11:19 - 25/11/2018
یەكێتی دەچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی فشارو داواكارییەكانی توركیا
دواجار یەكێتی نیشتمانی چووە ژێر باری ئەو فشارو داواكاریانەی توركیا، كە ماوەیەكە خستوویەتییە سەریو لەرێگەی نوێنەرەكەی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی لەدژی پارتێكی نزیك لەپەكەكە-دا.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەپشكی یەكێتی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، رۆژی 25ی تشرینی دووەم بڕیاریدا بەداخستنی بارەگای ئەو حیزبو رێكخراوانەی مۆڵەتی فەرمی-یان لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێم نییە.
یەكێك لەو حیزبانەی بڕیارەكە دەیگرێتەوە، "تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان"ە، كە پارتێكی نزیكە لە "پارتی كرێكارانی كوردستان" (پەكەكە)یه
سەمیر هەورامی بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت لەبارەی بڕیارەكە بۆ "پەیسەر پرێس" رایگەیاند، جێگری سەرۆكی حكومەت بەپێی دەسەڵاتەكانی بڕیارێكی دەركردووە، بۆ رێگریو قەدەغەی ئەو پارتو لایەنانەی مۆڵەت-یان لەحكومەت نییە.
سەمیر هەورامی گوتی: "بڕیارەكە لەپێناوی رێكخستنی كاری حیزبو رێكخراوەكانە، ئەوەش بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمو لەرۆژی دەرچوونی بڕیارەكەشەوە وەك خۆی جێبەجێدەكرێت".
یهكێتی دەیەوێت بەپێی توانا داواكارییەكانی توركیا جێبەجێبكات، هەنگاوی یەكەمیش لەبڕیارەكەی قوباد تاڵەبانییەوە دەستیپێكردووە
یەكێك لەو حیزبانەی بڕیارەكە دەیگرێتەوە، "تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان"ە، كە پارتێكی نزیكە لە "پارتی كرێكارانی كوردستان" (پەكەكە)یه، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "پەیسەر پرێس" كەوتووە، ئامانجی سەرەكی لەبڕیارەكە قەدەقەكردنو داخستنی بارەگاكانی ئەو حیزبەیە لەپارێزگای سلێمانی.
هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری بڕیارەكەش، بۆ ئەو داواكارییانەی توركیا دەگەڕێتەوە، كە ماوەیەكە وەك فشار خستوویەتییە سەر یەكێتی، بۆ ئەوەی جموجوڵو چالاكییەكانی پەكەكەو حیزبو رێكخراوەكانی نزیك لەو حیزبە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی كەمبكاتەوە.
پێشتر توركیا بەهۆی جموجوڵەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ەوە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە یەكێتی نیگەران بوو، بەهۆی دەستگیركردنی چەند ئەندامێكی میتیش حكومەتی توركیا بڕیاریدا نوێنەری یەكێتی لە وڵاتەكەی دەربكات. هەر لەو ماوەیەشدا وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوش ئۆغلۆ یەكێتی بە پشتیوانیكردنی پەكەكە تۆمەتباركرد.
داواكاریو فشارەكانی توركیا دوای ئەوە هات، رۆژی 4 تشرینی دووەم، شاندێكی توركیا، كە ھاكان كاراچای، كۆنسوڵی گشتی توركیا لەھەرێم سەرۆكایەتی دەكرد، سەردانی دەباشان-یان كردو لەگەڵ شاندێكی یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوە.
وەك ئەوەی میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، شاندی حیزبەكەیان لەكۆبوونەوەكە داوایان لەشاندی توركیا كردووە، گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵگرن، لەكاتێكدا ئەنقەرە چەند مانگێكە بەبیانووی چالاكییەكانی پەكەكە لەپارێزگای سلێمانی گەمارۆی خستووەتە سەر ئەو فڕۆكەخانەیە.
"پەیسەر پرێس" ئەوەشی زانیوە لەبەرانبەر ئەو داواكارییەی یەكێتی، توركیا چەند داواكارییەكی هەبووە لەوانەش قەدەغەكردنی چالاكی ئەو حیزبو رێكخراوانەی لەپەكەكە نزیكن لەناوچەكانی سلێمانی، هەروەها داوای سزادانی چەند سەركردەیەكی حیزبەكەشی كردووە، كە بەشدارییان لەكۆنگرەی نەتەوەیی كورد (كەنەكە) كردووە.
سێ سەركردەكەی یەكێتی (ئارێز عەبدوڵڵا، بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامانی سەركردایەتی، سالار مەحمود پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی)، رۆژی 26ی مانگی رابردوو لەهۆڵەندا بەشداری-یان لەكۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان كردو بەناوی یەكێتییەوە وتارێكیان خوێندەوە، كە توركیا بە بەشداری ئەو سەركردانەی یەكێتی نیگەران بووەو داوای سزادانیانی كردووە.
لەو بارەوە ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی، كە بەبیانووی "هەستیاری" پرسەكە، داوای كرد ناوی نەهێنرێت بۆ "پەیسەر پرێس" وتی: "ماوەیەكە توركیا دەستی بەفشار بۆ سەر یەكێتی كردووەو دەیەوێت داواكارییەكانی جێبەجێبكرێت، ئەوەش لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی باسكراوە".
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی گوتیشی: حیزبەكەی دەیەوێت بەپێی توانا داواكارییەكانی توركیا جێبەجێبكات، هەنگاوی یەكەمیش لەبڕیارەكەی قوباد تاڵەبانییەوە دەستیپێكردووە.
لەبەرانبەر بڕیارەكەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەڤگەری ئازادی كاردانەوەی دەبێتو كاردانەوەكەشی گرتنەبەڕی رێگەی یاساییە لەدژی بڕیارەكە لەبەغدا، چونكە ئەو پارتە مۆڵەتی فەرمی لەلای حكومەتی عێراق هەیە.
یوسرا رەجەب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، كە سەر بەتەڤگەری ئازادی-یە، بۆ "پەیسەر پرێس" وتی: "ئێمە مۆڵەتی فەرمی-مان لەحكومەتی عێراق هەیە، كە هەر بەیاسای ئەو حكومەتە هەرێمی كوردستان وەك كیانێك لەعێراق ناسێنراوە".
یوسرا رەجەب هەروەها دەڵێ: "ئێمە رێكاری یاسایی لەدژی ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێم دەگیرینە بەر، چونكە پارتێكی فەرمینو لەئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق مۆڵەتی ئەوەمان پێدراوە لەزاخۆ، تا بەسرە بارەگاو چالاكی خۆمان هەبێت".
تەڤگەری ئازادی لە 19/1/2018 مۆڵەتی فەرمی لەحكومەتی عێراق وەرگرتووەو تائێستاش چەندین جار بەشێوەیەكی فەرمی داوای مۆڵەتی لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام سەرجەم داواكارییەكانی رەتكراوەتەوە.