ڕاپۆرتی کوردستانی

05:32 - 27/11/2018

له‌ ده‌ستشكاندنه‌وه‌ی دوو ئامۆزاكه‌دا كامیان براوه‌ ده‌بن‌

پەیسەر

ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاگری مللانێكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و مەسرور بارزانی خۆشكردووە، كە هەردووكیان چاویان لەپۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

لەناو حیزبەكانی‌ هەرێمی كوردستان هیچ حیزبێك هێندەی‌ پارتی‌ دیموكراتی لەناوخۆیدا تۆكمە نییە، بەڵام هیچ گەرەنتییەك نییە دوای پاشەكشەی‌ مەسعود بارزانی‌‌و ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 30 ئەیلوولی رابردوو بەرێوەچوو، ئەو حیزبە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

نەریتی‌ سیاسەتكردن لەهەرێمی كوردستان هەموو هێزە سیاسییەكان تووشی‌ پەتای‌ باڵباڵێن بوون‌و دابەشی چەند حیزبێك بوون، بەڵام پارتی‌ دیموكراتی بەدەگمەن ئەم نەخۆشییەی گرتووە، رەنگە نهێنییەكەش ئەوە بێت لەسەرەتاوە وەك حیزبێكی‌ بنەماڵەیی‌ هاتووەتە ئاراوەو دەسەڵات لەباوكەوە بۆ كوڕ گواستراوەتەوە.

بۆ نزیكەی‌ چل ساڵ دەچێت، بەدیاریكراوی‌ لەساڵی‌ 1979وە مەسعود بارزانی‌ لەهەرەمی‌ دەسەڵاتی‌ پارتیدایەو توانیوییەتی‌ ناوەندی دەسەڵاتی‌ ئەو حیزبە بپارێزێت، بەڵام لەم ساڵانەی‌ دواییدا ململانێیەكی‌ ژێر بەژێر لەنێوان مەسرور بارزانی‌ كوڕی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ برازایدا هاتووەتە ئاراوەو لەسەروبەندی‌ ریفراندۆمەكەی‌ ئەیلوولی 2017وە هێڵەكانی‌ ئەو ململانێیە روونتر دەكەون.

پێش ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم، هەر شاندێكی‌ عێراقی‌‌و بیانی‌ سەردانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ بكردایە لەگەڵ مەسعود بارزانی‌ كۆدەبوونەوە، كە ئەوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام لەمانگی 11ی ساڵی رابردوو كە دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، هەردوو ئامۆزاكە (نێچیرڤان‌و مەسرور) جۆرێك لەململانێیان هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی‌ بارزانی‌و دەركەوتیان وەك كەسی یەكەمی هەرێم‌و پارتی.

 

ململانێی‌ نیمچە دیاری‌ ئەم دوو كاراكتەرەی‌ پارتی‌ شتێكی‌ تازە نییە، بەڵام لەدوای‌ پاشەكشەی‌ بارزانییەوە، كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو ئەگەری سەرهەڵدانەوەی‌ بەهێزترە

بەپێی‌ ئەو یاسایەی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە دەرچووە، بەشی‌ هەرە زۆری‌ دەسەڵاتەكانی‌ مەسعود بارزانی‌ گواسترانەوە بۆ سەرۆكی‌ حكومەت، كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی‌ لەو پۆستەدایەو چاوی لەوەیە جارێكی ترو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

بەڵام رەنگبێت نێچیرڤان بارزانی نەتوانێت‌ ئەو ویستەی بەئاسانی بەدەستبهێنێتەوە، چونكە جگە لەوەی‌ لەحیزبەكانی‌ دیكە نەیاری‌ زۆرن، بەهۆی ئەوەی لەكابینەی هەشتەم شكستی گەورەی تووشی هەرێم كردووە، لەناوخۆشدا بەر دیواری‌ مەسرور بارزانی‌ ئامۆزای‌ دەكەوێت، كە سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشەو هەموو سەرەداوەكانی‌ ئەمنییەتی‌ كوردستانی‌ بەدەستەو چاوی لەسەر لەكابینەی نوێ-یە‌ ، بۆ ئەوەی ببێت بەسەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

ململانێی‌ نیمچە دیاری‌ ئەم دوو كاراكتەرەی‌ پارتی‌ شتێكی‌ تازە نییە، بەڵام لەدوای‌ پاشەكشەی‌ بارزانییەوە، كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو ئەگەری سەرهەڵدانەوەی‌ بەهێزترە، بەتایبەتی زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە مەسعود بارزانی پشتگیری كوڕەكەی دەكات‌و دەیەوێت لەكابینەی داهاتوو ببێتە سەرۆك وەزیران.

