05:07 - 18/03/2019
عەقڵە نەرمەکەی باڵی جەلالیی
کۆتایی چلەکان لە شاری سلێمانییەوە وەکو خوێندکارێکی چالاک دەردەکەوێ ، ئەستێرەی سەلیقە و کەسایەتییە سیاسی و رۆشنبیرییەکەی لە بەغدا دەتەقێتەوە. بەڵام رۆژگار بە دڵ و ویستی ئەو ناچێتە پێشەوە، چونکە بۆ خۆی کەسێکی میانڕەو و پشوودرێژبوو کەچی ژینگە سیاسییەکەی کوردستان و عێراق هەمیشە لەسەر ئاگر بوو!
حیلمی عەلی شەریف ناو و نیشانی پیاوێکە بێ ئەوەی هەرا و زەنای بەدواوەبێ، زیاتر لە چوار دەیە لە بەشێکیا داینەمۆ و ئەندازیار و لە بەشێکی دیکەدا عەقڵێکی کاریگەر و لە وێستگەیەکی دیکەدا قەڵەمی ململانێ سیاسییەکانی ناو کوردستان و عێراق بوو.
حیلمی ساڵی١٩٣١ له گهڕهكى دهرگهزێن-ی شاری سلێمانى له دایك بووه.ههر لەم شارەدا قۆناغهكانى خوێندنى سهرهتایىو ناوهندیى و پاشان له بهعقوبه دواناوهندیى تهواو دەکات. وەکو هەموو خوێندکارێکی ئەو سەردەمە خوێندنەکەی تێکەڵ دەکات بە سیاسەت و دەبێتە کاراکتەرێکی سیاسی کە ئەمەش بێ گێچەڵ و سەرئێشە نابێ بۆ گەنجێک کە هەم کوردبێ و هەم سیاسیش.
ئاژاوە لە بەغدا و تۆزەکەی لە سلێمانی
دژی حکومەتی ساڵح جەبر و رێککەوتننامەی پۆرتسمۆس، مانگی شوباتی ساڵی ١٩٤٨ ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق لەناکاو بە جارێ شێوا. لە زۆربەی شارەکانی عێراق خۆپیشاندانی ناڕەزایی هاتنە ئاراوە و لە ئەدەبیاتی سیاسی عێراقدا بەم خۆپیشاندانە دەوترێ "وەسبەی ١٩٤٨"
وەسبە بووە دەرفەتێکی باش بۆ سلێمانیش تا دوای دامرکاندنەوەی شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی حەفید، جارێکی دیکە خەون و خولیای سیاسەتەکەی بێدار بکاتەوە. خوێندکاران و گەنجانی ئەو کاتی سلێمانی دەس دەدەنە چالاکی و خۆپیشاندان و خۆڕێکخستنەوە. حیلمی عەلی شەریف یەکێک دەبێ لە رێبەرانی ئەم جوڵانەوە سیاسییەی سلێمانی.
دەرکەوتنی حیلمی عەلی شەریف لە جوڵانەوەکانی وەسبە لە کوردستان، دەبێتە هۆی ئەوەی بخرێتە ناو لیستی " بەدکاران"ی دەوڵەتی پاشایەتی لە عێراق و ساڵانی دواتر چەندینجار بەبیانووی چالاکی سیاسی دەخرێتە زیندانەوە.كاتێك ناوى دێتەوە بۆ خوێندن لە كۆلێژى ئهندازیاری لە زانکۆی بەغدا، ماوهى دوو ساڵ زیندانى كراو ئەو ماوەی لە کیسچوو چونکە نەیتوانی درێژە بە خوێندنەکەی بدات.
هەروەها لە گەڕاندنەوەی تەرمی شێخ مەحمودی حەفید بۆ سلێمانی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٥٦ حیلمی عەلی شەریف و نوری ئەحمەدی تەها و چەند گەنجێکی تر. ئەم بۆنەیە دەقۆزنەوە تا بیکەنە جۆشدانێکی جەماوەریی و بیری نەتەوەیی ببەنە قۆناغێکی ترەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان
كاتێ پارتى دیموكراتى كوردستان لە ساڵی ١٩٥٩ لەلایەن دەوڵەتی عەبدولکەریم قاسمەوە مۆڵهتى رهسمى پێدرا، حیلمى عەلی شەریف لەناو لیستی یەکەمین ئەو سەرکردە و کادرانەدا بووە کە داوای مۆڵەتەکەیان کردبوو. دواتر رۆڵ وپێگەی سیاسی و رۆژنامەوانی تا دەهات بەرزتر دەبوویەوە.
دەسپێکی کاری رۆژنامەوانیی حیلمی رۆژنامهى (خهبات)ی زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، دەوترێ نووسین و وتارەکانی حیلمی عەلی شەریف لەو کاتەدا سەنگ و قورسایی خۆی هەبووە و هەمیشە پەنای بۆ بەڵگەی و سەلماندنی مێژوویی بردووە لەپاڵ ئەمەدا بە زمانێکی رێکوپێک و پاراو بیروڕای خۆی بڵاو کردووەتەوە.
لهگهڵ دهستپێكردنى شۆڕشى ئهیلول، حیلمی دەبێتە فەرماندەیەکی پێشمەرگە له گهرمیانو ههڵهبجهو ههورامان، گهلێ لێپرسراوێتى حزبى لە هەردوو بواری سیاسی و سەربازیی دا وەر دەگرێ.
لەتبوونی شۆڕشی کورد
لە ساڵی ١٩٦٤ دا ناکۆکییە سیاسی و شەخسییەکانی سەرکردایەتی کورد لە کوردستانی عێراق دەگاتە ترۆپک و دواتر باڵی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفا بارزانی دەبنە دوو چیای سەر دۆڵێک و شۆڕشی کورد دابەش دەبێ بەسەر باڵی جەلالیی و مەلایی دا. کە لەم میانەدا حیلمی عەلی شەریف دەکەوێتە باڵی جەلالیی.
