02:02 - 23/03/2019
"لهسهر مهكینهكه ژنهكهم ژانی مناڵبوون گرتبووی، ههر لهوێ به فیشهك كوشتیان"
دایكی دوو شههیدی گهرمیان، له دوای شههیدبوونی كوڕهكانیهوه، ههمیشه دهیگوت"ئهگهر مردم لهسهر تهخته شۆرهكه كه دهمشۆرنهوه بكێشن به پشته ملمدا، ههرچی خهمم بووه، بۆته زوخاو، لهگهرووم دێته دهرهوه." دایكی شههیدهكان دهمرێت لهسهر وهسێتی خۆی به پشته ملیدا دهكێشن، ڕهشاو له دهمی دێته دهرهوه.! كێ ناڵێت ئهو ژنه ئهگهر شاعیر بوایه ئهو ڕهشاوه نههاتبێته دهرهوه له دهمی؟ ساڵهح حهلاج 11 كهسی بنهماڵهكهی كه له دایك و براكانی و ئامۆزاكانی پێكدێن شههیدن، ژنێك و پێنج كوڕ و كچێكی ئهنفال كراون. ئهو له ڕێگهی شیعرهكانیهوه ئازارهكانی له ناخی دهردهكات، بهڵام ئهو دهڵێت" سهخته له بیر بكرێت، ژنهكهم پێش ئهوهی ئهنفال بكرێت، به دهم ڕێگاوه ژانی مناڵبوون دهیگرێت، بهدهم ڕێگاوه فیشهكێكی پێوه دهنێن و دهیكوژن." ھیوا، کوردستان، گەرمیان، ڕێبەر، کاروان، شاخەوان و زریان ئهمانه جگهرگۆشهكانی ههلاجن كه ههموو ساڵی له دوای نهورۆزهوه خهمهكان ههلاجی ههلاج دهكهن و زیاتر بهرهو پیری دهبهن. ساڵهح ههلاجی شاعیر دهبێت چۆن بیروهری پێشمهرگهیاتی و شههیدبوونی كهسوكار و ئهنفالبوونی مناڵهكانی باس بكات؟
ساڵەح هەلاج كێیه؟
ساڵەح عەزەدین فارس ناسراو بە(ساڵەح هەلاج) ساڵی 1954 لە گوندی عەلیانی سەر بە شاری كفری لە دایك بووه ، بنەماڵەكهیان ناسراون بە بنەماڵەی (هەسەن خاتووت) باپیری هەسەن خاتوون مەلاو مەلازادە بوونە، ساڵی 984 كۆچی بەرانبەر بە ساڵی 1576 زاینی مەلا حەسەنی كوڕی عەبدوڵڵا) كە دەبێتە باپیرەی گەورەی (هەسەن خاتوون) سی جزمەی قورئانی بە دەست خەتی خۆی بە ڕەنگی ڕەش و سوور نووسیوەتەوە وشوێن و كات و ڕۆژوو مانگ ساڵ و تەنانەت ناوی كەسانی ئامادەبوویی تەواوكردنی و پەسەندكردنی تۆماركراوە، تاكو ئێستاش ئەو قورئانە لای بنەماڵەكەمان پارێزراوە، (439)ساڵێ پێش ئێستا لەگوندی (نمەشێر)ی سەر بە شارۆچكەی (بانە) لە خۆرههڵاتی كوردستان نووسراوە، پاشان ئەم بنەماڵە هاتونەتە باشوری كوردستان، سەرەتا لە شارەدێی (نەوجول) سەر بە شاری(خورماتوو) جێگربوونە، پاشان چوونەتە گوندی (ئاوباریك لە بناری گل)ی دەڤەری گەرمیان، پاشتر چەندین گوندیان لە و سنورەدا ئاوەدانكردووەتەوە.
ساڵهح جگە لە دایك و باوكی پێنج براو دوو خوشك بوون، خۆی له ساڵی 1960 لە شاری كفری خراوهته بهر خوێندن، ساڵی 1963 باوكی دەبێتە پێشمەرگە لە ترسی زوڵم زۆری حەرەس قەومیەكانی بەعس، خانەوادەكەیان ناچار دەبن لە شاری كفری هەڵبێن و پەنا دەبەنە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی هێزی پێشەرگەی كوردستان لە دەڤەری گەرمیان، ههلاج لە پۆلی سێی سەرەتای لە قوتابخانە دابڕاوه، باوكی ماوەی سێ ساڵ پێشمەرگە بوو.
