03/02/2021
هێزی نەرم (سۆفت پاوەر)، ئەم ناوە (جۆزیف نای) مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان لە زانكۆی هارڤارد ساڵی (1990) لە كتێبەكەیدا بەکاریهێنا، بەناوی (حەتمیەتی سەركردایەتی: سروشتی گۆڕاوی هێزی ئەمەریكا) و دواتر ساڵی (2004) لە كتێبی (هێزی نەرم ئامرازێكی سەركەوتو لە سیاسەتی نێودەوڵەتی) زیاتر پێناسەی دەکات بە (توانای دەستكەوتنی ئەوەی دەتەوێ بە قەناعەت پێكردن نەك بەزۆرلێكردن) لەرێی هێزی رۆشنبیری و لێبوردەیی ئاینی نامەی مرۆڤدۆستانەی جیهانی بەدەست دێ.
دەتوانین لەرێی چیرۆكێكی سادەی منداڵانەوە باشترین پێناسەی بكەین كە دەڵی: (خۆر و رەشەبا ململانێیان بو كامیان دەتوانن چاكەتێك لەبەری پیاوێك دابكەنن، رەشەبا هەمو هێزی خۆی كۆكردەوە هەوڵیدا، پیاوەكە چاكەتەكەی داخست بۆیە رەشەبا شكستی هێنا، بەڵام هەتاو تیشكی گەرمی خستە سەر پیاوەكە و ناچاریكرد لەگەرمادا چاكەتەكەی داكەند)، پەندی ئەم چیرۆكە (ئەوەی بەهێز بەدەست نایە دەكرێ بەنەرمی بەدەست بێت). هەرچەندە هەندێك پێیانوایە پەیوەندی بە ژن و بەشداری ژنە لە كایەكانی سیاسەت، بەڵام دورونزیك پەیوەندی پێوەنییە.
وڵاتە كاریگەرەكان چەند جۆرێك هێزیان هەیە:
1- هێزی سەربازیی، تیایدا بەهێزەكان بەسەر بێهزەكاندا سەردەكەون و مەرجەكانی خۆیان دەسەپێنن.
2- هێزی ئابوری، كە وڵاتە دەوڵەمەندەكان دەتوانن یارمەتی وڵاتە هەژارە دۆستەكانیان بدەن و نەیارەكانیانی لێ بێبەش بكەن و لەم رێگەیەوە سیاسەتی خۆیان بسەپێنن.
3- هێزی نەرم بۆ بەدەستهێنانی ئامانج بە راكێشانی سەرنجی بەرامبەر و ناچاركردنی تا ئەوەی دەتەوێ بەدەستی بهێنی بەبێ بەكارهێنانی زەبروزەنگ.
دەكرێ وڵاتێك هەرسێ جۆرە هێزەكەی هەبێ وەك ئەمەریكا، خاوەنی بەهێزترین سوپا و باشترین ئابورییە و كاریگەرترین هێزی نەرمیشی هەیە لە قەناعەتپێهێنان بە وڵاتان، چونكە جگە لەوەی كەلتور و رۆشنبیریەكەی بەگشت جیهاندا بڵاوبوەتەوە ژێرخانێكی ئابوری پتەوی هەیە زۆرینەی براندە دیار و بەناوبەنگەكانی وەك (ماكدۆناڵد و پانتۆڵی كاوبۆ و فیلمەكانی هۆلیۆد و ئاهەنگەكانی ئۆسكار)یش بە هێزی نەرم دادەنرێن.
بۆ ساڵی (2020) پۆلێنی وڵاتان بۆ توانای هێزی نەرم بەمشێوەیە:
یەكەم ئەمەریكا ئینجا هەریەكە لە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ژاپۆن، چین.
هەڵسەنگاندنەكان بەپێی كۆمەڵێك پێوەری سەرەكی بو لەوانە (كاریگەریی جیهانیی سەبارەت بە وڵاتەكە، ناوبانگی وڵاتەكە، زانیاری گشتی دەربارەی وڵاتەكە، كار و بازرگانی، رۆشنبیری و كەلتور).
پرسیارێك دێتە كایەوە ئایا دەكرێ وڵاتێك خاوەنی هێزی نەرم بێ بێئەوەی هێزێكی سەربازی بەهێز یا ئابوریەكی بەهێزی هەبێ؟
دەتوانین بڵێین هێزی نەرم گۆڕانی بەسەرداهاتوە بەجۆرێک هەمو وڵاتێك دەتوانێ هەیبێ هەرچەند سەختە بەبێ هێزی سەربازی و ئابوریەكی بەهێز، بەڵام هەندێ وڵاتی بچوك وەك نەرویژ و سەنگاپورە هێزی نەرمیان هەیە لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانەكەیان لە پێنج ملیۆن تێپەڕ نابێ هەمان شت بۆ وڵاتانی كەنداویش.
راستە ئیمارات لە پلەی (18) دێت لە بونی هێزی نەرم سەرچاوەكەشی كرانەوەی رۆشنبیری و فەرهەنگی و ئابوریەكەیەتی نەك سوپایەكی بەهێز.
میسر بە رۆشنبیریەكەی و هونەرەكەی وشێوەزارەكەی و زانكۆكانی و شوێنەوارەكانی شارستانی فیرعەون هێزێكی نەرمی كاریگەریی لەسەر عەرەب و جیهانیش هەیە .
بۆیە دەكرێ وڵاتانی ئەم ناوچەیە و هەرێمی كوردستانیش سود لەهەر لایەنێكی گەشی وڵات وەربگرین بۆ نیشاندانی وەك هێزی نەرم بەرامبەر جیهان بەتایبەت کە ئێمە سوپا و ئابوری بەهێزمان نییە تا ململانێی وڵاتان بكەین، بۆیە رەنگە باشترین بژاردە بێت بۆ خۆناساندن و بەدەستهێنانی ئامانجەكانمان.