ڕاپۆرتی کوردستانی

05:48 - 29/01/2019

کوردێکی ئێرانچی وەک وەزیری دەرەوەی ئێران‌

پەیسەر

کوڕی سەرۆک خێڵی سنجاوییەکانی کرماشان بوو، دوو جار بووەتە وەزیر، جاری یەکەم لە سەردەمی محەمەد موسەدیقدا بووەتە وەزیری رۆشنبیری و جاری دووەمیش لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە حکومەتی کاتی مەهدی بازرگان بووەتە وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دواین مانگەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی، شای ئێران داوای لێکردووە ببێتە سەرۆکوەزیر بەڵام رەتیکردووەتەوە.

 
سنجاوییەکان کێن؟
دکتۆر کەریمی سەنجابی کوڕی قاسم خانی سەردار ناسر سەرۆک خێڵی سنجاوی کرماشانە، ساڵی ١٩٠٤ لە دایکبووە، باوک و باپیرانی لە سەرۆک خێڵەکانی سنجاو بوون و بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک لە ناوچەکانی دەوروبەری کرماشان دەسەڵاتداربوون، سنجاوییەکان لە ناوچەی مایەشتی کرماشان نیشتەجێن و زیاتر لە ١٦٠ گوندیان هەیە، بۆچوونی جیاواز لەسەر خێڵی سەنجاو هەیە، باس لەوە دەکرێت کە خێڵکی کۆن نین و بەشێکن لە زەنگەنە و لەسەردەمی قاجارەکاندا لە زەنگەنە جیابوونەتەوە، سەبارەت بەوەی بۆچی پێیاندەوترێت سنجاو، باس لەوە دەکرێت لەسەردەمی قاجاردا کاتێک سوپای ئێران هێرشی کردوەتە سەر شاری هەرات لە ئەفغانستان، ژمارەیەک چەکداری سنجاویش لەناو سوپای ئێراندابوون، بەهۆی ئەوەی جۆرە جلێکیان لەبەردابووە کە لە پێستی سمۆرە دروستکراوە، سمۆرەش لە زمانی فارسیدا سەنجابی پێدەوترێت، بە سەنجابییەکان ناوبانگیان دەرکردووە، هەرچەندە ئەم بۆچوونە زیاتر لە ئەفسانە دەچێت تا لە راستییەوە نزیک بێت.

کەریم سەنجابی لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا باوکی بۆ خوێندن دەینێرێتە تاران، لەوێ لە خوێندنگەیەی فەڕەنسی دەخوێنێت، دوای تەواوکردنی خوێندن لە تاران ساڵی ١٩٢٩ دەچێتە فەڕەنسا و لە زانکۆی سۆربون لە بەشی یاسا درێژە بە خوێندنەکەی دەدات و ساڵی ١٩٣٥ دکتۆراکەی تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ تاران و دەبێتە مامۆستای زانکۆی تاران کە تازە زانکۆکە دامەزرابوو.

تێکەڵبوون بە کاری سیاسی
 لە دوای دوورخستنەوەی رەزا شا لە دەسەڵات، کەریم سەنجابی تێکەڵ بە کاری سیاسی دەبێت و لە تاران حیزبێک بە ناوی پارتی نیشتمان دادەمەزرێنێت و خۆی سەرۆکی پارتەکە دەبێت، لە ساڵی ١٩٤٦دا پارتی نیشتمان لەگەڵ دوو پارتی دیکە تێکەڵ دەبێت و پارتێک بە ناوی پارتی ئێران دادەمەزرێنن.

دژی کۆماری کوردستان بوو
کەریم سەنجابی هەر لە دەستپێکی کاری سیاسییدا وەک کەسێکی ناسیۆنالیستی ئێرانی خۆی دەناسێنێت و هیچ بیرکردنەوەیەکی کوردانەی نەبووە و زۆر دژی جوڵانەوە کوردییەکانی وەک کۆمەڵەی ژێکاف و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد بووە، بەوپێیەی پێیوابووە کە ئەو جوڵانەوە کوردییانە لە هەوڵی دابەشکردنی ئێراندان.

