ڕاپۆرتی کوردستانی

11:03 - 28/02/2019

پلانی (بی)ی یەکێتی چییە؟‌

پەیسەر

یەکێتی هەڕەشەی ئەوە دەکات لە ئەگەری رازینەبوونی پارتی بە داواکارییەکانیان، ئەوا پلانی Bی جێبەجێ دەکەن و تەنانەت دەڵێن پلانی C یشیان ئامادەیە، بەپێی زانیارییەکان رۆژی شەمەی رابردوو لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەنگ لەسەر جێبەجێکردنی پلانی Bی دراوە لە ئەگەری رێکنەکەوتنیان لەگەڵ پارتیدا.

 پلانی Bی یەکێتی بریتییە لە بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی و لە راستیشدا بە هەرێمکردنی زۆنی سەوزە، پارتی تا ئێستا پێیوایە یەکێتی ئەم هەڕەشەیە تەنیا وەک کارتێکی فشار لە دژی پارتی بەکار دەهێنێت، بەڵام زانیاری ئەوە هەیە کە ئێران لە پشتی ئەم پلانەوەیە، ئێرانیش لانیکەم لەم قۆناغەدا ئەم هەڕەشەیە وەک کارتی فشار لە دژی پارتی بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ناچاری بکات سازش بۆ یەکێتی بکات.

ئێران ناتوانێت قبوڵی بکات پێگەی یەکێتی لە هەرێمدا لاواز بکرێت و چونکە ئێران چۆن لە لوبنان دەیەوێت لەڕێی حیزبوڵاوە هەژمونی خۆی لەو وڵاتەدا بسەپێنێت، رێک بە هەمان شێوەی لوبنان و حیزبوڵاش سەیری هەرێم و یەکێتی دەکات، سلێمانی و زۆنی سەوزیش وەک جنوب لوبنانێکی دیکە دەبینێت، هەربۆیە بۆ ئەوەی هەژمونی ئێران لە هەرێمدا گەرەنتی بکرێت نابێت یەکێتی لاواز بکرێت.
 
ئەمریکاش ئاگاداری پلانی Bی یەکێتی و ئێرانە، هەربۆیە پێشبینی ناکرێت ئەمریکا دەستەوەستان بێت و بێ هەڵوێست بێت، لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریکا دوو جار هۆشداری داوەتە یەکێتی بۆ ئەوەی خەیاڵی پلانی Bی لە مێشکیان دەربهێنن، جارێکیان باڵیۆزی ئەمریکا بە نامەیەک هۆشداری داوە بە کۆسرەت رەسوڵ و جارێکی دیکەش نامەیەکیان بۆ مەکتەب سیاسی حیزبەکە نووسیووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئەم پلانە پلانێکی ئێرانی و تەنیا لە بەرژەوەندی ئێراندایە و خزمەتی بەرژەوەندی کورد و هەرێمی کوردستان ناکات، هەر بەو نامەیەش بوو کە ئەمریکا لە دوای کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمان رێگری کرد لە خۆپیشاندانێکی جەماوەر و کادیرانی یەکێتی کە بڕیاربوو لە بەردەم مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بکرێت و لە دژی رێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان دروشم بدەن، ئەمریکا لە نامەکەدا هۆشداری دابووە یەکێتی کە نابێت ئەو خۆپیشاندانە بکرێت، هەربۆیە یەکێتی خۆپیشاندانەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیارەکەی گۆڕی بۆ کۆبوونەوەکەی تەلاری هونەر کە کۆسرەت رەسوڵ و حاکم قادر قسەیان بۆ کادیرەکانی یەکێتی کرد.

ئایا یەکێتی دەتوانێت پلانی Bی جێبەجێ بکات؟
بۆ بە هەرێمکردنی سلێمانی بەر لە هەر شتێک پسپۆڕانی یاسایی بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێکیان دەڵێن بەپێی دەستوری عێراق ناکرێت سلێمانی بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، چونکە لە دەستوردا دان بە هەرێمی کوردستاندا نراوە و سنورەکانی ئەو هەرێمەش دیاریکراون و نابێت دەستکاری سنورەکانی بکرێت.