خوێندن
ساڵی 1966گەڕاونهتهوه بۆ شاری كفری بە بیانووی ئەوەی تەمەنی گەورە بووه لە قوتابخانە وەرنەگیراوتهوه، وهكو خۆی دهڵێت" براگەورەكەم نانەواخانەی هەبوو منیش شاگردی بەردەستیم دەكرد، ڕۆژنە هاوڕێكانی خۆم دەبینی بە جل و بەرگی خاوێن و جوانەوە دەچوون بۆ قوتابخانەو دەیانتوانی كتێب بخوێننەوە، هەستم بەبێبەشی خۆم دەكردلەو بەشەی ژیان، هەر زوو كەوتمە جیهانی جەنجاڵی سیاسەتەوە، سەرەتای ئاشنابوونم بەكتێب و وێژەی كوردی لە ناو كتێبەكۆنەكانی باوكمەوە دەستی پێكردووە، هەڵبەتە باوكم كاتی خۆی لەحوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی بەڵام پاش كۆچی دوای باوكی وازی لەخوێندن هێناوە، ئەوكتێبەكۆنانەی سەردەمی فەقێیاییەتی هەر مابوو، وەكو( خورشید وخاوەر ویوسف و زوڵێخا وشیرین وفەرهاد و دەیان كتێبی تر. باوكم دەنگ وئاوازیشی خۆشبوو،شارەزای مەقامە كوردیەكانی وەكو(ئەڵاوەیسی وخاوكەر وخورشیدی وقەتار و ئای ئای) هەبوو، ئەوسەردەمە باویش بووكتێبە داستانەكان بەدەنگی تایبەتی لە ناوكۆڕو دیوەخانەكاندا دەخوێندرایەوە، باوكم كەسێكی سەركەوتووبوو، خۆیشی شیعری دەنووسی بەتایبەتی شعری میللی، دیوانێكی شیعری هەبوو ساڵی (1963) كاتێ حەرەس قەومیەكانی بەعس هاتنە سەرماڵەكەمان بەشێك لە ماڵەكەمانیان سوتاند، دیوانە شعریەكەی باوكم بەرئەو سوتانەكەوت، هەندێ شیعری لە بەر مابوو لای خۆم یاداشتم كرد، وەكو لە پێشدا ئاماژەم پێدا لە عەشقی كتێب و خوێندن پەنام برد بۆ كتێبەكۆنەكانی باوكم، هەر وەكو ئەو دەمتوانی بە ئاوازی خۆش بیان خوێنمەوە، ئەوە بۆ من پاڵنەرێكی باش بوو تافێری خوێندن و نوسین بم".
خوێندنهوهی دهركی
جارێكیان لەبەردەم ماڵی خۆمان كتێبی (جومجومە سوڵتان)كە نامیلكەیەكی بچوك بوو بە دەستمەوە بوو، مامۆستا ئازادحوسێن قەرەداغی كەخەڵكی گەڕەكەكەمان بوو ئەویش وەستابوو تەماشایەكی كتێبەكەی دەستمی كرد، وگووتی: ئەمەكەی شتە دەیخوێنیتەوە، منیش بەشێوەی ئاخاوتنی ئەوسەردەمەوتم: ئەفەنی ئەی چی بخوێنمەوە كتێبی ترم دەستناكەوێ. ئەوسەردەمە كتێبی كوردی زۆركەمبوو بەتایبەتی بۆ شارێكی وەكو كفری هەركتێبێكی كوردی لە هەرماڵێك بگیریایە لە لایەن ڕژێمەكانی عێراقەوە گەورەترین تاوان بوو، مامۆستا ئازاد گووتی: گەر حەز لە كتێب خوێندنەوە دەكەیت من كتێبت دەدەمێ بەڵام چوارمەرجم هەیە، وتم: مەرجەكانت چیە گووتی:
یەكەم نابێ لەسەری بنوسی، دووەم نابێت بینوشتێنیتەوە، سێیەم نبێ بدڕێت، چوارەم نابێ پیسی بكەیت.
