ڕاپۆرتی کوردستانی

01:09 - 14/03/2019

ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ى هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ مه‌ترسى بۆ دروست ده‌بێت‌

پەیسەر

جارێكى دیكه‌ مشتومڕ له‌سه‌ر پشكى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دروستبووه‌وه‌، مووچه‌ كه‌وته‌وه‌ نێو كێشمه‌كێشى په‌رله‌مانتاران، بۆچوونێك له‌ په‌رله‌مانى عێراق دروستبووه‌ كه‌ راده‌ستنه‌كردنى نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌ هه‌مان كات ره‌وانه‌كردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ كارێكى نابه‌رابه‌ره‌و ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت، مه‌ترسیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر قوت و ژیانى خه‌ڵك بێت چونكه‌ هه‌رێمى كوردستان مه‌یلى نییه‌ نه‌وت راده‌ستى عێراق بكات.

پرته‌و بۆڵه‌ له‌لیژنه‌ داراییه‌وه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، نزیكه‌ى پێنج په‌رله‌مانتار كه‌ زیاتر سه‌ر به‌ ره‌وته‌كه‌ى عه‌بادى و مالیكین، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێى لیژنه‌كه‌ به‌ ئه‌ندامه‌ كورده‌كانیان گوتووه‌، كه‌ چۆن ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان هیچ نه‌وت راده‌ست نه‌كات و مووچه‌شى بۆ ره‌وانه‌ بكرێت، هه‌رچه‌ند كورده‌كان وه‌ڵامیان داونه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ به‌ یاسا جێگیركراوه‌و ده‌بێت مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دووربێت له‌ كێشه‌ى سیاسى، به‌ڵام كورده‌كان ترسیان له‌وه‌یه‌ ئه‌م ناره‌زایه‌تییه‌ ته‌شه‌نه‌ بسه‌نێت و بێباكى حكومه‌تى هه‌رێمیش زیاتر ئاگره‌كه‌ خۆش بكات و به‌ بڕینى مووچه‌ كۆتایى بێت.

لیژنه‌ى دارایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ٢١ ئه‌ندامن و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ كه‌ ١٣ ئه‌ندام تێیدا ئاماده‌بوون پێنجیان ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ له‌ ناردنى مووچه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ كاتێكدا هیچ بڕه‌ نه‌وتێك راده‌ست ناكات، جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى كه‌ ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو به‌ په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، فراكسیۆنه‌كه‌ى عه‌بادى ئه‌م بابه‌ته‌ى گه‌رم كردووه‌ ده‌یانه‌وێت حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت، ئه‌وانه‌ له‌ خۆیانه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن پێم وانییه‌ سه‌ركه‌وتوو بن له‌و هه‌وڵه‌یان.

ئێستا بۆچوونى كورد ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ بڕى ٥٢٢ ملیارى مانگانه‌ له‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان جێگیركراوه‌و بووه‌ به‌ یاساو ناكرێت ببڕدرێت، به‌ڵام قسه‌و باسى ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و بڕگه‌یه‌ش به‌ده‌ر نییه‌ له‌ مه‌ترسى، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنى سیاسى نه‌كرێت، یاخود په‌رله‌مانتاره‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كانى ناردنى مووچه‌ى هه‌رێم له‌ دادگاى فیدراڵى سكاڵا تۆمار بكه‌ن ئه‌گه‌رى روودانى كێشه‌ى لێده‌كه‌وێته‌.

به‌بڕواى جه‌مال كۆچه‌ر، بابه‌تى ناردنى ٥٢٢ ملیاره‌كه‌ به‌ رێككه‌وتنى سیاسى كراوه‌و په‌رله‌مانتاران ناتوانن كێشه‌ى بۆ دروستبكه‌ن، نرخى ٢٥٠  هه‌زار به‌رمیله‌كه‌ له‌ ١٠ ترلیۆنه‌كه‌ى پشكى هه‌رێم ده‌بڕدرێت، نه‌ك له‌و ٥٢٢ ملیاره‌ى بۆ مووچه‌ ره‌وانه‌ كراوه‌."ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ عێراق بۆ ئیلتیزام ناكات ئه‌وان قسه‌یه‌كى دیكه‌یان هه‌یه‌ توڕه‌ن له‌وه‌ى كه‌ یه‌كه‌م جار بڕگه‌ى جیم نه‌بوو له‌ پرۆژه‌كه‌دا كه‌ رۆشت بۆ حكومه‌ت و گه‌ڕایه‌وه‌ ئه‌م گۆڕانكارییه‌ى لێكرا".

