ڕاپۆرتی کوردستانی

11:31 - 23/02/2019

كێ ده‌بێته‌ شوێنگره‌وه‌ی میرى ئێزیدیان ؟‌

پەیسەر

دواى مردنى سەرۆكى رۆحى ئێزدییەكانى عێراق و جیهان، لەسەر جێگرتنەوەى لەناو خانەوادەى میران پێشبڕكێیەكى توند لە ئارادایە. هەروەها لە نێوان رۆشنبیرانى ئێزیدى و پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ جێگرتنەوەى میر ناكۆكى هەیە. ئێزیدیەكانى پارچەكانى دیكەى كوردستانیش داوا دەكەن كەسێك جێگاى میر بگرێتەوە كە رابردووى سیاسى نەبێت.
 
لە ٢٨ى كانوونى دووەمى ٢٠١٩ تەحسین سەعید بەگ میرى ئێزیدیەكانى كوردستان و جیهان لە تەمەنى ٨٦ ساڵیدا دواى ململانێیەكى درێژ لەگەڵ نەخۆشى لە یەكێك لە نەخۆخشانەكانى ئەڵمانیادا كۆچى دواییكرد.

لە رۆژى دووشەممە ٤ى شوباتدا تەرمى میر تەحسین بەگ گەیشتەوە هەرێمى كوردستان و بە مەراسیمێكى فەرمى لە فڕۆكەخانەى هەولێر لەلایەن بەرپرسانى هەرێمى كوردستان و بەغدا پێشوازى لێكرا. لە رۆژى ٥ شوباتیشدا تەرمەكە لە ناحیەى باعدرێ كە شوێنى لە دایكبوونى میر تەحسین بەگە بەخاك سپێردرا. 

میر تەحسین بەگ لە ١٥ ئابى ١٩٣٣ لە گوندى باعدرێ لە دایكبووە، لە ساڵى ١٩٤٤ دواى تێپەڕبوونى ١٥ رۆژ بەسەر مردنى سەعید بەگى باوكى لە تەمەنى ١٣ ساڵیدا لەلایەن داپیرەیه‌وه‌، ئەمیرە میان خاتوون وەكو میرى ئێزیدیان دەستنیشانكراوە. بۆ ماوەى زیاتر لە ٧٠ ساڵ رابەرى رۆحى و ئیدارى ئێزیدیەكان بووە.

كۆمەڵناسى بە رەچەڵەك ئێزیدى د. ئازاد بارش، كە لە هەمان كاتدا جێگرى هاوسەرۆكى هه‌ده‌په‌ پارتى دیموكراتى گەلانە لە وەڵامى پرسیارەكانى پەیسەر پرێس، باس لە پێگەى بەهێزى میر تەحسین بەگ دەكات و دەڵێت" میر تەحسین بەگ میرى هەموو ئێزیدیان بوو، واتە سەرۆكى ئەنجوومەنى رۆحانى ئێزیدیانە. بە گوێرەى سیستەمى هیرارشى ئایینى ئێزیدى بابەشێخ  لە رووى ئایینى و رۆحى لە سەرووى میر دەبێت. بەڵام بەهۆى پێگەى گرنگى خانەوادەى میر، میر تەحسین بەگ نوێنەرایەتى لایەنى رۆحانى ئێزیدیەكانیشى كردووە". 

مردنى میر تەحسین بارودۆخێكى نادیارى لەناو كۆمەڵگاى ئێزیدى دروستكردووە، بە گوێرەى زانیارییەكان لە دواى مردنى میر ململانێى لە نێوان پارتى دیموكراتى كوردستان و بەشێك لە رۆشنبیرانى ئێزیدى دروستبووە. ئەمیرە عروبە بایزید ئیسماعیل بەگ، كە برازاى میر تەحسین بەگە و لە ئەڵمانیا دادەنیشێت، هەبوونى ئەم ململانێیە بۆ پەیسەر پرێس پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت"دواى مردنى میر ناكۆكى لە نێوان ئێزیدیە سەربەخۆ و ئازاد و رۆشنبیرەكان و ویستەكانى پارتى دیموكراتى كوردستاندا سەریهەڵداوە". 

