12:54 - 29/11/2018
بارزانی تۆڵەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەیەكێتی دەكاتەوە
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێشتا ئێشی چۆنییەتی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراقی لەبیرنەچووەتەوەو لەبۆسەدایە، تۆڵە لەیەكێتی نیشتمانی بكاتەوەو بۆ ئەوەش دوو هەنگاوی ناوە.
رۆژی 2 ئۆكتۆبەری رابردوو، قۆناغێكی نوێی ململانێی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروستكرد، دوای ئەوەی هەردوولایان لەپەرلەمانی عێراق چوونە كێبڕكێیەكەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری نوێ.
پارتی لەسەر راسپاردەی مەسعود بارزانی فوئاد حوسێنی كاندیدكردبوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەبەرانبەردا یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندیدكردبوو، كە ئەنجامی كێبڕكێكە لەبەرژەوەندی ئەوەی دووەم كۆتایی هات، ئەوەش مەسعود بارزانیو بەرپرسانی پارتی نیگەران كرد.
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دوو رۆژ دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆمار، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەفەرمی نیگەرانی حیزبەكەی راگەیاندو گوتی: دەبێت یەكێتی چاوەڕێی ئەوە بكات، كە پارتی-یش مافی خۆیەتی چەند هەنگاوێكی هاوشێوەی ئەوان بهاوێت، بەتایبەتی لەپرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.
نیگەرانییەكەی پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، كە یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان، بەرهەم ساڵح-یان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیدكردووە، بۆیە وەك كاندیدی هاوبەش قبووڵی ناكەن، لەكاتێكدا ئەو پۆستە مافی كوردە لەپێكهێنانی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقو دەبێت كاندیدێكی هاوبەش لەنێوان لایەنە كوردییەكان هەبێت.
لەئێستاداو لەدوای نزیكەی دوو مانگ مەسعود بارزانی بەنیازە تۆڵە لەیەكێتی بكاتەوە، ئەوەش بەرێگری لەهەڵبژاردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستێكی وەزاری لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەروەها هەڵبژاردنی كاندیدی ئەو حیزبە بۆ پارێزگاری كەركوك.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بە پەیسەر پرێس، ئامانجێكی سەردانی ئەم دوایەی مەسعود بارزانی بۆ شاری بەغداو كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، بۆ ئەو پرسە بووەو لەكۆبوونەوەی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی لەپێنج شەممەی رابردوو داوای لەناوبراو كردووە، نابێت پۆستی وەزاری بدرێت بەیەكێتی نیشتمانی.
زانیارییەكان بەشێوەیەكە، دوێنێ لەژێر فشاری بەرپرسانی یەكێتی، بەرهەم ساڵح پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی ئەنجامداوە، تا كاندیدەكهیان بۆ پۆستی وەزارەتی داد یەكلابكرێتەوە.
داواشی لێكردووە ئەو پۆستە دەبێت بۆ یەكێتی بێت، نیگەرانیشی خۆشی بە سەرۆك وەزیران گەیاندووە لەوەی سەرۆك وەزیران ویستبووی ئەو وەزارەتە بداتە بزوتنەوەی گۆڕان.
هەر بەپێی زانیارییەكان، سەرۆكی پارتی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراق-یش لارینەبوونی خۆی لەوە پیشانداوە، پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كورد نەبێتو لەجێگەی كوردێك، ئاساییە توركمانێك، یان عەرەبێك هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەش بەڵێنی هاوكاریداوە، ئەوەش وەك هەنگاوێك بۆ تۆڵەكردنەوە لەیەكێتی.
لەو بارەوە، پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زانیارییەكانی بۆ پەیسەر پرێس پشتراستكردەوەو وتی: "پارتی بەبیانووی ئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆماری بەركەوتووە، نایەوێت هیچ پۆستێكی تر بۆ یەكێتی بێت، كە ئەوەش بیانوویەكی نا بەرپرسیارییە، چونكە یەكێـتی خاوەن پێگەو قورسایی خۆیەتی".
لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێـتەوە وتی: "یەكێتی لەچەند رۆژی رابردوو چەند هەنگاوێكی بڕیبوو، بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، بەڵام هەڵوێستی ئەم دواییەی پارتیو مەسعود بارزانی ئەو هەنگاوانەی راگرتووەو ئێستا دیارنییە، كەی پارێزگاری نوێ هەڵدەبژێرێت.
پەرلەمانتارەكە نیگەرانی لەهەڵوێستەكەی بارزانی دەربڕیو گوتیشی: "پارتی لەهەر شوێنێك خۆی كوێخا نەبێت، رێگری دەكاتو نایەڵێت، پرسەكان یەكلاببنەوە"، كە ئەوەشی بەزیان بۆ كورد لەكەركوكو بەغدا وەسفكردو داوای كرد پارتی دەستبەرداری ئەو جۆرە لەسیاسەت ببێت.
لەدوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەری 2017 پۆستی پارێزگای كەركوك لەلایەن راكان جبوری بەوەكالەت بەرێوەدەبرا، دوای ئەوەی بەبڕیاری حكومەتی عێراق نەجمەدین كەریم لەپۆستەكەی دوورخرایەوە، كە پارتی ئەو رووداوانە بەهۆكاری هەڵنەبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دەزانێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لەعێراق لەو بارەوە بۆ پەیسەر پرێس وتی: "ئەنجامی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەرە تائێستا نەتوانراوە پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك هەڵبژێرێت، نەك ئەوەی پارتی رێگری كردبێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "گروپێكی ناو یەكێتی هەستان بەئەنجامدانی خیانەتێكی گەورە، ئێستا خۆیان باجەكەی دەدەنو ناتوانن پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك دیاریبكەن، كە ئەوەش بەزیان بۆ كورد شكاوەتەوە".