مەرجەكانم پەسەندكرد و چوینە ماڵیان دایكی دۆڵابێكی هێنا، ئەوەی لە بیرم بێت(دیوانی نالی وكوردی و شێخ ڕەزای تاڵەبانی و گوڵاڵەكانی ڕۆژگار وگۆڤارەكانی هیواو گەلاوێژ و مێژوی ئەدەبی كوردی و گەلێك كتێی تریش كەئێستا لە بیرم نەماوون تیابوو، هەرجارێ كەدەچوم چەندكتێب بووگۆڤارم دەهێناو دەمخوێندەوە و پاشترلە سەر ڕێنوێنەكانی ئەو دەمبردەوە، ئەوە بۆمن هاندەرێكی باش بوو، لە ماڵی خۆمان لە ژێر پلیكانەكەماندا ژورێكی (2+2)هەبوو خاوێنم كردەوە و دۆڵابەكتێبەكەی باوكمم هێنایەلای خۆم. بەردەوام كتێبم دەخوێندەوە، لە گەڵ ئەوەیشدا سەلیقەی شیعر نوسینم پەیداكرد و هەندێ شتم نووسی، هەندێ زمانی شعری فێرببووم، لە ناو هاوڕێكانم بۆیانم دەخوێندەوە، زاراوەی(سوپەر وكۆت و كەلەپچە و ژاكان و هەنیسك، هەندێ زاراوهی لە وجۆرانەم لە ناوشیعرەكانمدا بەكاردەهێنا، بە عەقڵی گەنجیمان ئەوانیش سەرسامدەبوون لە جوانی وگەورەیی شعرەكانم، منیش خۆم بە شاعیرێكی گەورەدەزانی. پاش بەیانی(11) ئازاری ساڵی1970بڵاوكراوە و گۆڤار و ڕژنامە وكتێبی كوردی دۆخێكی نوێ هاتە ئاراوە، لەو سەروبەنداندا هاوڕێ خۆشەویستم (ساڵەح ئەمین) لە پەیمانگای كشتوكاڵی حەویجە دەیخوێند، هەرجارێ لە كەركووك دەگەڕایەوە چەندین كتێب بو گۆڤاری بۆم دەهێنایەوە زۆر سوودم لێدەبینی.
چایخانهكهی قادر ئهبو شوارب و شیعره تازهكهی لهتیف ههڵمهت
ههلاج سهبارهت به هاتنه ناوی دونیای ئهدهبهوه دهڵێت" لهو سەر و بەندەدا لە شاری كفری بزوتنەوەیەكی ئەدەبی پەیدابوو لەلایەن مامۆستا لەتیف هەڵمەت و فەرهاد شاكەلی و ئەحمەدشاكەلی یەوە ڕابەرایەتی دەكرا، تازە مامۆستا لەتیف هەڵمەت كۆمەڵە شیعرێكی بە ناوی (خواوشارەبچكۆلەكەمان) بڵاوكردبۆوە، هەموو هەفتەیەك لەچاپخانەی قادرئەبوو شوارب كۆدەبوونەوە و باسی شیعرو بزوتنەوەی شیعریاندەكرد، ئێمەمانان زۆر شەرممان لێ یاندەكرد و نەماندەوێرا خۆمان لە قەرەبان بدەین، بەتایبەتی من زۆر شەرمن و ترسنۆك بووم، چوونكە ئاستی خوێندن و خوێندەواریم زۆر نزم بوو، جارێكیان لە ڕێگەی شاعیری جوانەمەرگ (فەریق ئەمین) وە بەشداریم لە و كۆڕە ئەدەبیەداكرد، شیعرێكم نووسیبوو خۆم بە كەڵە شاعیر دەزانی، زۆر بەشەرمەوە شیعرەكەم پێشانی مامۆستا لەتیف هەڵمەت دا، ئەوەی لە بیرم بێت نووسیبووم.
