داكشان و پوكانەوەی ئابوری

16/01/2021

هێدی رەزا

کۆمەڵێ زاراوەی ئابوری ھەن کە گوزارشت لە دۆخێکی دیاریکراو ئەکەن؛ بە تێگەشتن لە زاراوەکە دۆخی ئابوری وڵاتەکە رون ئەبێ و لەوێشەوە چوارچێوەی گشتی سیاسی وڵاتەکە و بواری بازرگانی و دۆخی گشتی وگوزەرانی تاکیش دەرئەکەوێ لێرەوە باس لە دۆخی کشانەوەو پوکانەوەی ئابوری ئەکەین.

 

سەرەتا بابزانین داكشانی ئابوری چییە، سەرەتایترین پێناسی بریتیە لە؛ دابەزین و كەمبونەوەی كۆبەرهەمی ناوخۆ یان وەستانی ئابوری لەگەشەكردن، لەماوەی دو وەرز واتە شەش مانگ. ئەی كۆ بەرهەمی ناوخۆ چییە؟، ئەویش: (هەمو ئەو بەرهەمانەیە كە خەڵك یا كۆمپانیا تایبەت و حكومیەكان بەرهەمی دەهێنن لەناوخۆ لە ماوەی ساڵێكدا) بڕ و قەبارەی ئەم كۆبەرهەمە دەبێتە پێوەری گەشەی ئابوری، واتە تا تێكڕای كۆبەرهەمی ناوخۆ زۆربێت گەشەی ئابوری زیاد ئەكات، خۆئەگەر لەماوەی دو وەرز ئەم كۆبەرهەمە كەم بكا ئەوا ئابوری وڵات دوچاری داكشان ئەبێ‌. واتە تا كۆبەرهەمی وڵات زۆر بێ‌ جوڵەی ئابوری زۆرئەبێ‌، بەڵام دامەزراوەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابوری (NBER) لە ئەمةریكا كە ئەو بڕیاردەرە ئاخۆ وڵاتەكە دوچاری داكشان بوە یان نا، رایەكی پێچەوانەی هەیە، ئەڵێ‌ داكشان بریتیە لە؛ دابەزینی گەورە و بەرچاوی چالاكی ئابوری لەسەرجەم كەرتەكان بۆ ماوەی چەندین مانگ هەروەك پێیوایە تەنها كەمبونەوەی كۆ بەرهەمی گشتی تەنها فاكتەر نییە، بەڵكو فاكتەری تریش كاریگەریی هەیە وەك (داهاتی تاك و هەلی كار و بەرهەمی پیشەسازی و فرۆشتن و بەبازاڕكردنی بەرهەم بە تاك و كۆ) و سستبونی تەنها كەرتێك نابێتەهۆی پوكانەوەی ئابوری گشتی.

بۆنمونە ساڵی (2015) كەرتی پیشەسازی ئەمەریكی كە (11%) ئابوری وڵاتەكە پێك ئەهێنێ‌ دوچاری سستبون بو، بەڵام نەبوەهۆی سستبونی ئابوری گشتی وڵات. ئەمەریكا لە مێژوی خۆیدا (33) جار توشی سستبونی ئابوری بوە کە دیارترینیان ساڵی (2008) بو.

 

پوكانەوەی ئابوری چییە؟

پوكانەوەی ئابوری واتا قەیرانی ئابوری یا تەنگەژەی سەخت كە دوچاری ئابوری ببێ‌ و چەند ساڵێك درێژە بكێشێ‌ تیایدا كۆبەرهەمی ناوخۆ پاشەكشە بكات بەرێژەی (10%) یا زیاتر بەمەش بەرهەمهێنان و خستنەڕو زۆرترئەبێ‌ لە خواست ئەویش بەهۆی كەمبونەوەی بەكاربردن كە ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی رێژەی بێكاریی و كرێی كار كەم ئەبێتەوە بەمەش نرخی پشكی كۆمپانیاكان دائەبەزێ‌ و هەندێ‌ دامەزراوە و كۆمپانیا مایەپوچ ئەبێ‌ و رەنگە بەهای دراوی وڵاتەكە دابەزێ‌ و نەختینەی پێویست بەشی پێداویستیەكان پڕ نەكاتەوە و وڵات توشی قەرزاریی ببێ‌. وەك ئەوە پوكانەوە گەورەیەی توشی ئەمەریكا بو لەساڵی (1929) و بۆ ماوەى دە ساڵ درێژەی كێشا.

 

بوژانەوەی ئابوری

بوژانەوەی ئابوری پێچەوانەی پوكانەوەی ئابوریە واتە ئەو ماوەیەیە كە تیایدا بازرگانی چالاك ئەبێ‌ و كۆبەرهەمی ناوخۆ بەرز ئەبێتەوە، چالاكی ئابوری زۆرئەبێ‌.

 

لێرەوە دەتوانین لەو دۆخە ناجۆرە تێ بگەین کە ئێستا عێراق تێی کەوتوە بەجۆرێک ھیچ رێسایەکی ئابوری نایگرێتەوە، چونکە بەھۆی کەڵەکەبونی کێشە ئابوریەکانی لەساڵانی رابردو ھەنگاونەنان بۆ رێکخستنەوەو راگرتنی بالانسی خەرجی بەرامبەر داھات ھەوڵنەدان بۆ زیاترو ھەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داھات و رێگرینەکردنی داڕوخانی زیاتری گشت کەرتەکان بوەتە ھۆی بەرجەستەبونی خەسڵەتە خراپەکانی ئابوری ئازاد و ئابوری بەرخۆر، بۆیە لەکۆتایی ئەمساڵ بەناچاری پەنای بردە بەر دابەزاندنی بەھای دراوەکەی تا رێگریبکات لە کەمبونەوەی بەردەوامی یەدەکی دراوی بیانی لەبانکی ناوەندی و نەبێتەھۆی داڕمانی کتوپڕی دراوەکەی ھاوشێوەی ئێران و تورکیا.