ڕاپۆرتی کوردستانی

04:40 - 06/03/2019

پەیسەرپرێس وەک یەکەم میدیا هەموو ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات‌

پەیسەر

ماڵپەڕی پەیسەرپرێس وەک یەکەم میدیا هەموو ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی لەسەر چوار ئاستی پۆستەکانی هەرێم، کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، نەوت و گاز و بەغدا بڵاو دەکاتەوە.

گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی هەرێم بریتن لە:
یەکەم: هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و گۆڕینی سیستمی سیاسی هەرێم بۆ پەرلەمانی کە تیایدا سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەکانی لەلایەن پەرلەمانەوە دیاری دەکرێت.
پارتی و یەکێتی لە سەر پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە تەنیا براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان کاندیدی بۆ ئەو پۆستە دەبێت ( کە پارتی براوەی یەکەمە) و هەموو ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمان دەبێت دەنگ بەو کاندیدە بدەن.
دووەم: یەکێتی نیشتمانی لەسەر ئاستی هەرێمدا لەسەدا ٣٠ پۆستەکانی بەردەکەوێت.
سێیەم: بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی و بۆ ئەوەی بڕیاری حکومەت لە هەموو ناوچەکانی هەرێم وەک یەک بەهێز بێت، دەبێت لەسەدا ٢٠ی پۆستە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی زۆنی سەوز بۆ پارتی بێت و لە بەرامبەریشدا لە سەدا ٢٠ پۆستەکانی زۆنی زەرد بۆ یەکێتی و گۆڕان دەبێت.
چوارەم: دەرکردنی هەر بڕیارێک یان ناردنی هەر پڕۆژە یاسایەک بۆ پەرلەمان دەبێت بە رەزامەندی هەموو لایەنەکانی بەشداربووی حکومەت بێت.
پێنجەم:  ئەو پۆستانەی بۆ یەکێتی یەکلایی بوونەتەوە بریتین لە : سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، پێنج وەزارەت کە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و تەندروستی و خوێندنی باڵا و کارەبا و کشتوکاڵی تێدایە بەڵام بە تەواوی یەکلایی نەبوونەتەوە ( هۆکاری یەکلانەبوونەوەکەی بۆ داوای یەکێتی دەگەڕێتەوە کە داوای وەزارەتی ناوخۆ دەکات)، چوار بۆ پێنج نوێنەرایەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، چەندین بریکار کە بریکارەکانی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ و دارایی یەکلایی بووەتەوە، نزیکەی ٦٠ بەڕێوەبەری گشتی لە هەموو فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان.

گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەسەر نەوت و گاز
یەکەم: پارتی دەبێت پشکی هەبێت لەو نەوتەی کە لە سنوری زۆنی سەوزەوە بە تانکەر هەناردەی ئێران دەکرێت و ئاگاداری هەموو بۆندەکان بێت، لە بەرامبەردا یەکێتی پشکی بۆ دیاری دەکرێت لەو نەوت و گازەی پارتی بە بۆری هەناردەی تورکیای دەکات.
دووەم: لەگەڵ بەغدا رێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان بۆ دۆخی بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بگەڕێنەوە، هەروەکچۆن بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و هاڤانا بە هاوبەشی لەنێوان پارتی و یەکێتییەوە مامەڵەی بازرگانی پێوە دەکرا، بە هەمان شێوە هەردوو لا بە هاوبەشی بازرگانی پێوە بکەن.
سێیەم: یەکێتی دەبێت پشتگیری پارتی بکات بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی بەغدا رێگە بدات لەڕێی بۆرییەوە بە سەربەخۆ گازی سروشتی کەرکوک و هەرێم هەناردەی تورکیا بکات، حکومەتی هەرێم و بەغدا چاودێری پرۆسەی هەناردەکردنەکە بکەن.
چوارەم: رۆژانە ٢٢٩ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکەن، لە بەرامبەردا دەبێت بەغدا لەسەدا ١٢ی بەشە بودجەی هەرێم بنێریت.
پێنجەم: لەسەر نەوت و گاز بە هاوبەشی دانووستان لەگەڵ بەغدا بکەن و دەبێت پشکی کۆمپانیا و پاڵاوگەکانی هەردوو لا پارێزراوبێت.

گرنگترین خاڵەکان لە سەر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان
یەکەم: پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی لەسەر هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە هەیە دانووستان لەگەڵ بەغدادا بکات.
دووەم: هەر دوو لایەن بە هاوبەشی کاردەکەن بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان.
سێیەم: هەر دوو لا کار دەکەن بۆ ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوکیش جێبەجێ بکرێت کە بڕیارە لە مانگی ١٢دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت.
چوارەم: پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی دەبێت.
پێنجەم: پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ پارتی دەبێت
شەشەم: یەکێتی و پارتی لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بە یەک لیست بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
حەوتەم: لەسەدا ٢٠ی ئەو پۆستانەی لە کەرکوک بە کورد دەکەوێت بۆ پارتی دەبێت و لە بەرامبەردا لەسەدا ٢٠ پۆستەکانی سنوری پارێزگای موسڵ کە بەر کورد دەکەوێت بۆ یەکێتی دەبێت.
هەشتەم: هەوڵدان بۆ هەڵوەشانەوە و لابردنی خاڵە گومرکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا

گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەسەر ئاستی بەغدا
یەکەم: وەزیری داد بۆ یەکێتی دەبێت بەڵام دەبێت پارتی رازی بێت بە کاندیدەکەی یەکێتی
دووەم: بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی لە بەغدا بەر کورد کەوتووە دەبێت بەپێی رێککەوتنی هەر دوولا بێت.
سێیەم: سەردانی تەواوی وەفدەکان بۆ بەغدا یان دەبێت وەفدی هاوبەش بێت یان دەبێت وەفدەکە بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات ( واتا هیچ وەفدێکی پارتی یان یەکێتی بە تەنیا نابێت سەردانی بەغدا بکەن)
چوارەم: پێدانی رۆژانە ٢٢٩ هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا لە بەرامبەر ناردنی لەسەدا ١٢ی بەشە بودجەی هەرێم
جگە لەم خاڵانەی ئاماژەی پێدرا، پارتی و یەکێتی لەسەرچەندین خاڵی دیکەش رێککەوتوون بەڵام ئەم خاڵانە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنامەکە بوو.