لەبارەى ئه‌وه‌ى ئایا ویستەكانى پارتى چین؟ عروبە بایزید بێ ئەوەى باسى وردەكارییەكان بكات دەڵێت" پارتى و زۆرینەى ئێزیدییەكان ناكۆكییان هەیە". 

لەبارەى چۆنێتى دەستنیشانكردن و ئه‌وه‌ى كێ شایانى شوێنگرتنەوەى میر تەحسینە چەندین گفتوگۆ بەتایبەتى لەناو رۆشنبیرانى ئێزیدى دروستبووە. لەدواى كۆچى دوایى میر تەحسین بەگ پرسیارى كێ شوێنى دەگرێتەوە؟ بۆتە رۆژەڤى زۆربەى ئێزیدییەكان و باس لە چەندین سیناریۆ دەكرێت كە رەنگدانەوەى لێكترازانى ئێزیدیەكانى پێوە دیارە. بەشێك لە رۆشنبیرانى ئێزیدى لەم روووە بۆچوونەكانیان دەخەنەڕوو، بەمەش گفتوگۆكان لەناو كۆمەڵگاى ئێزیدى چ لە هەرێمى كوردستان بێ، یان لە باكوورى كوردستان و رۆژئاواى كوردستان یان لە ئەوروپا و تاراوگە بێ زیاتر دەكات. 

هەندێك لە نووسەرە ئێزیدیەكان بە پێویستى دەزانن میكانیزمێكى سەردەمیانە دیارى بكرێت بۆ هەڵبژاردنى میرى نوێ كە لەگەڵ گۆڕانكارى و هەڕەشەكانى سەر كۆمەڵگاى ئێزیدى یەكانگیر بێت. هەڤاڵ خەڵەف كە نووسەرێكى ئێزیدى دانیشتووى ولایەتى تەكساسى ئەمریكیە لە گوتارێكیدا بەناونیشانى (چۆنیەتى هەڵبژاردنى میر) كە لە ماڵپەڕى (bahzani.net) بڵاوكراوەتەوە پڕۆژە پێشنیارێك بۆ ئەم مەبەستە دەخاتەڕوو:" دروستكردنى ئەنجوومەنى راوێژكارى تایبەت بە میر، كە تیایدا رەچاوى تواناى ئاستى هزرى، رۆشنبیرى و زانسى ئەندامانى ئەم ئەنجوومەنە بكرێت. ئەنجوومەنى راوێژكارى پەیڕەوى ناوخۆ و دەستوورێكى تایبەتى هەبێت، دەستنیشانى رۆڵى ئەنجوومەن بكرێت، نوێنەرى هەموو ناوچە ئێزیدى نشینەكان لەخۆ بگرێت. ئەم لیژنەیە بەرپرسیار بێ لە هەڵبژاردنى میرى داهاتوو". خەڵەف بە پێویستیشى دەزانێ" میرى داهاتوو تاكڕەوانە بڕیار نەدات و بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنى راوێژكارى، بڕیارە چارەنووسسازەكان بە دەنگدان بدرێت".

بەڵام ئەمیرە عروبە لەمە دوورتر دەڕوانێت و پێشنیار دەكات (ئەنجوومەنى روحانى ئێزیدى) هەڵوەشێندرێتەوە كە لە پێنج ئەندام پێكهاتووە و بابەشێخیش یەكێكە لە ئەندامەكانى ئەم ئەنجوومەنەیە" من لایەنگرى هەڵوەشاندنەوە ئەنجوومەنى رۆحانى دەكەم و دەخوازم سەر لەنوێ بە كەسانى رەنگاو رەنگ دروستبكرێتەوە". 

كەسێكى نزیك لە بنەماڵەى میرانى ئێزیدى كە بەهۆى هەستیارى بابەتەكە نەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بۆ پەیسەر پرێس لەبارەى پێشنیارى عروبە بایزید دەڵێت ئەمە لە رووى پراكتیكیەوە نامومكینە. پێشنیارێكى بەم شێوەیە شەنسى جێبەجێكردنى لە ئارادانیە. چونكە بابەشێخ یەكێكە لە ئەندامانى ئەنجوومەنى رۆحانى، دەبێت تا دوا هەناسەى ژیانى بابەشێخ ئەندامى ئەم ئەنجوومەنە بێت. هەڵوەشاندنەوەى ئەم ئەنجوومەنە تاوانێكە دەرهەق بە ئایینى ئێزیدیاتى". 