گەر بەهەشتم بۆ تاپۆكەن شەرتە بەبێ تۆ تێی نەچم
چونكە بەو عەشقەت شێتانە من پابەندو مل كەچم
ڕەحمێ بكە بە حاڵی من ئەتۆ بی و خوا جارێ
شەرتە تا ماوم لە ژینا قەت لە مەیلت دەرنەچم.
كاك لەتیف تەماشایەكی سەرپێی شیعرەكەمی كرد وكاغەزەكەی دڕێ، زۆرم پێم ناخۆش بوو بە جارێ هیچ ئومێدم بە خۆم نەما، كاك لەتیف زانی من زۆر دڵگران بووم ئاوڕی لێمدایەوە و گووتی:
-خۆ دڕیم
- بەڵێ دڕێت
-ئهزانی بۆ؟
- من چوزانم
- ئاخر شیعر نەبوو.
- گەر حەزدەكەی فێری شیعر ببیت دەبێت كتێب زۆر بخوێنیتەوە شارەزای بنەماكانی شیعری ببی
زۆریش ئامۆژگاریمی كرد و هانیدام بەردەوام بم، منیش بەقسەیم كرد و ماوەیەكی زۆر خۆمم ماندوكرد و دەچوومە ناو وردەكاریەكانی شیعرەوە، شیعرێكم لە سەر شێوازی نوێ نووسێ، پاش چەند مانگێ خۆماندووكردن لە دانیشتنێكی تردا شیعرەكەم بەناوی (پەیامێك لە زەردەشتەوە) پێشانی دا ئەمجارەیان دووسێ جار شیعرەكەی خوێندەوە و دەستی كرد بە ئافەرین ئافەرین و گووتی"من دەمەوێ بەم شێوازە درێژە بە شیعر نووسین بدەی"
ئەوانیش كە دانیشتبوون دەست خۆشیان لێ كردم، ئەوە بۆ من ئومێدو هیوایەكی گەورە بوو، لە و كاتەدا هەستێك لە دەروونمدا پەیدا بوو گەر هەوڵبدەم منیش كەمترنیم لە وان، كەواتە منیش دەتوانم بیر و هزری خۆم بەكاربهێنم بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانم و كەسایەتی خۆم بسەلمێنم، واتە ڕێ ڕەوی خۆم لە چایخانەكەی قادر ئەبوشوارب بینیەوە، (پاشتر لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا قەرەداغی و كەنعان مەدحەت و فەریق ئەمین هەمیشە باسی شیعر و ڕەگووتی شیعری كۆن و نوێمان دەكرد.
بیستنی ناوی پێشمهرگه
ئهو كاتێك سهرباز دهبێت باس لهو كاتانه دهكات كه بۆ یهكهمین جار ناوی پێشمهرگهی بیستووه بهمجۆره وهسفی ئهو ساتانه دهكات" مانگی ئابی 1976 مقۆ مقۆی پێشمەرگەو موخەڕیب كەوتەوە دەچووین بۆ دێهاتەكان موختارەكان زانیاریاندەدا بە ئامرەكەمان لە لایەك حەزم دەكرد موختارەكان ببینم بزانە ڕاستە یان نا لە لایەكیش ڕقم لێیان بوو چونكە مەعلوماتیان دەدا بەدووژمن دووبرادەرم هەبوون عەرەب بەناوەكانی سالم حەنون خەڵكی ناحیەی شۆمەلی پارێزگای حلە ئەوی تریان ستار جەبار خەڵكی گەرمەتعەلی زۆر كوڕی چاك بوون من هێندە باسی كوردم بۆ كردبوون سۆزیان هەبوو بۆ كورد چونكە شیعە مەزهەب بون ڕۆژێكیان سریەیەك لەفەوجەكەمان دەرچووبوون بۆ تەفتیش كردنی گوندی (گردەبۆر) ی پاڵ پیرمەگروون سالم حەنون یان