ڕاپۆرتی کوردستانی

04:48 - 30/01/2019

گۆڕینی لەسەرەخۆی دیموگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستان‌

پەیسەر

کورد ئەڵێ " بە لۆکە سەرت ئەبڕم" بەڵام ئەمە ناونیشانی سیاسەتی ئێرانییەکانە لە دژی کورد، بە لەسەرەخۆیی و بەبێدەنگی خەریکی تواندنەوە و سڕینەوەی کوردن.
ئێرانییەکان کاتێک دروشمی گەورە دەدەن واتە هیچ ناکەن، چل ساڵە دروشم لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەن بەڵام کەمترین جار بەرژەوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەیان خستووەتە مەترسییەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە پلانە گەورەکانیان بە لەسەرەخۆیی و بێ دەنگی دەبەنە پێشەوە.

 بە لەسەرەخۆیی و بەبێ ئەوەی کەس هەست پێ بکات ساڵانێکی دوورودرێژ لەسەر حوسییەکانی یەمەن کاریان کرد، هەربۆیە کاتێک بۆشایی هێز دروست بوو دەستیانگرت بەسەر دوو بەشی یەمەندا، ساڵانێکی دوور و درێژ بەبێ دەنگی کاریان لەسەر شیعەکانی عێراق کرد و سەرکردەی گوێرایەڵیان دروست کرد لە دوای سەدام لە جیاتی ئەمریکا ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرت، کاتێک لە سوریا سعودیە و تورکیا و قەتەر بە دەبدەبە و کەپکەپەوە بە چەک و پارە گروپی چەکداریان دروست دەکرد، ئێران بەبێدەنگی سوریای پڕکرد لە گروپی ملیشیای شیعە کە تەنیا گوێڕایەڵی ئێرانن و حیساب بۆ بەشار ئەسەدیش ناکەن.
تورکیا نزیکەی سەدەیەکە بە ئاشکرا حاشا لە بوونی کورد دەکات و هەوڵی سڕینەوەی کورد دەدات، بەڵام ئێرانییەکان بە بەژن و باڵای کورددا هەڵدەڵێن و لەژێرەوە و بەبێدەنگی هەمان سیاسەتی تورکیا پەیڕەو دەکەن، کورد لەڕووی کلتورییەوە ئاسمیلە دەکەن و هەوڵی گۆڕینی لەسەرەخۆی دیموگرافیای کوردستانیان داوە.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ناوچەکانی ورمێ و خۆی و ماکۆ و سەلماس شوێنی نیشتەجێی کورد و ئەرمەن و ئاسۆری بوون، بەڵام بەبێ دەنگی تورکی ئازەرییان لەو ناوچانە نیشتەجێ کرد ئێستا زۆرینەی ئەو ناوچانە تورکن و زمان و و کلتوری تورکی باڵادەستە، لە سەردەمی شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵای نەهری واتە ساڵی ١٨٨٥ تا شاری مەراغەی نزیک تەورێز سنوور و جوگرافیای کوردستان بوو، بەڵام ئێستا ئەو ناوچە جگە لەوەی هەموو بوونەتە ناوچەی تورکی، بەڵکو تورکەکان بە یارمەتی و پلانی حکومەتی ئێران خەریکی گۆڕینی دیموگرافیای گوندەکانی نزیک مهاباد و بۆکانن.  

لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا حکومەتی ئێران لە قۆناغی یەکەمدا لە هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانە بە هەزاران کەسی غەیرە کوردی لە تورک و فارسی لەژێر ناوی فەرمانبەر و مامۆستا و ئەندامانی سوپای پاسداران هێنایە شارە کوردییەکان و ئەوانەش زۆربەیان نەگەڕاونەتەوە شارەکانی خۆیان، هاوردەکان لە شارە کوردییەکان خانوو و زەوییان پێدراوە و بە یەکجاری نیشتەجێ بوون، حکومەت تا ئێستاشی لەگەڵدابێت ساڵانە بەردەوامە لە هێنانی فەرمانبەری غەیرە کورد بۆ شارە کوردییەکان، لە شارە کوردییەکانی پارێزگای ورمێ تورک نیشتەجێ دەکات و لە شارەکانی پارێزگای سنە و کرماشان زیاتر فارس نیشتەجێ دەکات.
لە قۆناغی دووەمیشدا کە زیاتر لە دوای ٢٠٠٠وە دەستی پێکردووە، حکومەت هەندێک پڕۆژەی پیشە سازی لە شارە کوردییەکان جێبەجێ کرد، زۆربەی ئەو هەلی کارانەی کە بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە دروست بوون دران بە خەڵکی غەیرە کورد کە لە شارەکانی دیکەوە دەهێنرانە کوردستان، بۆ نمونە کارگەی پیترۆکیمیای مهاباد کە نزیک بە دوو هەزار هەلی کاری دروست کرد باس لەوە دەکرێت زیاتر لە سەدا ٨٠ ئەو فەرمانبەر و ئەندازیار و تەنانەت کرێکارانەی کە لەو پڕۆژەیەدا دامەزران کورد نەبوون و لە شارە تورکییەکانەوە هێنراون، واتە تەنیا بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە نزیکەی ١٥٠٠ خێزانی غەیرە کورد لە شاری مهاباد نیشتەجێ کراون.

