کورد لەنێوان ئەمریکا و ڕوسیا، کام بژاردەیە؟

04/11/2019

هێرش عەبدولڕەحمان

وێستگەیەک نیە کورد و ڕوسی بە یەکەوە بەستبێتەوە، یان لەشوێنێک ھاوسۆزی کوردو دۆزەکەی بوبن، بۆیە ڕوداوەکانی ڕابردوو کورد لە ھەر جوڵانەوەو شەرێکدابوبێت ڕوسەکان لە بەرەی دژ بە کوردبوون. لە پێشوودا کورد پەیوەندی پچڕ پچڕو ڕوکەشی لەگەڵ ڕوسیا ھەبووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە، ڕوسەکان خۆشیان خواستی ئەو پەیوەندیەیان نەبووە، بەڵکو لەڕابردودا و تا ئێستاش کرملن تورکیا؟و ئێران و عێراق و سوریای لا گرنگتربووە لە شتێک کەپێی دەڵێن کورد.

 کوردەکانی ڕۆژئاوا خوێندنەوەیان ھەیەو باشتر توانیوایانە ڕوسەکان ھەڵسەنگێنن، ئەوەیان نەشاردۆتەوە کە ناتوانن متمانە بە ڕێکەوتنی ڕوسەکان و سوریا بکەن. بۆیە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بە کراوەیی ھێشتوەتەوەو، پەیوەندی و پشتگیری ئەمریکایان لا گرنگترە، تا ئێستاش ڕێکەوتنەکەی روسیاو سوریا گەرەنتیەکی وای نیە کەداخوازییەکانی ئەوان مسۆگەر بکات. ئەگەر ئەمریکاو کۆنگرێس گرەنتی پاراستنی ڕۆژئاوا بدەن ئەوە بێ قەیدو شەرت ھەموو ڕێکەوتنێکیتر رەتدەکەنەوە، چونکە ئەزانن بێ پشتگیری ئەمریکا، ئەوان ھیچیان لە ئایندەی سوریادا دەست ناکەوێت.

 جارێك توێژەرێكی سەربازیی ڕوسی پێی وتم، ڕوسیا بەدەر لە توانا سەربازییەكەی كە شانازی پێوە دەكات، حەز بە ئەوە ناكات وەك ئەمریكا پارە ببەخشێتەوە، وە نە توانای ئەوەی هەیە وەك ئەمریكا بەجیهاندا بنكەی سەربازی بڵاوبكاتەوە، بەڵام زۆر جار ئەمریكا وازێ لێ ناهێنێ و بەردەوام دەیخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی، ئەوەی وایكردووە بە ناچاری ببێتە یەكێك لە ئەكتەرەكانی باڵانسی هێز لە جیهاندا.

 ‏لەڕاستیدا ئەگەر باسی بوونی ڕووسیا لە سوریا بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین بوونی مۆسكۆ  ئەوەندەی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە دوای ئارامبوونەوەی دۆخی سوریا كۆمپانیا ڕووسیەكان ئەیانەوێت زۆرترین پشكی پرۆژەكانیان دەست بكەوێت هیچیتر ، ئەمە جگە لەوەی  روسیا ناتوانێت ئەركی پاراستنی هیچ وڵاتیك بگرێتە ئەستۆ، چونکە تا ئێستاش شەلەلی شەڕی ئەفغان بە جەستەیەوە دیارە .

 ‏ئەگەر بپرسین ئەمریكا  چی بۆ ڕۆژئاوا كردوە، ئەوا دەتوانین بڵێن ساڵی ڕابردوو ئەمریكا ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ ڕۆژئاوای كوردستان خەرج كردوە، ٣٩٣ ملیۆن دۆلاری بۆ كەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنی بووە. ئەوەی ماوەتەوە بۆ ڕاهێنان ٣٥هەزار شەرڤان وەك هێزی پاراستنی ڕۆژئاوا بۆ ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ یش  هەمان بودجەیان بۆ دابینكراوە، لە بەرامبەردا رووسیا لە هیچ ڕویەكەوە هاوكاری كوردەكان و بە گشتی ڕۆژئاوای نەكردووە، ئەمە نیشانی دەدات ئەگەر ئەمریكا دەستی هاوكاری بۆ هەر هێزیك درێژکردبێت ئەوا ئەو هێزە نوێ بووەتەوە، ئەمەش بە پێچەوانەوە ڕووسەكانەوە بووە كە ھاوکاریان بە كەس نەداوەو تەنیایان کردەوە کە ھیچ شتیکی بۆ ئەوان تێدا نەبوبێت.

 ‏بە كورتی. هاوکاری ئەمریكا بۆ كورد لە هی رووسەكان گرنگترە، چونكە ئەمریكا هاوكاریی زیاتر دەدات و زیاتر گرنگی هەیە لەچاو وڵاتەكانیتردا.

 بۆیە كورد بۆ مانەوەی خۆی نابێت ھێلکەکانی بخاتە سەبەتەی ڕوسەکان، جگە لەئەوروپا و ئەمریکا کەسی تر نیە دەنگیان ببیستێت، چی توانایان ھەیە  وەك ئەرمەن و جولەكە دەبێت بەردەوام پێیەكیان لە واشنتن بێت، چونکە شەری کوردو مافەکانی زۆری ماوەو ئێستا سەرەتایەو دەرباز نەبووە لە مەترسیە ھەمیشەییەکان . بەشیکێشی بۆ ئەوەی ئەو هاوكارییانە بەردوامبێت کە ئەمریکا لە کەناڵی جیاوازەوە گەیاندویەتیە کوردی ھەر چوار پارچە.