ڕاپۆرتی کوردستانی

05:41 - 14/03/2019

ته‌ڕه‌ ساڵى هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رهه‌مى كشتوكاڵیى ده‌كات‌

پەیسەر

وه‌رزى باران بارینى ئه‌مساڵ زوو ده‌ستیپێكردوو زوو كۆتایى نه‌هات، له‌ رۆژانى نه‌ورۆز نزیك ده‌بینه‌وه‌و شه‌پۆلى دیكه‌ى باران بارین به‌ڕێوه‌یه‌، جیاوازى بارانى ئه‌مساڵ و پارساڵ نزیكه‌ى دووهێنده‌یه‌، ئه‌و ته‌ڕه‌ ساڵییه‌ش مه‌ترسى بۆ سه‌ر به‌رهه‌مى دانه‌وێڵه‌و به‌روبوومه‌ كشوكاڵییه‌كانى دیكه‌ دروست كردووه‌، چونكه‌ نه‌خۆشى دروستده‌كات و زیان له‌ به‌رهه‌مى گه‌نم و جۆ و بەرهەمی تەڕەکاڵەکان و دره‌خته‌ به‌رداره‌كانیش ده‌دات.

هەرێمی كوردستان خاوەنی شەش ملیۆن و 619 هەزار و 19 دۆنم زەوی شیاوە بۆ چاندن، بەپێی ئامارى سێ ساڵ پێش ئێستاى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ سه‌دا 16ى خه‌ڵك سه‌رقاڵى كشتوكاڵن، ئه‌و ژماره‌یه‌ به‌راورد به‌ ساڵانى پێشوتر تۆقێنه‌ره‌و خه‌ڵكێكى زۆر له‌ كشتوكاڵ ته‌كیونه‌ته‌وه‌، پێشتر هه‌مان وه‌زاره‌ت ئامارى هه‌بووه‌ كه‌ سه‌دا 67ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان سه‌رقاڵى كشتوكاڵن، چه‌ند ساڵێك وشكه‌ساڵى زیانى زۆرى به‌ جوتیاران گه‌یاند، پێده‌چێت ئه‌مساڵ ته‌ڕه‌ساڵى به‌ شێوه‌یه‌كى دیكه‌ زیان به‌ جوتیاران و به‌رهه‌مى كشتوكاڵى بگه‌یه‌نێت.

رێژه‌ى بارانى ئه‌مساڵ و پار ساڵ جیاوازى زۆره‌، به‌ جۆرێك له‌ سلێمانى 217 ملم زیاتر باران باریوه‌، له‌ هه‌ولێر 270 ملم زیاتر، له‌ دهۆك، 461 ملم زیاتر، له‌ كه‌ركوك و 82 ملم و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 365 ملم بارانى زیاتر باریوه‌، به‌راورد به‌ وه‌رزى باران بارینى رابردوو، تا ئێستاش باران به‌رده‌وامه‌ و شه‌پۆلى دیكه‌ بۆ رۆژانى ئاینده‌ پێشبینده‌كرێت.

ئازاد محه‌مه‌د، كه‌ به‌ جوتیاره‌ نمونەییه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ ناوى رۆیشتووه‌، بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسى مه‌ترسییه‌كانى ته‌ڕه‌ساڵى كردو ده‌ڵێت زۆر گرنگه‌ جوتیارانه‌ هه‌وڵ بده‌ن كه‌ زیانه‌كانى زۆرى باران بارین و به‌رده‌وامى باران كه‌مبكه‌نه‌وه‌ و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ زه‌وى زۆنگاودا نه‌چێنن.

ئازاد ده‌ڵێت"به‌روبوومى زه‌وییه‌ زۆنگه‌كانمان ئاوى زۆر بخوات ره‌گى ده‌گه‌نێت بێبه‌رووبووم ده‌بێت، ئه‌گه‌ر باس له‌ گه‌نمیش بكه‌ین بارانى زۆر باریوه‌ به‌سه‌ریدا ره‌شه‌باشى لێبدات ده‌كه‌وێت به‌ زه‌ویدا و هه‌ڵناسێته‌وه‌، ماوه‌یه‌كى دیكه‌ش خه‌ریكى ته‌ڕه‌كاڵ ده‌بین وه‌ك خه‌یار و ته‌ماته‌و باینجان ئه‌گه‌ر ساڵه‌كه‌ى ته‌ڕبێت، گه‌ڵاو ره‌گى توشى نه‌خۆشى ده‌بێت، ئه‌گه‌ر خۆرێك بكات و ده‌مته‌ڕبێت ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك زیان دروستده‌كات".