حکومەتی ئێران جگە لە کوردستان هەمان سیاسەتیش لە خوزستان ( کە ناوچەیەکی عەرەبییە) و بەلوچستانیش جێبەجێ دەکات، ساڵانە بە هەزاران فارسی شیراز و کرمان و یەزد و ئیسفەهان لەژێر ناوی جۆراوجۆر لە ناوچەکانی خوزستان و بەلوچستان نیشتەجێ دەکات، خوزستان کە دەوڵەمەندترین ناوچەی ئێرانە بە نەوت و گاز،  بە واتایەکی دیکە کەرکوکی ئێرانە، ناوچەیەکی عەرەب نشینە، هەربۆیە ئێران لە کۆنەوە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچەیەی داوە، لە ساڵی ٢٠٠٢دا نامەیەکی محەمەد خاتەمی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران ئاشکرابوو کە ناوەڕۆكی نامە باس لە پێویستی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو پارێزگایە دەکات.   

هەندێک لە چالاکانی مافی کەمینە نەتەوەییەکان پێیانوایە حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لەماوەی یەک سەدەی ڕابردوودا، بەردەوام وەک مەترسییەک سەیری نەتەوە جیاوازەکانی لە سەر سنووری وڵاتەکەیان کردووە، هەر بۆیەش بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم مەترسییە، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆریان جێبەجێ کردووە، کە دواین نمونەیان کە ئێستا چەند ساڵێکە خەریکی جێبەجێکردنییەتی پڕۆژەی ڕێکخستنەوەی دانیشتوانە بەپێی سامانە سروشتییەکان و ئاو و زەوی کشتوکاڵی، بەو واتایەی بۆ نمونە پارێزگای ئەسفەهان کە ئێستا دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٥ ملیۆن کەسە، بەڵام بەپێی پێوەری سامانە سروشتییەکان و زەوی و ئاو ئەو پارێزگایە دەبێت تەنیا چوار ملیۆن کەس دانیشتووی هەبێت و یەک ملیۆن کەسەکەی دیکە دەبێت کۆچ بکەن بۆ پارێزگای سنە کە پارێزگای سنە دانیشتوانەکەی ملیۆنێک و شەش سەد هەزار کەسە و بەپێی پێوەری سامانە سروشتییەکان و ئاو و زەوی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە بەشی ئەوە دەکات سێ ملیۆن کەسی تێدا نیشتەجێ بکرێت.

 چالاکێکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند ئامانجی ڕاستەقینە و مەبەستی شاراوەی ئەم پڕۆژەیە لە ڕاستیدا داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی و دابەشکردنیانە بەسەر ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و هەروەها دەرکردنی دانیشتوانی رەسەنی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە تا ئێستاش زۆربەی هاوڵاتیانی کورد ئاگاداری ئەو جۆرە پلانانە نین و تەنانەت حیزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتیش یان ئاگاداری مەترسییەکانی ئەو پلانەی کۆماری ئیسلامی نین یان ئەوەی نەیانتوانیوە مەترسییەکانی پلانەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن.
موحسین نەریمان، بریکاری وەزارەتی ڕێگە و بان و شارەوانی ئێران بەر لە دوو ساڵ باسی پڕۆژەی دروستکردنی  ١٠ شاری نوێی لە پارێزگاکانی کوردستان، بەلوچستان، بوشەهر و چەند شوێنێکی دیکە کرد کە مەبەست لە دروستکردنی ئەم شارانە گواستنەوەی زیاتر لە یەک میلیۆن کەسە لە شارە گەورەکانەوە بۆ ئەم ناوچانە.