٢٤ى ١٢ی ساڵى رابردوو بۆ یه‌كه‌م جار پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ هاته‌ په‌رله‌مانى عێراق، دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ حكومه‌ت و مانگى یه‌كى ئه‌مساڵ دیسانه‌و نێردرایه‌وه‌ بۆ په‌ڕله‌مان له‌و ناردنه‌وه‌یه‌دا بڕگەى جیم زیادكرا كه‌ به‌دڵى كورد بوو، به‌شێك له‌ عه‌ره‌به‌كان دژى ئه‌و بڕگه‌یه‌ بوون ئێستاش هه‌ر دژن و ده‌ڵێن كاتى خۆى ئاگادار نه‌كراون له‌ زیادكردنى ئه‌و بڕگه‌یه‌.

غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت، مه‌سه‌له‌ى نه‌وت راده‌ستنه‌كردن یه‌كێك له‌ كێشه‌كانه‌و ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى كه‌ هه‌رێمى كوردستان كردوویه‌تى كێشه‌یه‌كى دیكه‌یه‌، له‌ لیژنه‌كانى په‌رله‌مان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌راستى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت خۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌.

مانگى شوباتى رابردوو حكومه‌تى هه‌رێم كوردستان گرێبه‌ستێكى زه‌به‌لاحى واژۆكرد له‌گه‌ڵ پێرل پترۆلیۆم بۆ به‌رهه‌مهێنان و فرۆشتنى گازى سروشتى، غالب محه‌مه‌د ده‌ڵێت ئه‌م بابه‌ته‌ عێراقى توڕه‌كردووه‌ چونكه‌ عێراق خۆى گاز ده‌كڕێت، ده‌ڵێت، عێراق یه‌ك عێراقه‌ چۆن ده‌بێت به‌شێكى گازى سروشتى بفرۆشێت و به‌شێكى بیكڕێت.

گوتیشى"ده‌كرێت له‌ كونفه‌ یه‌كونێكدا مه‌ترسى دروست بێـت له‌سه‌ر مووچه‌ى هه‌رێم، پێم سه‌یره‌ بۆ ئێستا ئاشتى هه‌ورامى ده‌ڵێت گرێبه‌ستم كردووه‌، گازى سروشتى ده‌فرۆشم مه‌ترسى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕۆن سكاڵا تۆمار بكه‌ن له‌ دادگاى فیدراڵى به‌مه‌ش جارێكى دیكه‌ ده‌توانن دۆخه‌كه‌ تێكبده‌نه‌وه‌، ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوێك بێـته‌ پێشه‌وه‌ واز له‌م لێدوان و شتانه‌ بێنێت گره‌نتییه‌ك بدات به‌ به‌غدا، داوا له‌ هاوڵاتیان ده‌كه‌م ئه‌و پاره‌ى وه‌ریده‌گرن به‌شێكى هه‌ڵبگرن، چونكه‌ كه‌س نازانێت چاره‌نوسى بودجه‌ چییه‌و هیچ سیقه‌ى له‌سه‌ر نییه‌ له‌ خوله‌كێكدا ره‌نگه‌ ببڕێت".

ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ى په‌رله‌مانتارانى عێراق له‌كاتێكدایه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى پاشكه‌وتى مووچه‌ بڕیاریدا كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق بكه‌وێته‌ دانوستانى جددى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوانیان، له‌ ئه‌گه‌رى نه‌سازان، ترازانى دۆخه‌كه‌ گریمانه‌یه‌كى مه‌حاڵ نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان سوربێت له‌سه‌ر سیاسیه‌تى ئێستاى بۆ فرۆشتنى نه‌وت و مامه‌ڵه‌كردن به‌ داهاته‌كه‌ى و وه‌رگرتنى مووچه‌ش له‌ به‌غداوه‌، پێده‌چێت چاره‌نوسى ئه‌م كێشه‌یه‌ هه‌ر به‌كۆتاییهێنان بە زۆرانبازى به‌غدا و هه‌ولێر یه‌كلایى بێته‌وه‌ تا هه‌ردوولا پێكه‌وه‌ دابنیشن و بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.