ئایندەی عێراق لە نێوان نەوەی کۆن و نوێ دا

29/11/2019

هێرش عەبدولڕەحمان

 پرۆسەی ئازادکردنی عێراق کە کۆتایی بەڕژێمەکەی سەدام حسین هێنا، ٢١ ڕۆژی خایاند. بەڵام شازدە ساڵە ئەو گروپەی ناوی ئۆپۆزسیۆنی عێراق بوو بە ھەوڵی ئەمریکا دەسەڵاتی گرتە دەست، نەیتوانیووە ببێتە نمونەیکی باشتر لەحکومڕانی و ڕژێمی پیشوو تێپەڕێنێت، بەلکو بۆتە نمونەیەکی خراپ لە ناوچەکە، چەند ھەفتەیەکە ھاوڵاتیانی عێراقیی شەقامەکان چۆل ناکەن و داوای ڕۆیشتنی دەکەن.

ناڕەزاییەکانی عێراق ئەگەر جاران دەستی ناوخۆ و ئیقلیمی بوبێت، ئێستا شتێکی جیاوازەو نەوەیەکی تازەیە، کە ئیتر ئەو نەوە کۆنەی  پێ قبوڵ ناکرێت، کە چەندین ساڵە جگە لە تاڵانی و نا ئارامی ھیچی پێ نەبووە بۆ ئەوان.

 یەکێکیتر لەهۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری عێراق کێشەی ئەو سیاسیە تەقلیدیانەیە کە چەندین ساڵە لەژێر عەبای مەرجەع و پیاوی ئیقلیمی عێراقیان وێرانکردوە و، سەروەت و سامانەکەیان دزیوە. ئەوانەی حكومڕانی ئەو وڵاتەش دەكەن پیاوی دەوڵەتداری نین و هیچ پلانێكی ستراتیژیان بۆ باشتركردنی ژێرخانی ئابوری عیراق نییە، تاسەر ئێسقان ئەو وڵاتەیان لەگەندەڵی و نا سەقامگیری نقوومکردوە، ھەر ئەوان وایانکردوە عێراق بەردەوام ئارامی بە خۆیەوە نەبینیت.

 بەشێکی ئەو ڕووداوانەی عێراق ھەمووی پەیوەستە بەو ھەڵبژاردنە تەزویر و ساختەکاریەی ھەڵبژاردنی  ڕابردوو، کەدەنگدەری عێراقی ئامادەنەبوو متمانە بداتەوە بەحزبەکان و بڕوای بەهەڵبژاردن نەماوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کەخەڵکی عێراق ماندوبوە و متمانەی بەسیستەمە سیاسیە گەندەڵەکە نەماوە، کە چەندین ساڵە حوکمی دەکات. خەڵک تادێت زیاتر لەحکومەت نائومێد دەبێت. 

 جاران خۆپێشاندەران جگە لە پێداویستیە بنەڕەتییەکانی ژیانیان ھیچی تریان نەدەویست، ئێستا داوای ڕۆیشتنی ھەموو سەرۆکایەتیەکان دەکەن بۆیە باشترین ڕێگەش بۆ ئەمە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ و شەرعییە. دواجار دەبێت ئەوانەی شەقام نایەوێن برۆن و، خەڵکی بەچاودێری خۆیان و ڕۆژئاوا سەرپەرشتی هەڵبژاردنێكی نوێ بكەن.