ڕاپۆرتی کوردستانی

03:15 - 30/03/2019

لەكۆبونەوەكانی هەولێر چی رویدا؟ بۆچی یەكێتی و پارتی رێككنەكەوتن‌

پەیسەر

دوای 12 كۆبوونه‌وه‌ هێشتا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌ كابینه‌ی نوێ رێكنه‌كه‌وتوون، حیزبه‌كه‌ی تاڵه‌بانی به‌و پشكانه‌ی بۆی دیاریكراوه‌ دڵی ئاو ناخواته‌وه‌ و رازی نیه‌ و پارتیش هۆشداریی ده‌دات.

دوایین كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌ رۆژی 27ی ئازاری به‌ڕێوه‌چوو، كۆبوونه‌وه‌كه‌ هیچ هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ری بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م پێ نه‌بوو، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارتی به‌ داواكانی یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ رازی بوو جگه‌ له‌ پۆستی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم نه‌بێت، به‌ڵام یه‌كێتی سووربوو له‌سه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و دوو پۆسته‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ سلێمانی یەكێتی نیشتیمانی، پارتی ئازاد دەكات لەگرتنەبەری هەر هەنگاوێك بەئاراستەی پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، لەسەر ئەو بنەمایەش رۆژی 28ی مانگ پارتی دیموكراتی كوردستان پرۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی پێشكەش كرد، بەوەش یەكێتی و پارتی بەتەواوەتی لەیەكتر دووركەوتنەوە، بەڵام دووركەوتنەوەی ئه‌و دوو حیزبه‌ لە یەكتری  و بە بنبەستگەیشتنی دانیشتنەكانی ئۆكەی ئەمریكای لەسەر نادرێت و لە رێی پەیوەندی دیبلۆماسییەوە، ئەو دوو هێزە ناچار دەكات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.

گرێكوێرەكە جارێ دیار نیە ئەكرێتەوە یان نا؟
پاش فشارەكانی ئەمریكا لەسەر حیزبەكەی تاڵەبانی و بارزانی، رۆژی 29ی ئازار مەكتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە شاری هەولێر كۆدەبنەوە، كۆبوونەوەیەك كە پارتی بۆ ئەنجامەكەی بە پەرۆشە و چاوەڕوانی هەواڵی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەكات، هەر هەمان رۆژ بۆ رەوینەوەی گرژییەكان پەیوەندی تەلەفونی لەنێوان كۆسرەت رەسوڵ عەلی و مەسعود بارزانی ئەنجام دەدرێت  و ئەو پەیوەندیە تەلەفونییەی دەبێتە هەوێنی نزیكبوونەوەی ئەو دوو حیزبە.

یەكێتی نیشتیمانی داواكردبوو كە پارتی ژمارەی وەزارەتەكانی لەپێنج  وەزارەتەوە بۆ بكات بە شەش وەزارەت، هەرچەندە لە سەرەتادا پارتی ئەم داوایەی رەتكردبوەوە و بە یەكێتی راگەیاندبوو، حكومەت لە 19 وەزارەت پێكدێت و یەكێتیش 21 كورسی لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان هەیە ئەگەر شەش وەزارەت وەربگرێت ئەوە دەكاتە 31.5%ی وەزارەتەكان بەوەش لە  12.6% لەمافی یەكێتی زیاترە،بەڵام  بەهۆی پەیوەندییە تەلەفونییەكانی نێوانی ئەو دوو حیزبە فشارەكانی سەریان، سەر ئەنجام پارتی بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە بەسەركەوتوویی، بە داواكانی یەكێتی رازی دەبێت و وەزارەتەكانی (پێشمەرگە و تەندروستی و كشتوكاڵ و خوێندنی باڵا و شەهیدان و پلاندانان)ی پێدەدات، هەروەها سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتی یەكلایی بوونەوە.

بۆچی جارێكی تر رێكەوتنەكە شكستی هێنا؟
پارتی چاوی لەوەبوو كە قبوڵكردنی داواكانی یەكێتی و پێدانی زیاتر لە پشكی خۆی بە ئەمڕۆ (30ی ئازار) كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوەی نێوان حیزبەكەی و یەكێتی بەڕێوەبچێت، بەڵام لێدانی زەنگی مۆبایلەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی  لەلایەن بافڵا تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە، هەموو شتێكی ئاوەژوو كردەوە و رێسەكەی كردەوە بە خوری.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لەدوای قبوڵكردنی داواكانی لەلایەن پارتییەوە، زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتتی بە پشكی حیزبەكەی لە كابینەی نوێ رازی بوون، بەڵام جارێكی تر داواكانی یەكێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگییەوە بەرهەمی دوو كۆبوونەوە درێژەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دا بە ئاودا و كۆبوونەوەش لەگەڵ پارتی بۆ كاتێكی نادیار دواخست.

