07:02 - 16/02/2019
کابینەی نۆیەم لە هەناوی بێ متمانەیی سێ هاوبەشەکەدا
بەپێی ڕەوتی دانووستانەکان کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم
کابینەی سێ حیزبە کە هیچ کامیان متمانەیان بە یەکتر نییە و هەر سێ حیزبەکەش
بە دەست کێشەی ناوخۆییەوە دەناڵێنن، لە کاتێکدا پارتی بانگەشەی پێکهێنانی
حکومەتێکی بەهێز دەکات، بەڵام لە ئێستاوە ئەو حکومەتە بەهێزەی کە هێشتا
پێکنەهاتووە لە بەردەم دوو مەترسی گەورەدایە، مەترسی یەکەم بریتییە لە بێ
متمانەیی و ناکۆکی قوڵی نێوان هەر سێ لایەنە پێکهێنەرەکە واتە گۆڕان و
پارتی و یەکێتی و مەترسی دووەمیش بریتییە لە کێشەی ناوخۆیی هەر سێ حیزبەکە.
کابینەی نۆیەم بڕیارە لە وەها دۆخێکدا لەدایک بێت کە مەترسی ئەوە هەیە هەر
سێ حیزبەکە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان و کێشەکانیان لەگەڵ یەکتر ببەنە ناو
حکومەتەوە، لەم راپۆرتەدا شیکاری بۆ هەر سێ لایەنەکە دەکەین.
پارتی دیموکراتی کوردستان
پارتی متمانەی بە یەکێتی نییە چونکە:
یەکەم: لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا،
یەکێتی ئەو رێککەوتنەی پێشێل کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٥وە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک
کۆمار پارتی و یەکێتی کاریان پێدەکرد، یەکێتی تاک لایەنە ئەو رێککەوتنەشی
پێشێل کرد کە لە دوا ساتەکاندا کردیان و بڕیاربوو بۆ ماوەی دوو ساڵ فوئاد
حسێن ببێتە سەرۆک کۆمار، یەکێتی قسەی مەسعود بارزانی شکاند کە ئەمە بۆ
پارتییەکان زۆر قورس بوو.
دووەم: پارتی نیگەرانە لە پەیوەندی قوڵی
یەکێتی لەگەڵ لایەنە شیعەکان و ئێران، ترسی ئەوەی هەیە هەر کاتێک لایەنە
شیعەکانی بەغدا و ئێران بیانەوێت دەتوانن یەکێتی هان بدەن بۆ ئەوەی
هاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر پشتی پارتی و کابینەی نۆیەم چۆڵ بکات.
سێیەم: پارتی ترسی ئەوەی هەیە ناکۆکی و
باڵباڵێنی ناوخۆی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمدا رەنگ بداتەوە، پارتی پێیوایە
بە رێککەوتن لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی ئەگەری ئەوە هەیە باڵەکانی دیکەی ناو
یەکێتی پێوەی پابەند نەبن، لە هەمان کاتدا پارتی پێی باش نییە لەگەڵ باڵی
کۆسرەت رەسوڵ رێککەوتن بکات چونکە دڵنیایە ماڵی تاڵەبانی بە توندی دژی
دەوەستنەوە و لەسەر ئەرزی واقعیشدا ماڵی تاڵەبانی یەکێتی بەڕێوەدەبەن،
هەربۆیە لۆژیکی نییە پارتی بیەویت لەگەڵ باڵی کۆسرەت رەسوڵدا رێککەوتن
بکات.
چوارەم: پارتی نیگەرانی ئەوەیە لە ئەگەری
رێکنەکەوتن و رازینەبوون بە داخوازییەکانی یەکێتی، ئەوا سەرکردەکانی یەکێتی
پەنا ببەنە بەر بژاردەی دوو ئیدارەیی، ئەوەش لەم قۆناغەدا لە بەرژەوەندی
پارتیدا نییە کە زۆرینەی جومگە هەستیارەکانی حوکمڕانی هەرێمی کۆنتڕۆڵ
کردووە.
پێنجەم: پارتی پێیوایە یەکێتی لە ماوەی
کابینەی نۆیەمدا لەلایەکەوە لەڕێی هەڕەشەکردن لە بەکارهێنانی کارتی
هەڵوەشانەوەی حکومەت و دوو ئیدارەیی هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لەناو حکومەتدا
بەهێز بکات، بۆ ئەوەی پارتی ناچار بکات کە مل بۆ داخوازییەکانی یەکێتی شل
بکات رێگری دەکات لە یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی
بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەناو جەماوەردا هەوڵ دەدات بەردەوام لاقێکی لەناو
ئۆپۆزسیۆندابێت.
