07:25 - 27/11/2018
بۆچی موسڵمانەكان پەنا بۆ نانی كاكەییەكان دەبەن ؟
لەم جیهانەدا زۆر شت هەن تا ئێستا جێگەی پرسیاری مرۆڤەكانی سەر گۆی زەوین، هیچ زانستێك نەیتوانیووە ئەو نهێنیانە ئاشكرا بكات، یەكێك لەو شتانەش نهێنی لەتێك نانە كەسانی موسڵمان و نا موسڵمان پەنا دەبەنە بەر "باوەكانی" پەیڕەوكەرانی كاكەییەكان، ئەو لەتە نانە هۆكارێكە بۆ ئەوەی هیچ مار و دوو پشكێك پێتەوە نادات ئەگەر بێت و ئەو لەتە نانە لە ماڵەكەت یان لە گیرفانت هەبێت.
ئەو كەسانەی نانەكەیان بەكارهێناوە دەدوێن
ئازاد مەدەنی خەڵكی ناوچەی گەرمەسێر و گەرمیانە سەبارەت بە چیرۆكی ئەو نانە بۆ پەیسەر پرێس دەدوێت و دەڵێت" سەرەتای نەودەكانی سەدەی ڕابردوو لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانەی ئێمە كەوتبوونە دەست عەرەبی هاوردە، زەوی و زارەكانمان چەندین ساڵبوو نەكێڵدرابوو، بۆیە كاتێك ویستمان دەست بە كشتوكاڵ بكەینەوە، پیش هەموو شتێك دەبێت ئاو بخەینە سەریان تاوەكو ئەو زەوییە شیاوی بەكارهێنان بێت سوپایەك لە مار و دوو پشك هاتە دەرەوە. چەندین جووتیار مارو دووپشك پێوەی دا.تاوەكو پیرە پیاوێكی دونیادیدە گوتی خێراكەن بڕۆن نانی ماڵی كاكەییەكان بهێنن ئیتر پێتانەوە نەدات.
بە پێی گێڕانەوەكەی ئازاد سەرەتا باوەڕیان نەكردووە و هەندێكیان پێكەنیوون بۆیە بۆ شەوەكەی سەردانی ماڵێكی كاكەییەكان دەكەن چەند لەتە نانێك لەماڵی باوە(ڕەشید) دەهێنن، ڕۆژی دواتر بە دوو دڵییەوە دەستدەكەن بە ئاودێری وبەڵام هێشتا ترسی پێوەدان لە دڵیاندا.
مەدەنی باس لەوەدەكات كە" مارێكی زەردی گەورە لەبەردەم بێڵ(خاكەنازە)كەم قەف(پەپەڵە)ی بەستووە ورد ورد سەیرم دەكات هیچ كاردانەوەیەكی زیانمەندانەی نییە.(بە پێكەنینەوە)ئیتر نانی ماڵی باوە ڕەشید بەرنەدەكەوت"
ساڵەكان دەڕوات و مارەكانیش هێشتا لە نانی باوەكان دەترسن
ستار دەلاك كوڕێكی گەنجە و لە شاری سلێمانی دەژیت، دوای داخستنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی، مۆبایلە ئایفۆنەكەی خستە سەر مێزەكەی و گوتی"ماڵم لە ڕاپەڕینە، دوای تەواوبوونی خانووەكەم، بە ژمارە ژماردم 86 دووپشكم كوشت، چەندین دەرمانی دژە مێرووم بەكارهێنا بێ سوود بوو. پەیوەندیم كرد بە برا و هاوڕێكانمەوە لە كەلار ئەوانیش لەتە نانێكی ماڵی باوەیان بۆ ناردم، ئێستا دووپشك وەكو كیسەڵ لەبەردەستم دەوەستن هیچ زیانێكم پێ ناگەێنن، وردە وردە ماڵەكەم بە جێدەهێڵن. ئێستا من تیاماوم ئەو هەموو دژە مێرووە كاریگەری نەبوو، نهێنی ئەم لەتە نانە چییە؟ زانستیش ناتوانێت ئەم نهێنێنە ئاشكرا بكات."