میان خاتوون، داپیرەى میر تەحسین بەگ، دواى مردنى سەعید بەگى كوڕى، چەند مەرجێكى دانا، بە ئەو كەسەى دەبێتە میرى كۆمەڵگاى ئێزیدى. كە گرنگترینیان دەبێت دایك و باوكى ئەو كەسەى دەبێتە میر لە بنەماڵەى میرانى ئێزیدى بن. هەر ئەوەش بوو وایكرد میر تەحسین بەگ لە تەمەنی 13 ساڵیدا بكرێتە میر، چونكە دایكی برا گەورەكانی میر تەحسین لە خانەوادەی میرانی ئێزیدی نەبوو. 

د. ئازاد بارش هەڵبژاردنی كوڕێكی یان نەوەیەكی میر تەحسین بەگ بۆ شوێن گرتنەوەی بە شتێكی پێویست دەزانێت. لەمبارەیەوە دەڵێت:" من پشتگیرى لە بەرده‌وامبوونى میرایەتى دەكەم، بەردەوامبوونی میرایەتی بۆ پەیوەندی كورد و ئێزیدی پێویستیەكی دەستلێبەرنەدراوە. لەهەمان كات بە پێویستى دەزانم میرێكى رۆحانى بۆ جیهانى ئێزیدیان هەڵبژێردرێت لەسەرووى سیاسەت بێت تا بتوانێ لەهەموو روویەكى رۆحى و گیانى نوێنەرایەتى ئێزیدیان بكات". 

ئازاد بارش كە كەسێكی ئەكادیمی سیاسی ئێزیدیە و چەندین توێژینەوەی لەسەر كۆمەڵگای ئێزیدی كردووە، بەم شێوەیە درێژە بە قسەكانی دەدات:" پێموایە بۆ بەردەوامبوونى رەچەڵەكى كوردایەتى پێویستە بنەماڵەى میر تەحسین بەردەوام بن. لە ئێستادا كوڕى گەورەی میر تەحسین هەیە، هەموومان دەزانین كەسێكە كەوتۆتە ناو كارى سیاسى، ئەوەندە تێكەڵى سیاسەت بووە ئەگەر بچێتە شوێنی باوكی، نابێتە میرى من. بۆیە باشترە عیسمەت ببێتە میر كە نەچۆتە ناو سیاسەت، یان كەسێكی وەكو رێزان كە گەنجێكی پارێزەری بە توانایە و یەكێكە لە نەوەكانى میر تەحسین شوێنى بگرێتەوە. لەناو ئێزیدیان ئەمە زیاتر قبوڵ دەكرێت. بەڵام هەڵبژاردنى كەسێكى سیاسى بۆ میرایەتی لێكترازان لەناو كۆمەڵگای ئێزیدی بەرفراوانتر دەكات".

دەربارەی ئەو كەسەی شوێنی میر تەحسین دەگرێتەوە، لە ئێستادا بەدەیان پرسیار بێ وەڵام ماونەتەوە. ئایا مەرجی میان خاتوون بە بنەما دەگیرێت؟ ئایا حساب بۆ تەمەن و بڕوانامە دەكرێت؟ ئایا میكانیزمی هەڵبژاردنی میر بە دەنگدان دەبێت؟ یان دەسەڵاتی میری نوێ چۆن دەبێت و چی دەبێت؟


سەرەڕای ئەوەی لەناو كۆمەڵگای ئێزیدی پەیڕەوێكی ناوخۆ نیە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەی لێ وەربگرینەوە، بەڵام پابەندبوون بە مەرجەكانی میان خاتوون و نەریتەكانی كۆمەڵگای ئێزیدی لەم قۆناغەدا بۆ هەڵبژاردنی میرێكی نوێ ناچارییه‌. 
لەوانە هەمووی گرنگتر ئایا خانەوادەی میرانی ئێزیدی لە هەبوونی گوشارێكی دەرەكی لەلایەن لایەنێكی سیاسی هەڵوێستیان چی دەبێت؟ لەدوای 10ى ئادار وەڵامی بەشێك لەم پرسیارانە وەردەگرینەوە، چونكە چلەی ماتەمینی میر تەحسین بەگ تەواو دەبێت و ئاماژەكانی میری نوێ و دەسەڵاتەكانی بەدەردەكەون. 

