10:52 - 26/11/2018
بۆچی بارزانی گەڕایەوە بەغدا؟
رۆژی پێنجشه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌م مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌ردانی به‌غدای كرد، سه‌ردانه‌كه زۆرترین مشتومڕی لەناوخۆی هەرێم و لە عێراقیشدا لێ کەوتەوە، گرنگیدان و كاردانه‌وه‌كه‌ش ته‌نها یه‌ك هۆكاری هه‌بوو، ئەویش گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی بوو بۆ بەغدای پایتەختی عێراق له دوای ریفراندۆم.
كێشه‌كان وه‌ك رێگای كاكێشان درێژن
عێراقی نوێ له‌سه‌ر ده‌ستی كورد و شیعه و به‌شدارییه‌كی لاوازی سوننه دروستكرایه‌وه، مشتومڕه‌كانی نووسینه‌وەی ده‌ستور ناكۆكییه‌كانی كورد و شیعه‌ی برا و هاوسەرنگەری دوێنێی ده‌رخست، به‌ڵام به رێگه‌ی ته‌وافوق توانرا ده‌ستور بنوسریته‌وه و بە دەنگی نزیکەی لەسەدا ٨٠ی خەڵکی عێراق په‌سه‌ندکرا، په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور بۆ ماوه‌یه‌ك ناكۆكییه‌كانی كورد و شیعه‌ی حوکمڕانی خه‌فه‌كرد، تا مه‌له‌فی ئاڵای عێراق له‌لایه‌ن بارزانییه‌وه وروژێنرا و ململانێیه‌كی توند له‌نێوان بارزانی ( كورد) و به‌رپرسانی شیعه ده‌ستی پێكرد و دواجاریش کورد و بارزانی لە شەڕی ئاڵای عێراقدا براوە بوون.
ماده‌ی 140 و یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدڕاڵی و یاسای نه‌وت و غاز هه‌وێنی مه‌یاندنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بوون، تا گەیشتە ئەوەی ساڵی ٢٠١١ له‌سه‌رده‌می نوری مالیكی لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی دیجلەدا لە ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان هێزی لە دژی کورد جوڵاند، بەم شێوەیە به‌ینی دوو براكه ( شیعه وكورد) كه‌لێنی تێكه‌وت.
گه‌یشتنه مریشكه ره‌شه
ناکۆکییەکانی نێوان بارزانی و مالیکی لە ساڵی ٢٠١٤دا گەیشتە بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، عەبادیش هەرچەندە زمانێکی نەرمتری لە مالیکی هەبوو، بەڵام بەردەوامبوو لەسەر نەدانی بەشە بودجەی هەرێم، بەغدا داوای نەوت هەرێم و خاڵە سنورییەکان و داهاتی ناوخۆی هەرێم دەکرد و لە ئێستاشدا عادل عەبدولمەهدیش هەمان ئەو مەرجانەی هەیە.
به هۆی بڕینی بودجەوە ساڵی ٢٠١٥ هەرێم بڕیاریدا سیاسه‌تی ئابوری سه‌ربه‌خۆ بگرێته‌به‌ر و نه‌وت سه‌ربه‌خۆیانه بفرۆشێت، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و جێهێشتنی كۆمپانیاكانی وزه سیاسه‌ته‌كه شكستی هێناو كورد نه‌یتوانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت، سەرباری قەیرانێکی گەورەی دارایی و ناکۆکیی قوڵی سیاسیی لەناو ماڵی کورددا، مه‌سعود بارزانی و به‌شێك له حیزبه كوردستانییه‌كان بڕیاریی ریفراندۆمیان له ڕۆژی 7ی حوزەیرانی-2017 دا، ئیتر لێره‌وه مه‌سعود بارزانی و هاوكاره‌كانی وه‌ك خیانه‌تكار له‌لایه‌ن شیعه و عه‌ره‌بی عێراقه‌وه سه‌یرده‌كران و بارزانیش دەسەڵاتدارانی شیعەی بە شۆڤێنی دەناساند و دروشمی دوو دراوسێی باشی بەرز کردەوە.