چالاکانی مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکان نیگەرانی خۆیان لەم سیاسەتەی ئیڕان دەربڕیوە و پێیان وایە پیلانێکە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکانی ئەوان.
ئەکبەری تورکان بەڕێوەبەری ناوچە ئازادەکانی بازرگانی ئێران لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ئێراندا بە ڕاشکاوانە باسی لەوە کرد پلانیان هەیە خەڵکی شارە گەورەکان واتە شارە فارس نشینەکان بچن لە ناوچەکانی ئەحواز و خوزستان خانوویەک، پارچەیەک زەوی یان باخێک بکڕن، کاتێک بێژەرەکە لێی پرسی  ئەمە چ قازانجێکی بۆ دانیشتوانی ناوچەکە هەیە، لە وەڵامدا وتی خەڵکی ناوچەکە دەتوانن ببنە باخەوانی ئەو خەڵکەی دێن و زەوییەکانیان لێ دەکڕن.

بەر لە چوار ساڵ پلانی داڕشتنەوە و ڕێکخستەوەی دانیشتوان لەلایەن عەلی خامنەیی رێبەری ئێرانەوە راگەیەنرا، ئامادەکردنی پلانە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانیشەوە ئامادەکراوە وەک ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و لیژنەی ئاسایشی پەرلەمان و ناوەندەکانی توێژینەوەی سوپای پاسداران، بە بۆچوونی هەندێک لە چالاکانی مافی کەمە نەتەوەییەکان ئامادەکردنی ئەم پلانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە خۆی واتایەکی مەترسیداری هەیە بۆ کەمە نەتەوەییەکان، بەپێی پلانەکەش دەبێت ژمارەی دانیشتوانی ئێران تا ساڵی ٢٠٤١ بگاتە سەرووی ١٥٠ ملیۆن کەس و ئەم ژمارەیەش بەپێی سەرچاوەکانی ئاو و سامانە سروشتییەکان و ژینگەی گونجاو و پیشەسازی و زەوی کشتوکاڵییەوە بەسەر ناوچە جۆراوجۆرەکاندا دابەش بکرێن.

عەبدولڕەحمان عەبدوڵا ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەلمەزما پێیوایە ئەگەر سەرنج بدرێتە بڕگەکانی ئەم بەڵگەنامەیە دەکرێت لە ئامانجی سەرەکی پلانی داڕشتنەوەی دانیشتوان تێبگەین کە بۆچی کۆماری ئیسلامی دەیەوێت لە ماوەی ٢٥ ساڵدا ژمارەی دانیشتوان بگەیەنێتە ١٥٠ میلیۆن کەس، لەسەر ئاستی ناوچەییدا ئێران دەیەوێت بە زیادکردنی دانیشتوان و ژمارەی سەرباز هەژمونی خۆی بەسەر ناوچەدا باشتر بسەپێنێت و لە ناوخۆشدا ئەم سیاسەتە لە زیانی کەمە نەتەوەکان تەواو دەبێت، چونکە دەسەڵات بە پاساوی دابەشبوونی ناتەندروستی دانیشتوان، بەشێکی بەرچاوی ئەم ژمارە زیادکراوە لە ناوچەی کەمە نەتەوەکان نیشتەجێ دەکات بە تایبەتیش کە ناوچەی کەمە نەتەوەکان لەڕووی سامانە سروشتییەکانەوە لەناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران دەوڵەمەندترە.

لە بڕگەی ٩ی بەڵگەنامەکەدا جەخت لەسەر سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی دانیشتوان بەپێی سەرچاوە ئاوییەکان دەکاتەوە، بەوپێیەی لەڕووی سەرچاوەی ئاوەوە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەوڵەمەندترین  ناوچەی ئێرانن، هەربۆیە لە داهاتوودا و بەپێی ئەم بەڵگەنامەیە حکومەتی ئێران خەڵکی ناوچەکانی دیکە لە کوردستان نیشتەجێ دەکات، عەبدولڕەحمان عەبدوڵا پێی وایە دەستەواژەی "سەرلەنوێ دابەشکردنەوە" هاندانە بۆ کۆچکردن یان کۆچی زۆرەملێی دانیشتوانی ناوچەکانی دیکە بۆ ئەو ناوچانەی کە سەرچاوەی ئاوی زۆرە.