باوە حەمید باسی نانەكە دەكات
باوە حەمید كوڕی باوە ڕەشید كەسێكە لەوانەی لە كۆندا لە گوندی باوە سمایلی ناوچەی خانەقین نیشتەجێبوون، كاتی خۆی تەكیەكەیان بەدەر لە پێدانی نان بۆ ئەوەی خەڵكی مار و دووپشك پێیانەوە نەدات، تەنانەت چەندین نەخۆشیان چاككردۆتەوە لەوانەش شێتی. باوە حەمید مامۆستایەكی ناوداری شاری كەلارە سەبارەت بە نانەكە دەڵێت"بەڵێ سەدان حاڵەتی لەو شێوەیە بووە، كە نانمان بە خەڵك داوە كە بە زۆری موسڵمان بوون." لە پرسیاری ئەوەی ئایا ئەگەر ئەو نانەی دەیبەخشن دەتوانرێت سەمون یان نانی فڕن بێت؟ باوە حەمید دەڵێت" ئەو نانە دەبێت خۆمان هەویرەكەی بشێلین ئەگینا هیچ كاریگەریەكی نابێت." پرسیار لە هۆكاری ئەو نهێنیە دەكەین كە چۆن ئەم كارە نازانستیە دوور لە مێشكی مرۆڤەكانی ئەم سەردەمەی پڕ لە تەكنۆلۆژیا باوە حەمید دەڵێت" ئێمە لەلایەن خوداوەندەوە بەش(پشك)دراوین.ئەوەش نهێنیەكی دیكەی ئاینەكەمانە."
زانست ڕەتیدەكاتەوە
سەبارەت بەو پرسە پسۆرانی زانستی پزیشكی ئاژەڵان ئەو بابەتە لە ڕووی زانستیەوە ڕەتدەكەنەوە كە شتی لەوجۆرەبوونی نییە. دكتۆر بێستون ئەبوبەكر بەرێوبەری ڤیتێرنەری سەید سادق دەڵێت"لە ڕووی زانستیەوە شتی لەوجۆرە بوونی نییە، خۆ دەكرێت بپرسین ئەی ئەو دەروێشانە چۆن مار هەڵدەگرن پێیانەوە نادات؟ بەڵام تاوەكو ئێستا بە هیچ جۆرێك لە ڕووی زانستیەوە ئەو شتە نەسەلێمندراوە."
بــاوەكـــان كـــێن؟
كاكەییەكان لە سێ چین پێكدێن ئەوانیش :
1- چینی باوە و سەید
2- چینی مام
3- چینی عام(گشتی).
باوەكان لە كۆندا ڕێنووینكەری ئاینی بوون و لە كاتی شەڕیشدا سەركردەی شەڕبوون.
باوە حەمید سەبارەت بە باوەكان دەڵێـت" لەبەر ئەوەی كاتی خۆی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی غەزا و فتوحاتەكانی ئیسلام بوون، كاتێك ئیسلام بەرەو كوردستان دێن، كاكەییەكان بەسەركردایەتی باوەكان لە دژیان دەجەنگن بۆیە زۆربەی ئەوانەی كە مەزاریان هەیە لە باوەكانن لە شەڕی پاراستنی كوردستان گەشمردە بوون لەوانەش باوە مەحمود(لە دەكەوێت ناوچەی خانەقین)باوەشاسوار(لە شاری كفری) باوەنوور(لە شاردێی پێباز دەكەوێتە نێوان كەلار و دەربەندیخان) شێخ باوە(دەكەوێتە سنووری شاردەێی گوڵاڵە"جەلەولا").
بۆچی زۆرجار كاكەییەكان بە شارەزوور سوێند دەخۆن؟
باوە حەمید بەدەر لەوەی یەكێكە باوەكان مامۆستای جوگرافییە و پێشتریش وەكو یەكەمین مامۆستاكانی كەلار لە پەیمانگای كەلار وانەی گوتووەتەوە ئاگادارێكی وردی مێژووی كوردستان و كاكەییەكان ئەو دەڵێت "ناوچەی شارەزوور چاوگی ژیانەوە و ڕاگەیاندنی ئاینی كاكەییەكان ناوچەی شارەزوور بووە لە ناوچەی هاوار، دەبینی لەوێ زۆربەی نەزرگا پیرۆزەكانی كاكەیی لەو ناوچەیە و دامەزراندنی ئاینەكە لەسەر دەستی سوڵتان ئیسحاق بووە لەو ناوچەیەوە سەریهەڵداوە."
