كوردو فەرەنسا

28/10/2020

ئاسۆ عوسمان

بڵاوکردنەوەی یەکەم جاری وێنە کاریکاتێرەکانی پەیامبەری ئیسلام  لەساڵی" ٢٠١٢" لەلایەن رۆژنامەیەکی دانیمارکی گرژییەکی زۆری لەنێو وڵاتانی ئیسلامی وپەنابەرە موسڵمانەکانی رۆژئاوا لێکەوتەوە،  لەووڵاتێکی  وەک نەیجیریا چەند مەسیحیەکی ڕەشپێستیان هێنایە سەرشەقامەکان و لەنێو تایەی ئۆتۆمبیلدا هەر بەزیندووی و بەبەرچاوی خەڵکەوە سوتاندنیان، کاردانەوەکانی ئەوکاتەی جیھانی ئیسلامی دوور بوولەھەموو بنەمایەکی شارستانی وتەنانەت ئاینیش،چون ئاینەکان بەگشتی پەیامی ئاشتی و لێبوردەیی و پێكەوە ژیانە.


دوای چەندین ساڵ بەسەر ئە رووداوانەدا، جارێکیتر وێنە کاریکاتێرەکان لەفەرەنسا بەهەمان شێوە کاردانەوەی بەدوای خۆیداهێنا ، سەربرینی مامۆستایەكی فەرەنسی بەشێوەیەكی دڕندانە لەلایەن توندرەوێكی ئیسلامی و كاردانەوەی شەقامی فەرەنسی دوای رووداوەكە و لێدوانی سەرۆكی فەرەنسا لەبەرامبەر گرووپە رادیكاڵە ئیسلامیەكان، لەجیهانی ئیسلامی بەشێوەیەك شیوینراوە كەدوورە لەهەموو ئەخلاقیاتێكی دینی و سیاسی ئینسانی....


زانیاری راست مەعریفە بەرهەم دەهێنێت ، زانیاری ناراست و نادروستیش چەواشەو كارەساتی لێدەكەوێتەوە،ئەوشەرەی ئێستا لەنێو فەزای مەجاز دەكرێت لەسەر ئەم بابەتە گوایە سەرۆكی فەرەنسا سوكایەتی بەئاینی ئیسلام وپەیامبەرەكەی كردووە، جگە لەهەژاری مەعریفی وساویلكەی و  سادە گۆیی هیچی دیكە نییە، هێرشی نارەوا بۆسەر فەرەنساو سەرۆكەكەی نیشاندەری ئەوەیە كە گرووپە ئیسلامیە پترۆدۆلارەكان ئەوانەی بەپارەی قەتەرو توركیا و ئێران بەخێودەكرێن زۆر دوورن لە خوێندنەوەی  فیكری و عەقڵانی و جدییەوە...!


دەمارگیری وتوندرەوەی ئاینی لەنێو گەلانی تورك و عەرەب وفارس مێژوویەكی دێرینی هەیە، بەڵام لەنێو گەلی كوردا دەمارگیری و توندرەوی ئاینی بوونی نەبووە، باو باپیرانمان هەمیشە  ئاینی ئیسلامیان سوفیانە وەرگرتووە و ئاینی ئیسلام لای تاكی كورد پەیامی ئاشتی و پێكەوە ژیان بووە، جوەكان مێژوییەكی دووروو درێژ لەگەڵمان ژیاون ،ئیستاش چەندین ئاینی وەك مەسیحی و شەبەك ،ئێزیدی و كاكەی، لەنێو كوردا بەئاشتیانە دەژین و لەنێوحكومەتی هەرێم و حزبەكانیش جێگاورێگای شیاویان هەیە.


ئەوەی جێگای نیگەرانی و هەڵوێستە لەسەر كردنە ئەو دژیاتیەی حزبە ئیسلامییەكانە بەرامبەر بەووڵاتێكی وەك فەرەنسا كەمێژوویەكی  دێرینیان هەیە لەبەرگریكردن لەمافەكانی نەتەوەی كورد.

