01:03 - 01/03/2019
نێچیرڤان بارزانی لەكۆتایی دەسەڵاتەكەی سەركێشییەكی تر بەچارەنووسی خەڵكی هەرێمەوە دەكات؟
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە وادەی كابینەكەی ماوەیەكی كەمی ماوە سەركێشییەكی تر بە چارەنووسی خەڵكی هەرێمەوە دەكات، ئەوەش بەبڕیارێك، كە رەنگە جارێكی تر خەڵكی رووبەڕووی قەیرانێكی تر بكاتەوە.
بڕیارەكەی نێچیرڤان بارزانی لەمیانی كۆبوونەوەی رۆژی چوار شەممەی ئەنجوومەنی باڵای نەوتو غازی هەرێمی كوردستان بووە، كە بڕیاردراوە هەولێر داهاتی نەوت رادەستی حكومەتی عێراق نەكات.
بەپێی زانیارییەكان، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگاداری ئەنجومەنی وەزیران دراوە بە پەیسەرپرێس، لەكۆبوونەوەكە لەسەر بنەمای راپۆرتی تێكرای بەرهەمهێنانو خەرجی و داهاتەكانو باری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكە دراوە.
لەكۆبوونەوەكە هەریەكە لە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشییەكان بەشدارییان كردووەو بەپشتبەستن بەمادەی 10ی بودجەی گشتی عێراق، كە دەبێت بەغدا مانگانە برێك پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانو هێزی پێشمەرگە بنێرێت، ئەنجوومەنەكە بڕیاریداوە داهاتی ئەو ٢٥٠ هەزار بەرمیلە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ نەكات.
بەپێی مادەی دە لەبودجەی گشتی عێراق، بەغدا مانگانە بڕی تڕیلیۆنیك و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەگەر بێتو هەولێر داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی بەغدا بكات، بەڵام لەبڕگەی ئەلیفی هەمان مادەی گەرەنتی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانو هێزی پێشمەرگە كراوە، ئەگەر بێتو هەولێر داهاتی نەوتیش رادەست نەكات.
ئەمە لەكاتێكدایە لەساڵی 2014و لەو كاتەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتیدا بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، حكومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی بڕیو ئەوەش قەیرانێكی گەورەی ئابووری دروست كرد، كە رەنگە بەم بڕیارە نوێیەی نێچیرڤان بارزانی جارێكی تر خەڵكی هەرێم تامی ئەو قەیرانە بكەنەوە، بەتایبەتی ئەگەر بەغدا هەمان بڕیاری پێشوو بدات.
ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەو بارەوە بۆ پەیسەرپرێس گوتی: راستە لەبودجەی گشتی 2019 باسی دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانو پێشمەرگەی هەرێم كراوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەك نییە، بۆ ئەوەی بەغدا ئەو پارە بۆ هەولێر بنێرێت، یاخود ئەگەر ناردیشی، مەرج نییە بەردەوام بێت.
ئەحمەد حاجی رەشید بەپێویستی زانی هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستانیش پابەندبن بەیاسای بودجەی عێراقو گوتیشی: چ هەولێر چ بەغداش نابێت یاری بەچارەنووسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی چەند ساڵێكی قورسیان بەرێكرد.
هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ پەیسەرپرێس ئاشكرایكرد، لەكۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی نەوتو غاز بڕیاری ئەوەش دراوە بەم نزیكانە شاندێكی هەولێر سەردانی بەغدا بكاتو لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بۆ گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێك گفتوگۆ بكەن.
سەرچاوەكە ئامادەنەبوو ئەو دۆسییانە ئاشكرابكات ، شاندەكە لەهەگبەیدایە بۆ سەردانەكەی بەغدا، بەڵام ئەگەر هەیە كێشە داراییەكانو پرسی هەناردەی نەوتو داهاتی خاڵە سنوورییەكانو چەند كێشەیەكی تر سەرتۆپی ئەو بابەتانەبن، كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەگەڵ عێراق یەكلایانبكاتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید، لەو بارەوە گوتی: ئەوەمان بیستوە، كە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات، بەڵام ئاگاداری وردەكاری سەردانەكە نین، كە هیوادارین سەدانەكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بێت لەگەڵ حكومەتی عێراق.