جیاوازی نێوان كاكەیی و قەڵخانی چییە؟
مامۆستا حەمید سەبارەت بە قەڵخانییەكان باس لەوە دەكات ئەوان دەكەونە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی كوردستانەوە لەناوچەكانی( كرماشان، سەرپیڵ، قەسری، شرین، كرن) دەژین بنەما نەگۆڕەكانی كاكەیی و قەڵخانییەكان هەمان شتن، بەڵام لە هەندێك مەراسیمی ئاینی جیاوازن و دابەونەریت و شێوازی ژیان جیاوازییان هەیە.
ئامێری تەمیرە یان تەمبوور خۆشەویستە لای كاكەییەكان
تەمیرە یەكێكە لەو ئامێرە میوزییەكانەی كە لای كاكەییەكان بە پیرۆز سەیردەكرێت و دەتوانین بڵێین ڕێژەیەكی زۆر لە كاكەیی و قەڵخانییەكانی خۆرهەڵاتی كوردستان دەیژەنن، باوە حەمید دەڵێت" ئێمە لە زۆربەی بۆنە ئایینەكاندا ئەو ئامێرە دەژەنین باوەڕمان وایە ئەمە تاكە ئامێری میوزییەكە كە تایبەتە بە كورد مێژووی ئەوەی سەلماندووە كە ناوەڕۆكی تایبەتمەندیەكانی كورد لە كاكەییەوە سەرچاوەی گرتووە. "
لە مەراسیمەكان و ژیانی رۆژانەی خێزانیدا چ زاراویەك بەكاردەهێنن؟
كاكەییەكان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا زاراوەی ماچۆ یاخود هەورامی بەكاردەهێنن، چونكە باوەڕیان بەوەیە كە ئەو زاراوەیە یەكێكە لە كۆنترین زاراوەكانی زمانی كوردی.ئەوان لە مەراسیمە ئاینییەكان و خێزانیدا بە زاراوەی ماچۆی دەدەوێن. هەریەك لە عەشیرەتەكانی (باجەڵان، زەنگەنە، ڕۆژبەیانی وشەبەك) بە هەمان زاراوە دەدەوێن بەڵام نەوەی نوێی ئەو عەشیرەتانە زاراوەكەی باوك و باپیریان بیرچۆتەوە، لە ژیانی رۆژانەیاندا بەكاریناهێنن.
پادشای داڵەهۆ و داودی كەوسوار كێین؟
باوە حەمید سەبارەت بەوەی بۆچی كاكییەكان چەند كەسێكیان لا پیرۆزە و هەندێك جاریش وەكو سوێند بەكاریاندەهێنن دەڵێت" لای ئێمە داڵەهۆ زۆربەی ئەوانەی چاودێری ئاینی كاكەییەكانن لەو ناوچانە بوون، بۆیە لامان پیرۆزن" هەندێك جار خەڵكانی موسڵمان ئەوهای بۆ دەچن كە ئەو كەسەی كە سوێند بە داودی كەوسوار دەخۆن، مەبەستیان حەزرەتی داودە، بەڵام مامۆستا حەمید ڕەتیدەكاتەوە، ئاماژە بەوە دەكات داودی كەوسوار كەسایەتیەكی كاكەیی خۆیانە پەیوەندی بە حەزرەتی داودی جولەكەوە نییە.
پایە ئایینى و بنەما نەگۆڕەكانی كاكەییەكان چین؟
وەكو هەر ئاینێكی دیكە ئاینی كاكەیش بێبەش نییە لە پایە و بنەما نەگۆڕەكانیان هەرچەندە ئەوان نایانەوێت یاخود سروشتی ئاینەیەكەیان ئەوەیە نهێنیی ئامێزە بەڵام ئەمجارەیان مامۆستا حەمید بە ڕاشكاوی باسی پایەكانی ئاینەكەیان دەكات.
ئەو دەڵێت ئاینەكەیان لەسەر چوار پاییە كە بنەما نەگۆڕەكانی كاكەییەكان پێكدەهینێت ئەوانیش:
1- پاكی
2- ڕاستی
3- نیستی
4- ڕەزایی
دەڵێت" بەدەر لە پاكێتی ناخ و جەستە ئێمەی كاكەییەكان تاوەكو بۆمان بكرێت نەوەكانی خۆمان فێردەكەین نابێت درۆ بكەین، سەبارەت بە نیستی ئەوەیش ئەوەیە كە نابێت ئێمە لووتبەرز بین بەڵكو دەبێت خۆنەویست بین.پاییەی چوارهەممان بە دەستهێنانی ڕەزامەندی خوایە دەوربەرت خزمەتی خوا بكات. چونكە ئێمە بە ڕەهایی باوەڕمان بە خوایە هەیە."