێده‌كات، بۆچوونى زۆر هه‌ن پێیان وایه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ تونێلێكدایه‌ به‌بێ یاساى چاكسازى ناتوانێت بێته‌ ده‌ره‌وه‌، بندیوارو مووچه‌خۆره‌ پله‌ به‌رزه‌كان بارى دارایى هه‌رێمى كوردستانیان زۆر قورسكردووه‌. 

رۆژی 30-12-2017 ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەكی بەناوی (چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان-عێراق) پەسەندكرد و رەوانەی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ پەسەندكردنی، دواى ساڵێك له‌ ته‌مووزى 2018 یاساكه‌ په‌سه‌ندكراو دواتر له‌ژێر فشارى خه‌ڵكى ناڕازیدا له‌ یاسا نوێیه‌كه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان واژۆیان نه‌كردوو گێڕایانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى كوردستان.

عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكى فراكسۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌وان سوورن له‌سه‌رئه‌وه‌ى دواى پێكهێنانى حكومه‌ت یه‌كه‌م یاسا په‌رله‌مان ده‌ستى بۆ به‌رزبكاته‌وه‌ یاساى چاكسازى بێت، بۆ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌ یاساكه‌یان ئاماده‌یه‌و به‌شێوه‌یه‌كى وردتر له‌ پرۆژه‌ یاساى پێشوو ئاماده‌كراوه‌، دوومانگى سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نى كابینه‌ى نۆیان دیاریكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یاساکە دەربچێت.

كێ به‌رده‌كه‌وێت؟

چه‌ند جۆرێك خانه‌نشینى نا یاسایى هه‌یه‌ كه‌ مووچه‌كانیان پێوه‌ده‌بێت و دواى تێپه‌ڕبوونى یاساكه‌ یاخود ده‌بڕێت یاخود كه‌م ده‌بێته‌وه‌، وا باس ده‌كرێت هه‌ندێكیش به‌تایبه‌ت ئه‌و خانه‌نشینانه‌ى مووچه‌ى كه‌میان هه‌یه‌ زیاد بكرێت.

-خه‌ڵكانێك به‌ وه‌زیر یاخود راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى خانه‌نشین بوون و ساڵى خزمه‌تیان نه‌بووه‌.
-به‌ لیواو عه‌مید و موقه‌ده‌م و پله‌ سه‌ربازییه‌كانى دیكه‌ خانه‌نشین كراون بێ ئه‌وه‌ى خزمه‌تیان هه‌بێت.
-ئه‌وانه‌ى دوو مووچه‌و سێ مووچه‌یان هه‌یه‌.
-ئه‌وانه‌ى به‌پێشمه‌رگه‌ى دێرین خانه‌نشین كراون و پێشمه‌گه‌رگایه‌تییان نه‌كردووه‌.
-به‌ كه‌مئه‌ندامى سه‌نگه‌ر مووچه‌ بۆ خه‌ڵكی بڕدراوه‌ته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى كه‌مئه‌ندامى سه‌نگه‌ر بێت.
-به‌شێك له‌ خانه‌نشینان خزمه‌تیان هه‌یه‌ به‌ڵام به‌ پله‌ى باڵاتر له‌ پله‌ى خۆیان خانه‌نشین كراون.
كۆى ژماره‌ى ئه‌م جۆرانه‌ى خانه‌نشینى به‌پێى ئاماره‌كانى په‌رله‌مانتاران ٧٠ هه‌زار مووچه‌ خۆرن، به‌ چاكسازیكردن له‌ مووچه‌كانیان وه‌ك ده‌گوترێت بڕه‌ پاره‌یه‌ك له‌نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌وجۆره‌ش ئاسانتر حكومه‌ت ده‌توانێت ده‌ره‌قه‌تى كێشه‌ى مووچه‌ بێـت، به‌ تایبه‌ت ئێستا خه‌ڵكانێكى زۆر چاوه‌ڕێى دامه‌زراندن و چه‌ند ساڵێكه‌ دامه‌زراندن بۆ ده‌رچووانى زانكۆ نه‌ماوه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت به‌ واسیته‌ى حزب خه‌ڵك داده‌مه‌زرێندرێت.

پاشه‌كه‌وتى مووچه‌.

به‌پێى پرۆژه‌كه‌ میكانیزمى دانه‌وه‌ى قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران لاى حكومه‌ت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێك دیاریكراوه‌.
-ژماره‌ حسابى بۆ مووچه‌ خۆران بكرێته‌وه‌و كۆى قه‌رزه‌كه‌ى تێدا دابنرێت.
-مووچه‌خۆر بتوانێت قه‌رزه‌كانى حكومه‌ت له‌و هه‌ژماره‌ بانكییه‌ بداته‌وه‌.
-قۆناغى سێیه‌م حكومه‌ت به‌شێك له‌ قه‌رزه‌كان بگێڕێته‌وه‌ بۆ مووچه‌خۆران.

