ڕاپۆرتی کوردستانی

10:39 - 09/02/2019

رێگاوبان.. كوشتارگه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان‌

پەیسەر

جادەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سوور هەڵگەڕاوە لە خوێنی هاوڵاتیانی کورد، سەید مەهدی فەرشادان نوێنەری سنە لە پەرلەمان دەڵێت جادەکانی کوردستان بوونەتە کوشتارگای خەڵکی کورد، ساڵانە نزیکەی ٢٠٠٠ هاوڵاتی بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆوە دەمرن و نزیکەی ٢٥٠٠٠ هاوڵاتیش بریندار دەبن.

رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە لە دواکەوتووییدا هێڵراوەتەوە، لەڕووی ڕێگاوبانەوە پارێزگای سنە لەناو ٣١ پارێزگای ئێراندا لە پلەی ٣١مدایە، مەهدی فەرشادان، نوێنەری سنە لە پەرلەمانی ئێران لە لیدوانێکیدا بۆ پەیسەرپرێس رایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هیچ ڕێگەیەکی های وەی  و هێڵی شەمەندەرفەر بوونی نییە و  جادەکانیش ستاندەر نین.

فەرشادان دەڵێت، دۆخی رێگەی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خراپترە لە هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران، بۆ نمونە پێویستە لە پارێزگای سنە ٥٠٠٠ کیلۆمەتر جادەی قیرتاو دروست بکرێت بۆ ئەوەی لەناو ٣١ پارێزگادا لە پلەی بیستەمدا جێ بگرێت، بە وتەی فەرشادان ئەو بودجەیەی بۆ بەشی ڕێگەوبان لە کوردستان تەرخان دەکرێت، بەشی ئەوە ناکات کێشەی جادەکانی کوردستانی پێ چارەسەر بکرێت.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ پێکهاتووە و ڕووبەرەکەی ١٧٨٨١٧ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و زیاتر لە ١١% کۆی گشتی ڕووبەری ئێران پێکدەهێنێت، بە هەر چوار پارێزگاکەوە خاوەنی ٣٤٥٠٠ کیلۆمەتر جادەیە کە لەم ڕێژەیە سەرباری بارێکی قورسی ترافیک تەنیا ٩٣٢ کیلۆمەتری ڕێگەی جووت سایدە.

پشکی پارێزگای ئیلام ٤١ کیلۆمەتر جادەی جووت سایدە و پشكی پارێزگای سنەش ١٩٥ کیلۆمەترە و پارێزگای کرماشان ٣٠٦ کیلۆمەتر و پارێزگای ورمیش ٣٠٠ کیلۆمەتر جادەی جووت سایدی هەیە، لە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت یەک کیلۆمەتر ڕێگەی هاو وەی نییە و بۆ هێڵی شەمەندەفەریش تەنیا لە پارێزگای کرماشان ١٤ کیلۆمەتر هێڵی ئاسن هەیە، لە رۆژهەڵاتی کوردستان سێ فڕۆکەخانەی مەدەنیش هەیە بەڵام هیچیان خاوەن ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نین و رۆڵێکی ئەوتۆیان نییە لە گواستنەوەی خەڵک و کاڵا و شتومەکی بازرگانی، هەربۆیە هیچ بارگرانییەکیان لەسەر جادەکانی کوردستان کەم نەکردوەتەوە.

ڕێگەوبانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی پێکهاتەی جوگرافی و ژمارەی زۆری دانیشتوان و بوونی زیاتر لە ١٥ دەروازەی سنووریی فەرمی  و نافەرمی، لە ریزی قەرەباڵغترین و پڕ هاتووچۆترین جادەکانی ئێراندان، بەڵام بەهۆی خراپی و ناستاندەربوونیانەوە بوونەتە جادەی مەرگ و بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕۆژانە زیاتر لە ٧ کەس لە جادەکانی کوردستاندا بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانیان لە دەست دەدەن.

ئێران بە گشتی لەڕووی رێگاوبانەوە لە ریزی خراپترین و مەترسیدارترین وڵاتانی جیهاندایە، بەڵام لە ئاستی ئێرانیشدا رێگاوبانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خراپترین رێگاوبانەکانن، بانکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا دۆخی جادەکانی ئێران بە قەیراناوی ناو دەبات، ناوەندی توێژینەوەکانی بیمەی ناوەندیی ئێرانیش دەڵێت لەناو ١٩٠ وڵاتی جیهاندا ئێران لە پلەی ١٨٩یەم دایە، ڕێژەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران ٢٥ ئەوەندەی وڵاتی ژاپۆنە و دوو ئەوەندەی تورکیاشە.
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە دە ساڵی رابردوودا لە ئێران ٢٢٠ هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ مردوون و نزیکەی دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەسیش برینداربوون، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی پۆلیسی هاتووچۆ لەکۆی ١٥٦ هەزار رووداوی هاتووچۆ کە لە ساڵێکدا ڕوویداوە، ٥٤ هەزاریان بەهۆی خراپی رێگەوبانەوە بووە، رووداوەکانی هاتووچۆ ساڵانە ٤ ملیار دۆلار زیانی بە ئابوری ئێران دەگەیەنێت، ئەوە لە کاتێکدایە بە تەرخانکردنی ٤ ملیار دۆلار دەکرێت ٢٠ هەزار کیلۆمەتر جادەی جووت ساید دروست بکرێت، یان هەموو کێشەی ڕێگاوبانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی پێ چارەسەر بکرێت.
سەرۆکی پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای سنە پێیوایە جادەکانی کوردستان نەک تەنیا بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان نین بەڵکو تەنانەت لە ئاستی ستاندارەکانی ئێرانیشدا نین، هەربۆیە جادەکانی کوردستان لە ریزی جادە پڕ مەترسییەکاندان و هۆکاری سەرەکی زۆربەی رووداوەکانی هاتووچۆیە.

شۆفێر پاسێکی جادەی سەقز_تاران لە لێدوانێکدا بۆ پەیسەرپرێس باسی لەوەکرد کە ناستانداردبوونی ڕێگەکان، هۆکاری سەرەکی ڕووداوەکانی هاتووچۆیە و وتی لە پارێزگای سنە ڕێگەی دیواندەرە - سەقز، کامیاران- کرماشان، سنە - مەریوان، سەقز- بۆکان لە ڕێگە پڕمەترسییەکانن و زیاترین ڕووداوەکانی هاتووچۆ لەو ڕیگایانەدا ڕوو دەدات.