02:11 - 11/02/2019
ڕمى حزبهكانى توركیا به جارێك رووى له كورده
تا وادهى ههڵبژاردنه چاوهڕوانكراوهكهى توركیا نزیكدهبێتهوه، گوتارى ئهردۆغان و زۆرینهى پارتهكانى توركیا بهرامبهر ههدهپه توندتر دهبێت، له بهرامبهردا ههدهپه سیاسهتى بێدهنگى پهیڕهودهكات، ههرچهنده میدیاكانى توركیا وهك رابردوو باسى كێشهى كورد ناكهن، بهڵام ئهردۆغان بهههمان ریتمى پێشوو قسه لهسهر ئهو كێشهیهى دهكات و رووى تانهى له پارتى دیموكراتى گهلانه.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆمارى توركیا بهرنامهى تایبهتى خۆى ههیه بۆ بانگهشه، سوورە لەسەر بەكارهێنانى ناوى كێشەى كورد و هەدەپە وەكو كەرهستەیەكى بانگهشه. كەچى زۆر جار هەوڵدەدات ئەم كەرهستەیە بە شێوەیەكى شاراوە بەكاربێنێت، بەڵام كێشە، قەیران و بارودۆخى ناوچەكە و وڵاتەكەى ناچارى دەكەن هەندێك جار بە ئاشكرا پەنا بۆ ئەم كەرهستەیە ببات.
توركیا خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئامادە دەكات كە بڕیارە لە 31 ى ئاداری داهاتوو دا ئەنجامبدرێت، كێشەى كورد گرنگترین كەرهستهیه لەدەستی سەرۆك كۆماری توركیادا مابێت، لە رابردوودا بە دەگمەن نەبووایە پەناى بۆ ئەمە نەدەبرد، ناڕاستەوخۆ ئەمەی دەكرد، بەڵام لە ئێستادا زۆر بە ئاشكرا هەدەپە یەكسان دەكات بە پەكەكە، پەكەكەش یەكسان دەكات بە یەپەگە. ئەم گوتارەى ئەردۆغان كاتى نیە و تەنیا پەیوەست نیە بە هەڵبژاردنى شارەوانییەكان. بەڵكو پێدەچێت ستراتیژییەك بێت و بە ناچارى پەناى بۆ ببات.
چونكە ماوەیەكی درێژە ئەردۆغان لە رووی سیاسی و ئایدیۆلۆژییەوە شتێك نەماوە باسی بكات. یەكە بەیەكەى كارتەكانى ستۆك بوون و كاریگەرییان نەماوە. لە رابردوو باسى باشبوونى ئابوورى توركیا دەكرد. لە هەموو بۆنەكاندا باسى كەمبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان، دانەوەى قەرزى دەرەكى و پەیداكردنى دەرفەتى كارى دەكرد. باسى سەنگى توركیا لە سیاسەتى ناوچەكە و جیهان دەكرد، باسى لە سەقامگیرى كۆمەڵایەتى و دیموكراسى دەكرد. بەڵام لە ئێستادا هیچ كام لەمانە بوونیان نیە.
بۆیە بەناچارى پەنا دەباتە بەر گوتارێكى دژ بە هەدەپە، پێیوایە ئەمە تاكە رێگایە كە بتوانێ درێژە بە مانەوەى خۆى لەدەسەڵاتدا بدات. بەم گوتارە هەوڵدەدات راى گشتى نەتەوەپەرستى لە توركیادا توندتر بكات لەدژى كورد، كێشە و قەیرانەكانى پێ پەردەپۆش بكات.
لە دواى هەڵبژاردنى ٢٠١١ ئەردۆغان لە رێگاى دادگا زۆربەى ركابەر و نەیارانى بێكاریگەر كرد، ئەگەر هەدەپە یەكسانە بە پەكەكە، بۆچى رێگاى دادگا لەدژى ئەم پارتە ناگرێتەبەر؟ نەگرتنەبەرى رێگاى دادگا باشترین وەڵامە بۆ ئەم پرسیارەى سەرەوە، دەیسەلمێنێت كە گوتارى ئەردۆغان لەبارەى هەدەپە تەنیا گوتارێكى سیاسیە.