ناردبوو بۆژێر دارتوویەكی گەورە نزیك دێكە سالم زۆر بەترسەوە ڕۆیشتبوو خۆی دەیگێڕایەوە دەیووت تفەنگەكەم بەدەستەوەگرتبوو بەدەوری خۆمدا چاوم دەگێڕا كەهچم نەبینی چەكەكەم كردەشانم وچومە پاڵ دارەكە وەستام دواترتەماشای ناولقی دارەكەم كرد تەماشا دەكەم پێشمەرگەیەك بەسەرلقێكی دارەكەوە لولەی تفەنگەكەی كردووەتە من، ڕیشدارێكی پرَ فیشەكە بوو وگووتی زۆر ترسام جوڵەم نەكرد بەڵام ئەو بەزمانی عەرهبی وگووتی مەترسە تۆ دەنگ مەكە منیش ناتكوژم گەر قسە بكەی منیش تۆ دەكوژم، بۆ كێ قسە دەكەی لەپێناو كێدا؟ ڕهنگە تۆ شیعە مەزهەب بی خۆ ئێوە وەك كورد زوڵم وزۆرتان لێدەكرێ بەوقسانە دڵخۆش بووم منیش هیچم نەوت تەنانەت نیوەڕۆ سەموونیان بۆم هێنا چەكەكەم لەپاڵداركە دانا خۆم چووم سەموونەكەم هێنا وپێكەو خواردمان تا عەسرێ بەیەكەوە بووین پاشان خواحافیزیم لێكردوو بەجێم هێشت سالم زۆر باوەڕی بەمن هەبوو ئەو قسانە زۆر جاربۆی دەگێرامهوه.
بوون به پێشمهرگه
بوون به پێشمهرگهم
پێشتر لهگهڵ شههید خالید گهرمیانی چهند جارێك دانیشتمان كردبوو چهندین بڵاوكراوهی پێدام، بڵاوم كردهوه، دوای ئهوهی بڕیارمدا ببمه پێشمهرگه بهرهو گوندهكان چووین لهوێ كاك خالید لەبەردەم ماڵەكانی سەرڕەش چاوەڕانی ئێمەی دەكرد، هەركە نزیك بوینەوە ڕزێ فیشەكی كردە بان سەرمانا ئیتر تەواو ئاشكرابووم یەكمان گرت هەر ئەو سەعاتە فرود ئەمین خدر پێشمەرگە بوو تفەنگێكی صەلیبێكی پێبوو لەپشتی خۆی كردیەوە بەستیەپشتم ئیتر بوم بەپێشمەرگە لە هەرێمی پێنجی قەرەداغ لە 22/7 /1980.
هاوسهر گیریم
لهیهكی حوزهیرانی 1976 هاوسەرگیریم لە گەڵ شەهیدی ئەنفال بەفراو فەرهج عەلی كە ئامۆزای خۆم بوو پێكهێنا ساڵی 1977 یەكەم مناڵمان بوو ناوم نا هیوا بوو. ساڵی 1983 كوڕێكی ترمان بوو ناومان نا گەرمیان لە خۆشەویستی شەهید خالید گەرمیانی ساڵی 1986 كوڕێكی ترمان بوو خێزانەكەم ناوی نا كاروان . ساڵی 1987 كوڕێكی ترمان بوو ناومان نا شاخەوان . مەرگەساتی ئەنفال پێنج كوڕو كچێمكان بوو.
شههیدبوونی دایكم و كامهرانی برام
له 20/10/ 1978 دووفڕۆكەی ڕژێم گوندی كانی عوبێدی بۆردوومان كرد. دایكم و كامەرانی برام و كە لە ماڵەوە بوو شەهید بوون و نەنكم و ژنێك كەئامۆزام بوو لەگەل دوو مناڵی خۆیدا هەر لە حەوشەكەی خۆماندا شەهید بوون . دیسان شەهید صەڵاحی برام ومحەمەدی برام و كوڕێكی تری خزمان ناوی محەمەد مەولود برینداربوون. هەرپێنج مانگ تێپەڕی نەكردبوو مەرگەساتی ئەنفال بەسەرماندا هات.
