ڕاپۆرتی کوردستانی

03:39 - 23/03/2019

چاره‌نووسى رێككه‌وتنى ٤ى ئازار له‌نێوان ئاڕاسته‌ ناكۆكه‌كانی یه‌كێتیدا‌

پەیسەر

چاره‌نووسى رێككه‌وتنى چوارى ئازارى یه‌كێتى و پارتى، له‌نێوان هه‌ردوو باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵى تاڵه‌بانى كه‌وتووه‌ته‌ گێژاوه‌وه‌، زانیارى هه‌ن كه‌ ئاڕاسته‌ى ماڵى تاڵه‌بانى خواستى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ واژۆى خۆیان بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى واژۆى كۆتایى بێت، نه‌ك ئه‌و واژۆیه‌ى له‌ ئێواره‌ى چوارى ئازار له‌ باڵه‌خانه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌ هه‌ولێر له‌پێش چاوى میدیاكان كرا، بۆیه‌ش له‌م كۆبوونه‌وه‌ى دواییان له‌گه‌ڵ پارتى، بافڵ تاڵه‌بانى به‌ قسه‌كانى، پارتى له‌م په‌یامه‌ تێگه‌یاندووه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى، كه‌ ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى پارتییه‌ له‌ گفتوگۆیه‌كى حزبه‌كه‌یدا گوتوویه‌تى، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى چوارى ئازار له‌گه‌ڵ باڵى ماڵى تاڵه‌بانى بكرایه‌ ئێستا حكومه‌ت پێكهاتبوو، ئه‌وان ئاگادارن كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى نایانه‌وێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سه‌ربگرێت له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌ندازیارى بووه‌و له‌رێگه‌ى نامه‌گۆڕینه‌وه‌كه‌ى ئه‌و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى هاتووه‌ته‌ دى، بۆیه‌ش قسه‌یان له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ جیاوازه‌.

دوایین په‌یامى بافڵ تاڵه‌بانى

دواى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نێوانى یه‌كێتى و پارتى ته‌نها چه‌ند رۆژێك ئاماژه‌ى باشى تێدابوو، دیسانه‌وه‌ ته‌قه‌ى تێكه‌وت، بافڵ تاڵه‌بانى كه‌ قسه‌كه‌رى باڵى ماڵى تاڵه‌بانییه‌و ئێستا وه‌ك كه‌سى یه‌كه‌مى ئه‌و باڵه‌و پیاوى ده‌ستڕۆیشتووى یه‌كێتى باس ده‌كرێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ى چوارى ئازار به‌شدارى نه‌كرد، كه‌ رێككه‌وتنى تێدا واژۆكرا، له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى بافڵ تاڵه‌بانى به‌جۆرێك قسه‌ى كردووه‌ كه‌ رێككه‌وتن له‌ ئارادا نه‌بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ ١٩ی ئازار بەڕێوەچوو له‌ شاندى یه‌كێتى، بافڵ تاڵه‌بانى، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ، له‌تیف شێخ عومه‌ر، عیماد ئه‌حمه‌د، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، عه‌دنانى حه‌مه‌ى مینا و لاهور شێخ جه‌نگى ئاماده‌ى بوون، بافڵ تاڵه‌بانى قسه‌كه‌رى یه‌كێتى بووه‌و ته‌نها ئه‌و په‌یامى یه‌كێتى به‌ شاندى پارتى گه‌یاندووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌ندامه‌كانى دیكه‌ى شانده‌كه‌ هیچ قسه‌و سه‌رنجێكى ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌.