شەشەم: پارتی لە هەوڵەکانی یەکێتی نیگەرانە
کە دەیەوێت بۆ دروستکردنی هاوسەنگی هێز لەڕێی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکەوە
بەرەیەک لە دژی پارتی دروست بکات، هەرچەندە تا ئیستا دیار نییە یەکێتی
لەمەدا چەندە سەرکەوتوو دەبێت بەڵام ئەم هەوڵەی یەکێتی ئەوەندەی دیکە
بووەتە هۆی ئەوەی پارتی بێ متمانە بێت بە یەکێتی.
پارتی متمانەی بە گۆڕان نییە چونکە:
یەکەم: پارتی پێشتر ئەزمونێکی لە ڕێککەوتن
لەگەڵ گۆڕاندا هەیە و لە ئێستاشدا ترسی ئەوەی هەیە لە ماوەی کابینەی
نۆیەمدا هەر کاتێک لەسەر پرسێک ناکۆکی بکەوێتەوە نێوانیانەوە، ئەوا جارێکی
دیکە ناچاربن رێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان هەڵبوەشێننەوە، چونکە گۆڕان فێرە
لە ناکۆکیدا تا کۆتاییەکەی بڕوات بە هەمان شێوە کە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی
هەرێمدا لە ساڵی ٢٠١٥ گۆڕان ئامادە نەبوو سازش بکات.
دووەم: پارتی پێیوایە بەشداریکردنی گۆڕان لە
حکومەتدا بە واتای گەرەنتی کردنی یەکپارچەیی خاکی هەرێم دێت، هاوکات
ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕانیش بە واتای ئەوە دێت کە گۆڕان دەتوانێت بە یارمەتی
لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لە سنووری سلێمانی و گەرمیان کابینەی نۆیەم
ئیفلیج بکات، هەر بۆیە پارتی پێی باشە گۆڕان بەشدار بێت بەڵام ترسی ئەوەی
هەیە کە گۆڕان پێگەی خۆی لە حکومەت و ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی
بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی فشار لە پارتی بکات سازشی زیاتر بۆ گۆڕان بکات و
بەشداری بکات لە پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازدا، لەم حاڵەتەشدا
هەندێک بەڵگە و زانیاری دەست گۆڕان دەکەوێت کە لەوانەیە لە هەر کاتێکدا
بیەوێت ئاشکرای بکات.
سێیەم: پارتی نایەوێت بەشداری گۆڕان لە
حکومەتدا ببێتە هۆی ئەوەی ئەو حیزبە لە کابینەی نۆیەمدا بە دەستکەوتی گەورە
بچێتە دەرەوە و بەمەش ژمارەی دەنگ و کورسییەکانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا
زیاتر بکات.
چوارەم: پارتی ترسی لە دابەشکردنی
دەسەڵاتەکان لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی هەیە و نایەوێت دۆسیەی نەوت و ئەنجومەنی
دادوەری لە دەست بدات، پارتی لە هەوڵەکانی گۆڕان بۆ گەڕاندنەوەی پارە
براوەکان لە دەرەوەی عێراق لەڕێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە نیگەرانە.
پێنجەم: بەردەوام پارتی ترسی ئەوەی هەیە کە
گۆڕان لە بەر ئەوەی هێزێکە سازش ناکات و یەکێتیش لەم قۆناغەدا ئامادە نییە
سازش بکات، هەربۆیە ئەمجارە بە پلان کار دەکات بۆ ئەوەی لە ئەگەری کشانەوەی
گۆڕان یان یەکێتی هیچ دامەزراوەیەک پەکی نەکەوێت، بۆ ئەمەش دوو ئەندامی لە
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت و سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی
هەرێمیش لای خۆی دەمێنێتەوە، ئەمجارە پارتی حیسابی بۆ بچوکترین ئەگەرەکانی
چوار ساڵی داهاتوو کردووە.
