ڕاپۆرتی کوردستانی

08:04 - 28/03/2019

هۆكاره‌كانى پشت په‌رده‌ى رێكنه‌كه‌وتنى یه‌كێتى و پارتى‌

پەیسەر

داواجار ریسى دانوستان و رێككه‌وتنه‌كانى یه‌كێتى و پارتى بووه‌وه‌ خورى، ئه‌وه‌ى پێنج مانگ خه‌ریكیبوون له‌ ساتێكدا گه‌یاندیانه‌ بنبه‌ست، كار كه‌وتووه‌ته‌ ته‌له‌فۆن و ته‌له‌فۆنكارى، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ساردوسڕى زۆرى پێوه‌ دیاره‌، به‌ پشت ترازانى ئه‌و دولایه‌نەوە هۆكارگه‌لى زۆر هه‌ن، ره‌نگه‌ دیمه‌نه‌كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تربێت به‌رپرسانى هه‌ردوولا له‌سه‌ر مێزى دانوستان پیشانى ده‌ده‌ن، چه‌ند هۆكارێك هه‌ن كه‌ ره‌نگه‌ له‌ سه‌رووى ئیراده‌و ویستى خودى ئه‌و دوولایه‌نه‌شه‌وه‌ بێت، بۆنى ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێم و ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ هاوكێشه‌یه‌كى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى ئاڵۆزه‌وه‌ گلابێت.

هه‌ردوو حزب ١٢ كۆبوونه‌وه‌یان كرد بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئه‌نجام بگه‌ن، چاوه‌ڕوانده‌كرا دواى ئه‌وه‌ى به‌ واژۆى نوێنه‌ره‌كانیان له‌ كۆمسیۆن ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان په‌سه‌ندكرد ٤٥ كورسى بۆ پارتى و ٢١ بۆ یه‌كێتى، پێكهێنانى حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ مه‌حاڵ نه‌بێت، به‌ڵام پرۆسه‌كه‌ له‌وه‌ ئاڵۆزتربوو كه‌ پێشبینى ده‌كرا، هه‌رچه‌ند هه‌ردوولا لایه‌نى سه‌ر مێزى دانوستانن به‌ڵام چاوه‌كان زۆرتر له‌سه‌ر یه‌كێتین، ئه‌و حزبه‌ زوو داواكانى ده‌گۆڕێت و به‌رزیان ده‌كاته‌وه‌، ده‌ڵێـت ئه‌گه‌ر هاوبه‌شى راسته‌قینه‌ مسۆگه‌رنه‌كات به‌شدار نابێت، ناوبه‌ناو له‌رێگه‌ى به‌رپرسه‌كانیشیه‌وه‌ په‌یامى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وان نابنه‌ ئۆپۆزسیۆن و بێ ئه‌وانیش حكومه‌ت پێكنایه‌ت، له‌پشت ئه‌و جیڕییه‌ى یه‌كێتییه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن كه‌ حزبه‌كه‌ى خستووه‌ته‌ ئاڕاسته‌یه‌ك ره‌نگه‌ لادان لێى بڕیارى سه‌روترى بوێت.