نەسیم شەمۆ راوێژكاری كاروباری كۆمەڵگای ئێزیدی لە كانتۆنی جەزیرە لە رۆژئاوای كوردستان، لە وەڵامی پرسیارەكانی  پەیسەر پرێس دا، پێیوایە"لە ئێستادا هەموو نیگاكان لەسەر ماڵی میرانی ئێزیدیە، بۆ ئەوەی بزانین دوای چل رۆژ تێپەڕبوون بەسەر كۆچى دوایی میر تەحسین كێ جێگای دەگرێتەوە".
 
هەروەها نەسیم شەمۆ دەڵێت"هیوادارین میرى نوێ ببێتە نوێنەرى هەموو ئێزیدیان و شایانی عەباى شێخ هادى بێ كە لەبەر خۆی دەكات. باوەڕم بە خانەوادەی میرانی ئێزیدی هەیە كە بڕیاری راست دەدەن لەمبارەیەوە. دەبێت میرى نوێ مەیلدارى لایەنێكى سیاسى نەبێت. ئەركى پاراستن و خۆشگوزەرانى و باشتركردنى بارودۆخى ئێزیدان بێت. بتوانێ لە سەكۆ نێودەوڵەتیەكاندا نوێنەرایەتى كۆمەڵگاى ئێزیدى بكات و وەڵامى راست هەڵبژێرێت". 

  لەبارەی پرسیاری ئایا هیچ گوشارێك لەسەر ماڵی میرانی ئێزیدی هەیە بۆ ئەوەی كەسێك لە بەرژەوەندی لایەنێكی سیاسیدا هەڵبژێرن؟ نەسیم دەڵێت:" هەندێك لایەنى سیاسى هەوڵ دەدەن بە گوێرەى بەرژەوەندى خۆیان كەسێك بكەنە میرى داهاتوو. ناشتوانم بڵێم كە گوشار لە ماڵى میرانى ئێزیدى كراوە. بەڵام دەخواین ماڵى میرانى ئێزیدى بەو مەرجانە میرى نوێ هەڵبژێرن كە مەیان خاتوون دەستنیشانی كردبوو". 

لەناو كۆمەڵگای ئێزیدی باس لە چەند ناوێك دەكرێت بۆ شوێن گرتنەوەی میر تەحسین بەگ. لە تۆڕەكانی سۆشیال میدیا باسی ناوی حازم تەحسین بەگ كوڕی گەورەی میر تەحسین دەكرێت، كە لە ماوەی رابردوودا بریكاری باوكی بووە لە بەڕێوەبردنی كارەكانیدا. بەڵام حازم تەحسین بەگ پێشتر راوێژكاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە، كە ئەمەش لەگەڵ مەرجەكانی میرایەتی ناگونجێت. لەدوای حازم باس لە عیسمەتی برای بچووكی دەكرێت، كە تێكەڵی سیاسەت نەبووە و لەناو رای گشتی ئێزیدیدا پشتگیری لێ دەكرێت. جگە لە كوڕەكانی میر تەحسین لەناو خانەوادەی میرانی ئێزیدی چەندین كەسایەتی هەیە كە خاوەن بڕوانامەن، بەشێكی كۆمەڵگای ئێزیدی پشتگیریان دەكات. 