ئەوەی گرنگە كاردانەوەی حكومەتی عێراق لەبەرانبەر ئەگەری رادەستنەكردنی داهاتی نەوت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، كە لەدواین چاوپێكەوتنی تەلەفزیۆنی لەگەڵ كەناڵی عێراقییەی فەرمی حكومەتی عێراق سامر غەزبان، وەزیری نەوت رایگەیاند، كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ "، تائێستا نە داهات، نە هیچ بڕێكی لەنەوتی خاوی لەكێڵگەكانی هەرێمی كوردستان وەرنگرتووە.
سامر غەزبان راشیگەیاند، وەزارەتەكەیان لەڕیگای گفتوگۆوە هەوڵی ئەوەدایە كۆتایی بەبابەتی رادەستكردن، یان نەكردنی بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەنەوتی خاوی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بهێنێتو یەكلایبكاتەوە، ئەوەش لەچوارجێوەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی حكومەتی فیدراڵی .
وەزیری نەوت هەروەها رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای بودجە، هەرێمی كوردستان پشكی خۆی لە بودجە وەردەگرێت ئەگەر بێت و ئەو برە نەوتەی ئاماژەی بۆ كراوە ڕادەست بكات، كە ئاشكراشیكرد، چاوەڕی دەكەن بەم نزیكانە لەگەڵ هەرێم دەست بەگفتوگۆ بكەنو هیواشیخواست بەرێككەوتنێكی یەكلاكەرەوە بگەن.
هەرچی پەرلەمانتارانی عێراقە لەو بارەوە كاردانەوەی جۆراوجۆریان هەیەو حەنین قەدو، ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق لەو بارەوە گوتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆری نەوتی لەڕیگای خاكی توركیاوە بەقاچاخ دەفرۆشێتو دەبێت داهاتەكەی رادەست بكات، ئەگەرنا، نابێت بەغدا شایستە داراییەكانی هەولێر بنێرێت.
هەروەها گوتیشی: چەندین گیڵگە نەوتی ناوچە كێشە لەسەرەكان، كە سەر بەحكومەتی عێراقین لەژێر دەستی حكومەتی هەرێمدایەو داهاتەكەی دەبات بێ ئەوەی بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، بۆیە دەبێت رێكاری پێویست لەو بارەوە بگیرێتە بەر.
بڕی ئەو پارەیەی وەك موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دەبێت بەغدا بینرێرێت بەبێ رادەستكردنی داهاتی نەوت مانگە ٥٢٢ ملیار دینار، كە لەم مانگەوە پێویستە بەغدا رەوانەی هەولێری بكات.
لەو بارەوە غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پەیسەرپرێس دەڵێ: بەپێی یاساكە دەبێت لەم مانگەوە بەغدا بڕی ٥٢٢ ملیار دینار رەوانەی هەولێر بكات، بەڵام بڕیاری رادەستنەكردنی نەوت، رەنگە كێشە بۆ یاسەكەش دروست بكاتو وەك خۆی جێبەجێنەكرێت.
غالب محەمەد، كە ئەندامی لیژنەی نەوتو غازی پەرلەمانی عێراقە گوتیشی: ئەگەر هەرێم داهاتی 250 هەزار بەرمیلەكە رادەست بكات، ئەوە مەترسی نامێنێتو بودجەی هەرێم دەنێردێت، كە بڕەكەی لەو پارە زۆرترە هەرێم لەرێگەی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ دەستی دەكەوێت.
رای فەرمی حكومەتی هەرێمی هەرێمی كوردستانیش رۆژی پێنج شەممە لەروونكردنەوەیەكی كورت خرایە روو، كە سەفین دزەیی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، دەربارەی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ نەوت و غاز، هەندێك لەدەزگاكانی ڕاگەیاندن چەند هەواڵ و ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانییان بڵاوكردووەتەوە، كە هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە، كە كۆبوونەوەكە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی بووەو هەرچی لەبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە هیچ ڕاستییەكی تێدا نییە و بە تەواوی هەڵبەستراوە".
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا، حكومەتی هەرێم وەك هەمیشە دووپاتیدەكاتەوە، كە ئامادەیە و خوازیاری ئەوەیە كێشە و گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەربكات، بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك لەبارەی گفتوگۆكان بخاتەڕوو