ئەگەرچى رەجەب تەیب ئەردۆغان ئافرێنەرى سیاسەتى دژ بە هەدەپەیە، بەڵام لە ئێستادا ئەم سیاسەتە تەنیا پەیوەست نییە بە ئەردۆغان، بەڵكو جگە لە ئاكەپە-مەهەپە زۆربەى پارتەكانى دیكە پەنا بۆ ئەم سیاسەتە دەبەن. بۆ نموونە مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكى (ئى پارتى) لە رۆژى سێشەممە (٥ى شوباتى ٢٠١٩) لەبارهى هەدەپە پشتیوانى خۆى بۆ سەرۆك كۆمارى نیشاندا و ناسنامەى نەتەوەپەرستى زەقكردەوە. ئاماژەى بە هەبوونى سیاسەتى هەڵۆیانە كرد لە توركیادا لەبارەى كێشەى كورد. پرسیارەكە ئەوەیە، ئاكشنەرێك كە یەكێكە لە قوربانیانى سیاسەتى ئەردۆغان، بۆچى پەنا بۆ ئەم گوتارە دەبات؟ چونكە ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلى سەرۆكى مەهەپە، بانگەشە دەكەن كە لە پشت رێككەوتنى جەهەپە – ئى پارتى، بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەكانى توركیا، رێككەوتن لەگەڵ هەدەپە و پەكەكە هەیە.
وەكو پارتێكی ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی ئەوەی ئی پارتی و ئاكشەنەر گوتارى ئەردۆغان– باخچەلی بە درۆبخاتەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەم گوتارە. لەبەر ئەوەی یەك لۆژیك و یەك زمان كۆیان دەكاتەوە، گوتارێكی توندتر لە ئەردۆغان لەدژی كورد دەگرێتەبەر.
مەڕال ئاكشەنەر دەربارەی نەبوونی كاندیدی پارتەكەی لە شاری ئیغدر دەڵێت"بۆ ئەوەی هەدەپە سەرنەكەوێت، هەروەها بۆ ئەوەی ئاكەپە یان مەهەپە سەركەوێت كاندیدمان بۆ شارى ئیغدر دیارینەكردووە". ئەمەش درێژكراوەی لۆژیكی گوتارەكەیەتی، دەیسەلمێنێت كە ئەویش بەهەمان لۆژیكى (رێككەوتنى جمهور – رێككەوتنی نێوان ئاكەپە - مەهەپە) لەبارەى كورد بیردەكاتەوە. لەم دواییەدا بەبێ ئەوەی زۆر دركی پێبكرێت، پارتی كۆمۆنیستی توركیاش (TKP) دەچێتە ریزی ئەو پارتانەی لەدژی هەدەپە یەك هەڵوێست و یەك دەنگن. ئەم پارتە بەبێ ئەوەی ناوی هەدەپە بێنێت لە سۆسیال میدیا، لە سیمینارەكانیدا هەدەپە وەكو پارتێكی دژ بە بەرژەوەندى گەل پێناسە دەكات.
ئەوەی لە ئێستادا دژ بە هەدەپە بە ئاشكرا ناوەستێتەوە تەنیا جەهەپەیە، لەدوای ریفراندۆمی توركیا پەیوەندی كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكى جەهەپە بەڵام بە شاراوەیى لەگەڵ هەدەپە گەرمە. ئەگەر چى دەكرێت ئەم سیاسەتەى كلیچدارئۆغڵو بە سیاسەتێكى واقیعى لە قەڵەمبدرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا ئاماژەیە بە رەوشى نالەبارى توركیا. چونكە هەبوونى پەیوەندى شاراوە لە سەردەمێكى شەفاف جگە لە بەناوكردنى بە نادیموكراتیانە هیچ واتایەكى دیكە هەڵناگرێت.
بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان هەدەپە لە شارە گەورەكان كاندیدی دیارینەكردووە، هەروەها بۆ شارى "ئزمیر" رایانگەیاند كە ئەوان پشتگیری لە كاندیدی جەهەپە دەكەن، ئەگەر چى لە ئەنقەرە هەدەپە جگە لەوە كاندیدى نیە تا ئێستا بێدەنگى هەڵبژاردووە، بەڵام پێشبینى دەكرێت لەم شارەشدا پشتگیرى لە كاندیدى جەهەپە بكەن. ئەوەی دیارە هەدەپە بۆ بەرژەوەندی كاندیدانی جەهەپە لە شارە گەورەكان كاندیدى دانەناوە. هەبوونی كاندیدانی هەدەپە لە ئەنقەرە، ئیستانبۆڵ و بگرە ئیزمیریش كاری كاندیدانی جەهەپە زەحمەتر دەكات.