لە بڕگەی ١٠ی بەڵگەنامەکەشدا بە ڕوونی ئاماژە بە کۆکردنەوەی دانیشتوان و دروستکردنی شاری نوێ لە ناوچە سنوورییەکان دەکات کە عەبدولڕەحمان پێیوایە ئەم بڕگەیە جەخت لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە سنوورییەکان دەکاتەوە.
لە ساڵانی پێشوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای هەندێک شاری کوردی وەک ورمێ و نەغەدە و تیکاب و سائین ‌قەڵا و قوروە و بیجاڕی داوە، بە وتەی هەندێک سەرچاوە لە ئێستاشدا ئەم هەوڵەی لە هەندێکی شاری دیکەی وەک مەهاباد چڕتر کردووەتەوە، سەرچاوە خۆجێیەکان باس لە دابەشکردنی خانوو و زەوی لەناو شاری مەهاباد و دەوروبەری دەکەن بەسەر کەسانی غەیرە کوردا و دەڵێن لە پڕۆژەکانی مەسکەنی میهردا هەوڵی نیشتەجێکردنی هاوڵاتیانی تورکی ئازەری لەلایەن هێزەکانی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکانەوە دەدرێ.

خاوەن نووسینگەیەکی زەوی و خانوبەرە لەناو شاری مەهاباد بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند لەم چەند ساڵەی دواییدا حکومەت دەستی کردووە بە کڕینی زەوییەکانی دەوروبەری شاری مەهاباد و دابەشیان دەکات بەسەر ئەو فەرمانبەرە تورکانەی لە ناوچەکانی دیکەوە هێنراون، لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش هەوڵی لەم چەشنە هەیە.
 لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی کوردی ئەو ناوچانەی کە پێشتر هەوڵی تێکدانی دیمۆگرافیایان دراوە، لە ئێستا بە هۆی تێکچوونی دیموگرافیای ناوچەکانیان و بەهۆی فشاری هێزە ئەمنییەکان و تورک و فارسە هاوردەکانەوە ناچار بوون زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ڕوو لە شارەکانی دیکەی کوردستان بکەن، خاوەنی نووسینگەیەکی شاری سەقزیش بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە تەنیا نووسینگەکەی خۆی خانووی بۆ زیاتر لە ٢٠ خێزانی کوردی خەڵکی شارەکانی تیکاب و سائین قەڵا کڕیوە کە کۆچیان کردووە بۆ شاری سەقز.

بە وتەی هەندێک سەرچاوە لە شارەکانی پارێزگای سنەدا بە پاساوی وەبەرهێنان لەم ساڵانەی دواییدا بەشێک لە باشترین زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لە جوتیاران کڕیوە و هیچ ئاسەوارێکیش لە پڕۆژەیەکی ئابووری لەم شوێنانەدا تا ئێستا بەدی ناکرێت.
سەرچاوەیەکی لە شاری بیجاڕی خۆرهەڵاتی کوردستان بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند کە دەزگا ئەمنییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە سپای پاسداران خەریکی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکەن لە قازانجی شیعەکاندا، بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئیرانوایەر لەسەر بڕیاری عەلی خامنەیی فەرماندەی سپای پاسدارانی بیجاڕ راسپێردراوە بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی دانیشتوانی شارەکە، بە وتەی محەمەد حسێن رەجەبی فەرماندەی سپای پاسدارانی پارێزگای سنە، خامنەیی بەر لە نۆ ساڵ کاتێک سەردانی سنەیی کرد فەرمانی تایبەتی دەرکردووە بۆ داڕشتنەوە و ڕێکخستنەوەی دانیشتوانی بیجار.

هەوڵەکانی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچە کوردییەکان جگە لەوەیە کە حکومەتی ئێران بە درێژایی چەند دەیەی رابردوو هەوڵیداوە لە ڕووی کلتوریشەوە کلتوری کورد لاواز بکات، بە جۆرێک کە هەندێک لە خێزانە کوردییەکان منداڵەکانیان هەر لە سەرەتاوە فێری زمانی فارسی دەکەن و پێیان عەیبە بە کوردی قسە بکەن.