06:36 - 24/11/2018
پێویست بوو نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئاشتی ههورامی و دانە غاز بكات ؟
پهیسهر پرێس به داتا وهڵامی ئهم پرسیاره دهداتهوه
شەوی 19 ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەت، لە مەراسیمی تێًپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر دامەزراندنی كۆمپانیای دانە غاز، سوپاسی كارەكانی كۆمپانیاكە و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان كرد.
پەیسەر پرێس ئاماری بەرهەمی كارەكانی كۆمپانیاكە و ئاشتی هەورامی بڵاودەكاتەوە و شرۆڤەی ئەو سوپاسە دەكات و بۆ خوێنەرانی روندەكاتەوە كە ئایا كۆمپانیاكە و وەزیری سامانە سروشتییەكان شایانی سوپاسی سەرۆكی حكومەتن ؟، كارەكانیان چەندە لەبەرژەوەندی هەرێم بووەو بەكارەكانیان چیان بەسەر هەرێمدا هێناوە؟
تەمەنی دانە غاز نەگەیشتبووە دوو ساڵ كارەكانی لە هەرێم دەست پێكرد
ئەو كۆمپانیایە ساڵی 2005 لەلایەن 300 سەرمایەداری وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو دامەزرا، هێشتا دوو ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو كۆمپانیایەدا تێپەڕ نەبوو ساڵی 2007 گفتوگۆكانی لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتیەكان دەست پێكرد رۆژی 20/11/2008 و 10 ساڵ پێش ئێستا گرێبەستێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژۆكرد كە تا بەئەمرۆش دەگات ناوەرۆكەكەی بەتەواوەتی ئاشكرا نەكراوە.
گرێبەستەكە بۆ ماوەی 25 ساڵ بوو یەكێك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكەی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیاكە ئەوەبوو كە لەماوەی دوو ساڵدا تەواوی وێستگەكانی كارەبای هەرێم لە گازوایلەوە بگۆرێت بۆ غازی سروشتی بەوەش داهاتێكی زۆر بۆ حكومەتی هەرێم دەگەڕایەوە.
بۆچی حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز واژۆكرد و دواتریش لێی پاشگەزبۆوە؟
پەیسەر پرێس بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسیارە كرد بەشێك لەوانەی شارەزای ئەو ئهو پرسهن پێیان وایە حكومەتی هەرێم لەژێر فشاری توركیا دابووە بۆ ئەوەی كێشە بۆ ئەو كۆمپانیایە دروست بكات و رادەستی كۆمپانیای گەنەڵ ئێنەرجی توركی بكات، بەشێكی تریشیان پێیان وایە حكومەتی هەرێم دوای گرێبەستەكەی دانە غاز بۆی دەركەوتووە كە هەڵخەڵتێندراوە و قازانجی زۆر لەو گرێبەستە دراوە بە كۆمپانیاكە.
دانە غاز سەرباری ئەو زیانە گەورەی بە كەرتی غازی هەرێمی كوردستانی گەیاند و كەمئەزموونی حكومەتی هەرێمی لە گرێبەستەكەیدا قۆستەوە، بەڵام دوایی ویستی حكومەتی هەرێم بۆ كۆتایی هێنان بەو گرێبەستە كۆمپانیاكە رێگای دادگای لە هەرێم گرت .
رۆژی 2/7/2015 بڕی یەك ملیار و 980 ملیۆن دۆلاری لە دادگای لەندەن لە حكومەت بردەوە، دواتریش سكاڵایەكی تری تۆمار كرد كە داوای 26 ملیار دۆلاری لەحكومەتی هەرێم دەكرد.
ئەگەرچی بەشێك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان هەوڵیاندا لەرێگەی سوڵحی عەشایەریەوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن، بەڵام بەرێوەبەرانی كۆمپانیاكە نەچوونە ژێر باری ئەو پێشنیارە ئەوەش بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی ناچار كرد كە جارێكی تر و لە مانگی ئابی ساڵی 2017 گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ كۆمپانیاكە واژۆ بكەن و بەپێی گرێبەستە نوێكەش كە تا ئێستاش ناوەرۆكەكەی بۆ پەرلەمان و میدیا و رایگشتی ئاشكرا نەكراوە، ئەوەندە نەبێت كە وەزارەتی سامانەسروشتیەكانی حكومەتی هەرێم ئێوارەی رۆژی 30 ئابی 2017 بە زمانی ئینگلیزی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند لەدەرەوەی دادگا گەیشتونەتە رێككەوتنێك و بەپێی رێككەوتنەكەش دەبێت حكومەتی هەرێم 600 ملیۆن دۆلار بداتە كۆمپانیاكە و 400 ملیۆن دۆلاری تریش تەرخان بكات بۆ زیادكردنی بەرهەم.
هەروەها بڕی یەك ملیار و 239 ملیۆن دۆلاری قەرزی كۆمپانیاكە لەسەر حكومەتی هەرێم نامێنێت بەڵكو كۆمپانیاكە لە داهاتی نەوت و غازی هەرێم وەریدەگرێتەوە.