لە بەرامبەردا ئەو بۆچوونەش هەیە کە هیچ رێگرییەک لە دەستوردا نییە بۆ بە هەرێمکردنی سلێمانی، چونکە بەپێی مادەی ١١٩ی دەستور رێوشوێنەکانی دروستکردنی هەرێم دیاریکراوە و سلێمانیش دەتوانێت وەک هەر پارێزگایەکی دیکەی عێراق داوا بکات بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ.
 
ئەگەر بەپێی خوێندنەوەی دووەمیش بێت ئەوا هێشتا یەکێتی ناتوانێت بە ئاسانی سلێمانی بکاتە هەرێمێکی جیاواز، چونکە بەپێی مادەی ١١٩ی دەستور دەبێت یان یەک لە سەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و یان خود یەک لەسەر ١٠ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە داوایەک پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی ریفراندۆم بکرێت، یەکێتی کە لە ٣٢ ئەندام ١١ ئەندامی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا هەیە دەتوانێت بەبێ کێشە داواکە پێشکەش بکات، بەڵام ئایا لە ریفراندۆمدا زیاتر لە سەدا ٥٠ی دەنگدەران دەنگ بە بە هەرێمکردنی سلێمانی دەدەن؟

هەرچەندە قورسە پێشبینی کردنی ئەوەی کە ئایا دەنگدەران دەنگ بە بە هەرێمکردنی دەدەن یان نا، بەڵام ئەوە پێشبینی کراوە کە جگە لە یەکێتی هیچ کام لەلایەنەکانی دیکە لە بەرژەوەندییاندا نییە لەگەڵ داواکارییەکەی یەکێتی بن، هەر حیزبێک دەنگ بە بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی بدات وەک ئەوەیە خۆی فاتیحەی خۆی خوێندبێت، چونکە لە ئەگەری دروستبوونی هەرێمی سلێمانی ئەوا یەکێتی دەبێتە حاکمی موتڵەقی سیاسی و سەربازی و ئابوری هەرێمەکە و لە هیچ حیزب و هێزێکی دیکە قبوڵ ناکات لە هەرێمەکەیدا کێشە بۆ دەسەڵاتەکەی دروست بکەن.

کێشەیەکی دیکە کە بەربەستە لە بەردەم  جێبەجێ بوونی پلانی Bی یەکێتیدا ئەوەیە کە ئایا یەکێتی دەتوانێت لە بەرامبەر فشارەکانی ئەمریکا خۆی رابگرێت، یان بە واتایەکی دیکە ئایا ئەمریکا رێگە دەدات پلانی ئێران هەروا بە ئاسانی لە هەرێمی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت؟

هەروەک پێشتر ئاماژەی پێدرا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری داوەتە یەکێتی کە واز لە بیرۆکەی بە هەرێمکردنی سلێمانی بهێنێت، پێشناچێت لە ئەگەری هەنگاونانی جدی یەکێتی ئەمریکا تەنیا بە هۆشداریدان واز لە یەکێتی بهێنێت، ئەمریکا کە ستراتیژییەکەی لە عێراقدا لێدانە لە هەژمونی ئێران قبوڵی ناکات لە هەرێمی کوردستانیش ئێران وەک ناوچە شیعەکانی باشوری عێراق ببێتە حاکمی موتڵەق، بۆیە چاوەڕوانکراوە ئەمریکا کاردانەوەی توندی دەبێت بەرامبەر هەر پڕۆژەیەک کە یارمەتیدەربێت بۆ بەهێزبوونی هەژمونی ئێران، بە تایبەتیش کە ئەمریکا پێیوایە ئەم پلانە، پلانی ئێرانە.

