27/05/2021
بۆ ئەوەی زەمینەی دروستکردنی دەستورێکی مەدەنی بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەربکەین . سەرەتا پێویستیمان بە کارێکی دەستەجەمعی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورە هەیە . چونکە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی یەکجار خراپدا گوزەردەکات . پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بە هەموو شێوازەکانیەوە لەیەکتری دابڕاوە ، کۆکردنەوەی ئەم هەموو کێشانە لەژێر پەردەی دەستورێکی ئازادو لێبڕاڵدا لە قۆناغی ئێستای کوردستاندا کارێکی یەکجار زەحمەتە.
ئەو کەلێنانەی لە پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانداهەیە ڕۆژانە بە ڕوونی دەبینرێت وە گەورەترین دەلالەتە کە مەناخی سیاسی و کومەڵایەتی لە هەرێمدا توانای داڕشتنی هیچ پرۆژەیەکی دەستوری نیە. بەتایبەتی دەزگای یاسادانان واتا پەڕلەمان لە ئێستادا بە دۆغێکی یەکجار خراپی چەقبەستودا هەنگاو دەنێ . ئەم دەزگا بەناو شەرعیە ناتوانی دەستەبەری میکانیزمەکانی نووسینەوەی دەستورێکی مەدەنی ئازاد بکات.
پرۆسەی نووسینەوەی دەستور یەکێکە لەو کارە ئاڵۆزو هەستیارانەی کە بەشێوەیەکی ئاسان دروست ناکرێ پێویستی بە خەڵکانێك هەیە کە شارەزایی مێژووی سیاسی ناوچەکەو گەلان بن وە ئەزموونێکی تەواویان لە بوارەکانی فەلسەفی سیاسی و دەستوری جیهاندا هەبێت . هەتا وەکو بتوانن ئەم دەستورە زامنی هەموو مافەکانی تاك بەتاکی کۆمەڵگا بێت . ئەوەی ئێستاکە لە کوردستاندا دەبینرێ کۆمەڵگای کورد هیچ یەکێك لەم تایبەتمەندیانەی نووسینەوەی دەستوری نیە. زانکۆ و ناوەندەکان هیچ توانایەکی بەرزی سیاسی و یاسای نێودەوڵەتیان نیە تا بتوانن ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتیەی نێوان سیستەمی سیاسی و خەڵك بەشێوەیەکی بێلایەنانە جێبەجی بکەن .
لە پێش بیرکردنەوە لە نووسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم گرنگە کۆی گشتی لایەنە سیاسیەکان بیر لە ڕیفۆڕمێکی حەقیقی گەورە بکەنەوە لە ستراتیژێتی کاری خۆیان دا چونکە بەم شێوازەی ئێستا کە کاری حیزبایەتی پێ دەکرێ بڕوام نیە ناوەندەکانی حیزبە سیاسیەکان توانای داڕشتنەوەی دەستورێکی مۆدرێنیان هەبێت، چونکە هەتا ئێستا گوتاری کارکردنی حیزب و سیاسەت و سیستەمی سیاسی بریتیە لە گوتاری خێل وە لە هیچ دنیادا عەقڵی خێڵ توانای خولقاندنی پرۆژە دەستوری دیموکراسی و مەدەنی نیە.
عەقڵێتی سیاسی کورد لە ئێستادا بڕوای بە نووسینەوەی دەستورهەرێمی کوردستان نیە چونکە بوونی دەستورێکی نیشتمانی کە توانای اجماعی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبێ وە کو کۆکەرەوەی هە موو دەنگ و ڕەنگەکان لەناو مانڤێستی هیچ حیزبێکی کوردی دا بوونی نیە . تەنها ئەوەی کە دەوترێ زەرورەتی دەستور بۆ زامنی پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی یە باشترین نمونە ڕەشنووسی پرۆژە دەستوری ساڵی ٢٠٠٩ لە کوردستانە.
بەپێ ئەم ڕەشنووسە ئەوەندەی گرنگی دراوە بە شکلیاتی سیستەمی سیاسی ئەوەندە ماف و ئەرکەکانی هاووڵاتی تێدا دەستەبەر نەکراوە . تەنانەت بەپێ ئەم ڕەشنوسەی دەستور ، بەتەواوی ڕژێمی سیاسی ووڵات دەکاتە بەشێك لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ڕووت چونکە زۆربای دەقە یاساییەکان جورێك لە بەرگی دینی بە بەردا کراوە کە ئەمە لە داهاتوویەکی نزیك دا کێشەیەکی گەورەی ئیسلامی سیاسیمان لە کوردستاندا بۆ دەخوڵقێنی باشترین نمونە دەستوری نوێ ووڵاتی تونس بە هەمان شێوەیەی هەرێمی کوردستان کاتێك بزوتنەوەی نەهەزەی ئیسلامی دەسەڵاتیان گرتە دەست هەوڵیان دا رۆحی دەستوری تونسی بکەنە بەشێك لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی کە هەتا ئێستا کۆمەڵگای تونسی نەیانتوانیەوە دەستکاری بەشێك لە برگەکان دەستوری تونسی بکەن ، بۆیە دەبێت ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان بریتی بێت لە دەستورێکی مەدەنی ئازاد کە بڕوای تەواوی بە مافە مەدەنێکانی هاووڵاتیانی کوردستان بێ هیچ ئینتمایەکی دین و مەزهەبی دیاریکراو هەبێت .