02:49 - 02/01/2019
خولە پیزە... رۆبن هوودی چیاکانی کوردستان
دەوڵەت دەیەوێ بیکاتە سەرباز، بەڵام ئەو رەتی دەکاتەوە. پۆلیس بۆ ئەوەی دەستگیری بکات دەچێنە سەر ماڵیان لە گوندەکەی خۆیان. تەقە لە پۆلیسەکان دەکات و بەرپرسەکەیان دەکوژێ. لێرەوە یاخیبوونی پیاوێک لە دژی دەوڵەتی عێراق دەستپێدەکات کە تا ساڵانێکی زۆر بە تەنیا دەبێتە چیرۆکی ناوماڵان لە شار و گوندەکاندا، ئەو یاخیبووە خولە پیزەیە.
ئەو یاخیبوونەی خولە پیزە کە حەوت ساڵی خایاندووە،چونکە هیچ ناونیشانێکی نەتەوەیی یان ئاینیی پێوە نەبووە، حکومەتی ئەو کاتی عێراق بە "چەتە و دز و رێگر" تاوانباری دەکات. بەڵام خەڵکی ئاسایی هەرگیز ئەویان وەکو دز و رێگر نەناسیوە.
کوڕەکانی بە پاشگری ناوی پیرۆزی دایکیان کە کورتکراوەتەوە بۆ " پیزە" بانگ کراون
خولە پیزە ناوی تەواوی (مەحمودی حەمەومینە رەش)ـە، لە گوندی چەمیاڵە لە ناوچەی شارباژێڕ (ئێستا سەر بە ناحیەی زەلانە) لە دایکبووە. ژیانی خێزانی حەمەومینە رەش و پیرۆزی هاوسەری، وەکو زۆربەی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کودەواریی، خێزانێکی هەژار و نەخوێندەواربوون. حەمەومین و پیرۆز چوار کوڕ و کچێکیان هەبووە. بەڵام کوڕەکانی بە پاشگری ناوی پیرۆزی دایکیان کە کورتکراوەتەوە بۆ " پیزە" بانگ کراون.
بە درێژایی یاخیبوون و هەڵگەڕانەوەی دژی حکومەت، خولە پیزە زۆربەی شەڕ و رووبەڕوو بوونەوەکانی لەگەڵ پۆلیسدا بووە. هەرچەندە ئامارێکی ورد و باوەڕپێکراو لەمبارەیەوە نییە، بەڵام دەوترێ ١٣٠ پۆلیس و بەکرێگیراوی حکومەت بە دەستی خولە پیزە و هاوڕێکانی کوژراون لەگەڵ چەندین دادوەر و کاربەدەستی دیکەی حکومیی.
خولە پیزە بێجگە لە تایەر و رەحیمی برای، دەوترێ هەمیشە ١٠ بۆ ١٥ چەکداری تری لەگەڵدا بووەو شوێنی چالاکی و رووبەڕوو بوونەوەکانی، لە ناوچەی سەخت و شاخاوی شارباژێڕ بووەو بە ناوچەکانی پێنجوێن، بانە، هەڵەبجە و هەورامانیشدا گەڕاوە.
چەتەیەکی بێ ناونیشان
رۆژێک لە پێنجوێنەوە مەفرەزەیەکی پۆلیس دەچن تا خولە پیزە دەستگیری بکەن یان بیکوژن. بەیانی زوو پۆلیسەکان دەچنە ئەو گوندەی ئیخباری کراوە، تۆزێک لە دووری ئاواییەکە پۆلیسەکان خۆیان مەڵاسداوە تا خولە پیزە بکەوێتە داوەکەیانەوە. زۆر نابا خولە پیزە بێ ئاگا لە پۆلیسەکان بە بەردەمیاندا رەت دەبێ.
بەپرسی مەفرەزەکە بە سرتە بە پۆلیسەکان دەڵێ: کەس تەقەی لێ نەکات نەکا پێوەبێ. دواتر پۆلیسەکان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن ئەی ئێمە بۆچی هاتووین؟ بەرپرسەکەیان دەڵێ ئەگەر ئێمە خولە پیزە بکوژن، حکومەتی عێراق شەرەفی هەموومان دەشکێنێ و حساب بۆ کورد ناکات.
نزیکی نیوەڕۆ کاتێ پۆلیسەکان دەگەڕێنەوە بەرەو پێنجوێن، بە بەردەمی خولە پیزەدا تێدەپەڕن بەڵام تەقەیان لێناکات، دواتر جواب دەنێرێ بۆ بەرپرسەکەیان دەڵێ بۆیە نەمکوشتن وتم ئەگەر ئێستا ئەم پۆلیسە کوردانە لەناو ببەم، حکومەت پۆلیسی عەرەب دەهێنێتە سەرم!