یەکێتی ئەستەمە بەرگەی هەڕەشەکانی ئەمریکا بگرێت، لە ماوەی رابردوودا دوو رووداو روویاندا کە سەلمێنەری ئەوەن یەکێتی ناتوانێت لە قسەی ئەمریکا دەربچێت، یەکەمیان هەڵوەشانەوەی خۆپیشاندانەکەی رۆژی ١٩ی شوباتی بەردەم بینای مەکتەبی سیاسیی بوو، دووەمیشیان قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوت بوو بۆ ئێران کە بەپێی زانیارییەکان یەکێتی تەنیا نیو کاتژمێر دوای گەیشتنی هۆشدارییەکەی ئەمریکا رازی بوو بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوت لە سنورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ ئێران.

ئایا دروستکردنی هەرێمی سلێمانی لە بەرژەوەندی خەڵکی سلێمانی و هەرێمدایە؟
 
سەرباری ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا زۆرینەی دانیشتوانی سلێمانی رەخنەیەکی زۆریان لە حکومەتی هەرێم هەبووە بەوەی کە بەوپێیەی پارتی لە حکومەتدا باڵادەستە جیاوازی داناوە لەنێوان هەولێر و دهۆک و سلێمانیدا و پارتیش بە بەردەوامی 
رەتیکردووتەوە کە جیاوازی دانابێت و دەڵێت لە بودجەدا هیچ جیاوازییەک دانەنراوە، جیاوازییەکە ئەوەیە ئەو پارەیەی دێت بۆ سلێمانی زۆرتر بۆ گەندەڵی دەڕوات و لەمەشدا یەکێتی خەتابارە نەک پارتی.

بەدەر لەم شەڕە حیزبییە بەڵام بە چەند هۆکارێک دروستبوونی هەرێمی سلێمانی لە بەرژەوەندی دانیشتوانی سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستانیشدا نابێت:
یەکەم: لە ئەگەری دروستبوونی هەرێمی سلێمانیدا، ئەوا یەکێتی دەبێتە حاکمی موتڵەقی سەربازی و سیاسی و ئابوری هەرێمە و لە هەولێر و دهۆکیش بە هەمان شێوە پارتی دەبێتە حاکمی موتڵەق، لەو حاڵەتەدا نە لە هەرێمی سلێمانی دەرفەت دەدرێت بە هیچ حیزب و لایەنێکی دیکە دەسەڵاتی یەکێتی بخاتە ژێر پرسیارەوە و نە پارتیش لە هەولێر دەرفەت بە حیزب و لایەنەکانی دیکە دەدات، بەمجۆرە لە هەولێر و سلێمانی سنوری ئازادییە سیاسیی و مەدەنییەکان بە تەواوی بەرتەسک دەبێتەوە.

ئەو ئازادییە رێژەییەی کە تا ئێستا لە هەولێر و سلێمانی بۆ چالاکی سیاسیی و حیزبەکان هەبووە، یان ڕیگە دراوە میدیای رەخنەگر و خەڵکی رەخنەگر هەبێت، ئەمانە هیچیان بەرهەمی تێگەیشتن و باوەڕی سەرکردایەتی دوو حیزبی دەسەڵاتدار نەبوون بۆ ئازادی، بەڵکو بەرهەمی هاوسەنگی هێزی سەربازی و جەماوەری و ئابورییە لە پلەی یەکەمدا لەنێوان پارتی و یەکێتی و لە پلەی دووەمیشدا لەنێوان پارتی و حیزبەکانی دیکەدا، بەڵام ئەگەر بێتو هەرێمی کوردستان بکرێتە دوو هەرێم ئەوا ئەو هاوسەنگییە نامێنێت و یەکێتی لە سلێمانی و پارتیش لە هەولێر دەبنە حاکمی موتڵەق و سنوری ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بەرتەسک دەکەنەوە،ئەمەش زیانێکی گەورەیە بۆ دانیشتوانی هەرێم بە گشتی و سلێمانیش بە تایبەتی.
 