زانیارییەكانی بەردەستی پەیسەر ئاماژەی ئەوەی تێدایە، پاش بیستنی رێكەوتن لەگەڵ پارتی و قبوڵكردنی داواكانی یەكێتی لەلایەن ئەو حیزبەوە، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی داوا لە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەیان دەكەن، یەكێتی داوای جێگری وەزیری دارایی و جێگری وەزیری ناوخۆ و جێگری وەزیری سامانەسروشتیەكان و جێگری بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و 50%ی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بكات، بۆ زیادكردنی داواكارییەكانیش مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەتەلەفۆن پەیوەندی بەمەكتەبی سیاسی پارتیەوە دەكات و پێیان دەڵێن داوای چەند ئەو پۆستانەش دەكەن، بەڵام پارتی پێشنیاری دووەم رەتدەكاتەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتی بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكان لەلایەن یەكێتییەوە، ئەوە رادەگەیەنێت، لە كابینەی نوێ زیاتر لە پشكی خۆیان بۆ یەكێتی داناوە، بۆیە گوێیان ئەوان ئەو داواكارییە تازانەی یەكێتی نابیستی و هەركات بەو دوایین ئەو پۆستانەی بۆیان دیاریكراوە رازی بوون، ئامادەی كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە و ئیمزاكردنی رێككەوتنن نەك گفتوگۆكردن بۆ دابەشكردنی پۆستەكان.

پاش بیستنی دوایین وەڵامی پارتی شەوی 29ی مانگ جارێكی تر مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە و بەڵام لەنێوان بەرزكردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی خۆیان و رەفزكردنەوەی لەلایەن پارتییەوە، چارەسەرێكی مامناوەندیان بۆ نەدۆزرایەوە. بۆیە لەبری كۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی لە شاری هەولێر بەشێك لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی رێگای سلێمانیان گرتەبەر و گەڕانەوە. چونكە پارتی بە روونی ئەوەی بە مەكتەبی سیاسی یەكێتی راگەیاندبوو بە داواكەی خۆتان كە قبوڵكراوە رازیین كۆبوونەوەكە بۆ رێككەوتن دەكرێت و پێویست بە كۆبوونەوە ناكات لەسەر پۆستەكان.

هۆشدارییەكەی پارتی و كۆبوونەوەی پەرلەمان
بەهۆی رێكنەكەوتنی یەكێـتی و پارتی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانیش پەكی كەوتووە، پارتی كە خواستی هەموواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و دیاریكردنی سەرۆكی هەرێمە، پەلەیەتی تا هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ كە دوو وەرزی ساڵی تێپەڕاندووە كۆتایی پێبهێنێت، خواستی بارزانی و پارتی ئەوەیە سەرۆكی هەرێم بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتار بچێتە سەر كورسی دەسەڵات و یەكێتیش ئۆكەیی و دەنگی بۆ نێچیرڤان بارزانی بێت، بەڵام داواكانی یەكێتی بڕستی لە پارتی بڕیوەو وەك خۆی هۆشداریداوە، پێدەچێت سەبری ئەیوب كۆتایی پێبێنێت .

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، لەسەر زیادكردنی داواكانی و بیانوو هێنانەوە بۆ رێككەوتن و نەچونە پێشەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان هۆشداری ئەوەی داوە بە یەكێتی دوای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر فراكسیۆنی یەكێتی نەگەڕێتەوە بۆ كۆبونەوەكانی پەرلەمان و دەنگ بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم نەدات ئەوە پارتیش دەنگ بەكاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكی پەرلەمان نادات.

هەروەها لە هۆشدارییەكەشیاندا ئەوەشیان بە یەكێتی راگەیاندووە، ئەگەر یەكێتی دەنگ بۆ كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی حكومەت نەدات ئەوە پارتیش دەنگ بۆ كاندیدی یەكێتی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت  و كاندیدەكانی یەكێتی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان نادات.