ئەگەرچی وەزارەتی سامانەسروشتیەكان ئاماژەی پێنەكردووە، بەڵام بەپێی زانیاریەكانی پەیسەر پرێس، دەبێت كۆمپانیاكە سكاڵاكەی بكێشێتەوە كە داوای 26 ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو لە حكومەتی هەرێم كردبوو، لە گرێبەستە نوێكەشدا كۆمپانیاكە مەرجەكانی خۆی بەتەواوەتی بەسەر حكومەتی هەرێمدا سەپاندووە و گرێبەستە نوێكەش بۆ ماوەی 10 ساڵە.
بەشێك لەو كەسانەی پەیسەر پرێس پەیوەندی پێوەكردن بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسە گومانیان لە راستی سكاڵاكان هەبوو و بەشێكیان داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەیان دەكرد، چونكە وەك ئەوان دەڵێن ئەو سكاڵایانە زیاتر لە سیناریۆی نێوان حكومەتی هەرێم و ئەو كۆمپانیایە دەچوون و بەشێكیان سیمای سپیكردنەوەی پارەیان پێوەدیار بووە.
زانیارییەكان ئاماژەی بەوە ئەدەن، كە كۆمپانیای دانە غاز بەشێوەیەكی گشتی زیانی چەندین ملیار دۆلاری بەژێر خانی ئابوری هەرێم گەیاند وا 10 ساڵ بەسەر كاركردنی دانە غاز تێدەپەرێت لە كەرتی غازی سروشتی و نەوت، بەڵام تا ئێستا داهاتی غازی سروشتی هەرێم دیار نیە ناشزاندرێت لەماوەی ئەو 10 ساڵە چەند لە غازی سروشتی هەرێمی دەرهێناوە.
كەسی دووەمی سوپاسەكەی نێچیرڤان بارزانی ئاشتی هەورامیە
ئاشتی هەورامی بەدەستپێخەری یەكێتی هێندرایەوە هەرێمی كوردستان و مانگی ئایاری ساڵی 2006 پۆستی وەزیری سامانەسروشتیەكانی وەرگرت لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەی سلێمانی و هەولێر ، تا پێش ئەو وەزارەتێك نەبوو بەو ناوەوە، دواتر لە 28ی تشرینی یەكەمی ساڵی 2009 و لەكابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم پۆستەكەی وەرگرتەوە، پاشانیش لە كابینەی حەوت لە 5ی نیسانی ساڵی 2012 پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەكانی وەرگرتەوە، رۆژی 18ی 6 ی 2014 لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم وەك وەزیری سامانەسروشتیەكان متمانەی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستیهێانەیەوە.
ئاشتی هەورامی بە ئەندازیاری ئابوری سەربەخۆی هەرێم دادەنرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لە ساڵی 2010 وە هەوڵەكانی بەو ئاراستەیەدا چركردەوە، ئەگەر چی بەشێك لە چاودێران پێیان وایە هەر لەبنەرەتەوە خاوەنی ئەو بیرۆكەیە نێچیرڤان بارزانی بووە، بەڵام ئاشتی هەورامی لۆبی بۆ كرد و بووە سەرمەشقی ئەو هەنگاوە.
بەهۆی سیاسەتی نەوتی هەرێم و وەزیرەكەیەوە، بۆماوەی چوار ساڵ بودجەی هەرێم لە بەغداد بڕدرا كە لەو چوارساڵەدا دەیكردە 48 ملیار دۆلار.
ئاشتی هەورامی نەیتوانی لەماوەی رابردوودا نەوت بكاتە سەرچاوەیەی داهاتێكی دڵنیاكەر و لەو رووەوە و لەسەردەمی وەزارەكەیدا كە تا ئێستا بەردەوامە، هەرێمی كوردستان بە گشتی و موچەخۆرانی بە تایبەتی تاڵترین رۆژەكانی ژیانیان بەڕێدەكەن.
لەو كاتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر دەستی ئاشتی هەورامی دروستكراوە، تا ئێستا نزیكەی یەك ملیار بەرمیل نەوتی هەرێم فرۆشراوە، بەڵام لە هەر هاوڵاتییەكی هەرێم بپرسی داهاتی نەوت كوا، بە بێ یەك و دوو وەڵامەكەی ( نازانم) دەبێت.
سیاسەتی سەربەخۆی نەوتی هەرێم كە ئاشتی هەورامی ئەندازیاری بوو، بەر ئەنجامەكەی قەرزی 16 ملیار دۆلار هاتە سەر حكومەت و كەرتی تایبەتیش 20 ملیار دۆلار زیانی بەركەوت.
هەروەها 700 هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان كە لە كەرتی تایبەت كاریان دەكرد كارەكانیان لەدەستدا، هەزاران خێزان كوردستانیان جێهێشت و ئاوارەبوون، رێژەی وازهێنان لە خوێندن بەرزبۆوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان زیادیكرد، هاوكاریەكانی بەغداد لە ناردنی نەوتی سپی و بەنزین وەستێندران.