ڕەنگە هۆکاری ئێرانچێتییەکەی بۆ رابردووی بنەماڵەکەی بگەڕێتەوە، بە درێژایی سەدەیەک باوک و باپیرانی وەک سەرۆک خێڵەکانی سنجاو هاوکاری حکومەتە ناوەندییەکانی ئێرانیان کردووە، کەریم سەنجابی خۆی لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا باسی ئەوە دەکات، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیەی خێڵی سنجاوی تێدا نیشتەجێ بوو، سنجاوییەکان پێچەوانەی خێڵە کوردییەکانی دیکە کە لەناوچەی شاخاوی دەژیان، هەرگیز نەیاندەتوانی لە حکومەت یاغی ببن چونکە بە ئاسانی سەرکوت دەکران، جگە لەوەش کەلهوڕەکان و خێڵە کوردییەکانی دیکە لەگەڵ خێڵی سنجاو پەیوەندییەکی زۆر خراپیان هەبوو، هەربۆیە سنجاوییەکان بۆ خۆپاراستن پشتیان بە حکومەتی ناوەندی بەستووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی حکومەتی ناوەندی هەمیشە گرنگی بە سنجاوییەکان بدات و دەسەڵاتی ناوچەکە بەوان بسپێرێت.
لە ساڵی ١٩٤٦دا کە لە مهاباد کۆماری کوردستان دادەمەزرێت، کەریم سەنجابی لە تاران دەبێت و لە دژی کۆمار بووە، خۆی دەڵێت لە تاران بە نوێنەرەکانی کۆماری کوردستانی وتووە لە جیاتی ئەوەی بیر لە دابەشکردنی ئێران بکەنەوە و وەرن پێکەوە هەموومان کار بۆ ئازادکردنی ئێران بکەین.

لەو سەردەمەدا لە ئێران ئەحمەدی قەوام ناسراو بە قەوامولسەڵتەنە سەرۆکوەزیران بوو، قەوام هەموو هەوڵێکی ئەوەبوو کە یەکێتی سۆڤییەت رازی بکات هێزەکانی لە کوردستان و ئازەربایجان بکشێنێتەوە و واز لە پشتگیریکردنی کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان بهێنێت، قەوام بۆ ئەوەی ستالین دڵنیا بکاتەوە لەوەی حیزبی تودە و حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی ئازەربایجان پارێزراو دەبن، بە کەریم سەنجابی دەڵێت بچن لەگەڵ ئەو سێ لایەنە ببنە هاوپەیمان، بەمشێوەیە نیازپاکی خۆمان بە ستالین و یەکێتی سۆڤییەت دەسەلمێنین، کەریم سەنجابی خۆی دەڵێت بۆ ئەوەی یارمەتی قەوامم دابێت لە دانووستانەکانی لەگەڵ سۆڤییەتدا سەرکەوتووبێت بە شێوەیەکی تەکتیکی لەگەڵ ئەو سێ لایەنەدا بووینە هاوپەیمان، هاوپەیمانێتییەکە بەو مانایە نەبوو کە لێک نزیکبین.

سەبارەت بە لەسێدارەدانی قازی محەمەدیش دەڵێت، هەم من و هەم ئەحمەدی قەوام دژی لەسێدارەدانیان بووین، بەڵام شای ئێران بە قسەی نەکردین، هۆکاری دژایەتیکردنی کەریم سەنجابی ئەوە نەبوو کە پێیخۆش نەبووە قازی محەمەد لەسێدارە بدرێت بەڵکو ئەوەبووە کە بە لەسێدارەدانی، قازی محەمەد لەناو خەڵکی کورددا دەبێتە ئەفسانە و بیری سەربەخۆییخوازی لەناو کورددا پەرە دەستێنێت، هەروەها پێیوابووە دەبێت قازییەکان زیندوو بمێنن و لە داهاتوودا حکومەت لە بەرژەوەندی بیری ئێرانچێتی بەکاریان بهێنێت.

دەبێتە وەزیری رۆشنبیری لە حکومەتەکەی موسەدیق
دوای ئەوەی محەمەد موسەدیق دەبێتە سەرۆکوەزیرانی ئێران، کەریم سەنجابی لە ساڵی ١٩٥٢دا دەبێتە وەزیری رۆشنبیری ئێران، لەو کاتەشدا کە موسەدیق هەوڵی بە نیشتمانیکردنی نەوتی ئێرانی دەدا و لەمەشدا لەگەڵ بریتانیا کێشەیەکی گەورەیان هەبوو و بریتانیا لە دادگای نێودەوڵەتی سکاڵای لەسەر ئێران تۆمارکرد، کەریم سەنجابی نوێنەری ئێران بوو لە دادگای نێودەوڵەتی و ئێرانیش سکاڵاکەی لە بریتانیا بردەوە.
دوای کودەتا لە دژی موسەدیق، کەریم سەنجابی واز لە چالاکی سیاسی دەهێنێت و دەبێتەوە بە مامۆستای زانکۆ، بەڵام لە سەرەتای شەستەکاندا جارێکی دیکە لە ریزەکانی حیزبی بەرەی نیشتمانی دەست دەکاتەوە بە چالاکی سیاسی و دەبێتە یەکێک لە سەرکردە ناسراوەکانی بەرەی نیشتمانی کە شوێنکەوتووی محەمەد موسەدیق بوون و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی شای ئێران بوون.