نێچیرڤان بارزانی‌ ئێستا سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەو لەناو حیزبەكەشدا جێگری‌ سەرۆكی‌ پارتییە، هەرچی‌ مەسرور بارزانییە، راوێژكاری‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشەو ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ ئەو حیزبەیە، ئەم دوو كەسایەتییە لەناو حیزبەكەیان‌و دەرەوەی‌ ئەو حیزبەش هێزو دەسەڵاتێكی‌ زۆریان هەیەو زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت باڵادەستی‌ یەكێكیان بەسەر ئەوی‌ دیكەیاندا دەربخرێت، تا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلانەبێتەوە.

دەسەڵاتەكانی دوو ململانێكارەكەی ناو پارتی
لەسەر ئاستی‌ میدیا نێچیرڤان بارزانی‌ خاوەندارێتی‌ تەلەفزیۆنی‌ (رووداو) دەكات، ئەمە جگە لەهەفتەنامەو دەزگای‌ رۆشنبیری‌ دیكەش، لەبەرانبەردا مەسرور بارزانی‌ خاوەنی‌ كەناڵێكی‌ دیاری‌ وەك (كوردستان 24) دەكات دیسانەوە لەگەڵ هەفتەنامەو چەند ناوەندێكی‌ میدیایی‌‌و رۆشنبیری‌ دیكە.

زانكۆی‌ كوردستان هی‌ نێچیرڤان بارزانییەو زانكۆی‌ ئەمەریكی‌ لەدهۆك هی‌ مەسرور بارزانییە، نێچیرڤان بارزانی‌ "دەزگای‌ روانگەی‌" خێرخوازی‌ هەیەو مەسرور بارزانیش خاوەنی‌ "دەزگای خێرخوازی بارزانی"یە.

بۆ هەموو سێكتەرو بوارەكانی‌ دیكەش بەم شێوەیەیە، بەڵام رەنگە دیارترینیان ئاستی‌ ئەمنی‌‌و سەربازی‌ بێت، كە لەمەیاندا مەسرور بارزانی‌ باڵادەستتر دەنوێنێت، چونكە مەسرور بارزانی‌ دەسەڵاتی‌ بەسەر دەزگاكانی‌ ئاسایش‌و دژەتیرۆری‌ كوردستان‌و هێزەكانی‌ زێرەڤانی‌‌و بەشێكی‌ زۆر لەلیواكانی‌ یەكەی‌ هەشتای‌ سەر بەپارتی‌ هەیەو نێچیرڤان بارزانیش لەرێگەی‌ رەوان ئیدریس بارزانی‌ برایەوە دەسەڵاتی‌ بەسەر چەند لیوایەكی‌ پێشمەرگە هەیە.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەر لەسەرەتاوەو لەدیاریكردنی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو ململانێیە بەروونی بینرا، كە بەشێك لەكاندیدەكان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پشتگیری دەكراو پێچەوانەی ئەوەش بەشێكی تر لەكاندیدەكان نێچیرڤان بارزانی پشتگیری دەكردن.

ئاماژەكانی كۆتایی نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 1996، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت، لەساڵی 1999 بەسەرۆكوەزیران دەستنیشان كرا، لەئازاری 2006 نێچیرڤان بارزانی بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆكی كابینەی پێنجەمی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرتەوە.

 

ئاماژەكانی دووركەوتنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و هاتنە پێشەوەی مەسرور بارزانی لەناو پارتی بەوە دەركەوتوون، كە یەكەم جارە رۆژنامەنووسێكی نزیك لەناوبراو بەراشكاوی باسی ئەو پرسە دەكات‌

لەساڵی 2009 بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت لەكابینەی شەشەمداو دواتر و لە 2012 تا 2014 نێچیرڤان بارزانی بووەوە بەسەرۆكی حكوومەت لەكابینەی حەوتەمدا، لەو كاتەشەوە تا ئێستا زیاتر لە 17 ساڵە لەو پۆستەدایە، بەڵام ئاماژەكانی كۆتایی ناوبراو لەو پۆستە لەناو پارتی دەركەوتوون.

ئاماژەكانی دووركەوتنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و هاتنە پێشەوەی مەسرور بارزانی لەناو پارتی بەوە دەركەوتوون، كە یەكەم جارە رۆژنامەنووسێكی نزیك لەناوبراو بەراشكاوی باسی ئەو پرسە دەكات‌و بەقسەی ئەویش لەناو پارتی ئێستا ئەوە پرسێكی گەرمە.