کێشە ناوخۆییەکانی پارتی
لە دوای کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت ناکۆکییە
ناوخۆییەکانی ئەو حیزبە بە ئاشکرا دەرکەوتن، ئێستا باڵی نێچیرڤان بارزانی
نیگەرانن لەوەی مەسرور بارزانی زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکات شوێنپێی
نیچیرڤان بارزانی لە حکومەتدا بسڕێتەوە و هەموو ئەوانەی لە کابینەکانی
پێشوودا بەشداربوون دووریان بخاتەوە، ئیتر بەرژەوەندییە ئابورییەکانی
نێچیرڤان بارزانی بە تەواوی کەوتوونەتە مەترسییەوە، مەسعود بارزانی کە وەک
خاوەن قسەی یەکلاکەرەوە لە کێشەکانی نێوان کوڕەکەی و برازاکەیدا دەبینرێت،
باڵی نێچیرڤان بارزانی نیگەرانی ئەوەن بارزانی باوکیش لەم کێشانەدا بێ
لایەن نییە، هەربۆیە لەمەودوا قورسە مەسعود بارزانیش بتوانێت وەک جاران
گەرەنتی یەکڕیزی پارتی بکات.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ترسی یەکێتی لە پارتی:
یەکەم: یەکێتی بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی
ئۆکتۆبەر و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لە
توڵەکردنەوەی پارتی دەترسێت، پێیوایە ڕێگریکردنی پارتی لە دانانی پارێزگاری
کەرکوک و دانانی کاندیدی یەکێتی لە وەزیری دادی عێراق تۆڵەکردنەوەی
پارتییە لە یەکێتی و ترسی لەوەش هەیە ئەم توڵەکردنەوەیە لە داهاتووشدا
بەردەوام بێت بە تایبەت کە متمانە لەنێوان دوو حیزبدا نەماوە.
دووەم: یەکێتی ترسی ئەوەی هەیە پارتی
دەستێوەردان لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا بکات و هانی هەندێک لە سەرکردە
ناڕازییەکان بدات کە لە داهاتوودا جیا ببنەوە، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا
یەکێتی بە ئاشکرا داوای لە پارتی کردبوو کە لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا
بێ لایەن بێت.
سێیەم: یەکێتی لە ئێستادا پێگەیەکی لاوازی لە
حوکمڕانی هەرێمدا هەیە، لە پرسەکانی نەوت و پەیوەندییەکانی دەرەوە و
پێشمەرگە و نوێنەرایەتیکردنی کورد لە بەغدا رۆڵێکی لاوازی نیشانداوە،
هەربۆیە لە ئێستادا یەکێتی ترسی لەوە هەیە پارتی لە بەغدا و لە هەولێر
لەڕێی هاوپەیمانیکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گەمارۆی یەکێتی بدات و پێگەی
ئەو حیزبە ئەوەندەی دیکە لاواز بکات، بۆ نمونە یەکێتی لە بەغدا لە
نزیکبوونەوەی لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران لەگەڵ پارتی نیگەرانە و
پێیوایە جێ پێ بە یەکێتی لێژ دەکات، لە هەولێریش لە نزیکبوونەوەی پارتی و
گۆڕان نیگەرانە.
چوارەم: یەکێتی ترسی لە ئابوری هەرێم هەیە و
پێیوایە بۆڕی نەوتی هەرێم لەژێر کۆنتڕۆڵی پارتیدایە و هەر کاتێک بیەوێت
دەتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت، هەربۆیە یەکێتی نایەوێت ئابوری سەربەخۆ بەم
شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت چونکە لە بەرژەوەندی پارتی و تورکیایە و لە دژی
بەرژەوەندی یەکێتی و ئێرانە.
یەکێتی لە گۆڕان نیگەرانە چونکە:
یەکەم: یەکێتی نیگەرانە لە نزیکبوونەوەی
گۆڕان و پارتی و پێیوایە گۆڕان لەسەر حیسابی یەکێتی لە پارتی نزیک
بووەتەوە، ئەم نزیکبوونەوەیەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی یەکێتی لە ناو
حکومەتی هەرێمدا لاواز بێت، جگە لەوەش یەکێتی دەترسێت لەوەی پارتی لەناو
حکومەتدا یارمەتی گۆڕان بدات بۆ ئەوەی کۆتایی بە باڵادەستی یەکێتی لە سنوری
سلێمانی بهێنێت.