ئهنفال
لە10/4/1988 گەڕامەوە بۆ لای مناڵەكانم لەگوندی عەلیانی بچوك . مناڵەكان و براو خوشكەكەم لەگەل ئەو خەڵكەی گوندەكەمان بەرەو گوندی هەوارە قوڵە كشابوونەوە، دووڕۆژلەوی بوین بەسەدان خێزانی دیكهی گوندەكانی تر لەوگوندە كۆبووبوینەوە هەواڵی شەڕەكان چواردەوری ناوچەكەیان تەنیبوو. ئەوخەڵكە هەمووی سەری لێ شێوابوو بەناچاری خەڵكەكە هەمووی ڕووی كردە گوندی((ملە سورە)) كەلە ژێر دەستی سوپا دڕندەكەی بەعسدا بوو. خەڵكەكە بەقسەی جاشەكان هەڵخەڵەتابوون بەوەی لە ئۆردوگای زۆرەملێی صمود نیشتەجێیان دەكەن . من لەشەڕەكەی ئۆمەربل بەسوكی بریندا ببووم نەم دەزانی چی بەمناڵەكانم بكەم . نەجیبەی خوشكم و محەمەدو صەڵاحی برام كەوتبوونە ناو هێزی پێشمەرگەو بەرەو بناری سەنگاو كشابوونەوە . بەڕاستی لەنێوان مناڵەكانم و خوشك و براكانمدا سەرم لێ شێوابوو ناچار لەگەل مناڵەكانمدا لە یەك جیابووینەوە ئەو بەرەو شارو منیش بۆلای خوشك وبراكانم . لەگەڵ مناڵ و خێزانەكەم پێش خواحافیزی واڕێكهگووتین پاش ئەوەی لە سوپای دوژمن ڕزگاریان دەبێت، هەر چۆنێك دەبێت خۆیان بگەیەننە شاری ڕانییە من لەو دەورو بەرە چاوەڕوانیان دەكەم، مناڵەكانم سواری تراكتۆرەكەی بوون ، ئەوان لهگهڵ كۆمهڵێك پێشمهرگه بوون، گووتیان كاك ساڵهح مناڵەكانی تۆیش چارە نوسیان وەكو ئێمە چیمان بەسەر هات لەگەل ئێمەن ، دوا خوا حافیزیمانكرد ، تالە ملەی ئاوایەكە ئاوابوون بەدەست بەچاو خواحافیزیمان لەیەكتر دەكرد. گەر بڵێم بۆیەكەم جار بوو ئەونەدە بگریم ئێتر ئەوە دوا دیدارمان بوو لەگەل مناڵەكانمدا.
له سلێمانی فرۆشراین
دوای ئهوهی ئهنفالهك ڕوویدا، ئیتر هێزهكانمان پهرتهوازه بووین، هاوڕێكمان توانی ناسیاوێكی خۆی كه جاش بوو ڕازی بكات ئێمە لەو شوێنە ڕزگاربكات ، كابرای ئامرسریەی جاش بەڵێنی دابوو ئێمە بباتە سلێمانی و پاشان بمانبات بۆ بناری دەرەدۆین . لە پاڵ زنجیرە شاخی گوڵان . خواروی دەربەندیخان . لەوێوە بچێنەوە بۆ سنوری دێهاتەكانی گەرمیان ، بەڵام لە سلێمانی فرۆشراین بەدوژمن جەنابی ئامرسریە خیانەتی لێكردین ، مانگی ئایاری 1988 شەوێك دەستەیەكی ئەمنی سلیمانی لەماڵی كاك حسین ڕەش لەگەڕهكی سەرشەقام . دەست گیركراین پاش ئازارو ئەشكەنجەی زۆر ئێمەیش بەدەردی دەیان هاوڕێی ترمان حوكمی له سێداره دراین، ئێمە زۆربوین لەو بەندیخانە ئەمنەكۆنەكەی سلێمانی تەنانەت ژن ومناڵیشمان لەگەڵدابوو گەنج وپیرو مناڵ و شێت كەمئەندامی تیابوو. بەندیخانە كە كۆنە قوتابخانەبوو بەردەم ڕێڕهوی بەر ژوورەكانیان دیواركردبوو. هەر ژورێك ( چوار بە پێنج ) بوو، ئاودەست و بەلوعەیەكی ئاوی تیابوو، ژوورەكانیش تهنیا دەرگاكەی پەنجەرەیەكی تەلبهندی 20 سانتیم چوارگۆشەی هەبوو، هەر ژورێكیش 50-52 كەسی تیابوو، ژن ومناڵەكان لەو لاترەوە بوو ، ئێمە ئەوێمان نەدەدی ژورەكانیان چۆنەبووە.