لەم چیرۆکەدا بەریەککەوتنی دوو کورد هەیە کە یەکیان پیاوی دەوڵەت و ئەوی تریان یاخی لە دەوڵەت. بەڵام هەردووکیان لەوەدا یەک دەگرنەوە کە کوردبوون بۆ لەناوبردن نییە، ئەم دوو کوردە هیچیان ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە لە ئەرک و پەیامەکانیاندا.
خولە پیزە کاتێ یاخی دەبێ لە دامودەزگاکانی حکومەت (کە بەگوێرەی قسەی پرۆفیسۆر جەمال نەبەز خولە پیزە ساڵی ١٩٤٢ یاخیبووە) کورد لە باشووری کوردستان هیچ جوڵانەوەیەکی چەکداریی یان حزبێکی نەماوە بە ئاشکرا خەبات بکات. بۆیە خولە پیزە و هاوڕێکانی ناتوانن یاخیبوون وجوڵانەوەکەیان ببەستنەوە بە فیکرێک یان بیروباوەڕێکەوە.
چەتە کە ئێستا دەستەواژەیەکە بۆ دز و رێگر و تاڵانچی بەکار دەنهێنرێ، نەوشیروان مستەفا لە کتێبی (پەنجەکان یەکتر دەشکێنن) روونی دەکاتەوە: لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا، لە ناوچەی باڵقان بۆ ئەو کەسانە بەکار براوە کە گەریلابوون و دژی دەوڵەتی سەردەستە جەنگاون. چەتەگەرییش بە مانای شەڕی پارتیزانی هاتووە. تەنانەت بە چەکدارانی حکومەت و شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی حەفیدیش هەر چەتە وتراوە. بەڵام دواتر ئەم ناوە مانا راستەقینەکەی خۆی لە دەست دەدات و دەبێت پێناسەی کەسانی دز و تاڵانچی.
حکومەتی ئەو کاتی عێراق کە زۆر داخ لە دڵە بۆ خولە پیزە، نازناوی چەتە و دزی دەداتە پاڵ. لەناو خەڵک و میدیاکانی بەردەستیدا هەموو هەوڵێک دەدا تا خولە پیزە بە " پیاوکوژ و دز و جەردە" بناسێنێ.
بەڵام پێچەوانەی ویستی حکومەت، چیرۆکەکانی خولە پیزە لەناو خەڵکدا چیرۆکی پیاوێکن کە دژی ستەم و زۆرداری حکومەت و پۆلیس وەستاوەتەوە. چونکە لەو کاتەدا تەنیا خولە پیزە و هاوڕێکانی بوون کە بە چەک ناڕەزایی خۆیان بە حکومەتی سەردەستەی بەغدا دەگەیاند.
جەمال نەبەز لە کتێبی "بیرەوەرینامەی ئەو رۆژانەی جارەکی دی ناگەڕێنەوە" کە ساڵی ٢٠١٧ چاپی کرد،نووسیویەتی: لە سەردەمی قوتابێتی مندا هیچ شتێک هێندەی باسی خولە پیزە نەبووبووە چیرۆکی ماڵان و بازاڕ و قوتابخانە. ماوەیەکی باش باس هەر باسی خولە پیزە بوو. وەکو ئەوانەی باسیان دەکرد و لە نزیکەوە دەیانناسی، ئەو پیاوە مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆ بووە."
چیرۆکی خولە پیزەی کورد کە لە یاخیبوون و چەتەگەرییدا هاوشێوەی رۆبن هوودە ئەفسانە نییە
چەتەیەکی بەخشندە
لە ئەدەبیات و ئەفسانەی ئینگلیزدا، رۆبن هوود کە پیاوێکی چاپووک و تیهاوێژێکی بە دەسوبردە، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دژی دەسەڵات یاخی دەبێ و بڕیار دەدات لە ماڵی دەسەڵات و دەوڵەت بدزێ و بیبەخشێتە هەژاران. ئەمەش وا دەکات رپبن هود لای دەوڵەت بێزراو و لای خەڵکی ستەملێکراو خۆشەویستبێ.
بەڵام چیرۆکی خولە پیزەی کورد کە لە یاخیبوون و چەتەگەرییدا هاوشێوەی رۆبن هوودە ئەفسانە نییە. بەڵکو خولە پیزە لە دەوڵەتی سەردەستە وەر دەگرێ و دەیبەخشێتە خەڵکی ستەملێکراو.