په‌یوه‌ندی هه‌رێم و به‌غدا نێوه‌ندگیرو نامه‌ی تێكه‌وت
بۆ سڕکردنی ئه‌نجامی ریفراندۆم و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆوه ئەیاد عەلاوی جێگری ئەو كاتەی سەرۆك كۆماری عیراق، نامه‌یه‌كی ئاڕاسته‌ی مه‌سعود بارزانی كرد، بارزانیش له وه‌ڵامدا نوسیبووی " پێشوازی لەبانگهێشتەکەتان دەکەین بۆ گفتوگۆ‌و چارەسەرکردنی کێشەو ناکۆکییەکان‌و دورکەوتنەوە لەشێوازی هەڕەشە”.
هه‌ر له‌و وه‌ڵامه‌دا هه‌ندێك له په‌شیمانبوونه‌وه له هه‌ڵوێسته‌كانی رابردووی بارزانی به‌دیكرا و به‌جۆرێك له وه‌ڵامی عه‌لاویدا نووسیبووی" ئێستاش دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم هەمان بژاردەمان هەیە، بژاردەی گفتوگۆ‌و لێکتێگەیشتن و بەر لەئەنجامدانی ڕیفراندۆم جەختمانکردووەتەوە لەوەی کە ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ بۆ دروستکردنی دەوڵەت نییە، بەڵکو ئێمە ئامادەین بۆئەوەی تا دو ساڵی تر چاوەڕێ بکەین‌و لەگفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەدا بین".
شكستهێنانی ریفراندۆم و پەراوێزکەوتنی هه‌رێم
دوای شكستهێنانی ریفراندۆم، به‌هۆی گوێنه‌دان به هۆشدارییه پێشوەختەکانی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا و فه‌ره‌نساو ئه‌ڵمانیا و توركیا و ئێران و چه‌ند وڵاتێكی تر، هیچ وڵاتێک ئامادەنەبوو تەنانەت ببێتە ناوبژیوانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەمریکا و تورکیا کە بە ئاشکرا پشتگیری هەوڵەکانی بەغدایان کرد بۆ سەپاندنی سەرەوەری خۆی بەسەر هەرێمدا، ئەمریکاش بەبێ دەنگی خۆی یان لەژێرەوە هاندانی عەبادی پشتگیری بەغدای کرد لە دژی هەرێم.
ئیتر لێره‌وه گڵۆله‌ی كورد كه‌وته لێژی و پارسه‌نگی هێز به‌لای به‌رپرسانی به‌غدا شكایه‌وه و ترافیكی دیبلۆماسی لە هه‌ولێر كۆتایی هات و هه‌موو رێگاكان چونه‌وه به‌غدا، دوای ئه‌م قۆناغه‌ش بوو هه‌وڵه‌كانی كورد بۆ په‌شیمانبوونه‌وه ده‌ستی پێكرد، مەسعود بارزانی کەوتە کونجی گۆشەگیرییەوە و نێچیرڤان بارزانی برازای کەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێنده‌ی تر سزای هه‌رێم نه‌درێت كه خۆی له داخستنی سنوره‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كان و چه‌ندین سزای تر بینیه‌وه.
ده‌سپێكردنی قۆناغێكی نوێ و سه‌ركه‌وتنی حیزبه‌كه‌ی بارزانی
هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران عێراق ئه‌و ده‌رگایه بوو بارزانی و حیزبه‌كه‌ی جارێكی تر لێیه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا، سه‌ركه‌وتنی پارتی دیموكراتی كوردستان ( هه‌رچه‌نده سه‌رنجێكی زۆر له‌سه‌ر ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بوو) له هه‌ڵبژاردنه‌كه و بوونی به یه‌كه‌مین حیزبی عێراق كه توانی 25 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بهێنێت، وای له عێراقییه‌كان كرد كه تا دوێنێ به‌چاوی دوژمن سه‌یری پارتی و بارزانیان كرد، بیكه‌نە دۆستی ئه‌مڕۆ و هاتووچوی به‌رپرسانی عێراق و چه‌ندین سه‌فه‌ری نێچیرڤان بارزانی جێگر و برازای بۆ به‌غدا و هاتنی چه‌ندین وه‌فدی سونی و شیعه بۆ هه‌ولێر، ئه‌و قۆناغه نوێیه‌بوو كه سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدای لێكه‌وته‌وه، هەرچەندە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و ئێرانیش رۆڵێکی گەورەی لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی بارزانی و لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێرانەوە هەیە.