ئه‌و جوتیاره‌ رێنمایى جوتیاران ده‌كات، كه‌ له‌و زه‌وییانه‌ ده‌مته‌ڕن با جوتیاره‌كان لە ئاستی هه‌موو ده‌مى ده‌ڕاسه‌یه‌ك كه‌ناڵێك بكرێت به‌ جۆرێك له‌ زه‌وییه‌كه‌دا ئه‌و ئاوه‌ زیاده‌ى ده‌مێنێته‌وه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ى زه‌وییه‌كه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و خه‌یار و بامێ و باینجان و ته‌ماته‌ى ده‌یكه‌ن له‌و ساڵه‌ى كه‌ سارده‌و ته‌ڕه‌ساڵییه‌ با هه‌ندێك دره‌نگتر بكرێت و شه‌تڵه‌كان دوابخرێت چونكه‌ باران لێى بدات و تیشكى خۆر لێیبدات ئه‌وه‌ گه‌رمییه‌ك دروست ده‌كات كه‌ نه‌خۆشى گه‌ڵاى لێده‌كه‌وێته‌وه‌و ره‌گ چالاك نابێت و ده‌خنكێت، هه‌روه‌ها كێشه‌ى كه‌مى ته‌مه‌نى رووه‌كى به‌دوادادێت".

بۆ به‌رگرتن به‌ زیانه‌كانى ته‌ڕه‌ ساڵى پێویسته‌، له‌ زه‌وییه‌ زۆنگه‌كان شه‌تڵه‌كان له‌ به‌رزیدا بنێژرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ملاولاى به‌رزاییه‌كانه‌وه‌ ئاوه‌ زیاده‌كه‌ى بێته‌ خواره‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تاى مانگى چواره‌وه‌ وه‌رزى شه‌تڵ لێدانى خه‌یارى ته‌ماته‌و باینجان و بامێ ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام ته‌ڕى زه‌وى به‌رده‌وامى باران بارین بۆ ئه‌مساڵ ره‌نگە وه‌رزى چاندنى به‌رهه‌مى ته‌ڕه‌كاڵه‌كان دوابخات، به‌وپێیه‌ى زه‌وى ته‌ڕه‌و بارانیش هاوشێوه‌ى سه‌ره‌تاى زستان ده‌بارێت.

ئازاد گوتیشى"با له‌ زه‌وى ده‌مته‌ڕى سارددا ته‌مه‌نى شه‌تڵه‌كان نه‌فه‌وتێنین، دوو مانگ ناشتنى تۆوه‌كان دوابخرێت باشتره‌ كه‌ زه‌وى وشك ببێته‌وه‌ زه‌وى سارد نه‌مابێت، زۆر باشتره‌ و شه‌تڵه‌كه‌ به‌رهه‌مدارده‌بێت، ئه‌م ته‌ڕه‌ ساڵییه‌ سه‌دا 50ى به‌رهه‌مى گه‌نم و جۆی زه‌رد كردووه‌و ئه‌گه‌ر گه‌نم و جۆ باڵاى هاتبێت ره‌شه‌باش لێیبدات ده‌یخات و دواتر به‌ ده‌ڕاسه‌ نادوورێته‌وه‌".

ته‌ڕه‌ساڵى ته‌نها بۆ دانه‌وێڵه‌و ته‌ڕه‌كاڵ زیانمه‌ند نییه‌، به‌ڵكو بۆ دره‌خته‌ به‌رداره‌كانیش كێشه‌یه‌، ئازاد محه‌مه‌د باسیله‌وه‌كرد، بۆ دره‌خته‌ به‌رداره‌كانیش به‌رده‌وامى باران كێشه‌ى هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و گوڵانه‌ى به‌ره‌و ژوورن پڕده‌بێت له‌ئاو ئه‌گه‌ر ره‌شه‌با لێیبدات هه‌مووى ده‌وه‌رێنێت، ئه‌گه‌ر له‌مه‌ولا باران به‌رده‌وام بێت زیانى زۆر زیاتره‌ له‌ سوده‌كانى، ئاوى زیاد گه‌نین دروستده‌كات و سه‌رده‌شكێنێت.