دووەم: یەکێتی نیگەرانە لەوەی گۆڕان متمانەی
بەو حیزبە نەماوە، بێ متمانەبوونی گۆڕان بە یەکێتی بووەتە هۆی ئەوەی
حیزبەکانی دیکەی وەک کۆمەڵ و یەکگرتووش بە ئاسانی متمانە بە یەکێتی نەکەن،
لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا گۆڕان و یەکێتی سێ ڕێککەوتنیان کردووە کە
بریتین لە ڕێککەوتننامەی دەباشان، رێککەوتنی سیاسی و رێککەوتنی دابەشکردنی
پۆستەکانی پارێزگای سلێمانی، کە گۆڕان یەکێتی تۆمەتبار دەکات بەوەی
پابەندی هیچکام لەو ڕێککەوتنانە نەبووە و ئەمەش بە تەواوی گۆڕانی بێ متمانە
کردووە بە یەکێتی، بە تایبەتیش کاتێک لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا گۆڕان
پێیوایە یەکێتی بە ساختەکاری دەستکاری دەنگەکانی گۆڕانی کردووە.
کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی
یەکەم: وەک لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا
بەڵێنیان بە لایەنگرانیان دابوو هێشتا نەیانتوانیوە کادیرە تۆراوەکانیان
ئاشت بکەنەوە، تەنانەت لە دوای هەڵبژاردن مەلا بەختیار کە سەرکردەیەکی
دیاری ئەو حیزبەیە بەهۆی نیگەرانی لە سیاسەتەکانی باڵی دەستڕۆیشتوو و
کاندیدنەکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە حیزبەکەی زویر بووە و لە ماڵەوە
دانیشتووە.
دووەم: هاوکێشەکانی کابینەی نۆیەم کاریگەری
لەسەر کۆنگرەی داهاتووی یەکێتی دەبێت، کۆسرەت رەسوڵ داوای کردووە کە
دابەشکردنی پۆستەکان لە حکومەت و پۆستە حیزبییەکان لە کۆنگرەی داهاتوودا
بکرێنە یەک پاکێج، کێشەکانی نێوان دوو باڵی کۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانی
تا ئێستاش بەردەوامە و تا دێت قوڵتر دەبێتەوە، تەنانەت تا ئێستا
نەیانتوانیوە کاندیدەکانیان بۆ پۆستە حکومییەکان یەکلایی بکەنەوە.
سێیەم: هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی لە باڵی
ماڵی تاڵەبانی نیگەرانن لەوەی لە کۆنگرەی داهاتوودا بە تەواوەتی دەست
بەسەر یەکێتیدا بگرن و یەکێتی بۆ هەمیشە ببێتە حیزبێکی بنەماڵە، بە بۆچوونی
ئەو سەرکردانە لە ئەگەری بەهێزبوونی پێگەی بنەماڵەی تاڵەبانی لەناو
حکومەتدا ئەو ئەگەرەش بەهێزتر دەبێت کە لە کۆنگرەدا دەست بەسەر یەکێتیدا
بگرن.
بزووتنەوەی گۆڕان
ترسی گۆڕان لە پارتی
یەکەم: گۆڕان لە ئەزمونی کابینەی هەشتەمدا
رەخنەی لە پارتی هەیە و پێیوایە پارتی بە دوو شێوەی ستەمی بەرامبەر بە
گۆڕان کردووە، هەم دەرکردنی گۆڕان لە حکومەت ستەم بوو و هەم بنکۆڵکردنی
وەزیرەکانی ستەم بوو، بۆ نمونە رازیکردنی رێباز حەملان بە وازهێنانی لە
گۆڕان.
دووەم: گۆڕان دەیەوێت شوێنپەنجەی خۆی لە
حوکمڕانی هەرێمدا بچەسپێنێت بەبێ ئەوەی لە پرەنسیپ و بەهاکانی خۆی دوور
بکەوێتەوە، چونکە لە ئەگەری دوورکەوتنەوە لە بەها و پرەنسیپەکان ئەوا
جەماوەرەکەی لە دەست دەدات و نەوەی نوێ بەهێز دەبێت، هەربۆیە گۆڕان بۆ
بەشداریکردن لە حکومەت چاوەڕێی ئەوەیە پارتی دەستی ئاوەڵا بکات بۆ ئەوەی
هەندێک چاکسازی بکات، بەڵام ترسی گۆڕان ئەوەیە پارتی رێگە نەدات گۆڕان
بەرنامەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بەمەش پێگەی ئەو حیزبە ئەوەندەی دیکە لاواز
دەبیت.