بارزانی بۆچی گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و ئامانجه‌كه‌ی چییه؟
هه‌رچه‌نده له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی بۆ‌غدا مشتومڕی زۆر له هه‌رێم و له عێراقیش دروستبوو، كه یار و نه‌یاری هه‌ردوولا قسه‌یان له‌سه‌ر كرد، به‌ڵام ئایا بۆچی مه‌سعود بارزانی له دوای ئه‌و هه‌موو ناكۆكییه گه‌ڕایه‌وه به‌غدا.
مه‌سعود بارزانی ئێستا كاراكته‌رێكی به‌هێزی سه‌ر گۆڕه‌پانی هه‌رێم و به‌غداشه، تائێستاش هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ وه‌رگرتنی بۆچوونی هه‌رێم و جێبه‌جێكردنی ئه‌جێنداكانیان ئه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ مه‌سعود بارزانی ئه‌ویش به‌هۆی قۆرغكردنی ته‌واوی جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌وه و هه‌روه‌ها به‌هێزی پارتی له هه‌رێم و تاڕاده‌یه‌كیش لە به‌غدا، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوه سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی ته‌نها خواستنی خۆی نه‌بووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر داوای ئه‌مریكا و فه‌ره‌نسا بووه و خواستی ئێرانیش ئه‌وه بووه كه بارزانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا ئاسایی بكاته‌وه.
بۆچی بارزانی له‌م كاته‌دا گه‌ڕایه‌وه
چوونی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدا له‌دوای ئه‌وه هات كه حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا نه‌وتی كه‌ركوك له رێگه‌ی بۆری هه‌رێمی كوردستانه‌وه ره‌وانه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان بكات، هه‌روه‌ها ئێستاش مشتومڕی گه‌رم هه‌یه له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه یاسای بودجه ساڵی ٢٠١٩، جگه له‌و دوو پرسه پرسی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی ئامانجی سه‌ردانه‌كه بوو بۆ به‌غدا.
مه‌سعود بارزانی نایه‌وێت هه‌ڵه‌كانی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی دووباره بكاته‌وه، به پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس بارزانی مه‌به‌ستییه‌تی له هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی ئۆكه‌یی به‌رپرسانی باڵای شیعه و ئێرانی له‌سه‌ر بێت، چونی ناوبراویش بۆ ئیمارات بۆ قسه‌كردنه له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی دانه‌غاز تا دوایین رێكاره‌كانی چۆنێتی هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی تاوتوێ بكات.
هه‌روه‌ها بارزانی ویستی به‌م سەردانە کە خواستی ئەمریکا و فەڕەنسا و ئێرانی لەسەرە وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی پێگه لاوازەکەی خۆی و حزبەکەی و هه‌رێم بگه‌یه‌نێته‌وه ئاستی جارانی و لەم ڕێگەیەشەوە پێگەی خۆی لەناو هەرێمیشدا بەهێزتر بکات، لە دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم، خەونی بارزانی و حیزبەکەی ئەوەیە وەک مەرجەعی بڕیاری سیاسیی کورد سەیر بکرێت، وادیارە ئێستا بەغدا و لایەنە شیعەکان یارمەتیدەری بارزانین بۆ ئەوەی لەناوخۆی هەرێمیش پێگەی بەرز بکاتەوە.