رێبوار كەریم وەلی، كە رۆژنامەنووسێكی نزیكیشە لەپارتی دیموكرات باسی ئەو سیناریۆیانەی كردووە، لەناو حیزبەكەی باسكراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكابینەی نۆ.

رێبوار لەوتارێك دەڵێت پارتی وەك حیزبی براوە، "بیر لەكاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكاتەوە، (كە كارایشی دەكاتەوە)، لەو بارەیەشەوە نیقاشێكی جددی، بەڵام هێمنانە لەسەر چوار بژارە لەئارادایە، كە لەهەر هەموویاندا پۆستی سەرۆكی هەرێم لەماوەی شەش مانگ تا ساڵێك لەپەرلەمانەوە كارا دەكرێتەوە، كاراكردنەوەكەش بەشێوەیەك دەبێت، كە ئیجماعێكی سیاسی لەسەر شێوەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتەكانی درووست ببێت".

ئەو باسی ئەو بژاردانەی كردووە، كە خراونەتەروو، بەشێوەیەك، بژارەی یەكەم ئەوەیە، نێچیرڤان بارزانی تا چوار ساڵی دیكە سەرۆكایەتی حكومەت بكات و لەو چوار ساڵەدا پۆستی سەرۆكی هەرێم بێ دیاریكردنی سەقفی زەمەنی كارا بكرێتەوە، هەروەها بژارەی دووەم ئەوەیە، كە تا كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەدەرەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ، كە (بەربژێری پارتی دەبێت بۆ پێكهێنانی حكومەت)، كەسێكی دیكە سەرۆكایەتی حكومەت بكات و دوای كاراكردنەوەكەش مەسرور بارزانی ببێتە سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانیش ببێتە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

بژارەی سێیەم ئەوەیە، كە نێچیرڤان بارزانی كابینەی حكومەت پێكبێنێت، هەركاتێك پۆستەكە كارا كرایەوە، ئەوكاتە ئەو دەستلەكاربكێشێتەوە و مەسرور بارزانی بێتە جێگەی ئەو، "ئەو بژارەیە لەبەر ئەوەی حكومەتەكە وەك حكومەتێكی كاتی سەیر نەكرێت و مەسرور بارزانیش ئازاد بێت لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، كەمێك لاوازە"و بژارەی چوارەمیش، كە بەقسەی ئەو رۆژنامەنووسەی پارتی پێدەچێت لەهەموویان بەهێزتر بێت، ئەوەیە "مەسرور بارزانی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانیش سەرۆكایەتی شاندی دانوستانكاری پارتی بكات و چوارچێوەی دانوستاندنەكان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم فراوان بكات".

رێبوار كەریم دەشڵێت:  "لەرۆژانی داهاتوودا، پارتی لەسەر یەكێك لەو بژارانە ، كە پێدەچێ هی چوارەم بێت) خۆی ساغ دەكاتەوە و لەگەڵ لایەنە براوەكان و بەتایبەتیش یەكێتی و گۆڕان دەكەوێتە گفتوگۆ".

لەبارەی هۆكاری دیاریكردنی مەسرور بارزانی بەسەرۆكی حكومەت، ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی لە دوای وەفاتی باوكییەوە تا ئەمڕۆ، نزیكەی سێ دەیەیە كەسی دووەم و بڕیاربەدەستی ناو پارتییە،  كە دوو دەیەی لەسەرۆكایەتی حكومەتدا بەسەر بردووە، سەركەوتنەكانی ئەو پیاوە لە رابردوودا، چەندە پەیوەست بێت بە كارامەیی و كاریزمای سیاسی خۆیەوە، چەندین ئەوەندە پەیوەستە بە پشتیوانی بێسنووری بارزانی لەو، دوای كۆچی دوایی بارزانیی باوك، خەڵك پێیانوابوو كەس ناتوانێ جێگرەوە و درێژەپێدەری رێبازەكەی بێت، كەچی لە سەختترین بارودۆخەكاندا ئیدریس بارزانی (كە تەمەن بواری نەدا) و بارزانی شانیان دایە بەر و نەك هەر شۆڕشیان بەرپا كردەوە، بگرە بارزانی ئەگەر خیانەتكاران نەبوونایە، كوردستانی لانیكەم تا سەر لێواری كۆنفیدراڵی بردبوو".