-پێده‌چێت بڕیارده‌رى كۆتایى ئه‌ندامى شاندی سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كان نه‌بن، ئێران له‌ پشت په‌رده‌وه‌ رۆڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌گێڕێت و ده‌ستى له‌ناو دانوستانه‌كاندایه‌، بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕاى واژۆكردنى دوو رێككه‌وتن، دۆخه‌كه‌ چووه‌وه‌ خاڵى سه‌ره‌تا، ته‌نانه‌ت له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ پێشتر زه‌مینه‌ به‌ جۆرێك سازكرابوو هه‌ر به‌ته‌له‌فۆن هه‌ردوولا شتێكى ئه‌وتۆیان نه‌هێشتبووه‌وه‌، زانیارى ته‌واو هه‌بوو كه‌ بۆ رێككه‌وتن به‌ربه‌ستى ئه‌وتۆ نه‌ماوه‌، به‌ڵام رۆژێك دواتر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ شتى پێچه‌وانه‌ روویدا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس كۆبوونه‌وه‌ى پێشتر كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى ئاماده‌یبوو و له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، شاندى یه‌كێتى به‌ شاندى پارتییان گوتبوو، كه‌ ئێوه‌ ماده‌م ده‌سه‌ڵاتى بڕیارتان لانییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئاینده‌ پێویسته‌ كه‌سێكى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ئاماده‌بێت، پارتى ئه‌مه‌ى په‌سه‌ندكردبوو بڕیاربوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ دووكان بكرێت و نێچیرڤان بارزانى یاخود مه‌سرور بارزانى ئاماده‌بێت، به‌ڵام چه‌ند كاتژمێرێك پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ یه‌كێتى به‌ پارتى گوتووه‌، كه‌ ئاستى شانده‌كه‌ى دابه‌زاندووه‌و بافڵ تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌شدار نابن، بۆیه‌ پارتیش ئاستى شانده‌كه‌ی دابه‌زاندووه‌و نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى به‌شدارنه‌بوون.

ره‌تكردنه‌وه‌ى به‌شدارى بافڵ تاڵه‌بانى و به‌رپرسه‌ باڵاكانى یه‌كێتى له‌و كۆبوونه‌وه‌ كه‌ بڕیاربوو یه‌كلا كه‌ره‌وه‌بێت و یه‌كێتى خۆى داوایكردبوو ئاستى شانده‌كان به‌رزبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى لێده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتى پێش وه‌خت دڵى به‌رێككه‌وتنه‌وە نه‌بوو، ئه‌وه‌ش پێناچێت بڕیارى خۆى بووبێت، ئێران له‌مه‌دا رۆڵێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بینێت، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك زانیارى نافه‌رمى هه‌ن كه‌ حه‌سه‌ن رۆحانى له‌ دوایین سه‌ردانى بۆ عێراق له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق باسى له‌ دوو ئیداره‌یى كردووه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، ئه‌گه‌ر ئێران خواستێكى له‌م جۆره‌ى هه‌بێت ئاینده‌ى سلێمانى و حكومه‌تى یه‌كگرتووى هه‌رێم بۆ ماوه‌یه‌كى نادیار ده‌كه‌وێته‌ گیژاوه‌وه‌، به‌وپێیه‌ى ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ى دانوستانه‌كاندا دووجار به‌ فه‌رمى هۆشدارى به‌ یه‌كێتى دابوو له‌وه‌ی هه‌وڵ بۆ ئه‌و بژارده‌یە نه‌دات، دۆخه‌كه‌ به‌ جۆرێك دێته‌ پێش چاو كه‌ یه‌كێتى نه‌بتوانێت پشت له‌ ئێران بكات و زوو خۆى بخزێنێته‌ حكومه‌ت نه‌ بشتوانێت پێچه‌وانه‌ى شه‌پۆلى ئه‌مریكا سه‌وڵ لێبدات و خۆى غه‌رق بكات، بۆ دۆخێكى له‌م جۆره‌ یاریكردن به‌كات لانى كه‌مى چاره‌سه‌ره‌ تا شتێك له‌ هاوكێشه‌كه‌ ده‌گۆڕێت.

