ڕاپۆرتی کوردستانی

01:24 - 02/02/2019

دۆخێكى ترسناك هه‌ناسه‌ى له‌به‌ر ژنان بڕیووه‌‌

پەیسەر

له‌ هه‌رێمى كوردستان توندوتیژییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستێكى مه‌ترسیدار، له‌دواى راپه‌ڕین و حوكمڕانى خۆماڵییه‌وه‌، ساڵ به‌ ساڵ توندوتیژییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ژنان، كوشتن و خۆكوشتن و جۆره‌كانى ترى توندوتیژى، له‌ هه‌ڵكشان و به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كى ئارام بۆ ژنان سه‌رنجى چالاكوانانى راكێشاوه‌ ئه‌وێ قه‌ندیله‌، كه‌ تا ئێستا حاڵه‌تێكى ئه‌وتۆى توندوتیژى تێدا تۆمار نه‌كراوه‌.

توندوتیژییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ژنان و گرفته‌ جێنده‌رییه‌كان كێشه‌ى گه‌وره‌ى به‌رده‌م ژیانن له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستاندا، هه‌رچه‌نده‌ ئامارێكى فه‌رمى له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ تا بزانرێت له‌ دواى راپه‌ڕینه‌وه‌ چه‌ند ژن كوژراون یاخود خۆیان كوشتوه‌، به‌ڵام ئاماره‌كانى ڕێكخراوه‌كانى بوارى كاركردن له‌ مافه‌كانى ژنان و حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ توندوتیژییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ژنان گه‌یشتۆته‌ ئاستێكى مه‌ترسیدار.

به‌پێى ئامارێكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌رێم كه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتووه‌، ده‌ریده‌خات كه‌ هه‌رێمى كوردستان هیچ ساڵێكى به‌بێ پێشێلكردنى مافه‌كانى ژنان و توندوتیژیی به‌رامبه‌ر ژنان تێنه‌په‌ڕاندووه‌ و ساڵ به‌ساڵیش ژماره‌ى قوربانیانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ ژنان له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.

ئاماره‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، له‌ ماوه‌ى حه‌وت ساڵى ڕابردوودا واتا له‌ ساڵى 2012ه‌وه‌، سێ هه‌زار و 510 حاڵه‌تى توندوتیژیی به‌رامبه‌ر به‌ ژنان تۆماركراوه‌ له‌ (كوشتن و خۆكوشتن و سوتان و خۆسوتان و گێچه‌ڵى سێكسى). له‌ ماوه‌ى ئه‌م حه‌وت ساڵه‌دا 737 ژن كوژاون یاخود خۆیان كوشتووه‌، هه‌روه‌ك 2004 ژنى دیكه‌ سوتاون یاخود خۆیان سوتاندووه‌، هه‌ر به‌پێى ئه‌م ئاماره‌ 769 ژن ڕووبه‌ڕووى گێچه‌ڵى سێكسى بوونه‌ته‌وه‌.

سه‌ره‌ڕاى ئه‌م ئامارانه‌،  ساڵانه‌ له‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ سه‌دان حاڵه‌تى ترى ئه‌شكه‌نجه‌دان له‌ لێدان و ئیهانه‌پێكردن و جوێندان تۆمارده‌كرێت، هه‌روه‌ك به‌ هه‌زاران سكاڵا له‌ لایه‌ن ژنانه‌وه‌ تۆمارده‌كرێن، به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى په‌یسه‌ر ده‌ركه‌وتووه‌، حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى تایبه‌ت نین به‌ ناوچه‌یه‌ك یان چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێم، به‌ڵكو له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌ و ناوچه‌كانى هه‌رێم  حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژیی(له‌ كوشتن و خۆكوشتن و سوتان و خۆسوتان تۆماركراون) به‌ڵام قه‌ندیل خاڵییه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ى ته‌نگیان به‌ ژیانى مێینه‌ هه‌ڵچنیوه‌.