ئەو كەسە نزیكەی خانەوادەی میرانی ئێزیدی كە قسەی بۆ پەیسەر پرێس كرد و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە لەمبارەیەوە دەڵێت"میر تەحسین بەر لە مردنى وەسیەتى كردبوو تا تەرمەكەى لە كۆشكى ئیمارەى میرانى ئێزیدى بنێژرێت. ئەمەش گەورەترین هاندەرە بۆ ئەوەى یەكێك لە كوڕەكانى یان نەوەكانى جێگاى بگرێتەوە. بۆ ئەوە پێموانیە برازایەكی میر یان كەسێكی دیكە بچێتە شوێنی". ئەو سەرچاوەیە لەمبارەیەوە زانیاری زیاتر بە پەیسەر پرێس دەدات و دەڵێت"بە گوێرەی ئەم زانیاریانەی بەدەستم گەیشتووە، حازم كوڕی گەورەی میر تەحسن بەهۆی نەخۆشی خۆی كاندید ناكات. لەناو كوڕانی میر تەحسین، عیسمەت بۆ شوێن گرتنەوەی باوكی خۆی كاندید دەكات كە پێگەیەكی جەماوەری گەورەی هەیە و كەسێكی خۆشەویستە. هەرچەندە پارتی دیموكراتی كوردستان پێیباشە حازم خۆی كاندید بكات، بەڵام تا رادەیەكی زۆر خۆ كاندید كردنی عیسمەت یەكلایی كراوەتەوە". 

ئەمیرە عروبە بایزید ئیسماعیل بەگ كە برازای میر تەحسینە و دەرچووی كۆلیژی كارگێری و ئابووری زانكۆی سەڵاحەدینە و بۆ ماوەیەك راوێژكاری پارێزگاری موسڵ بووە بۆ كاروباری ئێزیدیان لەمبارەیەوە زانیاری زیاتر ئاشكرا دەكات. بەگوێرەی زانیاریەكانی ئەمیرە عروبە هەندێك لایەنی دەرەكی هەوڵدەدەن كەسێك بسەپێنن بۆ ئەوەی ببێتە میر كە مەرجەكانی میرایەتی تێدانیە. لەمبارەیەوە دەڵێت"ئەگەر ئەمە بكرێت لەناو خانەوادەی میرانی ئێزیدی لێكترازان و ململانێ دروست دەبێت، كە ئەمەش كۆمەڵگای ئێزیدی زیاتر پەرتوبڵاو دەكات".

عروبە بایزید نایشارێتەوە، كە لەناو خانەوادەی میرانی ئێزیدی ركابەریەكی توند هەیە بۆ جێگرتنەوەی شوێنی میر تەحسینی مامی ئەمەش بە" مافێكی ئاسایی خۆ كاندیدكردن و ركابەری كردن" لە قەڵەم دەدات. لە درێژەی قسەكانیشیدا لەمبارەیەوە دەڵێت" لەناو خانەوادەی میرانی ئێزیدی چەندین كەسیەتی خاوەن كاریزمان هەیە، دەتوانن ئەم ئەركە رابپەڕێنن. من خۆم كاندید دەكەم و لەخۆم رادەبینم ئەم ئەركە بگرمە ئەستۆ. هەموو مەرجەكانی میرایەتیم تێدایە. پوورم میان خاتوون توانی لە ساڵی 1930 تا 1950 بە لێهاتووی ئەم ئەركە بگرێتە ئەستۆ. بەخۆ كاندید كردنم پەیامێك دەدەمە جیهان كە ژنی ئێزیدی بە توانا و لێهاتووە". 

پڕكردنه‌وه‌ى كورسییه‌ ٧٠ ساڵەکەی میر ته‌حسین به‌گ پێناچێت هه‌روا بێ گرێوگۆڵ بێت و ره‌نگه‌ خواستى سیاسى بۆ شێوازى دانانى میر پرۆسه‌كه‌ ئاڵۆزتر بكات له‌وه‌ى پێشبینى ده‌كرێت، ئێزیدییه‌كان به‌ كێشه‌ى زۆرى برینى قوڵى دواى داعشه‌وه‌، دواى ساڵانێكى درێژ له‌به‌رده‌م ئه‌زمونێكى نوێدان كه‌ ئاینده‌ ده‌ریده‌خات ئه‌و ئه‌زمونه‌ به‌ چ لایه‌كدا ده‌كه‌وێت.