مام جەلال لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنییدا دەڵێ: "لەو ناکۆکییەدا من و کاک حیلمی لەگەڵ جیابوونەوە و توندکردنەوەی ململانێکان نەبووین بەو ڕادەیەی روویدا، بەڵام لەبەر پابەندبوونمان بە دیسپلینی حزبیی، لایەنی باڵی مەکتەبی سیاسیمان گرت."
ئەو کەسانەی حیلمی عەلی شەریف دەناسن ئاماژە بەوە دەکەن کە "حیلمی پیاوێکی زۆر وردبین و بە سەلیقەبوو. پیاوێکی سیاسی زۆر بیرتیژ و دووربین بووە، دوای ئیبراهیم ئەحمەد، عەقڵی باڵی مەکتەبی سیاسی هەر ئەو پیاوە بووە."
" با چەک دانێین"
دوای جیابوونەوەی تەواوەتی باڵی مەکتەبی سیاسی و بارزانی، لە کۆنفرانسی باڵەکە لە کەلار لە ساڵی ١٩٦٧، حیلمی عەلی شەریف پێشنیاز دەکات با مەکتەبی سیاسی چەک دابنێ و تەنیا خەباتی سیاسی بکات. بەڵام لەلایەن زۆرینەی هاوڕێکانی ناو کۆنفرانس پێشنیازەکەی رەتدەکرێتەوە.
ساڵى ١٩٦٨حیلمی عەلی شەریف بوو بهخاوهن ئیمتیازوسهرپهرشتیارى رۆژنامهى (النور) کە لەلایەن باڵی مەکتەبی سیاسییەوە بە زمانی عەرەبی لە شاری بەغدا دەر دەکرا. رۆژنامەی نور لەگەڵ ئەوەی هی لایەنێکی کوردی بوو. بەڵام بۆ ئەو کات و قۆناغە، رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە لە دنیای سیاسی و رۆشنبیریی عێراقدا چونکە ئاراستەی گوتارەکانی بەرەو ئاشتەوایی و پێکەوە هەڵکردنی کورد و عەرەب بووە لە عێراقدا. بۆیە ژمارەیەکی زۆر نووسەر و رۆژنامەنووسی ناسراوی ئەو کاتی عێراقیی لەو گۆڤارەدا نووسینیان بڵاو کردووەتەوە.
ئەو کەسانەی لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ حیلمی عەلی شەریف کردووە گەواهی ئەوەی بۆ دەدەن زۆر بایەخی بە زمانی کوردی داوە و هەمیشە لە نووسین و ئامۆژگارییەکانی بۆ هاوڕێکانی، ئاماژەی بەوە داوە کە "پاراستن و گەشەپێدانی زمانی کوردی ئەرکی سەرشانی هەرهەموومانە بە سیاسی و رۆشنبیرەوە."
چۆن نەگەڕایەوە کوردستان؟
ئێستا پرسیارێک کە دوای ناسینی حیلمی عەلی شەریف دێتە پێشەوە: ئایا بۆچی سەرکردە و رۆشنبیرێکی وا نەچووە ناو یهكێتی نیشتیمانی كوردستانهوه دوای هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێ؟ ئەی لە کاتی ئازادکردنی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی خۆماڵیی کوردی، چۆنە ناگەڕێتەوە بۆ هەرێمەی بەشی زۆری ژیانی بۆ تەرخان کرد؟
دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە نێوان کورد و حکومەتی بەعس لە ساڵی ١٩٧٤ و دواتر شکستی شۆڕشی ئەیلول. حیلمی عەلی شەریف لە بەغدا مایەوە و بەشی زۆری ژیانی تەرخانکرد بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکانی ئەو کاتە.
ئەو بۆ خۆی نەک هەر جەلالی بەڵکو عەقڵی ئەو رەوتەی ناو بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری کورد بوو، بەڵام دوای دامەزراندنی یەکێتی و شۆڕشی نوێ، حیلمی هەر لە بەغدا مایەوە.
عومەر شێخ موس یەکێک لە دامەزرێنەرانی یهكێتی لەمبارەیەوە دەڵێ: "مامۆستا حیلمی چەندینجار داوای کرد کە بێتە دەرەوە، بەڵام مام جەلال و کاک نەوشیروان پێیان باش بوو لە بەغدا بمێنێتەوە و بەوجۆرە باشتر سوودی لێ وەر دەگرن. مانەوەی مامۆستا حیلمی لە بەغدا تەنیا مام جەلال و کاک نەوشیروان لێی ئاگاداربوون"
ناسراوەکانی حیلمی عەلی شەریف دەڵێن: دوای راپەڕینیش چەندینجار ویستوویەتی بگەڕێتەوە، بەڵام مام جەلال پێداگری لێدەکرد هەر لە بەغدا بمێنێتەوە. دواییجار کە گەڕایەوە سلێمانی، بەهاری ساڵی ١٩٩٨ بوو، ئەو کاتە مام جەلال پێی دەڵێ "پێمباشە بگەڕێتەوە کوردستان و چیتر لە بەغدا نەمێنی نەکا رژێمی سەدام حسێن بەڵایەکت بەسەر بێنن" کەچی ماوەیەک کەم دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا، شەوی ٤ی تهمموزى ساڵى ١٩٩٨به نهخۆشییهكى كتوپڕ له بهغدا كۆچی دوایى كردو رۆژى دواتر له رێورهسمێكدا له گردى سهیوان-ی شاری سلێمانی بە خاك سپێردرا.