فەرەنسەكان هێڵی دژە فرینیان بۆهەرێمی كوردستان لەنەتەوەیەكگرتووەكان كردە بریار،ئەوكاتەشی داعش پەلاماری هەرێمی كوردستانیدا یەكەمین دەوڵەت بەهانای كوردستانەوە هات فەرەنسا بوو،جگە لەهاوكاری سەربازیش داوای كۆبوونەوەی یەكێتی ئەورووپایكرد بۆپشتیوانی كردنی كوردستان لەجەنگی دژبەداعشدا. سەرۆكی ئەوكاتی فەرەنساش یەكەم سەرۆكی زلهیزێكی جیهانی  بوو بۆپشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان سەردانی هەولێری پایتەختی كرد ،لەدوای ریفراندۆمیش یەكەمین دەوڵەت بوو كاری بۆهەڵگرتنی گەمارۆی سەرهەرێمی كوردستانكرد لەو گەلە كۆمەكییەی كەلەسەری بوو.


لەرۆژئاوای كوردستانیش فەرەنسییەكان بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی كوردیانكردووە هیچ كوردێك نابێت هەڵوێستەكانی فەرەنسا لەبیر بكات لەكاتی داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیاوە  ،خۆئەگەر فەرەنسیەكان نەبوونایە دەمێك بووسوپای تورك ئەو ئەزموونەی رۆژئاوای لەبەین دەبرد.


ئەم هێرش وپەلاماردانانەی  فەرەنساو سەرۆكەكەی لەلایەن بەشێك لەلایەنگرانی حزبە ئیسلامییەكان
لە تۆرەكۆمەڵایەتیەكان خزمەت بەئاینی پیرۆزی ئیسلام و پەیامبەرەكەی ناكات ،بەڵكو ئاوكردنە ئاشی دوژمنانی كوردە، چون ئەوەی ئێستا سەركردایەتی  ئەم شەرەدەكات  بەرامبەر بەفەرنسا، توركیا و ئێرانە هەڵبەت بەپشتیوانی داری قەتەر.....


دەبێت ئەو گروو پە ئیسلامیانە بزانن ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت شەری بەرژەوەندییە ئابوری و نەتەوەییەكانی ئەم دەوڵەتەنایە لەبەرگێكی ئاینیدا ،توركیا تەماعی عوسمانیانەی خۆی لەناوچەكەداهەیە لەباكوری ئەفریقیا لەرێگای گرووپە ئیسلامیە توندرەوەكان ،لە دەریای سپی ناوەراستیش شینی بەدەستهیناو داگیركردنی گازی سروشتی هەیە ،چاوی لەداگیركردی رۆژئاوای كوردستانە، بۆتە سپۆنسەری ناردنە دەرەوەی گرووپە جیهادییەكان بۆ وڵاتانی ئەورووپاو تەنانەت ناوچەی قەوقازیش.


ئەردۆگان لەكۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتووەكان بەدەنگیكی بەرز ووتی بەبێ‌ درووستكردنی دەوڵەتی فەلەستین كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست چارەسەر ناكرێت.بەڵام بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ریفراندۆمی باشوری كوردستانی كردو تەنانەت ئەو ئەزموونە خۆبەرێوەبەری رۆژئاواشی پێ قبوڵنیەو رۆژنیە هەرەشەی پەلاماردانی نەكات.


حزبە ئیسلامیەكان دەبێت بزانن باوەرداری لەگەڵ خودا دەكرێت نەك لەگەڵ ئیران و توركیا و داگیر كەرانی كوردستان،هاوسۆزی ئاینداری نابیت مرڤ گیل بكاوچاو لەراستییەكان بپۆشێت و ببێتە پاڵپشتی داگیركەران و دیكتاتۆرەكان، ماركس بەم جۆرە لەئاینداری ناو نا تلیاکی گەلان.