دیارە لەپشت ستراتیژی هەدەپە ئەم لۆژیكە خۆی حەشار داوە. ئەگەر رێككەوتنێك لەمبارەیەوە لەنێوان هەدەپە – جەهەپە هەبێت ئەوە رێككەوتنێكی نهێنییە. ئەمەشیان بە خەوشێكى دیكە دادەنرێت كە دیموكراسى لە توركیادا تووشى بووە.
نەبوونى كاندیدى هەدەپە لەم شارە گەورانەدا زەحمەتى بۆ رێككەوتنى ئەردۆغان – باخچەلى (رێككەوتنى جمهور) دروستدەكات. بۆیە ناچارن پەنا بۆ گوتارێك ببەن كە تیایدا رێككەوتنى دوو پارتى فەرمى سیستەم یەكسان بكەن بە رێككەوتن لەگەڵ هەدەپە - پەكەكە.
ئەردۆغان – باخچەلی هەوڵ دەدەن دەرفەتەكە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بقۆزنەوە. دەخوازن بەم شێوەیە دەنگی ئەو نەتەوهپەرستانەى بۆ پارتەكەی ئاكشەنەر دەچن بەدەستبێنەوە، هەروەها دەخوازن دەنگدەری جەهەپە كە خاوەن دەمارێكی نەتەوەپەرستییە، لەدژی سەرۆكایەتى جەهەپە هانبدەن و كێشەكانی ناو جەهەپە قوڵتربكەنەوە. ئایا تا چەند لەمەدا به ئەنجام دەگهن؟ ئەوەیان بابهتێكى دیكەیە.
سیاسەتى ئەردۆغان – باخچەلى كە دەكرێت بە سیاسەتى "بەشەیتانكردنى هەدەپە" بەناو بكەین، ئەوەندەى دیكە كێشەى كورد لە توركیادا لە ئاقارى چارەسەریدا دووردەخاتەوە.
ئەمڕۆ هەدەپە بۆتە واقیعێكی توركیا. زوو بێت یان درەنگ دەبێت هەموو توركیا ژیانكردن لەگەڵ ئەم واقیعە سیاسیەدا قەبوڵ بكات. بانگەشەى "هەدەپە جیاوازە لەگەڵ كورد"، كە ئەردۆغان پەناى بۆ بردووە و دەبات كاریگەری نەبووە. لەم شارانەی لە باكووری كوردستاندا هەدەپە بەهێزە، ئاكەپە نەیتوانی كاندیدی بەهێز دابنێت. نەوەكو نەیتوانی بگرە بۆ دەستنیشانكردن و دۆزینەوەی كاندیدی بەهێز هەوڵیشى نەداوە. چونكە لۆژیكی ئاكەپە لەمبارەیەوە ئەوەیە:" یان دەبێت دەنگ بە كاندیدانی ئێمە بدەن، یان بە تێپەڕبوونی كات جارێكی دیكە لە رێگای قایوم دەست بەسەر شارەوانییەكاندا دەگرینەوە". ئەمەش تێڕوانینی ئاكەپە بۆ دیموكراسی دەخاتەڕوو.
گرووپێكی ناو جەهەپەش هەمان تێڕوانینی دەسەڵاتی هەیە لەبارەى هەدەپە. هەندێك جار ئەم گرووپە لەناو بەڕێوەبەرایەتی جەهەپەشدا كاریگەری هەبووە. ناو بەناو هەندێك كادیر و هەڵسوڕاوانی ئەم گرووپە لە سەرۆكایەتی پارتەكەیان زویر بوونە ریزەكانی بەجێهێشتووە. دواتر كاریگهرییان لەناو بازنەى سیاسەتدا نەماوە.
ئەگەر چى ئەوانەى لەناو جەهەپەدا وەكو ئاكەپە – مەهەپە بیر دەكەنەوە، نەیانتوانیووە كاریگەریەكى نەرێنى لەسەر جەماوەرى پارتەكەیان دروستبكەن، بەڵام بەڕێوەبەرایەتى جەهەپە نەوەكو پێگەی جەماوەری لاوازبێ زیاد لە قەبارەی خۆی حساب بۆ ئەم گرووپە دەكات. ئەم هەڵوێستە پڕ لە ترسەى بەڕێوەبەرایەتى جەهەپە دەستى ئەردۆغان بەهێز دەكات و قوڕمیشى یاریەكە رادەستى سەركۆمارى توركیا دەكات. بەشێوەیەكى ناڕاستەوخۆ ئەوەى هەڵوێستى جەهەپە لەبارەى كێشەى كورد و هەدەپە دیاریدەكات ئەردۆغانە نەوەكو كلیچدارئۆغڵو. ئەمەشیان ئاماژەیە بە بەهێزى چەمكى نەتەوەپەرستى تورك لەبارەى نكۆڵیكردن لە كێشەى كورد. رۆژانە ژمارەى ئەو بەرپرسانەى لەناو جەهەپەدا بە زمانى چارەسەرى قسە دەكەن لە كورتى دەدات.