_ئه‌گه‌رچى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر پۆسته‌كان هۆكارێكى سه‌ره‌كى ساغ نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و حزبه‌ بوو، به‌ڵام پێناچێت ئه‌وه‌ گرفته‌ زۆر گه‌وره‌بێت، له‌ ئه‌گه‌رێكى وه‌هادا رێكخستنى باڵه‌ ناكۆكه‌كانى یه‌كێتى له‌سه‌ر پۆسته‌كان كارێكى ئه‌سته‌م نابێت بۆ ئێران، له‌ ساده‌ترین خوێندنه‌وه‌دا بۆ دۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئێران خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت یه‌كێتى و پارتى زوو پێكبێن له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مدا یه‌كێتى ده‌باته‌ حكومه‌ته‌وه‌ و ناچارى رێككه‌وتنى ده‌كات، ره‌نگه‌ سیحرى كه‌م ده‌ركه‌وتنى بۆشایى كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیش هه‌ر ئه‌وه‌بێت كه‌ هیچ باڵێكى یه‌كێتى نه‌یه‌وێت موجازه‌فه‌ بكات له‌كاتێكدا ئاگاداربێت كه‌ ئێران به‌چڕى له‌سه‌ر خه‌ته‌، هه‌ر ئاڕاسته‌یه‌كى یه‌كێتى بێ خواستى ئێران هه‌نگاو بنێت ترسى سزاى ئه‌و وڵاته‌ى ده‌بێت، بۆیه‌ له‌ مه‌سه‌لەى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى ئه‌گه‌رچى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ژماره‌یەك له‌ مه‌كته‌بى سیاسى له‌گه‌ڵ رێككه‌وتنن به‌ڵام بۆ راى گشتى ئه‌وه‌ به‌یان ناكه‌ن هه‌ر لایه‌ك واخۆى پیشان ئه‌دات سووربێت له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى حزبه‌كه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بنه‌مادا داواكارییه‌كان پرۆژه‌یه‌كى ئێرانى بێت بۆ رێكنه‌كه‌وتن، لادان لێى هه‌روا ئاسان نابێت و مه‌ترسیداره‌.

ره‌نگه‌ باڵى ماڵى تاڵه‌بانى و به‌رهه‌م ساڵح وردتر ئاگادارى ئه‌م یارییه‌بن، بافڵ تاڵه‌بانى ئه‌م دواییانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كان دووركه‌وته‌وه‌و له‌ دووكۆبوونه‌وه‌ى كۆتایى به‌شدارى نه‌كرد، لاهور شێخ جه‌نگیش به‌شداربوو، به‌ڵام میدیاكانى لاهور شێخ جه‌نگى تا چه‌ند كاتژمێرێك پێش كۆبوونه‌وه‌كه‌ش بابه‌تى زۆرتوندیان له‌سه‌ر پارتى بڵاوده‌كرده‌وه‌ وشه‌ى"خیانه‌ت، گه‌وره‌ترین درۆى سه‌ده‌"یان دایه‌ پاڵ پارتى و یاده‌وه‌رى رۆژانى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ریان گه‌رمكرده‌وه‌، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو به‌رپرسه‌  پێش وه‌خت ده‌ستیان له‌رێككه‌وتن شتبێت و ئاگادارى پشتى رووداوه‌كان بووبن. به‌رهه‌م ساڵحیش باس له‌وه‌ده‌كرێت ده‌ستى له‌ناو دانوستانه‌كاندایه‌ و له‌م قۆناغه‌دا هاوڕێى كۆسره‌ت ره‌سوڵ نییه‌ و ده‌ستى هه‌یه‌ له‌ گۆڕینى داواكارییه‌كانى یه‌كێتى، ئه‌و زیاتر له‌ هه‌ركه‌س پێویستى به‌ پشتیوانى ئێرانه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت هه‌وڵێكى شیعه‌كان هه‌یه‌  بۆ گۆڕینى هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق و ئه‌گه‌ر ئێران پشتى ئه‌و هه‌وڵه‌ بگرێت گێژه‌ڵوكه‌کە به‌رهه‌م ساڵحیش هه‌ڵده‌لوشێت.

_خودى مه‌سعود بارزانى دوایین كۆبوونه‌وه‌ له‌رێگه‌ى ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ ئاماده‌یى هه‌بوو دوایین سات به‌ راسپارده‌ى ئه‌و داواكارییه‌كانى یه‌كێتى ره‌تكرایه‌وه‌ و په‌سه‌ند نه‌كران، ته‌نانه‌ت رۆژێك پێش كۆبوونه‌وه‌ بارزانى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وه‌ڵامى عه‌بادى دابوویه‌وه‌ قسه‌ى ئێجگارى توندى به‌رامبه‌ر باڵى ده‌ستڕۆیشتووى یه‌كێتى كردبوو، گوتبووى ئه‌وانه‌ى هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ عه‌بادى كرد"خیانه‌تكار و نیشتیمان فرۆشن"، ئه‌و قسانه‌ى بارزانى و ڤیتۆكه‌شى بۆ داواكانى یه‌كێتى جێى پرسیارن، ئایا بارزانى یارییه‌كه‌ى پشته‌وه‌ ده‌بینێت وا له‌رۆژانى دانوستان قسه‌ى ئاگرین ده‌كات؟ ئایا له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ ده‌بێت دواجار بچێت له‌گه‌ڵ ئێران دانوستان بكات، بۆیه‌ش ئیدى له‌وه‌ زیاتر نازى یه‌كێتى هه‌ڵناگرێت؟