به‌شێكى دیكه‌ى پرۆژه‌كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چاككردنى مووچه‌ی ئه‌و خانه‌نشینانه‌ى مووچه‌ى كه‌میان هه‌یه‌، عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێت، خه‌ڵك هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر خانه‌نشینى وه‌رده‌گرێت و له‌ سلێمانیش، چونكه‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كى خانه‌نشینى هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى ده‌زگایه‌كى خانه‌نشینى یه‌كگرتوو بوونى ده‌بێت، به‌ سیسته‌مێك هه‌ر خانه‌نشینێك دۆسیه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ ده‌بێت و هه‌موو زانیارییه‌كانى تێدا ده‌بێت.

جاری پێشوو نیگه‌رانى زۆر له‌سه‌ر مووچه‌ی پله‌ باڵاكان بوو بۆیه‌ش پرۆژه‌ یاساكه‌ رووناكى نه‌بینى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت، ئه‌و بابه‌ته‌"ئه‌وه‌نده‌ باش حه‌ل ده‌كه‌ین هیچ ناڕه‌زاییه‌ك نامێنێت و خه‌ڵك هه‌مووى ده‌ستخۆشى ده‌كات، به‌ڵام ده‌بێت حكومه‌ت پێكبێت و وه‌ك یه‌كه‌م یاسا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت".

فراكسیۆنى یه‌كگرتووش به‌هه‌مان شێوه‌ پڕۆژه‌یاساى چاكسازى پێشكه‌شكردووه‌، هیوایان هه‌یه‌ پرۆژه‌كه‌یان بخرێته‌ ناو په‌رله‌مانه‌وه‌و قسه‌ى له‌سه‌ر بكرێت، شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌یان ده‌ڵێت، ناوه‌رۆكى پرۆژه‌كه‌یان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى دیارده‌ى بندیواره‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ى قه‌رزى مووچه‌ خۆرانه‌ بۆ حكومه‌ت.

شێركۆجه‌وده‌ت بۆ په‌یسه‌ر باسى له‌وه‌كرد"به‌دڵنیاییه‌وه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى مووچه‌ ئاسانتر ده‌بێت، به‌پێى پرۆژه‌كه‌ خانه‌نشینى نابێت له‌ ٤٠٠ هه‌زار كه‌متربێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت یاساى خانه‌نشینى یه‌كگرتووى عێراقى جێبه‌جێبكرێت، كه‌ ٥٠ ساڵ تەمەن و ١٥ ساڵ خزمەتی کردووە بە مەرج بۆ خانەنشین بوون".

پاره‌ى ته‌رخانكراو بۆ مووچه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان دواى هه‌ڵگرتنى پاشكه‌وتى مووچه‌ نزیكه‌ له‌ ٩٠٠ ملیار دینار، به‌ گوته‌ى په‌رله‌مانتاران به‌ تێپه‌ربوونى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى ئه‌م رێژه‌یه‌ بۆ خوار ٨٠٠ ملیار داده‌به‌زێت، سه‌رچاوه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم ئێستا نزیكه‌ى ٧٢٠ ملیار دینار داهاتى مانگانه‌ى نه‌وت و ٥٢٢ ملیارى به‌غدایه‌. به‌ڵام له‌ پاره‌ى نه‌وت ٣٧٨ ملیارى بۆ مووچه‌ ره‌وانه‌ده‌كرێت و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ گوته‌ى خۆى ئه‌وه‌ى دیكه‌ى به‌ قه‌رز ده‌داته‌وه‌.

فراكسیۆنى پارتى ده‌ڵێت، پشتیوانى تێپه‌ڕاندنى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى ده‌كه‌ن له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش پرۆژه‌كه‌ى پێشوو حازره‌و كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، پێشه‌وا هه‌ورامانى گوته‌بێژى فراكسیۆنه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى"بۆ فراكسیۆنى پارتى پرۆژه‌ یاساى چاكسازى پرۆژه‌یه‌كى ئێجگار گرنگه‌، پاڵپشتى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵیداین، بندیوار هه‌ر به‌ كوفر ده‌زانین، ئه‌و یاسایه‌ تێپه‌ڕێندرێت زۆر یارمه‌تیده‌رى حكومه‌ت ده‌بێت، ئاسانتر ده‌توانرێت مووچه‌ دابینبكرێت".

زۆرینه‌ى فراكسیۆنه‌كان گوتاره‌كانى كاتى بانگه‌شه‌یان چاكسازى بوو، كاتى ئه‌نجامدانى چاكسازى له‌ گه‌یین ده‌رچووه‌و دره‌نگى كردووه‌، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر خولى نوێى په‌رله‌مانى كوردستان و حكومه‌تى نوێ قۆڵى چاكساى لێهه‌ڵنه‌ماڵن شه‌مه‌نده‌فه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم چیتر نه‌توانێت رێبكات، و كێشه‌كان تێكوپێكى بده‌ن، بۆیه‌ یاساى چاكسازى پێده‌چێت بۆ خه‌ڵك و هه‌م بۆ حكومه‌تیش فریادره‌س بێت.