لەدواى دەستپێكردنى پڕۆسەى چارەسەرى كێشەى كورد لە ساڵى ٢٠١٣دا، رۆژانە ژمارەى ئەو دەنگانە لە هەڵكشاندا بوو كە پشتگیرى چارەسەرییان دەكرد. بەڵام لەگەڵ تێكچوونى ئەم پڕۆسەیە لەناكاو ئەم دەنگانە بزربوون و دەنگى نەتەوەپەرستى جێگاى ئەوانى گرتەوە. كەواتە لە توركیادا ئەوەى هەڵوێست لەبارەى كێشەى كورد دیاریدەكات كەسەكان نین، پێداویستى كۆمەڵگا و تاكەكان نیە بەڵكو دەوڵەتە، دەوڵەتیش لە ئەمڕۆدا ئەردۆغانە. ئەگەر ئەردۆغان رێگاى كردەوە زمان بۆ كێشەى كورد بەباش دەگەڕێت، ئەگەر نا كێشەى كورد نە بوونى هەیە، نە لێكەوتەشى دەبێت.
لە كۆمەڵگا دیموكراتیەكاندا بەر لە دەوڵەت كۆمەڵگا دەستپێشخەرە، بۆ چارەسەرى كێشەى كورد دەبێت ئەم زەمینەیە لە توركیادا پێبگات. بەرلەوەى دەوڵەت چرای سەوز هەڵبكات پێویستە كۆمەڵگای توركیا لەناوخۆیدا كێشەی كورد چارەسەربكات. لە ساڵى ٢٠١٥ كاتێك پڕۆسەى ئاشتى تێكچوو، شەڕ هەڵگیرسایەوە كۆمەڵگاى مەدەنى لە توركیا بێدەنگى هەڵبژارد، ئەگەر ئەم كۆمەڵگایە ئەو كاتە هەڵوێستى هەبووایە، دركى بە رۆڵى خۆى كردبووایە ئەمڕۆ لە توركیادا بارودۆخێكى دیكە هەبوو، هەموو ئەم قەیران و كێشانەى توركیا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت بوونیان نەبوو.
هەدەپە لە بارودۆخێكی باشدانیە، لەناوخۆ و لە دەرەوەدا، رووبەڕووى هێرشى جیاواز دەبێتەوە. كەچى لەبەرامبەر هەموو ئەم هێڕشانەشدا بێدەنگى هەڵبژاردووە، ئەوەی دیارە هەدەپە لەم قۆناغەدا لە سیاسەتی زەقكردنەوەی ناكۆكییەكان و وروژاندن دوور دەكەوێتەوە. زیاتر دەخوازێت پڕۆسەی هەڵبژاردن بە بێدەنگی تەواو بكات. لەمبارەیەشەوە تا ئێستا سەركەوتوو بووە. پێدهچێت توڕەیی ئەردۆغان و باخچەلی لەم رۆژانەی دواییدا لەدژی هەدەپە لە سیاسەتی بێدەنگی ئەم پارتە سەرچاوە دەگرێت.
واتە سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگانەی بۆی دروستكراوە، سەرەڕای دەستگیركردنی ئەو هەموو سەركردە و پەرلەمانتارانەى سەرەڕای ئەو بێ دەرفەتەی تووشی بووە، سەرەڕای خەنجەرى توندی دادگاكان هەدەپە توانیویەتی لەسەر پێی خۆی بووەستێت. بەلانى كەم سیاسەتى بەشەیتانكردنى شكاندووە. ئەمەش زۆر لایەن و كەس توڕە دەكات و دەڕەنجێنێت، دەبێتە هۆى ئەوەى ئەردۆغان زیاتر لەسەر هەڵەكانى بەردەوام بێت.
تا چەند هەدەپە دەتوانێت درێژە بەم سیاسەتە بدات لە ماوەی داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارە وەردەگرینەوە. لەو كاتەی زۆربەی پارتەكانی توركیا و بەشێكی جەهەپە نەخۆشی هەدەپەیان گرتووە، ئەمە بۆ هەدەپە دەرفەتێكە. ئەگەر هەدەپە لە رووی ئەرێنیەوە ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە، دوورنیە بتوانێ زۆر شت بگۆڕێت.