ڕاپۆرتی کوردستانی

03:53 - 25/03/2019

زانیارییه‌كانى ناو كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى‌

پەیسەر

یه‌كێتى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى مەکتەبی سیاسی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ى بۆی دیاریكراوه‌و ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ داواى ده‌كات، دوو بۆچوونى جیاواز له‌ناو مه‌كته‌بى سیاسى هه‌بوون، داواكارییه‌كانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵى تاڵه‌بانى جیاوازبوون.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ بووه‌ كه‌ پارتى بۆ یه‌كێتى دیاریكردووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و پۆستانه‌ش كه‌ یه‌كێتى داوایان ده‌كات، باڵى ماڵى تاڵه‌بانى داواكارى زیاتریان هه‌بووه‌ هه‌م له‌ پارتى و هه‌م له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵیش.

باڵى ماڵى تاڵه‌بانى بۆچوونیان وابووه‌ كه‌ یه‌كێتى دوو وه‌زاره‌تى سیادى و چوار وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزارى وه‌ربگرێت، له‌گه‌ڵ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تن به‌ڵام ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆچوونیان وابووه‌ كه‌ یه‌كێتى به‌ یه‌ك وه‌زاره‌تى سیادى و پێنج وه‌زاره‌تى خزمه‌تگوزارى به‌شدارى حكومه‌ت بكات.

باڵى ماڵى تاڵه‌بانى بۆچوونیان وابووه‌ كه‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى كه‌ لاى یه‌كێتى نابن و به‌ر لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ده‌كه‌ون، ده‌بێت بریكار یاخود به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌ته‌كه‌ یه‌كێتى بێت، به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆچوونى وابووه‌، كه‌ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى لاى گۆڕانن ئه‌گه‌ر بریكاره‌كانیان یه‌كێتیش نه‌بێت ئاساییه‌.

كاندیده‌كانى یه‌كێتى 

له‌سه‌ر كاندیدى ئه‌و پۆستانه‌ى به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌ون، له‌ناوخۆى یه‌كێتى رێككه‌وتن نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر كاندیده‌كان، به‌جۆرێك باڵى ماڵى تاڵه‌بانى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى خواستی خۆیان راگه‌یاندووه‌ بۆ وه‌رگرتنى، پۆسته‌كانى، جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، سه‌رۆكى په‌رله‌مان، جێگرى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش، وه‌زاره‌تى ناوخۆ، هه‌رچه‌ند وه‌زاره‌تى ناوخۆ تا ئێستا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وە كه‌ بۆ یه‌كێتى ده‌بێت.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و داواكارییه‌ى باڵى ماڵى تاڵه‌بانى، كۆسره‌ت ره‌سوڵ داوایكردووه‌ چوار وه‌زاره‌تى پێبدرێت كه‌ خۆى كاندیده‌كانى دیاریبكات رۆشنبیرى و خوێندنى باڵاو شه‌هیدان باسکراون، شاڵاو عه‌لى عه‌سكه‌رى كاندیدى یه‌كێك له‌و وه‌زاره‌تانه‌یه‌ كه‌ به‌ر كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كه‌ون، كاندیدى هیچ كام له‌ پۆسته‌كان تا ئێستا رێككه‌وتنى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌و بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ پۆسته‌كان دوو كاندید یاخود زیاتر هه‌یه‌.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت سبه‌ینێ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى كۆببێته‌وه‌ بارودۆخى یه‌كێتى و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كان تاووتوێ بكات، یه‌كێتیش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجامێكى ئه‌وتۆ بۆیه‌ نه‌ كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى نه‌ به‌یاننامه‌یان نه‌بووه‌، به‌وپێیه‌ى بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى دوو ئاڕاسته‌ى جیاواز له‌ناو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى بوونى هه‌یه‌.

بڕیاره‌ ٢٧ی ئه‌م مانگه‌ یه‌كێتى و پارتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ بكه‌ن، كه‌ پێده‌چێت دوایین كۆبوونه‌وه‌ى پێش هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى بێت، ساغ نه‌بوونه‌وه‌ى ناوخۆى یه‌كێتى ئه‌گه‌رى رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ پارتى كزكردووه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ و پێده‌چێت پارتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى دیكه‌ ده‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانى بۆ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و راسپاردنى مه‌سرور بارزانى بۆ پێكهێنانى كابێنه‌ى نوێى حكومه‌ت ده‌ستپێبكات.