به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌به‌رده‌ستى په‌یسه‌رن، له‌ماوه‌ى 20 ساڵى ڕابردوو له‌ بنارى قه‌ندیل هیچ ژنێك به‌بیانووى شه‌ره‌ف نه‌كوژراوه‌ و خۆى نه‌كوشتوه‌، ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌ 69 گوند له‌خۆى ده‌گرێت و نزیكه‌ى (5000) دانیشتوانه‌كه‌یه‌تى، پارتى كرێكارانى كوردستان تیاییدا باڵاده‌سته‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌.

په‌ری حه‌مه‌د به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نى ژنانى بنارى قه‌ندیل به‌ په‌یسه‌رى ڕاگه‌یاند، زۆربه‌ى ژنانى ئه‌وێ په‌روه‌رده‌ ده‌بینن، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى پارێزگارى له‌خۆیان بكه‌ن و داواى مافه‌كانیان بكه‌ن،"هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ كه‌ هیچ ژنێك له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌كوژرابێت، ئه‌گه‌رچى نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ ژنان هه‌یه‌ به‌ڵام زۆر كه‌مه‌".

ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمان وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن كۆژانى گه‌وره‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ر دۆخى ژنان، به‌ڵام توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ ژنان به‌ ته‌نها تایبه‌ت نییه‌ به‌ هه‌رێمى كوردستان و  له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى تردا بوونى هه‌یه‌ و ژینگه‌ و كلتور و ئاین و بیركردنه‌وه‌ى تاكه‌كان ڕۆڵى تێدا ده‌بینن، په‌روین حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، نایشارێته‌وه‌ له‌ هه‌رێم دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌.

ئه‌و پێیوایه‌، كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى نه‌ریتییه‌ و ده‌سه‌ڵاتى كوردیش ده‌سه‌ڵاتێكى پیاوسالارانه‌یه‌، بڕیاره‌كانیش لاى پیاوانن، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ ژنان به‌ پله‌ دوو ببینرێن."هۆكارێكى ترى توندوتیژییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ خێزانى كوردى ژنان به‌ شه‌ره‌فى خۆیان ده‌بینن، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و دۆخه‌ش ته‌نها ئه‌ركى ئه‌وان نییه‌ و پێویسته‌ لایه‌نه‌كانى تریش له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و كۆمه‌ڵگاش بێنه‌ سه‌رخه‌ت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى توندوتیژى  به‌رامبه‌ر به‌ژنان".

له‌ چوار ساڵى رابردوو هه‌رێمى كوردستان به‌ دۆخێكى سه‌ختدا گه‌یشته‌ ساڵى نوێ، له‌و ماوه‌دا حكومه‌ت له‌ زۆر بواردا دووچارى پاشه‌كشه‌ى گه‌وره‌بوو، خه‌مى ژنانین زیاتر بوو به‌ژێر ئه‌و دۆخه‌ ناله‌باره‌ى دروست بوو، ئارام قادر حه‌مه‌ سور توێژه‌ر ڕاى وایه‌، ده‌سه‌ڵاتى سیاسى خه‌مه‌كانى ژنانى پشتگوێخستوه‌، هه‌روه‌ك قه‌یرانى دارایی و هه‌ژاریی و بێكاریی كاریگه‌رى ڕاسته‌وخۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر زیادبوونى تاوانه‌كان و زیاد بوونى ئه‌و ڕێژه‌ زۆره‌ى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌ران له‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایدا.

دراما بیانییه‌كان به‌بێ هیچ سانسۆرێك تاوانه‌كانیان هه‌م زیاتر و هه‌م ئاسانتر كردووه‌

به‌بڕواى ئه‌و نوسه‌ره‌ له‌گه‌ڵ كرانه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌رووى دوناى نوێو ته‌كنه‌لۆژیادا، كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى توشى به‌ریەككه‌وتن بووه‌ ئه‌وه‌ش هۆكارێكى توندوتیژییه‌، هه‌روه‌ها په‌خشكردنى دراما بیانییه‌كان به‌بێ هیچ سانسۆرێك تاوانه‌كانیان هه‌م زیاتر و هه‌م ئاسانتر كردووه‌، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا سه‌روه‌رنه‌بوونى یاسا و داڵده‌دانى بكوژان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ به‌شێكى تر له‌ هۆكاره‌كانى توندوتیژى ده‌زانێت.