ئامانجى ئێران
پێده‌چێت ئامانجى ئێران ته‌نها خودى حكومه‌تى هه‌رێم و یه‌كێتى و پارتى نه‌بێت، بۆ ئێران ئه‌م بابه‌ته‌میكانیزێک بێت بۆ سیاسه‌تێكى گه‌وره‌ترى هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تى، ئێستا له‌هه‌ركات بۆ ئێران قۆناغه‌كه‌ هه‌ستیارتره‌، ئه‌مریكا و رۆژئاوا ته‌نگیان پێهه‌ڵچنیوه‌و ئه‌ویش به‌هه‌موو هێزى خۆیه‌وه‌ له‌ناوچه‌كه‌ رووبه‌ڕووى خواستى ئه‌مریكییه‌كان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا پرۆژه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ عێراق ده‌ستداوه‌تێ و تره‌مپ وه‌ك بڵێى باسى ویلایه‌تێكى وڵاته‌كه‌ى ده‌كات كاتێك باسى عێراق ده‌كات.

له‌ سوریاش تره‌مپ به‌رزاییه‌كانى جولانى پێشكه‌شى دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ى ئێران كرد و به‌خاكى ئیسرائیلى ناساند، ئه‌مریكا كارده‌كات بۆ قۆناغى دواى داعش لە سوریا و له‌قاڵبدانى رۆڵى ئێران و گه‌وره‌كردنى هه‌ژمونى ئیسرائیل به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌وه‌، له‌ عێراق ئه‌مریكا عێراقێكى یه‌كگرتوو و بێ كێشه‌ى ده‌وێت، هه‌رێمێكى كوردستانى یه‌كگرتوو و حكومه‌تێكى به‌هێزى ده‌وێت بۆ هه‌رێم، ئه‌مه‌ى چه‌ندین جار دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌م خواسته‌ی واشنتن له‌گه‌ڵ خواستى پارتى هه‌ندێك یه‌كده‌گرێته‌وه‌ پارتیش خه‌ون به‌ هه‌ولێرێكى به‌هێزه‌وه‌ ده‌بینێت، بێگومان ئێران به‌رامبه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌سته‌وه‌ستان نابێت و له‌سه‌ر سینییه‌كى زێڕین هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌شى ئه‌مریكا ناكات، بۆیه‌ مانه‌وه‌ى دۆخى ئێرە بارمته‌یه‌كى خراپ نییه‌ بۆ ئه‌م دۆخه‌ى.

-زۆرجار باس له‌وه‌ده‌كرێت له‌عێراق و سوریا هه‌ندێك بارودۆخ ئێران و ئه‌مریكاشى له‌سه‌ر خه‌تێك كۆكردووه‌ته‌وه‌، وه‌ك دژایه‌تى داعش و پێكهێنانى حكومه‌تێكى به‌هێز له‌ به‌غدا، له‌گه‌ڵ سنورداركردنى رۆڵى توركیاش له‌ سوریا، ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ دۆخى هه‌رێمى كوردستانیش راستبێت هه‌ردوولا هه‌رێمێكى كوردستانى یه‌كگرتوویان بوێت و ئێران دژى دابه‌شكردنى هه‌رێم بێت، ئه‌وا هێشتا ئێران ده‌یه‌وێت دڵنیابێت كه‌ بڕیارده‌رى كۆتایى له‌ هه‌رێمى كوردستان خۆیه‌تى و ئه‌گه‌ر به‌رژەوه‌ندییه‌كانى ئێران لێره‌ پارێزراو نه‌بێت پرۆسه‌ى سیاسیش دروست نابێت و كیانى یه‌كگرتووى هه‌رێمى كوردستان له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت.