دیدار لەگەڵ خومەینی
لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران ئەو کاتەی خومەینی دوورخرابووەوە بۆ فەڕەنسا، کەریم سەحابی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا باسی لەوە کردبوو کە دەسەڵاتی پاشایەتی شەرعییەتی نەماوە، ئەم راگەیەنراوە دەنگدانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە، ماوەیەک دوای راگەیەنراوە کەریم سەنجابی لە فەڕەنسا چاوی بە خومەینی کەوت، خۆی دەڵێت لە دانیشتنەکەدا لە خومەینی پرسیووە ئەو حکومەتە ئیسلامییەی تۆ باسی دەکەی چ جۆرە حکومەتێکە؟ خومەینیش وەڵامی داوەتەوە ئەو حکومەتە دادپەروەرەیە کە پێغەمبەری ئیسلام لە مەدینە دایمەزراندووە، بەڵام دەڵێت وەڵامەکەی خومەینم بەلاوە پەسند نەبووە و پێموتووە جگە لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام نەبێت، لە مێژوودا و لە وڵاتی جۆراوجۆردا بە دەیان حکومەتی ئیسلامی هەبووە بەڵام هیچیان دادپەروەر نەبوون، خومەینیش لە وەڵامدا دەڵێت، " خۆ ئێمەی مەلا نامانەوێت حکومەت بەڕێوەببەین، شوێنی ئێمە مزگەوتە، حکومەت دەبێت لەلایەن کەسانی شارەزا بەڵام ئیماندارەوە بەڕێوە بچێت."

شا داوای لێکرد ببێتە سەرۆکوەزیر
لە دوای بینینی خومەینی، کەریم سەنجابی دەگەڕێتەوە بۆ تاران، لەو کاتەدا خۆپیشاندانەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتبووەوە، شا بۆ هێورکردنەوەی خەڵک وتارە بە ناوبانگەکەی پێشکەش کردبوو کە وتبووی دەنگی شۆڕشی خەڵکم بیستووە و لەمەودوا بەپێی یاسا پاشایەتی دەکەم و حکومەت بۆ خەڵک بەجێدەهێڵم، شا کەریم سەنجابی بانگهێشتی کۆشکەکەی دەکات و داوای لێ دەکات ببێتە سەرۆکوەزیر، سەنجابی دەڵێت من بە شام وتووە بۆ ماوەیەک لە ئێران بڕۆ تا دۆخەکە هێور دەبێتەوە و رێگا بدە حیزبە سیاسییەکان ئازادبن، زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و حکومەتێکی نوێ بە پشتگیری خەڵک دابمەزرێت، شا داواکانی منی قبوڵ نەکرد و منیش رەتم کردەوە ببمە سەرۆکوەزیر، چونکە لەو کاتەدا بوونم بە سەرۆکوەزیر بە واتای دژایەتیکردنی شۆڕش و داواکانی خەڵک بوو، دوای ئەوە بوو کە شا داوای لە شاپور بەختیارکرد ببێتە سەرۆکوەزیر.
بەڵام هەم شا و هەم شاپور بەختیار رووداوەکە بە جۆرێکی دیکە باس دەکەن، شا و شاپور بەختیار دەڵێن هەرگیز پێشنیازی پێ نەکراوە ببێتە سەرۆکوەزیر، جگە لەوەش کەریم سەنجابی دەستی شای ماچ کردووە، کەچی سەنجابی رەتی دەکاتەوە دەستی شای ماچ کردبێت.

کەریم سەنجابی وەک وەزیری دەرەوە
دوای ئەوەی شۆڕشی ١٩٧٩ سەرکەوت، حکومەتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی مەهدی بازرگان پێکهات، لە حکومەتە کاتییەکەدا کەریم سەحابی بۆ ماوەی ٥٥ رۆژ بووە وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆچوونێک هەیە کە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشیش سەنجابی دەرفەتی ئەوەی هەبووە ببێتە سەرۆکوەزیر، ئەوەیش ئەوەیە ئایەتوڵا بەهەشتی و ئایەتوڵا موتەهەری لەلایەن خومەینییەوە داوای لێ دەکەن ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش، بەڵام بە قسەی سەنجابی خۆی داواکەی خومەینی بۆ بوونە ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا ڕەتکردوەتەوە و بەمشێوەیە ئەو دەرفەتەی لە دەستدا کە ببێتە سەرۆکوەزیران.
سەنجابی لە دوای شۆڕش بووە سەرۆکی حیزبی بەرەی نیشتمانی ئێران، بەرەی نیشتمانی دژی حکومەتی ئایینی بوو و لە ریفراندۆمی دەستوریشدا دەنگیان بە دەستوری نوێی ئێران نەدا، لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانیشدا سەنجابی لە کرماشان دەنگی پێویستی هێنا، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەتکرایەوە، جگە لەوەش رێگە نەدرا هیچکام لە براوەکانی بەرەی نیشتمانی بچنە پەرلەمانەوە، خومەینی رایگەیاند بەرەی نیشتمانی لە بەرەی کوفردایە و بەمجۆرە سەنجابی لە ئێران رایکرد و چووە ئەمریکا و تا کۆتایی تەمەنی لە ساڵی ١٩٩٥ لە ئەمریکا مایەوە و نەگەڕایەوە بۆ ئێران.