سێیەم: گۆڕان ترسی ئەوەی هەیە پارتی دواجار
بۆ رازیکردنی یەکێتی، لەسەر حیسابی گۆڕان لەگەڵ یەکێتیدا رێکبکەوێت، لەم
حاڵەتەشدا ئەگەری گۆڕانکاریکردن زۆر قورس دەبێت و گۆڕان دەبێت دەست بە تاڵ
لە حکومەت بێتە دەرەوە.
ترسی گۆڕان لە یەکێتی
یەکەم: گۆڕان ترسی ئەوەی هەیە لە ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ پارتی، ئەوا یەکێتی لە زۆنی سەوز کێشە بۆ هەڵسوڕاوانی گۆڕان دروست بکات.
دووەم: گۆڕان نیگەرانە لەوەی یەکێتی ماوەیەکە هەوڵ دەدات هەندێک لە سەرکردە و هەڵسوڕاوە ناڕازییەکانی گۆڕان بگەڕێنێتەوە بۆ ناو یەکێتی
سێیەم: گۆڕان هێشتا هێرشەکەی شەوی ١٢ی ئایاری
ساڵی رابردووی لەبیر نەچووەتەوە کە هێرشکرایە سەر گردی زەرگەتە، بۆیە
نیگەرانە لەوەی لە ئەگەری لێکنزیکبوونەوەی پارتی و گۆڕان و دوورکەوتنەوەی
پارتی و یەکێتی لە یەکتر، یەکێتی لە سلێمانی بە هێزی چەک فشار بخاتەسەر
گۆڕان، بۆیە گۆڕان دەیەوێت لە کابینەی داهاتوودا کۆتایی بە دەستێوەردانی
حیزب لە هێزە چەکدارەکان بهێنێت، کە بەپێی هاوکێشەکانی هێز زۆر قورسە گۆڕان
بتوانێت لەمەیاندا سەرکەوتوو بێت.
کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان
یەکەم: گۆڕان ترسی ئەوەی هەیە لە ئەگەری
بەشداریکردنی لە حکومەتدا بەشێک لە دەنگدەرانی لە دەست بدات، بەوپێیەی تا
ئێستاشی لەگەڵدابێت بەشێکی بەرچاوی دەنگدەر و هەڵسوڕاوی ئەو حیزبە لەگەڵ
ئەوەدان وەک ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە، بەڵام بە پێچەوانەشەوە ترسی ئەوەشی هەیە
لە حاڵەتی مانەوەیان وەک ئۆپۆزسیۆن بەشێک لە هەڵسوڕاوانیان لە دەست بدەن،
چونکە هەندێکیان ماندوو بوون لە ئۆپۆزسیۆن بوون.
دووەم: گۆڕان نیگەرانە لەوەی بەشێک لە
پەرلەمانتارانی بزووتنەوەکەیان لە هەولێر و بەغدا پابەند نەبن بەو
ڕێککەوتنەی کە دەیکەن لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا و بە هەمان هەناسەی
ئۆپۆزسیۆنەوە لەناو پەرلەمان قسە بکەن و هەڵوێست بگرن، پارتی و یەکێتی ئەمە
لە گۆڕان قبوڵ ناکەن.
سێیەم: گۆڕان دەیەوێت بە بەشداریکردن لە
حکومەتدا کۆمەڵێک چاکسازی بکات، بەڵام مەترسی ئەوەی هەیە پارتی و یەکێتی
رێگە بەم چاکسازییانە نەدەن لەم حاڵەتەشدا بزووتنەوەکە تووشی کێشەی ناوخۆیی
دەبێت و ئەگەری ئەوەی هەیە دەنگدەرەکانیشی ڕوو بکەنە نەوەی نوێ.
بەم شێوەیە هەر سێ حیزبەکە هەم ترسیان لە یەکتری هەیە و هەم کێشەی
ناوخۆییان هەیە، ئەستەمیشە ئەم کێشانە نەبەنە ناو کابینەی نۆیەمەوە،
هەربۆیە پێویستە بەر لەوەی کابینەی نۆیەم پێک بهێنرێت بەلایەنی کەمەوە سێ
حیزبە دەبێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە ئاگربەست رابگەیەنن و لەوە زیاتر دژی
بەرژەوەندی یەکتر هەنگاو نەنێن.