هیوا باڕۆی
كوڕێكمان لهگهڵ بوو بهناوی (هیوا باڕۆی) شەهید هیوا چۆن لە شاخ قارەمان گیانباز بوو لە بەندیخانەش دیسان بۆ دوژمنانی سەلماند هەر پێشمەرگەو قارەمانەكەی شاخە ، بۆ ئەوەی ناوی دۆست و لایەنگرانی شۆڕش و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەناو سلێمانی كەهاوكاریان كردووە لەكاتی چالاكی پێشمەرگانەدا ئاشكرا بكات ئەو بەهیچ شێوەیەك هیچ نهێنییەكانی نەدركاند ، تەنانەت بەبەردی گەورە ئەیاندا بەسەریا بۆ چەند ڕۆژێك بێهۆش دهبوو ئاگای لە خۆی نەدەما كە هۆشی دەكردەوە دیسان دەكەوتنە ئازاردانی، بەڵام ئەو گاڵتەی بەدوژمنان دەكرد هەمیشەدەیگوت"ئەمانەگێلن من خۆم بەسەرۆكەكەیان ناگۆڕمەوە ئێستا لەبەر دەستی ئەمانە ئیعتراف لە سەر ئەو خەڵكەدڵسۆزە چۆن دەكەم بابمكوژن هیچ منەتیان لێ نازانم".
سزای له سێداره دان
ڕۆژێكیان هاتن ، بردیانین بۆ ژورێك . لەوێ كابرایەك عابایەكی حاكمی لەبەركردبوو تەسبیحێكی بەدەستەوە بوو وەكو حاكم مەحكەمەی دەكردین ، لە تۆمهتبارهوه كراین بە تاوانبار و حوكمی لەسێدارە دراین . مانگی 10/ساڵی 1988 بوو ئێمەی بەندییەكان ئەوانەی مابوین نزیكهی شەش سەد كەس دەبووین ، توكی سەرو ڕیشمان زۆر درێژ بوو ئەمنێك هات داوای پارەی لێ كردین تا گوێزان و مەكینەبكڕن بۆ تاشینی سەرو ڕیشمان ، ئێمە زۆرپێمان خۆش بوو واماندەزانی بۆ ئیعداممان دەبەن و ڕزگارمان دەبێت لەو هەموو ئازارە و بەسەربەرزی ئەركی نیشتمانی نەتەوایەتی خۆمان جێ بەجێ كردووە . ئەوە بوو ئەوكەرەستانەیان هێناو ڕۆژێك هەموومانیان كردە حەوشەكەوە پێیان گووتین "خۆتان ڕووت بكەوە تا هەتاوەكە لێتان بدا و ئەوبۆنە ناخۆشەتان نەمێنی " ئێمەیش خۆمان ڕووتكردەوە چونكە چەند مانگێك بوو خۆر لێمانی نەدابوو هەموو پێستمان هەتاوەكە سوتاندی و توژاڵ و تۆقڵهی كردبوو.