_ ئامانجێكى دیكه‌ى ئێران ره‌نگه‌ ناچاركردنى پارتى بێت بۆ ئه‌وه‌ى دواجار له‌گه‌ڵ ئێران دانوستان بكات بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت، به‌وجۆره‌ ئێران گره‌نتى له‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردستان ده‌وێـت و ده‌زانێت پارتى قسه‌كه‌رى سه‌ره‌كى هه‌رێمى كوردستانه‌، ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمى كوردسان له‌نێوان ئه‌مریكاو ئێران هه‌رگیز نه‌توانێت یه‌كه‌میان هه‌ڵبژێرێت گۆڕه‌پانێكى ئارام بێت بۆ ئه‌وه‌ى ململانێیه‌ى له‌گه‌ڵ زلهێزترینى جیهان ده‌ستى داوه‌تێ، بێگومان بۆ پارتى بژارده‌ى له‌م جۆره‌ قورسه‌ وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ بیه‌وێت خه‌ڵوز له‌ گڕدا ده‌ربهێنێت و ده‌ستى نه‌سوتێت، چونكه‌ ئه‌مریكاش چاودێرى توندى له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌ هه‌یه‌ و بۆ واشنتن هه‌رێمى كوردستان و به‌ تایبه‌ت سلێمانى جوگرافیایه‌كى ئاڵتونییه‌ بۆ ئه‌و یارییه‌ى سه‌رقاڵیه‌تى له‌گه‌ڵ ئێران.

-ره‌نگه‌ ئێران بیه‌وێت ئه‌مریكا له‌و واقیعه‌ تێبگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌بێ تاران ناڕوات به‌ڕێوه‌و ئه‌مریكا ناچاربێت هاوشێوه‌ى به‌غدا ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رم بكات له‌گه‌ڵ واقیعى باڵاده‌ستى ئێران، به‌وجۆره‌ش بۆ ئه‌مریكا ئاسان نه‌بێت هه‌رێمى كوردستان بكاته‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ سزاى ئێرانى پێبدات و حكومه‌تى هه‌ولێر ناتوانێت پابه‌ندى هه‌رجۆره‌ سزایه‌ك بێت ئه‌گه‌ر دژى ئێران بێته‌ گۆڕێ، ئێران ده‌شیه‌وێـت دڵنیابێت كه‌ هه‌رگیز هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت ببێت به‌ به‌شێك له‌و پرۆژه‌و هاوپه‌یمانییه‌ى له‌ئێستاو ئاینده‌ دروست ده‌بن بۆ سنورداركردنى رۆڵى ئێران.

دۆخه‌كه‌ بۆ وڵاتان هه‌رچۆن بێت شاخلێكگیرانى ئه‌م دووهێزه‌ له‌سه‌ر خاكى هه‌رێمى كوردستان بۆ خه‌ڵكى كوردستان مایه‌ى دوودڵى و مه‌ترسى زۆره‌، دۆخه‌كه‌ وادێته‌ پێش چاو چاره‌نوسى هه‌رێمى كوردستان بكه‌وێته‌ گیژاوێكه‌وه‌ دواجار ده‌بێت یه‌كێك له‌و دوو وڵاته‌ له‌ خنكان رزگارى بكه‌ن، هه‌رلایه‌كیش ده‌ستى هه‌رێم بگرێت لایه‌كه‌ى دیكه‌ له‌ سزادانى هه‌رێم دوودڵ نابێت، كات ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان چۆن له‌و داوه‌ دێته‌ ده‌رێ و خۆى له‌ ته‌پوتۆزى مه‌ترسییه‌كان ده‌ته‌كێنێت، لایه‌نه‌كان ئیراده‌ى تێپه‌ڕاندنى ئه‌و مه‌ترسییه‌یان هه‌یه‌ یاخود خۆیان له‌ یارییه‌كه‌وه‌ ئاڵاون و قاچیان له‌ ته‌لبه‌ندى زلهێزه‌كان نابێته‌وه‌.