خولە پیزە لەڕێی رێگریکردن لە کاربەدەست و فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەڵکوتانە سەر مەخفەر و بنکەی پۆلیس پارە و خۆراک و شتی تری دەسکەوتوون. دەوترێ بەشی زۆری داهاتی خولە پیزە و هاوڕێکانی دابەش دەکرا بەسەر هەژاراندا.
دیسان جەمال نەبەز سەبارەت بە رێگرییەکانی خولە پیزە نووسیویەتی: "خولە هیچ کەسێکی هەژاری رووت نەدەکردەوە. زۆرجار ئەو پارەیەی لە دەوڵەتی دەسدەکەوت دەیبەخشی بە هەژاران، هەر ئەمەش ناوێکی باشی لەناو خەڵکدا بۆ پەیدا کردبوو."
سەکردەیەکی بێ سوپا
خولە پیزە لەبەر ئەوەی خوێندەواریی نەبوو، هەروەها فیکر و ئایدۆلۆژییەکی نەبوو تا بیداتە پشت یاخیبوونەکەیەوە، بازنەی جوڵانەوەکەی هەر بە تەسکی مایەوە و هەرگیز نەبووە جوڵانەوەیەکی نیشتمانیی یان نەتەوەیی، بەڵام ناوەڕۆکی یاخیبوونەکەی لە دژی ستەم و زۆرداری حکومەتی ئەو کاتی عێراق بووە. ئەو کاتە تەنیا خولە پیزە لە باشووری کوردستان و سلێمانی بە تایبەت بە ئاشکرا دژی ئەو ستەمانە وەستایەوە و دایە چیا.
ئەو کاتەی خولە پیزە یاخی بوو بوو، شێخ مەحمودی حەفید بە دەسبەسەری لە بەغدا دەژیا،جوڵانەوە سیاسیی و چەکدارییەکەی کورد لە باشوور بە تەواوی دامرکابوویەوە. بۆیە خولە پیزە بێ پشتوپەنای سیاسی بوو. بەڵام لەژێرەوە شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحمود و حەپسەخانی نەقیب، یارمەتیان دەدا و لەگەڵیدا کۆدەبوونەوە.
بەگوێرەی قسەی شەریفی برا بچووکی خولە پیزە کە ساڵی ٢٠٠٧ قسەی بۆ رۆژنامەنووس سەلاح سالار کردووە، حەپسەخانی نەقیب هەوڵیداوە کە لە نێوان حکومەت و خولە پیزەدا ناوبژی بکات و تایەر و رەحیمی برای خولە پیزە دەچنە سلێمانی، بەڵام لەبەر نەبوونی متمانە بە حکومەت حەپسەخان براکانی خولە پیزە دەنێرێتەوە بۆ شاخ و دەڵێ: نەکا حکومەت داوتان بۆ بنێتەوە بۆیە بگەڕێنەوە و لێرە مەمێنن.
کۆتاییەکی خەمناک
جوڵانەوە بەر تەسکەکەی خولە پیزە لەبەر ئەوەی پەیامێکی روونی سیاسی تێدا نییە و سەرکردەکەشی کەسێکی نەخوێندەوارە، لە ناوچەیەکی دیاریکراوی وەکو شارباژێڕدا قەتیس دەمێنێتەوە. ئەمەش وا دەکات حکومەت بە ئاسانی پیلان دابڕێژێ بۆ گرتن یان کوشتنی خولە پیزە.
دەوترێ چەندین کەسی بەکرێگیراو ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە خولە پیزە بگرن یان بیکوژن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەو کارەدا. دواجار خولە پیزە کەوتە داوی کەسێکی بەکرێگیراو کە خۆی وەکو هاوڕێ و شوێنکەوتوو خۆی لێ نزیک کردبووەوە و لە چیای کەتوو لە ناوچەی شارباژێڕ لە خەودا کوشتی و بە کوشتنی خولە پیزە جوڵانەوەکە کۆتایی پێهات.
کوڕە یاخییەکانی پیزە و حەمەومینە رەش ( تایەر، خولە، رەحیم) یەک بە دوای یەکدا کوژران و کۆتایی بەو چیرۆکە هات کە ساڵانێکی زۆر بوو بوونە ئەفسانەی گوێ ئاگردانی کورد لە بەشێکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان. خولە پیزە دوایین چەتەی خۆشەویستی کورد بوو کە ئیتر کەس نەیتوانی جێی بگرێتەوەو بۆ هەمیشە لە لاپەڕە فەرامۆشکراوەکانی یاخیبوون و شۆڕشە ناوچەیی و نەناسراوەکانی کورددا دەمێنێتەوە.