ڕاپۆرتی کوردستانی

11:32 - 06/02/2019

زانیارییه‌ بڵاونه‌كراوه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی‌

پەیسەر

دوێنێ سێشه‌ممه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وپرسی پارێزگاری كه‌ركوك و وه‌زیری داد له‌ شاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و دوو حیزبه‌ چه‌ندین داواكارییان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ خستوه‌ته‌ به‌رده‌ستی یه‌كتر.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی دراوه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس، له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێدا، وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌باره‌ی كاندیده‌كانیانه‌وه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم و مه‌سرور بارزانی بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت گوتویانه‌ هیچ گفتوگۆیه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و دوو كاندیده‌ ناكه‌ین و قابیلی موناقه‌شه‌ نیه‌.


ئه‌م قسانه‌ی وه‌فدی پارتی له‌ كاتێكدا بووه‌ پێش كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی یه‌كێتی نیشتیمانی باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم قسه‌ بكه‌ن و وه‌ك ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن و پۆستێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌روه‌ها یه‌كێتی پێشتر (وه‌ك كارتی فشار له‌به‌رامبه‌ر پارتی) باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ شێوازی كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم پێ باش نیه‌و ده‌یانه‌وێت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌ی پارتی له‌باره‌ی كاندیده‌كانیانه‌وه‌، وه‌فدی یه‌كێتی رایگه‌یاندووه‌،  بەهەردوو كاندیدەكە رازین و هیچ كێشەیەكیان لەگەڵیان نیە، بەمەرجێك جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان و پێنج وه‌زاره‌ت كه‌ یه‌كێكیان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌ وەربگرێت و پارتیش هیچ ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كی بۆ ئه‌م داوایانه‌ی یه‌كێتی نه‌بووه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، داوای سەرۆكی سێ لیژنەی پەرلەمانی كوردستانیشی كردووە و وه‌ك به‌ركه‌وته‌ی خۆی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان باسی كردووه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستانیش به‌و داوایه‌ی یه‌كێتی رازی بووه‌.

یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له‌ ماوه‌ی رابردوودا ناردنی وه‌فده‌كانی هه‌رێم بووه‌ بۆ به‌غدا و یه‌كێتی پێی وابوو، كه‌ ئه‌و وفده‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم ناكات و زیاتر وه‌ك وه‌فدی حیزبی (پارتی) ده‌ركه‌وتووه‌، بۆیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ، پێشنیاری ئه‌وه‌ی داوه‌ته‌ وه‌فدی پارتی كه‌ دەبێت حكومەتی هەرێم پرۆژەی هەبێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغداد و پێش رەوانەكردنی هەر وەفدێكیش دەبێت كارنامەی وەفدەكە دیاری بكرێت و تەنها دەسەڵاتی گفتوگۆی لەو بوارانەدا هەبێت كە لەكارنامەكەدا ئاماژەی پێدەكرێت، پارتیش پێشنیارەكەی پێ خراپ نەبووە.


له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا، یه‌كێتی سوور بووه‌ له‌سه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و پۆستی وه‌زاره‌تی داد له‌گه‌ڵ پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ یه‌ك پرس و یه‌ك پاكێج بێت، پارتیش هیچ ڤیتۆیه‌كی له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ی یه‌كێتی نه‌بووه‌.

هه‌ر بۆیه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و سه‌باره‌ت به‌ پرسی وه‌زاره‌تی داد و كاندیده‌كه‌ی، وەفدەكەی پارتی رایگەیاندووە ئاستەنگ بۆ حاكم ئەركان دروست ناكەن بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی دوای راوێژكردن لەگەڵ بارزانی وەڵامی كۆتایی یەكێتی لەو بارەیەوە دەدەنەوە.

سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری كەركوكیش پارتی سوربووە لەسەرئەوەی دەبێت كەسێكی بێلایەن بكرێتە پارێزگار، یەكێتیش رایگەیاندووە بەكەسایەتیەكی سەربەخۆ بۆ پارێزگاری كەركوك رازین بەمەرجێك خۆیان دەستنیشانی بكەن.

له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ پرسی كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامدرا، دوایین هه‌نگاوی یه‌كێتیش كه‌ دانانی جه‌مال مه‌ولود بوو وه‌ك سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌ن پارتی نیگه‌ران كرد، به‌ڵام ئه‌م نیگه‌رانییه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆی هه‌ردوو لایه‌ن نه‌بوو، یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا راگه‌یاندووه‌، دیاریكردنی جەمال مەولود بەسەرۆكی ئەنجومەن كاتیە و هەركاتێك ئەنجومەن كۆبۆوە دەتوانێت كەسێكی تر هەڵبژێرێت، و ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەوبارەوە نابێت.


بۆ پرسی كێشه‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، یه‌كێتی پێشنیارێكی نوێی خستوه‌ته‌به‌رده‌ستی وه‌فدی و پارتی و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رایگه‌یاندووه‌، دەبێت لەبری دەستەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم كە دەستەیەكی سەر بەحكومەتی هەرێم لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان یەكێتی و پارتی بۆ چاودێری ناوچە جێناكۆكەكان دروست بكرێت و بەبەردەوامی چاودێری دۆخی ئەو ناوچانە بكەن.

یه‌كێتی هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌شی كردووه‌ ئه‌و لیژنه‌ی پارتی و یه‌كێتی و مانگانە راپۆرت بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بەرزبكەنەوە، پارتیش رایگەیاندووە دیراسەی ئەو پێشنیارەدەكەن و دواتر وەڵامیان دەدەنەوە.

له‌باره‌ی په‌له‌كردن له‌ پێكهێنانی حكومه‌ت كه‌ داوایه‌كی سه‌ره‌كی پارتییه‌وه‌ و پێشتریش چه‌ندین جار ئه‌وه‌ی به‌ یه‌كێتی راگه‌یاندووه‌، كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی با نه‌بێته‌ ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هه‌رچی زووه‌ كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریبكرێت و پێكهێنانی حكومه‌ت خێراتر بكات. له‌ كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێ وه‌فدی پارتی هه‌مان پرسیان وروژاندووه‌ و یه‌كێتی ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن تا 18ی مانگ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئاماده‌بن بۆ كۆبوونه‌وه‌.


یه‌كێتی له‌ناوخۆی خۆیدا له‌سه‌ر دوو كاندید رێكنه‌كه‌وتن كه‌ ئه‌وانیش بێگه‌رد تاڵه‌بانی و رێواس فایه‌ق بووه‌، پارتیش له‌و روه‌وه‌ داوای كردووه‌ هه‌رچی زووه‌ ناوی كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاشكرا بكرێت تا په‌رله‌مان ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌كان.

یه‌كێتی نیشتیمانی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ی به‌ پارتی گوتوه‌، ئەگەر نەیانتوانی پۆستەكانی حكومەتیش یەكلایی بكەنەوە ئەوە بەدڵنیاییەوە ناوی سەرۆكی پەرلەمان دەدەنە پارتی و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌ت خێراتر ده‌كه‌ن.