ته‌ڕه‌ ساڵى ئه‌مساڵ ته‌نها زیانى نه‌بووه‌ به‌ڵكو بۆ ناوچه‌كانى گه‌رمیان و ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ زه‌وییه‌كانیان ده‌مته‌ڕنییه‌ و كڕانن، به‌رهه‌مه‌كانیان سوودى ته‌واو له‌ ته‌ڕه‌ ساڵى ده‌بینن، ئازاد ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ ساڵى گه‌رمیانه‌ ساڵى زه‌وى كڕو لاپاڵه‌، بۆ زه‌وییه‌ ره‌شه‌گڵه‌كانیش زۆر مه‌ترسیداره‌.

 

خه‌مى ته‌ڕه‌ ساڵى و بارانى زۆر ته‌نها ئه‌و زیانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ كشتوكاڵ ده‌یدا، به‌ڵكو بارانه‌كه‌ هه‌مووى به‌ هه‌ده‌ر ده‌چێت و هه‌رێمى كوردستان به‌نداوى پێویستى نییه‌ گلى بداته‌وه‌و له‌كاتى پێویستدا سوودى لێببینێت، لە هەرێمی كوردستان 17 بەنداو هەیە كە سێ بەنداویان لەسەردەمی رژێمی به‌عس دروستكراون ئەو 14 بەنداوەی حكومەتی هەرێم دروستیكردوون توانای گلدانەوەی 31 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە. سێ بەنداوەكەی دیكه‌ش بریتین لە بەنداوەكانی دەربەندیخان و دووكان و دهۆك كە توانای گلدانەوەی 10 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە، بەبۆچوونى شارەزایان، هەرێمی كوردستان پێویستی بە گلدانەوەی 15 بۆ 20 ملیار مەتر سێجا هەیە كە دەكرێت لەرێگەی 350 بەنداوی بچوك و مام ناوەند و گەورەوە ئەو بڕە ئاوە گل بدرێتەوە.

ستار محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌رى كشتوكاڵى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت، له‌ هه‌ندێك كێڵگه‌ به‌پێى رووپێوییه‌ك كه‌ كردوویانه‌ تەرە ساڵی زیانى دابوو دانه‌وێڵه‌ى زه‌رد كردبوو، له‌ سه‌ره‌تاى زستان و كۆتایى پایز به‌هۆى بارانى زۆر  كه‌ڕو له‌ هه‌ندێك كێڵگه‌ى دابوو، به‌ڵام زیانه‌كه‌ گه‌وره‌ نییه‌.

ستار محه‌مه‌د بۆ په‌یسه‌رپرێس گوتیشى، ته‌نها رێژه‌ى بارانه‌كه‌ نییه‌ كاریگه‌رى هەیە به‌ڵكو رێژه‌ى شێ و به‌رزى و نزمى پله‌كانى گه‌رما درووستبوونى بۆقى گه‌رما، كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌مى كشتوكاڵى، تا ئێستا زیانه‌كه‌ به‌و چه‌شنه‌ نه‌بووه‌ كه‌ كێڵگه‌یه‌ك به‌ ته‌واوه‌تى له‌ناوبچێت به‌ڵام ئه‌و دانه‌وێڵانه‌ى زورتر كراون له‌ وشكه‌ وه‌رزا ئه‌و زیاتر زیانیان به‌رده‌كه‌وێت به‌هۆى زۆرى باران بارین و به‌رده‌وامییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ ئاویان تێدا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

تا ئێستا هیچ رێنمایى و رێوشوێنێكى تایبه‌ت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كشتوكاڵه‌وه‌ رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى جوتیاران هه‌وڵبده‌ن زیانه‌كانى ته‌ڕه‌ ساڵى كه‌متر بكه‌نه‌وه‌و باشتر زه‌وییه‌كانیان دابچێنن، پێده‌چێت زیانى ئه‌مساڵى به‌رهه‌مى جوتیارانى ته‌نها له‌ كێشه‌ى ساغكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانیان نه‌بێت به‌ڵكو به‌هۆى ته‌ڕى وه‌رز به‌رده‌وامى باران به‌رهه‌مه‌كانیان دووچارى گرفت و نه‌خۆشى بێت، ئه‌گه‌ر رێوشوێنه‌ پێویستییه‌كان بۆ شێوازى داچاندن په‌یڕه‌ونه‌كه‌ن .