ڕاپۆرتی کوردستانی

02:59 - 05/03/2019

گه‌نجێكى كه‌ركوكى له‌ زیندانى كه‌ره‌ج مانى له‌ خواردن گرتووه‌‌

پەیسەر

گه‌نجێكى كه‌ركوكی له‌ زیندانى ره‌جایى شه‌هرى شارى كه‌ره‌ج مانى له‌ خواردن گرتووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى چه‌ند جارێك داواكارى ره‌تكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاڵوگۆڕكردنى له‌گه‌ڵ زیندانییه‌ ئێرانییه‌كان كه‌ له‌نێوان هه‌رێم و ئێراندا بڕیارى لێدرا، ئێستا ته‌ندروستى تێكچووه‌و وه‌ڵامى داواكارییه‌كه‌شى نه‌دراوه‌ته‌وه‌.

مه‌ریوان عه‌بدولكه‌ریم ره‌زا، له‌ ٢٠ی١١ی ٢٠١٢ ەوە به‌ تۆمه‌تى تێكدانى ئاسایشى وڵات و لایه‌نگرى بۆ حزبه‌ كوردییه‌كان، زیندانیكراوه‌و ٣١ ساڵ حوكمدراوه‌، به‌ڵام دواى هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى حه‌سه‌ن رۆحانى و گۆڕینى حكومه‌تى ئه‌حمه‌دى نه‌ژاد، به‌شێك له‌ تۆمه‌ته‌كانى لابراون و سزاكه‌شى بۆ حه‌وت ساڵ و نیو كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، مه‌ریوان ئێستا ماوه‌ى ساڵێكى ماوه‌ له‌ زیندان به‌ڵام چاوەڕێى ئه‌وه‌یه‌ له‌ پرۆژه‌ى ئاڵوگۆڕى زیندانییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران له‌ زیندانى ره‌جا رزگارى بێت به‌ڵام به‌رپرسانى زیندانه‌كه‌ ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ ناوى ئه‌و بخه‌نه‌ لیستى ئاڵوگۆڕه‌كه‌وه‌.

مه‌ریوان له‌ پشتى دیواره‌كانى زیندانى به‌ناوبانگى ره‌جایى شه‌هره‌ چاوى له‌ گه‌یشتنه‌وه‌یه‌تى به‌ بابه‌گوڕگوڕ، هیواى كه‌مه‌ به‌رپرسانى زیندانه‌كه‌ى ناوى بخه‌نه‌ لیستى گه‌ڕاوه‌كانه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌رێگه‌ى په‌یسه‌ر پرێسه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوه‌كانى مافى مرۆڤ، كار بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى و كۆتایى هێنان به‌ رۆژه‌كانى زیندانى ره‌جایى شه‌هر.

مه‌ریوان له‌رێگه‌ى كه‌سێكی نزیكییه‌وه‌ زانیارییه‌كانى بۆ په‌یسه‌رپرێس ناردووه‌و ده‌ڵێت، ماوه‌ى ١٠ رۆژه‌ ئه‌و ده‌ستى به‌ مانگرتن كردووه‌، چونكه‌ سێ جار داوایكردووه‌ پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕه‌كه‌ ئه‌ویش بگرێته‌وه‌ به‌ڵام داواكارییه‌كه‌ى قبوڵنه‌كراوه‌"گورچیله‌م ئازارى زۆره‌و زه‌ختم هه‌یه‌ ته‌ندروستیم تێكچووه‌، چه‌ند جارێك پێمگوتراوه‌ كه‌ ناوم خراوه‌ته‌ لیستى زیندانییه‌ ئاڵوگۆڕكراوه‌كان به‌ڵام دواتر ناوه‌كه‌م لابراوه‌ له‌ لیسته‌كه‌".


مه‌ریوان گوتى"من خه‌ڵكى كه‌ركوكم و كوڕه‌ ئه‌نفالم، داواكارم كاربكرێت بۆ پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕه‌كه‌ منیش بگرێته‌وه‌، بگه‌ڕێمه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان، ئێستا ته‌نها تۆمه‌تى نه‌بوونى پاسپۆرت و تێكدانى ئاسایشى وڵاتم له‌سه‌ر ماوه‌ و ماوه‌كه‌شم ساڵێكى ماوه‌ بۆیه‌ ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان، نازانم بۆچى به‌رپرسانى زیندانه‌كه‌ ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌".

مه‌ریوان ساڵى ٢٠٠٤ چووه‌ته‌ ئێران، ویستوویه‌تى له‌وێوه‌ بچێته‌ ئه‌وروپا به‌ڵام چه‌ند جارێك ده‌ستگیركراوه‌ له‌ توركیاو ئیتر گه‌ڕاوه‌ته‌ ئێران و له‌وێ كارى وه‌رگێڕانى كردووه‌، له‌ ساڵى ٢٠١٢  ده‌ستگیرده‌كرێت و سێ ده‌یه‌ سزاى زیندانى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت دواتر سزاکەی بۆ حەوت ساڵ و شەش مانگ کەمدەکرێتەوە.

 

هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى ئیسلامى ئێران ساڵى رابردوو رێككه‌وتنێكیان ئه‌نجامدا بۆ گۆڕینه‌وه‌ى زیندانییان، به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ ١٣٠ زیندانیكراوى ئێرانى له‌ زیندانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ى ئێران ده‌كرێنه‌وه‌و ٢٠ زیندانى هه‌رێمى كوردستانیش دێنه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێران به‌ تاوانى جۆراوجۆر زیندانین، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌دوایین سه‌ردانیدا بۆ هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى واژۆكرد.