ڕاپۆرتی کوردستانی

09:28 - 10/03/2019

لێکەوتە مەترسیدارەکانی هەڵوەشانەوەی لە ناکاوی پاشەکەوتی موچە‌

پەیسەر

رۆژی هەینی رابردوو میدیاکانی هەرێم هەموویان مژدەی هەڵگرتنی پاشەکەوتی موچەیان بڵاوکردەوە، حیزبەکانیش بەتایبەتی پارتی و یەکێتی کەوتنە موزایدەی سیاسیی و بە دەستکەوتی خۆیان لە قەڵەمدا، پارتییەکان بە حیکمەتی سیاسەتی نێچیرڤان بارزانیان لە قەڵەمدا کە بە پشتگیری بەردەوامی سەرۆکی پارتی توانی دواجار سیستمی پاشەکەوتی موچە هەڵوەشێنێتەوە، یەکێتیییەکانیش بە جێبەجێکردنی بەڵێنی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەنجامی هەوڵە بەردەوامەکانی قوباد تاڵەبانیان زانی.

بەڵام لەم نێوانەدا هیچ میدیایەک و هیچ حیزبێک باسی دەرەنجامە مەترسیدارەکانی هەڵوەشانەوەی لە ناکاوی سیستمی پاشەکەوتی موچەیان نەکرد کە پێدەچێت دەرەنجامەکانی زۆر مەترسیدارتربێت بۆ ئابوری هەرێم بەراورد بەو کاتەی نوری مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤ بەشە بودجەی هەرێمی بڕی. راستی لابردنی پاشەکەوتی موچە چی بوو؟


بەدەر لە موزایدەی حیزبەکان، هۆکاری لابردنی پاشەکەوتی موچە پەیوەندی بە هیچکام لەو بابەتانەوە نەبوو کە حیزبەکان باسیان دەکرد، نە بەرهەم ساڵح رۆڵی هەبوو، نە لە ئەنجامی سیاسەتی حەکیمانەی نێچیرڤان بارزانی و هەوڵە بەردەوامەکانی قوباد تاڵەبانیش بوو، بەڵکو بەپێی پیلانێکی بەغدا بوو و هەولێریش ناچاربوو گوێرایەڵی بەغدا بێت، تەنانەت بەپێی زانیارییەکان خودی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی زۆر نیگەرانن لە لابردنی پاشەکەوتی موچە و لە ماوەی رابردوودا زۆریشیان هەوڵداوە عادل عەبدولمهدی رازی بکەن کە لابردنی پاشەکەوتی موچە نەکاتە مەرج بەسەر حکومەتی هەرێمەوە بۆ ئەوەی بەشە بودجە رەوانەی هەرێم بکات.


بۆچی لابردنی پاشەکەوت مەترسیدارە؟
گەورەترین کێشەی ئابوری هەرێم ئەوەیە هەرچی داهاتی هەیە بۆ موچە و بەکارهێنان خەرج دەکرێت، هەرێمێکی پێنج ملیۆنی ئەوەندە موچە خۆری هەیە کە مانگانە دەبێت نزیکەی ٨٩٠ ملیار دینار بۆ پێدانی موچە تەرخان بکات و پارەیەکی ئەوتۆ نامێنێتەوە بۆ خزمەتگوزاریی و گەشەپێدانی ئابوری.

مەترسییەکان بریتین لە:
یەکەم: قەیرانی ئابوری چوار ساڵی رابردوو دەریخست کە ئابوری هەرێم ئابورییەکی ئەوەندە لاوازە کە بڕیارێکی سیاسیی بەغدا ئابورییەکەی تێکدەڕووخێت، کورد قسەیەکی هەیە کە دەڵێت مرۆڤی عاقڵ نابێت بهێڵێت مار دوو جار لە کونێکەوە پێوەی بدات، هەربۆیە کورد دەبێت ئەوەندە عاقڵ بێت رێگە نەدات لە دوای بڕیارەکەی نوری مالیکی بە بڕینی بەشە بودجە لە ساڵی ٢٠١٤دا کە لەو کاتەدا پشتی هەرێمی شکاند، جارێکی دیکە بە بڕیارێکی عادل عەبدولمەهدی پشتی ئابوری هەرێم بشکێتەوە.

بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پشتی ئابوری هەرێم نەشکێتەوە، تەنیا یەک چارەسەر هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێستا بازار سەقامگیرە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوو بازار توانی خۆی لەگەڵ گیرفانی خەڵک و سیستمی پاشەکەوت هەماهەنگ بکات و کەسیش لە برسێتیدا نەمرد، هەربۆیە بڕیاری ژیرانە بۆ ئابوری هەرێم ئەوە بوو کە ئەو بڕە پاڕەیەی ئێستا بەپێی سیستمی پاشەکەوت دەدرێتە موچەخۆران بەپێی یاسا وەک سیستمی موچە جێگیر بکرایە و ئەو داهاتە زیادەیەی کە دەمایەوە تەرخان بکرایە بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان.