دووەم: بەهۆی بەرتەسکبوونەوەی ئازادییە سیاسییەکان حیزبەکانی دیکە هەموویان زەرەرمەند دەبن، چونکە نە لە سلێمانی یەکێتی لە هیچ حیزبێک قبوڵ دەکات دژی بجوڵێتەوە و نە لە هەولێریش پارتی، لەو حاڵەتەدا دەبێت حیزبەکان خۆیان بەسەر پارتی و یەکێتی یان هەرێمی سلێمانی و هەرێمی هەولێردا ساخ بکەنەوە، دژە یەکێتییەکان دەبێت بچنە هەولێر و لە هەولێرەوە رەخنە لە یەکێتی بگرن و مەدحی پارتی بکەن، دژە پارتییەکانیش بچنە سلێمانی و لە سلێمانییەوە رەخنە لە پارتی بگرن و مەدحی یەکێتی بکەن، ئازادی سیاسیی لە هەولێر بریتی دەبێت لە ئازادی رەخنەگرتن لە یەکێتی، ئازادی سیاسییش لە سلێمانی بریتی دەبێت لە ئازادی رەخنەگرتن لە پارتی.

سێیەم: کۆی هەرێمی کوردستان و کورد لە باشوری کوردستان زەرەرمەند دەبێت، پێگەی کورد لە بەغدا بە ئەندازەیەکی زۆر لاواز دەبێت، حکومەتی عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەرفەتی ئەوەیان بۆ دروست دەبێت کە بۆ لاوازکردنی کورد بەگشتی جارێک پشتی هەرێمی سلێمانی بگرن لە دژی هەرێمی هەولێر و جارێکی دیکەش پشتی هەولێر بگرن لە دژی سلێمانی، بەمجۆرە هەستی دوژمنایەتی لەناو کورددا دروست دەکەن و یاری بە کورد دەکەن، هەروەکچۆن لە سەردەمی دەسەڵاتی خێڵ و ئیماراتە کوردییەکان لە سەدەکانی رابردوودا ئیمپراتۆرەکانی عوسمانی و سەفەوی بەم جۆرە یارییان بە کورد دەکرد.
 
چوارەم: هەرێمی سلێمانی لە رووی ئابورییەوە تووشی گرفت دەبێت، لەوانەیە بەغدا بۆ هاندانی یەکێتی و خەڵکی سلێمانی لە سەرەتادا هەندێک ئیمتیاز بدات بەڵام دوای ماوەیەک بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد دەتوانێت بە کارتی ئابوری کیانێک نەهێڵێت بەناوی هەرێمی سلێمانی یان هەرێمی هەولێر و کورد دەگەڕێتەوە بۆ خاڵی سیفر، جگە لەوەش ئەمریکا رێگا نادات هەرێمی سلێمانی پەیوەندییەکی ئابوری بە‌هێزی هەبێت لەگەڵ ئێراندا، کەواتە سلێمانی دەبێت نەوت یان لەڕێی هەولێرەوە بفرۆشێت یان لەڕێی بەغداوە، لەم حاڵەتەشدا سلێمانی لە رووی ئابورییەوە ناتوانێت گەشە بکات و دەبێت بۆ هەمیشە چاوەڕێی رەحمەتی بەغدا بێت.

پێنجەم: بە هەرێمکردنی سلێمانی بە واتای ئەوەدێت کە سلێمانی دەبێتە بەشێک لە ناوچەی ژێر هەژمونی ئێران، ئەمریکاش دژی هەژمونی ئێران دەوەستێتەوە، هەربۆیە لە شەڕی هەژمونی نێوان ئەمریکا و ئێران، دانیشتوانی سلێمانی دەکرێنە قوربانی.
کەواتە هیچ چارەسەرێک نییە جگە لە هەرێمێکی یەکگرتووی بەهێز و حیزبەکان دەبێت تەنیا شەڕی چاکسازی لەو هەرێمەدا بکەن.