بافڵ تاڵه‌بانى داواكارییه‌كانى حزبه‌كه‌ى دووپاتكردووه‌ته‌وه‌ گوتوویه‌تى ئه‌وان وه‌ك یه‌كێتى ده‌یانه‌وێت بڕیارده‌رى راسته‌قینه‌ بن له‌ پرۆسه‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان، له‌ به‌رامبه‌ردا شاندى پارتى گوتوویانه‌ ئه‌وان بۆ كۆبوونه‌وه‌ى خوداحافیزى هاتوون چونكه‌ كات دره‌نگه‌و ئیتر ده‌بێت ده‌ست به‌ هه‌موارى یاساى سه‌رۆكایه‌تى و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم بكرێت، دواتر گوتوویانه‌ ئه‌وان ناتوانن هیچ بڕیارێك بده‌ن بۆیه‌ داواكارییه‌كانى یه‌كێتى ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌رووى خۆیان. ره‌نگه‌ په‌یامى پشت ئه‌و پێداگرییه‌ى بافڵ تاڵه‌بانى ئه‌وه‌بێت كه‌ قسه‌ى كۆتایى لاى ئه‌وانه‌و هه‌رخۆیان ده‌توانن یه‌كێتى له‌گه‌ڵ پارتى بسازێنن.

  

بیرۆكه‌ى گۆڕینى شاند
دوایین كۆبوونه‌وه‌یان هه‌ردوولا ئه‌ندامانى شانده‌كانیان گۆڕى به‌ڵام له‌ یه‌كێتى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى، كه‌ وا باس ده‌كرێت دانوستانكارى سه‌ره‌كى ئه‌و حزبه‌ بن له‌ شانده‌كه‌ مابوونه‌وه‌، پارتى به‌ شاندێكى لاوازتر به‌شداریكردوو ته‌نها كه‌مال كه‌ركوكى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى ئه‌ندامى شانده‌كه‌ بوو، ئه‌وانى دیكه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى و یاخود پله‌ى خوارتریان هه‌بوو، ئه‌وه‌ش وادێته‌ پێش چاو كه‌ پارتى له‌گه‌ڵ باڵى ماڵى تاڵه‌بانى به‌ شاندى گه‌وره‌ به‌شدار نابێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌شدار ده‌بێت، له‌ پارتى نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى ئاماده‌ى بوون.

لاسه‌نگى پارتى له‌نێوان باڵه‌كان

پارتى له‌م قۆناغه‌ نوێیه‌داو له‌ ده‌ستپێكى دانوستانه‌كانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كات، خودى مه‌سعود بارزانیش نامه‌و په‌یامه‌كانى هه‌ر بۆ ئه‌ون، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌شى له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى كرا هیچ ئه‌ندامێكى ماڵى تاڵه‌بانى تێدا به‌شدار نه‌بوون، ئێستاش له‌ دانوستانه‌كان وه‌ك پیاوى یه‌كه‌مى یه‌كێتى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كه‌ن، به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ بۆچوونێك دروست بووه‌ كه‌ پارتى هاوسه‌نگى له‌نێوان باڵه‌كانى یه‌كێتى تێكداوه‌و ته‌نها گرنگى به‌ باڵێك ده‌دات، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك گۆڕانكارییه‌ له‌ سیاسه‌تى پارتى چونكه‌ پێشتر زۆرتر مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى له‌گه‌ڵ باڵى ماڵى تاڵه‌بانى ده‌كرد.

ئه‌م درزه‌ى نێوان پارتى و ماڵى تاڵه‌بانى له‌ ١٦ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستیپێكرد، له‌ ٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ به‌هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار گه‌وره‌بوو و بووه‌ قڵیش، ره‌نگه‌ هه‌م پارتى و هه‌م ماڵى تاڵه‌بانیش زیانیان له‌م كه‌لێنه‌ى نێوانیان كردبێت، چونكه‌ باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ پارتى به‌س نییه‌و پارتى دووچارى سه‌رئێشه‌ ده‌بێت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌و باڵه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، هه‌م ماڵى تاڵه‌بانیش دوورییان له‌ پارتى و بارزانییه‌و له‌ قازانج نابێت.