بەڵام ئێستا کە سیستمی پاشەکەوت هەڵوەشاوەتەوە، حکومەتی هەرێم ناچار دەبێت مانگانە نزیکەی ٨٩٠ ملیار دینار تەنیا بۆ موچە تەرخان بکات و بەم حاڵەشەوە داهاتێکی ئەوتۆی نامێنێت بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوری، لەم حاڵەتەشدا ئابوری هەرێم هیچ گەشەیەک ناکات و بۆ هەمیشە وابەستەی نرخی نەوت و ڕەحمەتی بەغدا دەبێت، خەڵکیش هەر دەبێت چاو لە دەستی حکومەتی بەغدا و هەرێم بن.


لەبەر ئەوەی پارەیەک نامێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، خەڵک نابێت چاوەڕوانی ئەوە بن کە حکومەت رێگاوبان دروست بکات، کێشەی ئاو و کارەبا بە ئاسانی چارەسەر بکات، گەنجان نابێت چاوەڕێ بن هەلی کاریان دەست بکەوێت، جوتیار نابێت چاوەڕێی ئەوە بکات حکومەت بەرهەمەکانیان بکڕێتەوە یان سایلۆ و ساردخانەیان بۆ دروست بکات، چونکە بەرهەمی دەرەکی بە نرخێکی هەرزانتر لەڕێی بازرگانەکانەوە دەگاتە بازاڕەکانی کوردستان.

دووەم:  سروشتی بازاڕ وایە کە خۆی لەگەڵ گیرفانی خەڵک هەماهەنگ دەکات، وەکچۆن دوایی قەیرانی دارایی بازار خۆی لەگەڵ بێ پارەیی خەڵک هەماهەنگ کرد، نرخی کرێ خانوو لە ٥٠٠ هەزار و ٦٠٠ هەزارەوە دابەزی بۆ ١٥٠ هەزار و ٢٠٠ هەزار، یان نرخی کیلۆیەک تەماتە لە ٢٥٠٠ دینارەوە بووە ١٥٠٠ دینار، یان نرخی کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە ٥٠٠٠ دینارەوە بووە ٢٥٠٠، ئەوا لەمەودواش بە هەمان شێوە کاتێک موچە خۆرێک بەپێی سیستمی پاشەکەوت ٦٠٠ هەزار دیناری وەردەگرێت ئێستا ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار وەردەگرێت، ئەوا بازاڕ خۆی لەگەڵ گیرفانی هەماهەنگ دەکاتەوە، دوای چەند مانگێک ئەو فەرمانبەرە کە موچەکەی دەبێتە ١٢٠٠٠٠٠ دینارە ناچار دەبێت ٥٠٠٠٠٠ی موچەکەی بدات بە کرێ خانوو، کیلۆیەک تەماتە بە ٣٠٠٠ بکرێت، مریشک بە ٥٠٠٠ بکرێت و ... کەواتە لەو حاڵەتەشدا هیچ بۆ موچەخۆرەکە نامێنێتەوە، موچەخۆرەکە پێشتر بە ٦٠٠ هەزار دینارەکە چی دەکڕی، دوای چەند مانگ بە ١٢٠٠٠٠٠ەکەش هەمان ئەو شتانە دەکڕێتەوە، موچەخۆران تەنیا چەند مانگێک چێژ لە لابردنی سیستمی پاشەکەوت دەبینن و دواتر بەهۆی هەڵاوسانی ئابورییەوە هەموو شتێک وەکخۆی لێدێتەوە.


هەڵاوسانی ئابوری لە ئێستاوە هەڕەشە لە کابینەی داهاتوو دەکات، ئەگەر بێتو پلانێکی گەورە نەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوا لەوانەیە هەڵاوسانەکە ببێتە مەترسییەکەی زۆر گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەربۆیە ناکرێت پێداگری عادل عەبدولمەهدی لەسەر لابردنی پاشەکەوتی موچە وەک دڵسۆزی بەغدا بۆ موچەخۆرانی هەرێم لێکبدرێتەوە، وەها لێکدانەوەیەکی نالۆژیکیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێداگری ناوبراو لەسەر لابردنی پاشەکەوت پێدەچێت زیاتر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە بازاڕی هەرێم تووشی هەڵاوسان بکات و لەم ڕێگەیەوە فشاری زیاتر بخاتە سەر هەرێم و لە ناو خەڵکی هەرێمیشدا خۆی بکاتە پاڵەوان و هەستی عێراقچێتی لەناو کورددا بەرز بکاتەوە، هەر وەکچۆن لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک لە ماڵپەری پەیسەرپرێس سەبارەت بەوەی عادل عەبدولمەهدی هەڵوەشانەوەی سیستمی پاشەکەوتی کردووەتە مەرج بۆ ناردنی ٥٢٢ ملیار دینارەکە، یەکسەر هەندێک کەس لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە فتۆشۆپ جلی کوردییان کردەبەر عادل عەبدولمەهدی کردیانە پاڵەوان.