ئازاد بوونمان
نەقیب ئیسماعیل كە بەرپرسی ئەودائیرەی ئەمنە بوو لەوكاتەدا لە ژورەكەی خۆی هاتەدەرەوە بەعەرەبی گووتی ( أكو خبر هام للمنطقە الحكم ذاتی ) واتە هەواڵێكی گرنگ هەیە بۆ ناوچەی حوكمی زاتی ، ئێمەیش گوتمان (سیدی اذایشملن بشرنا اللە یبشرك بلخیر) پاشان كراینەوژورەوە . ناو ژورەكانمان ئاودەستی تیابوو بەبۆڕی پلاسكۆ هەموو ئاودەستەكانی تری ژوورەكان بەیەكەو بەسترابووە ، ئەگەر بمانویستایە هەواڵی ژورەكانی تربزانین ئاوێكمان دەكردە بەئاو دەستەكەدا سەتڵێكی پلاسكۆمان هەبوو ئاماندا لە قاعیدەی ئاودەستەكە هەموو برادەرانمان وەكو هێڵی تەلەفون دەهاتنە سەرخەت بۆ هەواڵ زانین . ئێمە كەكراینەژورەوە دامان لەسەر قاعیدەی ئاودەستەكە بەبرادەرانمان ڕاگەیان ئاگاداربن هەواڵێك هەیە ، نزیكەی نیوسەعاتی خایاند دەرگای دەرەوەی بەندیخانەكەكرایەوە هەموومان سەرمان ناوە پەنجەی دەرگاگەوە كابرای ئەمن تەماشای كرد هەموومان ئاگادارین بانگی كرد (شكو ) منیش وتم (سیدی بشرنا اللە یبشرك بلخیر) گووتی ( عفوعام للجمیع سجنا الكراد) هەموو مان وەك یەك تۆزێ بێدەنگ بوین پاشان دەستمان كرد بەخۆشی.
ئازادبووين بهڵام...
دوای دوو ڕۆژ هەموومانیان برد بۆ عەربەت لەوێ ئازادكراین من كاتی گەڕامەوە بۆ كەلار نە مناڵەكانم مابوو نەكەسم هەموویان بێ سەرو شوێن كرابوون، نامهوێت هاوسهری ئهنفال كراوم (بهفراو فهرهج عهلی) ئهو شێره ژنه خۆشیهكانی شیاری به جێ هێشت و ساڵ و زهمان منی به جێ نههێشت و له ناخۆشترین ساڵانی كوشتن و برسێتی و بهر چراو تاریكهشهوی لادێی ههڵبژارد، جارێك وتم بڕۆرهوه بۆ شار گوتی: مهرگی من با پێش مهرگی تۆ بی ، ههرواش بوو ئهو دهستی كۆرپهكانی گرت و له گهڵ مهرگهساتی ئهنفال بهرهو كاروانی نهمران كۆچی كرد .بهفراو پێش ئهوهی بهرهو ئهنفالكردنیان ببهن دوو گیان بوو، له ڕێگا ژان دهیگرێت، بهدهم ژان گرتنهوه[1] هاوار دهكات، فیشهكێكی پێوه دهنێنن و شههید دهبێت.
ڕهش پۆش
گهر له خهوتا هاتیتهوه
من ئێستاكه
ڕهشپۆشێكم له شهو ڕهشتر
تاریك ترم له چاوی كوێر
له نادیاریت تهماوی تر
جێی ژوانمان
له سهر سینگم لای چهپهوه
ڕووناكییهك ههمیشه گهش به دێ دهكهی
ئهوه عهشق و ڕۆحی تۆیه له ناو دڵما
ههڵم گرتووه
وهره ئهوێ چاوه ڕوانم..
ساڵهح ههلاج وهسێت دهكات
گهر به من بێت له گۆڕستان نهمنێژن با دووربم دوور.....
بهرههمهكانی ساڵهح ههلاج
گوڵبژێرێک لە شیعر و شاعیرانی گەرمیان -٢٠٠٨
لێکدابڕان-کۆمەڵە شیعر -٢٠٠٨
دیوانی فەقی سمایلی زەنگەنە -٢٠١٠
پەیکی خەمەکانی ئێوەم-ژنەشاعیری گەرمیان نەمام عەبدوڵڵا -٢٠٠٩
بۆنی کەنێرەی سیروان دێ -کۆمەڵە شیعر -٢٠١٠
زیندوکردنەوەی عبداڵ داودە و بەرھەمەکانی -ھەردەوێڵ کاکەیی -ساڵح ھەلاج -٢٠٠٩
پیاوێک گرەو لە نەمری دەباتەوە -٢٠١٠
چەردەیەکی مێژووی دەڤەری گەرمێان -٢٠١١
مێژووی شیعر و شاعیرانی گەرمیان -٢٠١٣
پەیامێک بۆ لای خوا -خالیدە مەجید ،ئەحمەد محەمەد، ساڵەح ھەلاج
[1] گۆڤاری كۆوار