  رێبوار كه‌ریم وه‌لى نوسه‌رى نزیك له‌ پارتى له‌ دوایین گوتاریدا باسى تێكچوونى ئه‌و هاوسه‌نگییه‌ى نێوان باڵه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت، پارتی تەنانەت ئەو كاتەی لە كابینەی هەشتەمدا، وەكو شەریكی سیاسی و حوكمڕانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا رێككەوت، موڕاعاتی وەزعی ناوخۆی یەكێتیی كرد و باڵانسی نێوان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵی تێك نەدا. ئێستا ئەو باڵانسە لە سۆنگەی ئەوەی كە یەكێتی لە دووی ئۆكتۆبەر حسابی بۆ قسەی پارتی نەكرد و فڕكان فڕكانیان بوو، كە كێ دكتۆر بەرهەم ساڵح دەكاتە سەرۆك كۆمار، تێكچووە و پارتیش ئامادە نییە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكات.

رێبوار هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، جاران ماڵی تاڵەبانی لە حكومەت و كۆسرەت رەسوڵیش وەك جێگری سەرۆكی هەرێم لە دەسەڵاتدا بەشدار بوون. ئێستا لە ئەنجامی هەڵەكانی یەكێتی و زیادەخوازیی ماڵی تاڵەبانی لە لایەك (كە هەم سەرۆكی پەرلەمان و هەم جێگری سەرۆكی حكومەتیان دەوێت) و پێداگریی پارتی لەسەر پێنەدانی هەندێك وەزارەت، كە دەبێ لەژێر دەستی خۆیدا بن، هێندەی دیكە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی قووڵ كردووەتەوە.

چاره‌نوسى رێككه‌وتنه‌كه‌

كۆسره‌ت ره‌سوڵ دواى چه‌ند رۆژێك له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ دوایین قسه‌ى ئه‌وه‌بوو كه‌ ئه‌وان ئومێدى زۆریان به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتى، ته‌نانه‌ت زانیارى هه‌یه‌ خودى مه‌سعود بارزانى ده‌ستخۆشى له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌ بۆ ئه‌و هه‌وڵه‌ى گێڕاویه‌تى بۆ رێككه‌وتن. به‌ڵام جیڕبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى دواى رێككه‌وتنه‌كه‌و قسه‌كانى بافڵ تاڵه‌بانى له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتى ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئیمزاكانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و نێچیرڤان بارزانى به‌ بێ په‌نجه‌مۆرى ماڵی تاڵه‌بانى جێ ناگرن.

 پارتى وادێته‌ پێش چاو سوور بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى فه‌رمى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى بكات و ئه‌ومامه‌ڵه‌ش له‌رێگه‌ى جێگرى سكرتێره‌وه‌ بێت، له‌ چه‌ند مانگى رابردوو به‌م رێگایه‌ نه‌گه‌یشت به‌ جێ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دوو رێككه‌وتنیشى واژۆكرد له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر رێگاى دووه‌م و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ماڵى تاڵه‌بانى تاقینه‌كاته‌وه‌، پێناچێت رێككه‌وتنه‌كه‌ى چوارى ئازار كه‌ به‌چه‌پڵه‌ رێزانه‌وه‌ واژۆ كرا رووناكى ببینێت، به‌وپێیه‌ى گرفته‌كانى ناوخۆى یه‌كێتى ئه‌وه‌نده‌ بچووك نین وازوو بكه‌ون به‌لادا و به‌ودۆخه‌ى ئێستاوه‌ قورسه‌ هه‌موو جه‌مسه‌ره‌كان ببنه‌ سه‌رنیشنى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆناو حكومه‌ت، ره‌نگه‌ دوایین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌بێت پارتى وه‌ك پێشتر كار بكات بۆ ئه‌وه‌ى له‌نێوان باڵه‌كانى یه‌كێتى هاوسه‌نگى رابگرێت و پشت له‌ هیچیان نه‌كات ئه‌گه‌رنا ته‌رازووى هه‌رلایه‌ك قورس بكات لایه‌كه‌ى دى ته‌را ده‌بێت و رێککەوتنەکەش ئیفلیج دەبێت.