سێیەم: رژانی پارەیەکی زۆر لە ماوەیەکی کورتدا و هەڵاوسانی گیرفانی خەڵک لە پارە، دەبێتە هۆی ئەوەی توانای کڕینی خەڵک بەرزبێتەوە، ئەمەش خواست بەرز دەکاتەوە، کاتێکیش خواست بەرزبووەوە، بازرگانەکان کاڵایەکی زۆر هاوردە دەکەن و نرخی کاڵا هاوردە کراوەکەش لە بازاڕدا بەپێی گیرفانی خەڵک رێکدەخرێت، بەمجۆرە ئەوەی قازانج دەکات خەڵک و موچەخۆر نین، بەڵکو بازرگانەکان و ئەو وڵاتانەن کە کاڵاکانیان بە بازرگانەکانی هەرێم دەفرۆشن، ئەمەش بەو واتایە کە ئەو ئەو پارەیەکی کە بە لابردنی سیستمی پاشەکەوت دەچێتە گیرفانی خەڵکەوە، تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە گیرفانی خەڵکدا دەمێنێتەوە و دوای چەند رۆژەکە بەشێکی دەچێتە گیرفانی بارزگانەکانەوە و بەشە زۆرکەشی راستەوخۆ لە هەرێم دەچێتە دەرەوە بەبێ ئەوەی هیچ سودێکی بە ئابوری هەرێم گەیاندبێت.

چارەسەر چی بوو؟
هەرچەندە تازە درەنگ بووە، بەڵام چارەسەر ئەوە بوو حیزبەکانی هەرێم لە جیاتی ئەوەی بکەونە موزایدە کردن بەسەر یەکەوە وەک پرسێکی گەورە سەیری ئەم بابەتەیان بکردبایە، کۆبوونەوەی راوێژی نیشتمانیان کردبایە و لە پەرلەمانیشەوە بڕیارێکی نیشتمانیانەیان دابایە و بە دوور لەوەی چ حیزبێک ئۆپۆزسیۆنە و چ حیزبێک دەسەڵاتە هەموویان لەم بڕیاردەدا بەشداربوایەن و پشتگیری حکومەتیان کردبایە بۆ ئەوەی سیستمی نوێی موچە بە شێوەیەک ڕێک بخاتەوە کە بەشێک لە داهاتی هەرێم بمێنێتەوە بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوری، بە هەمووشیانەوە بە راشکاوانە خەڵکیان لە دەرەنجامە مەترسیدارەکانی لابردنی لەناکاوی سیستمی پاشەکەوت ئاگادار کردبایەتەوە بۆ ئەوەی حکومەت بەرگەی دەرەنجامی بڕیارە دروستەکە بگرێت، چونکە هەر کەسێک لە دەسەڵاتدابێت لەم کاتەدا لە ترسی موزایدەی سیاسی ناوێرێت بڕیارێکی قورس بدات و بە راشکاوانە بە خەڵک بڵێت سیستمی موچە بە شێوەیەک رێکدەخەینەوە کە لە بەرژەوەندی درێژخایەنی ئابوریدابێت نەک لە بەرژەوەندی کورتخایەنی گیرفانی خەڵک.

لە بەرامبەردا دەبێت حکومەت پابەند بکرێت بە شەفافییەت دارایی، مانگانە راپۆرتی داهاتەکانی بە شێوەیەکی شەفاف بڵاوبکاتەوە، حکومەت دەبێت دەست بکاتەوە بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە و داهاتە زیادەکە بەپێی بودجە بۆ وەبەرهێنان تەرخان بکات، تەنانەت دانەوەی قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیش بە ئاشکرا و بە ئاگاداری پەرلەمان بداتەوە.

 دەرفەتێکی باش هەبوو بۆ ئەوەی بە جۆرێک سیستمی موچە رێک بخرایەتەوە کە بە لانیکەمەوە نزیکەی لەسەدا ٣٠ی داهاتی بگەڕابایەتەوە بۆ وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری، بەڵام ئەو دەرفەتە بەهۆی فشاری بەغدا و لە ترسی موزایدەی سیاسی لەبار چوو، ئەگەر چەند مانگی دیکە بازاڕی هەرێم تووشی هەڵاوسانێکی گەورەبوو هەموو لایەک لێی بەرپرسیارن، چونکە ئابوری زانستە و بە موزایدەی سیاسی بەڕێوەنابریت.