سپیكردنەوە یا شتنەوەی پارە

03/03/2021

هێدی رەزا

رەگ و ریشەی ئەم زارەوەیە دێرینە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر گوێمان لێ‌ ئەبێ‌، ئەڵبەت مانای ئەوە نییە پارەكە بە ئاو و سابون بشۆردرێ‌، بەڵكو مەبەست سپیكردنەوە و بەشەرعی كردنی ئەو بڕە پارەیەیە كە لەرێگەی پڕۆژەی گوماناوی و نایاسایی و سەرچاوەی نادیارەوە دەست ئەكەوێ‌ وەك (قاچاخچێتی، بازرگانی بەمرۆڤ، بازرگانی بە پارچەی شوێنەوار، سێكسفرۆشی، بازرگانی خواردنەوەی كهولی، مادەی هۆشبەر، فرۆشتنی ئەندامی جەستە) و گۆڕینی بۆ پارەی پڕۆژەی ئاسایی و رێپێدراو و پاك.

ئەم زارەوەیە ئەدرێتە پاڵا (ئال كابۆنی) ناودارترین سەرۆكی مافیای سەدەی بیستەم، كە هاوڵاتییەكی ئەمەریكی بەرەچەڵەك ئیتاڵی بو، بە باوكی رۆحی سپیكردنەوەی پارە دائەنرێت لەمێژودا، چونكە داهێنانی زیرەكانەی كرد بۆ سپیكردنەوە و بە یاساییكردنی پارە گوماناوی و ناشەرعیەكانی كە لە سۆزانیخانە و قومارخانە و بازرگانی خواردنەوە كهولیەكان دەستیكەوتبو، ئەویش لەرێگەی دامەزراندنی كۆمەڵە كۆگایەك كە هەریەكە چەند ئامێرێكی جلشۆردنی تیا دانا بۆ جلشتنی خەڵكی و ئەو قازانجەی لەو جلشۆردنانە دەستی ئەكەوت چەندقاتی ئەكرد بۆنمونە ئەگەر یەكێك لە بازاڕەكانی قازانجی هەزار دۆلار بوایە لە تۆمارەكاندا دەهەزار دۆلاری ئەنوسی بەمشێوەیە نۆ هەزار دۆلار پارەی نامەشروعی تری پێ‌ سپی ئەكردەوە.

بەڵام لە رۆژگاری ئەمڕۆدا رێگاكانی سپیكردنەوەی پارە جیاوازە بۆنمونە:

*لە زیادكردنە ئاشكراكاندا كاڵایەك بەچەندین قاتی نرخی راستەقینەی خۆی ئەفرۆشرێتەوە تا پارەكەی پێ‌ سپی بكرێتەوە.

*هەندێ‌ كەس و لایەن رێكخراوی خێرخوازیی فەیك دروست ئەكەن تا لەرێیەوە پارەی نامەشروع سپی بكەنەوە بەشێوەیەك بازرگانەكانی مادەی هۆشبەر پارەیەكی خەیاڵی ئەدەنە ئەو رێكخراوانە، بۆنمونە سەد هەزار دۆلار ئەداتە رێكخراوەكە ئەوانیش پسولەی بایی ملیۆنێك دۆلاری بۆ دروست ئەكەن كە بەحساب دراوەتە خەڵكی هەژار بەم شێوەیە نۆسەد هەزار دۆلاری پارەكەی بۆ سپی ئەكەنەوە.

(ئەڵبەت ئەم نمونانە گشتگیر نییە بۆ گشت رێكخراوێكی خێرخوازی).

*لەرێی كڕینی فێلا و ئوتومبێلی گرانبەها یان دروستكردنی كۆمپانیای وەهمی بەرێكاری یاسایی و ئەنجامدانی گرێبەست بە پارەی خەیاڵی لەگەڵ كەسە ناودارو خاوەن جەماوەرەكانی بواری سینەما و سۆشیالمیدیا تا ریكلامیان بۆ بكەن و بیانناسێنن، بەڵام لەراستیدا ئەو بڕە پارانەیان نادەنێ‌، بەڵكو دوایی ئەو پارانە بەشێوەی بچوك بچوك ئەخەنە حسابی بانكی جیاجیا لەچەندین وڵات تا بەئاسانی بەدواچونی بۆ نەكرێ‌، بۆئەم كارەش زیاتر پەنا بۆ بانكە سوسریەكان ئەبەن بەهۆی ئەوەی یاسا بانكیەكانی ئەو وڵاتە بەهیچ شێوەیەك زانیاریی و بڕ و سەرچاوەی داهات و هیچ زانیاریەكی خاوەن ئەژمارە بانكیەكانی ناداتە هیچ كەس و حكومەتێك.

*یان لەرێی بانكی (ئۆفشۆر) واتە ئەو بانكانەی لە وڵاتێكی جیا لەوڵاتی كەسی خاوەن پارەیە زۆرجار كەسی خاوەن پارە هەر ناشچێتە وڵاتەكە، ئەم كارە لەو وڵاتانە ئەكرێ‌ كە باجێكی زۆركەمیان هەیە. وەك پەنەما و دورگەكانی كاریبی یا لەرێی هەندێ‌ دامەزراوە كە لەژێر چاودێری داراییدا نەبێ‌.

*لە عێراق و زۆریك لە وڵاتانی ناوچەكەش جۆرێكی جیاواز لە پارە سپیكردنەوە هەیە لەرێی دامەزراوەكانی دەوڵەت و كەسانی دەستڕۆیشتو بۆمەبەستی تایبەتی كەس و گروپی دیاریكراو، ئەویش لەرێی ناردنە دەرەوەی پارە بەناوی حەواڵەی بانكی بەبیانوی بازرگانی و كڕینی پێداویستی یا دامەزراندنی پرۆژەی وەهمی گەورە و شەرعیەتپێدانی لەرێی دروستكردنی مەنەفێستی ناڕاست بە پشتگیریی كەسانی دەستڕۆیشتوی ناو دەسەڵات.

*یان دروستكردنی ئەژمار و حساباتی وەهمی لەبانكی وڵاتانی دەرەوە بەناوی دەزگا و دامەزراوەی ساختە تا لەرێیەوە پارە ببرێتە دەرەوە و بۆمەبەستی تایبەتی كەسانی دەستڕۆیشتو دواتر ئەو پارانە ئەگوازرێتەوە و بۆ حسابی تر و بەكارئەهێنرێت لەدەرەوەی وڵات.

بەهۆی زۆریی و هەمەچەشنی رێگاكانی سپیكردنەوەی پارەی ناشەرعی لەئێستادا زۆرترین و چڕترین چاودێری هەمو جوڵەپێكردن و گواستنەوەیەكی پارە ئەكرێت لە جیهاندا، لەعێراق و زۆربەی وڵاتانیش فەرمانگە و دامەزراوەی رێگریكردن لە شتنەوەی پارە هەیە هەروەك دامەزراوەی جیهانییش بۆئەم مەبەستە هەیە.

لە رۆژگاری ئەمڕۆدا مەترسیەكە زیاترە بەهۆی ترس لەبەكارهێنانی ئەو پارانە لە پشتگیریكردن لە كاری تیرۆرستی هەرچەندە چاودێری و بەدواچۆنەكان زۆر و چڕن، بەڵام هێشتا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێ‌ و گشت سەرچاوەكانی وشك بكرێ‌.